Home بیروڕا دەوڵەت و دەسەڵاتدار

دەوڵەت و دەسەڵاتدار

by admin
0 کۆمێنتەکان 57 بینینەکان

عومەر محەمەد:
ئەو دوو چەمکە. بەبێ یاساو خزمەتگوزاری و پاراستنی مافی مرۆڤ.. هیچ بەهایەکیان نابێ و دەبنە دومەڵێکی پیس، لەسەرو جەستەی کۆمەڵگەدا.
مرۆڤی کورد چ لەسەردەمی بەعس و چ لەدوای دەسەڵاتی بەعسیەکان شایان بە ژیانێکی شکۆمەندو دەسەڵاتێکی ژیان دۆست بوو، بەڵام ئەفسوس وانەبوو.. !
بەهۆی کنەو پشکنینمەوە لە دۆسێی ئەنفالدا، بەتەنیشت درندایەتیەوە ژیاندۆستی و لەبەرانبەر مرۆڤی ناشرین جوانی زۆرترم دیوە. لەناو ئەو هەموو مرۆڤە ئازارچەشتووەدا مرۆڤی میهرەبان و لێبوردەو ژیاندۆست زۆرن، تەنانەت ئەگەر پڕیش بووبن لەڕق هی ئەوەبووە، کە هەتا بەردەم قاپی دۆزەخ براون، هەندێک جاریش ژیان ومەرگ جیاوازییان هەر تاڵە دەزویەک بووە. کەچی هەررێگەیان بەخۆیان نەدا ببنە دڕندە.. تەنانەت ئارام گرتنیشیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەی کورددا هەر ریشەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەو تێگەیشتنە لە لاشەڕی .
ئەوەی وەسف و وێنا و هێزی گێڕانەوەی ئەمانەی دیبێ. ئەزمونی خۆیانە لەمەڕ شوێن و ئەوەی نیشانیشی دەدەن شوناسی خۆیان و ئەوانیتریشە. لەوەسفی شوێندا هەم باسی زێدی خۆیان و ژینگەو کلتوری خۆیان لەپێش ئەنفالدا دەهێننە پێشەوە هەم ژیان لە نوگرەسەلمان و رەفتارو شوناسی جەلادیش .
ئەمە ناچار بەتێڕامانی قوڵی کردووم، زیرەکی و توانای ئەوکەسانە سەرسامیان کردووم، کە چۆن دوای ئەو هەموو ئازارو مەینەتیە بەرگەی بێ وەفایی ئەم دەسەڵاتدارانەیان گرتووە کە رۆژانێک بەسەر سک و سفرەی ئەوانەوە ژیاون !؟ چۆن هێشتا توانای گێڕانەوەیەکی جوانیان هەیە؟! سەرباری ئەو چیرۆکە تراژیدیایانەشیان هێشتا هەستە مرۆڤایەتیەکانیان زیندووە (ئۆی.. رۆڵە یاخوا ئەوەی ئێمە دیمان دوژمنیش نەی بینێ!) ئەوان لەیەک کاتدا کۆکەرەوەی رەهەندە دەرونی و کلتوری و مێژووییەکانن، ئاخر خۆقوربانیانی جەنگ وجینۆساید هەرچۆنێک بن شایان بەلۆمەکردن نین .. کەچی وەسف و وێنای ئەوان چ لە گێڕانەوەی ئازاردا لە تۆپزاواو دوبزو نوگرەسەلمان و چ لە گێڕانەوەی رابووردو لە شوێنی ژیانی خۆیاندا، لە زۆر نوسەرو هونەرمەندی کورد بەسەلیقەترن ! ئەوەی بۆمنیان گێڕاوەتەوەو تومارم کردوون.. هەمووی قسەی خۆیانن و خەیاڵ و وێنای داتاشراوی من نین.
وای لەو ستەمکارانەی دوای بەعس، سبەی قوربانیەکانی دەستیان چیرۆکی خۆیان دەنوسنەوەو دەگێڕنەوە، ئەوسا سەد خۆزگە بەبەعسیەکان دەخوازن، چونکە ئەگەر بەعسیەکان ئەمانیان هەبوو ئامێزیان بۆبکەنەوە ئەوا ئەمان بەبەعسیەکانەوە دەخرێنە زبڵخانەی مێژووەوە.
ئەوەی پێی وایە ئەنفال و کیمیاباران و جێنۆساید، هەر بۆدەڵەتی ئەوساو ملهوری سەدام و بەعسیەکان، شەرمەزارییە، بەسەهوودا چووە. چونکە بۆ دەوڵەتی دوای ئەویش هەرشەرمەزارییە، هەتا ئەوکاتەی قەرەبووی مادی و سایکۆلۆژی قوربانی تێدا دەکرێتەوەو مرۆڤی کوردو عەرەب و ئەوانی دی هەست بەمرۆڤ بوون و هاوڵاتی بوون و شکۆمەندی خۆیان دەکەن وەک هاوڵاتی ئازادو یەکسان لە مافدا. دەوڵەتدارانی عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە ئابرومەند نابن.
برسی کردنی مرۆڤی کورد بەتایبەتیش لە دوای ئەنفال وهەڵەبجە چەندە بۆ دەسەڵاتداری کورد شەرمەزارییە سەد هێندە بۆ دەوڵەتی عێراق.

لێدوانێک بەجێ بهێلە