Home ڕاپۆرت دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە چەککردن و گواستنەوەی حزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان

دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە چەککردن و گواستنەوەی حزبە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان

by admin
0 کۆمێنت 144 بینینەکان

بەفراو نوری:
ئێران 19ی مانگی نۆی وەک دوا وادە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق سەبارەت بە چەک کردن و گواستنەوەی حزبە دژبەرەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کردبوو.

ئاژانسی هەواڵی مێهری سەر بە حکومەتی ئێران بە پشتبەستن بە هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، ڕایگەیاندووە کە لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ئاسایشی نێوان عێراق و ئێران ڕۆژی سێشەممە چۆڵکردنی تەواوەتی بارەگاکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانی ڕاگەیاندووە.

ئەو ڕاپۆرتە نووسیوێتی “لیژنەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە بە پشتبەستن بە پابەندبوونی عێراق و ئێران بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنی هاوبەش و بە هەوڵی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، چۆڵکردنی بارەگای ئەو حزبانە کۆتایی پێهاتووە و ئەنجامدراوە.”

لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە ” ئەم بارەگایانە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی دوور لە سنوور و هەروەها ئەو گرووپانە لە چەک داماڵراون و هەروەها هێزەکانی پاسەوانی سنووری حکومەتی فیدراڵی عێراق لەو ناوچانەدا جێگیر بوون و ئاڵای عێراقیان تێدا هەڵکردووە.”

بەیاننامەکە دەشڵێت”بوونی هێزی پاسەوانی سنووری عێراق لەو ناوچانە هەمیشەیین.”

لە پەیوەندییەکی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ بەڕێز محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندیی بەڕێوەبەریی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دوایین زانیارییەکان سەبارەت بە گواستنەوەی حزبەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، ئەو بەرپرسە باڵایەی حزبی دیمۆکرات دەڵێت “بارەگا و بنکەکانی حزبی دیمۆکرات هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی خودی حزبدایە و خەڵکەکەمان هێشتا لە شوێنی خۆیاندان و سوورن لەسەر ئەوەش کە لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە.”

قسەکانی بەڕێز قادری، ئەندامی ناوەندیی بەڕێوەبەریی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مانەوەی ئەندامانی حزب و بنەماڵەکانیان لە شوێنی خۆیان، لەکاتێکدایە کە ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە 18ی مانگی نۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق،گوتی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکە، دەبێت هێزە چەکدارە جوداخوازەکان چەک بکرێن و بارەگاکانیان چۆڵبکرێن و بگوازرێنەوە بۆ ئەو کەمپ و شوێنانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی عێراقدان.

بەڵام محەممەد نەزیف قادری دەڵێت “ئەو بانگەشانەی کە باس لە گواستنەوەی حزبەکان دەکەن بۆ کەمپەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ڕەت دەکەینەوە و هەمووی قسەی بێ بنەما و بانگەشەی خوودی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.”

هەر لەم بارەیەوە ئاژانسی ئەل مەیادینی نزیک لە حکومەتی ئێران ڕۆژی سێ شەممە، 19ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دانیشتنێکدا لە نیویۆرک لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانییەکەی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران بە پێی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان تاران و بەغدا لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەک نابێتەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایانگەیاندوە و گوتویەتی “ئێمە پابەندین بە دەستووری عێراقەوە و لە چوارچێوەی دەستووریشدا رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین هەڕەشە بێت بۆ سەر ئێران و خۆشبەختانە توانیمان بەو وتووێژە ئەرێنییەی لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەمانبوو هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوەستێنین.”

بەرپرسانی پارتەکانی کوردستانی ئێران پێکەوە لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون لە ئێستادا بە هۆی هەستیاربوونی دۆخەکەوە تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لە لێدوان سەبارەت بە وردەکارییەکان بەدوور بگرن و چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی بڕیارەکانن.

