ڕزگار حەمە ڕەشید:
کاتێك (مچەی ئەحە پووت) خۆیی بە سەرداری سلێمانی دەزانی و وەك چەقۆکێشێکی بەربادی گوێڕایەڵی بەعس پۆزی بەسەر شەقامەکاندا لێدەدا، دەروێشانێکی زۆر کردبوویانە پاڵەوان و بە دوای ئەو کەسانەوە بوون دژی ئەو قسە دەکەن و ڕەخنە دەگرن.
بۆ ملازم موحسین و ئاسۆی قومری و بەکری فاتە و نەقیب عەلی و مفەوەز شەماڵ و هەموو بکوژ و چەقۆکێشەکانی تریش هەروا بوو؛ هەمیشە حەشاماتێك لە دوایانەوە سەری دەروێشانەیان بۆ ڕادەوەشاندن و لە خۆیان دڕندانەتر بەر دەبوونە گیانی هەموو ئەو کەسانەی ڕەخنەیان لێدەگرتن و دژی هەڵسوکەوتەکانیان قسەیان دەکرد.
دەروێش حەقیقەتی ناوێت… دەروێش قژێکی درێژ دەهێڵێتەوە تا جگە لە وێنەی شێخەکەی خۆی، هێچ شتێکیتری چواردەورەکەی خۆی نەبینێت. دەروێش بە درۆکانی شێخەکەی خۆی دەڵێت حەقیقەت، تەنانەت ئەگەر باس لە فڕینی ئاسکە کێوییەکیش بکات.
بۆ ئەوەی بە بێ کاریگەری سیحری جەنابی شێخەکانی دین و حیزب و سیاسەت و تەنانەت شێخەکانی هونەر و وەعزی فیکریش، مرۆڤانە، وەك خۆت ڕاستییەکان کەشف بکەیت، پێویستت بەوەیە ئەو لغاوە لێبکەیتەوە کە لمۆز و بینینتی داپۆشیوە.
هیچ کەسێك پیرۆز نییە جگە لە خۆت، بەڵام خۆتت بەنەفرەت کردووە. بوونی تۆ، جوانیی تۆ لەناو وێنە و چوارچێوەیەکی تردا نییە، بڵکو تۆ وێنە و چوارچێوەیەکی خۆتت هەیە، بەڵام فەرامۆشت کردووە و لێی یاخیی بوویت.
من ڕێزت ناگرم لەبەر ئەوەی موریدی یان تەنانەت هاوڕێی وێنەیەکی تریت، بەڵکو لەناو چوارچێوەی وێنەکەی خۆتدا ڕێزت دەگرم.
هەرکاتێك لەو چوارچێوەیە دەخلیسکێیت و دەتەوێت خۆت لەناو چوارچێوەی وێنەیەکیتردا بتوێنیتەوە، ئیتر بوونی تۆ لای من تەواو دەبێت و دڵنیا بە ڕێزێکی ڕاستەقینەت نامێنێت.
دەشزانم لەدەستدانی ئەو ڕێزە، بەر لەوەی لای من یان ئەویتر ئاشکرا ببێت، لای تۆ؛ لای خۆت زووتر ئاشکرا بووە، بۆیە هەمێشە، هەر لە ناوهێنانی شێخەکەتدا، ڕادەچڵەکیت و پەلامار دەدەیت و هیچ ڕاستییەك لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی بۆ خۆت ئاسوودەییەکی درۆیینەت تییدا نەخشاندووە، نابینیت.
بگەڕێرەوە ناو چوارچێوەی وێنەکەی خۆت! چونکە لەوێدا مومارەسەی بوونی فیعلی خۆت دەکەیت. ئەو چوارێوەیە بەشێکە لە مێژوو.
تۆ کاتێك لەناو مێژوودا کارایت کە وێنەکەی خۆتت لەناو ئەو چوارچێوەیەدا خۆش بوێت، دەنا پاش مردنت، چوارچێوەیەکی بێ وێنە جێدەهێڵیت.
لێی مەترسە و شەرمی لێمەکە، بوونی تۆ، کە گوزارشتە لە ئازادی و مرۆڤبوونی تۆ لەوێدایە، نەك لەناو چوارچێوەی وێنەی ئەوی ناودار یان ئەوی شێخ و سەرکردە و کاریزمادا.
درۆی شێخەکان (سەردار، کاریزما، سەرۆك…هتد) بۆ ئەوانەی نەبوونەتە موریدیان ئاشکرایە، بەڵام کە تۆ بوویتە مورید و دەروێش و شوێنکەوتە، ئیتر هیچ وێنەیەکی تری ڕاستەقینە نابینیت. هەمیشە خیانەتەکانی بە حیکمەت و شکستەکانی بە سەرکەوتن دەبینیت، چونکە ئەوە ئەو وێنەیەیە کە ئەو لە مەزەنەی تۆدا جێگیری کردووە.
بگەڕێرەوە ناو چوارچێوەی وێنەکەی خۆت!
هەوڵ بدە وێنەیەکی پڕ ئومێد بێت. واز لە خەیاڵەکانت بێنە با بەرزەفڕ بن و مەترسە لەوەی پێت بڵێن ئەوە خەیاڵپڵاوییە.
گرنگ ئەوەیە وێنەکەت سەرنجی هەموان بۆ ئەو چاوانەی خۆت ڕاکێشێت و تیایدا پرۆژەی تۆ، یان خەونی تۆ بۆ چاکەی گشتی و ئایندەیەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو ببینێت.
ئەوەندەی خۆت بە بۆیاخکردن و ماکیاژکردنی وێنەیەکیترەوە سەرقاڵ دەکەیت، کاتێك بۆ خۆت و بۆ وردەکاریەکانی ژیانی ناو وێنەکەی خۆت دانێ.
جوانی وێنەکەی تۆ لە ڕێکخستنیدایە لەگەڵ شێوە و شکڵی چوارچێوەکەتدا.
ژیانی وێنەکەت و چوارچێوەکەت؛ بیرکردنەوەی مرۆڤدۆستانەت و ڕەفتارەکانت بەیەکەوە یەکانگیرکە… ئاسوودەیی ڕاستەقینە لەوێدایە.
کورتەیەك: مێژوو، حەقیقەت و ڕاستگۆیی
122