فازڵ عەززاوی
و : نهژاد عزیز سورمێ
بەیانی باش خودایە !
بێگومان جەنابت من باش دەناسی
لەگەڵ ئەوەی پێشتر یەكدیمان نەدیوە ..
جەنابت هەمووان بە ناو ،
یەك یەك دەناسی
باش و خراپ ..
بە ڕاستی دەمویست سەردانت بكەم
تا دڵسۆزی و گوێڕایەڵی خۆمتان عەرز بكەم .
بەڵام من ناونیشانتان لە ئاسمان نازانم
لە ونگەی ئەستێرە و كەشكەشان ..
كەشتیوانی بۆشایش نیم
تەنانەت كەشتییەكیشم نییە
بمگەێنێتە حزوری جەنابت .
دەزانم زۆر سەرقاڵن
ڕاستیی لەم ڕۆژانەدا گشتمان سەرقاڵین
هەرچەندە من لەوەتەی هەم بێكارم
سەرەڕای ئەوەش
تكات لێ دەكەم گوێم لێ بگری !
بیرێك لەو بۆچوونانەم بكەنەوە
كە دەمەوێ
لەبارەی هەموو شتێك بیانڵێم ،
مادەم دروستتان كردم و
بە تەنیا فڕێتان دامە سەر
ئەو ئەستێرە لەعنەتییە ..
هەمیشە
زۆرم لەبارەی جەنابتانەوە بیستووە
تەنانەت پێش ئەوەی لە دایك بم ،
هەموویان
بە ترسەوە باست دەكەن .
بەڵام بە نیەتی خراپ ..
لەو باوەڕەدام
مەراییت دەكەن گەورەم !
لە ترسی ئەوەی ،
نەبادا بە بارهەڵگری داخراو
بیانێریە دۆزەخ .
یان بۆ حەزی ئەوەی
باڵەخانەیەكی ڕاخراویان
لە بەهەشت پێ بدەی ..
گومانی تێدا نییە
جەنابت ئەوە لەمن باشتر دەزانی
بەڵام هەموو ئەوانە
بۆ من ،
بە چ دەردێك دەخوا ؟
مادەم دەمەوێ وەك برادەر
لەگەڵ جەنابتان بدوێم
كە قازانج و زیانی بەلاوە گرینگ نییە
مادەم دەمەوێ ، وەك دەڵێن
لە دڵەوە بۆ دڵ لەگەڵتان بئاخڤێم ؟
بیرم لەوە كردەوە
تەلەفۆنێكتان بۆ بكەم ،
بەڵام ناوی جەنابتانم
لە دەفتەری تەلەفۆنان نەدۆزییەوە .
بۆیە ،
زۆر خۆشحاڵ دەبم
لوتف بكەن جەنابتان پەیوەندیم پێوە بكەن
پشتم بگرن .
ئەگەر بە شۆخییەوەیش لێم دەپرسن :
فازڵ ،
لەم دونیا دوابڕاوەدا چۆنی ؟
جەنابت ژمارەی تەلەفۆنی من دەزانی
هەر وەختێ بۆتان لوا
پەیوەندیم پێوە بكەن ،
شەو .. ڕۆژ
من گشت كاتم لە ماڵەوە بەسەر دەبەم
دەخوێنمەوە یا سەیری تەلەفزیۆن دەكەم ..
هەندێ جاریش وەنەوزێك دەمباتەوە ..
بیر لە چارەنووسی دونیا دەكەمەوە ..
ئەمر بكەن !
با ڕۆژێك پێك بگەین .
جەنابیشتان پێویستیتان بە حەسانەوەیە
زۆرم پێیە عەرزی بكەم .. زۆر
پێشتر بە كەسم نەگوتووە .. زۆر
كە ناكرێ لە جەنابت بەدەر
بە كەسی بڵێم .
ئەگەر پێشتان خۆش بێ
دوا قەسیدەی خۆمتان بۆ دەخوێنمەوە
تا جەنابتان بە ڕاشكاوی
ڕای لەبارەوە بدەن ..
یان ڕەنگە باسی
ئادەمزایەتیش بكەین
تەنانەت چارەنووسی گەردوون
لەگەڵ خواردنەوەی فینجانێك قاوە ..
بیرۆكە و نەخشەی زۆرم پێیە
لەو باوەڕەدام پێت باش بن .
پێم باشترە
لە ماڵەوە پێك بگەین .
بە هەر حاڵ جەنابت
ناونیشانم دەزانی ،
ناوم لەسەر دەرگا نووسراوە
ئەوەندە بەسە
یەك جار لە زەنگ بدەن كە گوێتان لێم دەبێ
لە هۆڵەكەوە هاوار دەكەم ،
دەرگا كراوەیە
فەرموو خودایە !
تەشریف بێنە ژوورەوە
زۆرم چاوەڕوان كردی .
فازڵ عەززاوی : شاعیری تاراوگەنشین ، لە شاری كەركووك لە دایك بووە ، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی ( كۆمەڵەی كەركووك).
تا ئێستا بێجگە لە بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك ڕۆمان و وەرگێڕانی هی دی ، كۆمەڵێك كۆشیعریشی بڵاوكردوونەتەوە ، كە لە مێژووی شیعری نوێی عەرەبیدا جێی پەنجەی دەرخستووە .
• له (الاعمال الشعریة) بهشی دووهم ، بڵاوكردنهوهی (دار الجمل) 2007
كراوه به كوردی .