Home بیروڕا یادی مەزنێک

یادی مەزنێک

فوئاد یاسین، تروسکایی نێوشەوەزەنگ

by admin
0 کۆمێنتەکان 62 بینینەکان

عومەر محەمەد:
دووساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژی ٣ی ئەیلولی ٢٠٢١ خەم لەبەرو دڵسۆزی خەڵکی هەژار (فوئاد یاسین) شەهیدکرا.
ئەگەرچی هێشتا مەرگی ئەم مرۆڤە خۆبەخشە، روداوێکی تەمومژاوی و گوماناوییە، کە لە دەڤەری شارباژێری پاریزگای سلێمانی دوای سێ ڕۆژ ونبوونی ئینجا تەرمەکەی دۆزرایەوە، کەچی بەداخەوە مەرگی ئەو مەزنە نەبووە خەمی شار! ئاخر فوئاد یاسین کارەکتەرێکی کەم نەبوو. بگرە زۆرگەورە و گرنگ بوو، بەڵام مەرگی فوئاد سەلماندی سەردەمی پروپوچی و مەیدانی مرۆڤە گچکەکانە.
ئەگەرچی من هەرگیز فوئاد یاسینی خەم لەبەری مرۆڤایەتیم لە نزیکەوە نەبینیوەو بەدیداری شاد نەبووم بەڵام بێباکی لە مەرگی وەها کارەکتەرێکی چالاک و بەسود، هەر بێباکی نییە بەڵکو گەمژەیشە، چونکە کارەکانیم دەناسی و دەزانم لەدەست دانی وەها مرۆڤێک، نەک میللەتەکەم بەڵکو مرۆڤایەتی زیانی گەورەی کردووە.
زۆر لە هاوڕێکانی چیرۆکی سەرسوڕهێنەری لەبارەوە دەگیڕنەوە، بەڵام دەرەقەتی گێرانەوەی ئازایەتی و خۆبەخشی و مرۆڤدۆستی ئەو نایەن، مەگەر کارە گرنگ و بایەخدارەکانی خۆی بایۆگرافی و بیرکردنەوەی ئەومان نیشان بدەن. بەداخەوە هێشتا هیچی ئەوتۆ دەربارەی مەرگی ڕون نەکراوەتەوە، ئەوەندە نەبێت کە سەباحی برای دەڵێت : ماشێنەکەی لە دامێنی بەرزاییەکەوە فڕیدرابووە خوارەوە، تاقە دڵۆپێک خوێن بەماشێنەکەوە نەبوو، بەڵام فوئاد لایەکی سەری نەمابوو، ! سەباح گومانی ئەوەی هەیە کە فوئادی برای تیرۆرکرابێ و لەشوێنێکی تر کوژرابێت و بۆ چەواشەکردن و رێ ونی لە شاخەوە بە ئۆتۆمبیلەکەیەوە فڕێدرابنەخوارەوە. بەنیگەرانییەوە دەڵێت حکومەت و پۆلیس و پزیشکی دادوەری هاوکارمان نەبوون.
فوئاد یاسین کێ بوو؟
فوئاد خۆبەخشێکی راستەقینەو بێ دەمامک بوو، ئەو بەراستی بەرژەوەندی گشتی دەویست ! بەرپرسی ریکخراوی کوردوستان سۆلیدارێتی بوو، کارەکتەرێکی چالاک و مرۆڤێکی بەهەست و بەویژدان هەمیشە لەجوڵەی بەسوددا بوو، لە سەرەتای راپەڕینەوە دەستی کرد بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان بەتایبەتیش گوندە ئەنفالکراوەکانی دەڤەری کەرکوک و گەرمیان، بەئایدیاو هەوڵی فوئاد یاسین چەندین گوند بەپارەیەکی زۆر کەم ئاوەدان کرانەوە، چونکە فوئاد دزی وگەندەڵی نەدەکرد بۆیە بەو پارە کەمە توانیوێتی کاری گەورە بکات.
ریکخراوەکە لە هەڵگرتنەوەی مینیشدا چالاک بوو، ژمارەیەکی زۆر مینیان دەرهێناو زۆر ناوچەیان لە مین پاک کردەوەو گیانی زۆر کەسیان لەو بەڵایە رزگارکرد کە زاناکانی چەکسازی دایانهێنابوون و هەژارانی وڵاتەکەمانیان لەناخافڵدا دەکوشت یان بەسەختی برینداریان دەکردن، دواتر شێوەی کاری ریکخراوەکەی گۆڕی بۆ وتنەوەی دەرسی ئینگلیزی و فێربوونی کۆمپیوتەر بۆ هاوڵاتیان بەبێ بەرانبەر، زۆر کەس لەوێ فێری زمانی ئینگلیزی و کۆمپیتەر بوون، کاتێک ئەو ئەم ئایدیایەی هەبوو کە کۆمپیتەر لەکوردستان زۆر کەم بوو.
سەیرە ! زۆر کەس سودیان لە فوئاد یاسین بینی و کەمیان بۆی بەپەرۆشن؟! من کە هیچ سودێکم لێی نەدیوەو بۆیەکجاریش نەمدیوە. بەسوێوە یادی دەکەمەوە ئەوانەی لەمن باشتری دەناسن و لێی سود مەندبوون بۆ بێدەنگن ؟! ئەوانەی لە نزیکەوە ناسیویانە دەزانن ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکانی دەکرد و هەرگیز لەچاکەکاری ماندوو نەبووە!
من کەلە چلەی ماتەمینیەکەیدا ئەو هەموو کاروچالاکییەیم بینی، تێگەیشتم چ کەلێنێکی گەورە کەوتووەتە ماڵی وێرانمانەوە، لەهەرکوێیەک کار هەبووبێت ئەو سنوری نەزانیوەو ئەگەر بەزەحمەتیش بووبێت خۆی گەیاندووەتە ئەوێ، کاتێک کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا کەوتنە تەنگانەوە ئەو ڕێگەیەکی دۆزیوەتەوە و پەیوەندی بە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاواوە کردووەو لەوێش جێدەستی خۆی جێهێشتووە، چەندجارێک سەفەری رۆژئاوای کردوو یارمەتیداون و هاوکاری کردوون، بەپێی قسەی هاوڕێ نزیکەکانی بێت تەنانەت پەیوەندی باشی لەگەڵ بەرپرس و سەرکردەکانی ڕۆژئاوادا هەبووە و لەگەڵیاندا کۆبووەتەوەو پەیوەندیەکی باشی لەگەڵیاندا هەبووە، بۆیە گومانێکی زۆریش هەیە کە مردنەکەی تێرۆربێ و هەرلەسۆنگەی ئەو چالاکیانەوە بووبێت کەلەوێ ئەنجامیداون. ئەگەرچی لەوێش هەرخەریکی کاری مرۆڤدۆستانە بووە بەڵام تیرۆرستانیش هەر دژی کاری مرۆڤانەن و دەست لەمرۆڤانە دەوەشێنن کە مۆمێک بەروی تاریکیدا هەڵدەکەن نەک جنێوبەتاریکی بدەن. ئاخر دەوڵەت و دەسەڵاتداری ستەمکارو تیرۆرستان حەزدەکەن مرۆڤ هەرلەتاریکیدابێ و جنێوبەتاریکی بدات نەک مۆمێکی بەرودا داگیرسێنێ.
سڵاو لەگیانی پاکی فوئادی مرۆڤ و دڵسۆزی هەژاران و ئەنفالکراوان و خەڵکی مەینەتبار.

لێدوانێک بەجێ بهێلە