کاکۆ عەلیار، بەپرسی کۆمسیونی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت “پرسەکە ئاڵۆزە و ناتوانم زۆر شت باس بکەم و تەنها ئەوە دەڵێم کە کەمپەکان لە ناو خوودی هەرێمی کوردستاندان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەناو بژاردەکانی بەردەماندا نەبوون و گفتوگۆی لەسەر نەکراوە.”

هەروەها فەریبا محەمەدی، گوتەبێژی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت “ئێمە هێزەکانمان لە شاخ و سەرسنوور هێناوەتە خوارەوە و گوازراونەتەوە بۆ کەمپێک لە هەرێمی کوردستان و داوامان لێکراوە چالاکی سەربازیمان نەبێت و وەک جاران نمایشی چەک وچۆڵمان نەبێت.”

هەندێ لە چالاکوانان و نووسەرانی کوردستانی ئێران سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانیان لە گواستنەوەی حزبەکان بۆ ناو کەمپە دیاریکراوەکان، باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر حزبەکان خاڵێکی وەرچەرخانیش بێت بۆ گۆڕینی سیاسەتی ئەو حزبانە و چالاکتربوونیان.

عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان و نووسەری کورد لە نووسینێکدا کە لە تویتەری خۆی بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت “چۆڵکردنی بارەگای حزبەکان دەکرێ بێتە هۆی گۆڕانکاریی ئەرینی و ئەم ڕووداوە ئەگەرچی لە ئێستادا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران وەک جۆرێک بردنەوەیە، بەڵام ڕەنگە دوای نیشتنەوەی تەپۆتۆزی بانگەشەکان بە زیانیشی بشکێتەوە.”

ئەو نووسەرە لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت “حیزبەکان ئێستە کەوتوونەتە دۆخێکەوە کە ناچارن بیر لە پلانەگەلێکی ئەڵتەرناتیڤ بکەنەوە کە تاکو ئێستا زۆر هەستیان بەو نەکردووە، چونکوو نزیک بە 30 ساڵە لە دۆخێکی نیمچە جێگیردا ژیاون و بەو جۆرە ژیانەش ڕاهاتبوون، هەر بۆیە ئەم گۆڕانە دەشێت تێکدەر و هەڵوەشێنەری ئەو ڕاهاتنە ڕووخێنەرەیان بێت.”

خاتوون فەریبا محەمەدی لەبارەی کاریگەری گووشارەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر حزبەکان دەڵێت “ڕووداوەکانی ئەم دواییانە دەریخست کە حزبەکان دەبێت پێداچوونەوەیەک بە سیاسەتی پێشوویاندا بکەن و یەکێک لەو سیاسەتانەش ئەوەیە کە پێشمەرگە لەناو هەرێمی کوردستاندا نەمێنێتەوە.”

دەشڵێت “گوشارەکان دەریخست لە ئێستادا چەندە پێویستیمان بە هێزێکی یەکگرتوو و هابەشی پێشمەرگەیە.”

ئەو دەڵێت “سەبارەت بەم پرسە پیشتر قسەکراوە بۆ پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە تاکو ئێستا هەنگاوی کرداری لەو پێناوەدا هەڵنەگیراوە و بەهیوام ڕووداوەکانی ئەم دواییانە پێویستبوونی ئەو ئەرکە زیاتر دەربخات.”

زۆرێک لە چالاکوانانی سیاسی و نووسەرانی کورد پێیان وایە ئەگەر حزبەکانی کوردستانی ئێران بیانهەوێت هاوکێشە سیاسییەکان بە قازانجی خۆیان بگۆڕن، بەلانی کەمەوە هیچ نەبێت لە ئیستادا پێویستیان بە دانانی میدیایەکی پرۆفیشناڵی هاوبەش و دروستکردنی تیمێکی دیپلۆماسی هاوبەشە بۆ نوێنەرایەتی کردنی کوردەکانی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و هەروەها پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگەیە لە نێوانیاندا.

سەرچاوە: ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر