عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) :
لە پانتایی ئەدەبدا؛ هەردوو چەمکی ئەدەب و ئازادی لە لێکهەڵپیكرانێکی چر و تێکچڕژاودان. ڕۆشنبیران و نووسەران و ئەدیبان بەپێی بەرژەوەندییە چینایەتیەکانیان هەم پێناسە و هەم پەیوەندی ئەم دوو چەپکە دیاری دەکەن. بەهای سیاسی ئازادی زۆرترین پەیوەندی بە ئەدەبەوە هەیە. بەرهەمی داهێنەرانەی نووسەران و ئەدیبانی پرۆلیتاریا، بەرهەمی پرۆسەیەکن لە بیرکردنەوەی ئازادانە. ئەگەر پەیامی ئەدەب وەستانەوە بێت بەڕووی ناشیرینی و شەڕانگێزییەکانی ژیان، ئەوا وزە شاراوەکانی ناو دەقی ئەدەبی دەتوانێت پانتایی ئازادی نووسەر هەورەها ئازادی و تەنانەت جوانی دەقیش بپارێزێت. ئاشکراشە ئەدەب جگە لە پەیوەندییە ناوەکییەکانی خۆی، بەکۆمەڵی پەیوەندی درەکیش دەورە دراوە. ئازادی بۆ ئەدەب بەمانای ئازادبوونی دەق نییە لە پەیامی کۆمەڵایەتی. ئازادی نووسەر و ئەدیبیش بەمانای ئازادبوون نییە لە شێواندنی ناوەڕۆک و پەیامی سیاسی و چینایەتی. لەمێژووی تا ئێستای تۆمارکراوی ئەدەب؛ ئازادی هەمیشە لە هەر دەق و نووسراوێکدا کە ڕوو بە جەماوەری ستەمدیدە بێت، ئامادەیی هەبووە. بەڵام تێڕوانینە چینایەتییەکانی نووسەر؛ جۆری ئازادییەکە و پەیامی دەقەکە دەستنێشان دەکەن. بۆیە بێهۆ نییە نەیارانی شۆڕشی سۆشیالیستیی پرۆلیتاریا پێیان وایە لایەنگیری سیاسی چینایەتی دەق بۆ ململانێی کۆمەڵایەتی و چینایەتی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەبێتە هۆی بەرتەسکبوونەوەی ئازادی نووسەر و تەنانەت ڕێکخراوبوونی نووسەران و ئەدیبانی شۆرشگێڕ و پرۆلیتاریی بە لەمپەر دەبینن لەبەردەم پرۆسەی داهێنانی دەقی ئەدەبی. باس کردن لە ئازادی بە بێ پێداگری لەسەر شوناسی چینایەتی نووسین و دەق، ناتوانێت هەنگاوێک لە لیبراڵیزمی بۆرژوازی واوەتر بڕوات. هێنانە پێشەوەی ئەدەبی پابەند و ناپابەند و هونەری ئازاد و نائازاد جگە لە دووبارەکردنەوەی حیکایەتی مێشێی لیبڕالیزم هیچیتر نییە. لە دنیای واقیعدا شتێک نییە ناوی هونەری دەوڵەت بێت، وەک ئەوەی لیبرالێزم و نوێنەرەکانیان بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەدەبی دەوڵەتی بوونی نییە، بەڵکوو هونەر و ئەدەبی چینایەتی هەیە. کۆمەڵگەی ئەمڕۆ؛ کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە لە دوو چین پێکهاتووە و ململانێی نێوان ئەم دوو چینە مۆرکی خۆی لەهەموو دیاردە و ژیان و کۆمەڵگە دەدات. پرۆلیاریا و بۆرژوازی ئەو دوو چینەن کە لەم سیستەمە چینایەتییەی ئەمڕۆدا لە جەنگێکی چینایەتی مەزندان. هەر چینێکیش خاوەن ئامانج و بەرژەوەندی و سەنگەر و ئامرازی جەنگی چینایەتی خۆیەتی. بۆ کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدە؛ هونەری پڕۆلیتاری، ئامرازی خەباتی چینایەتییە، هونەری جەنگ و جوانی و ئینسانییەتە. باوەڕ نەکردن بە هونەری پرۆلیتاری و مولتەزیم یان پابەند بە جیهەتگیریی پرۆلیتاریی، پشتیوانی کردنە لە هونەر و ئەدەبی کۆنەخواز کە ئەویش هونەری بۆرژوازییە. بڕوابوون بە ئەدەبی پرۆلیتاریا هەرگیز بەمانای قەتیسبوونی ئازادی نییە. بۆیە تا گاپی نێوان نووسەر و ئەدیب و خەباتی پرۆلیتاریا کەمتر و بچووکتر بێتەوە، پانتایی ئازادی نووسەر فراوانتر دەبێتەوە و داهێنانیش باڵاتر و باڵاتر دەبێت.
تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆشەی (گرێژنە) ی ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٢٥ ی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوبۆتەوە.