عومەر محەمەد:
لە سەر زەوییەکی وشک و ڕەقی داپۆشراو بەلم، بەدیارهەڵپڕوکانی خۆرەوە دانیشتووم، کە هەروا کەمێک پێشتر لە بن تیشکەکانیدا کە گەرمایەکی بەتین و بێزارکەریان بۆ هەموو زیندەوەرێکی ئەو بیابانە دەناردە خوارەوە، لەم بیابانە پان وبەرینەدا ئەوەی بە خەیاڵمدا دێت بەخێرایی تێدەپەڕێ و ئەوەی دی هەر بیرکردنەوەیە لەو هەموو دڵڕەقی و زوڵمەی بەعسیەکان و هیچوپوچی جەلاد و مەزڵومیی قوربانی. هەڵوەستەیەک دەکەم و لەخۆم دەپرسم:
– قوربانی ؟ باشە ئەم قوربانیدانە هەتاکەی؟ ئێمە چ سودێکمان لەم هەموو قوربانیدانەدا بینیوە ؟ ئەم گریان و زەلیل بوونە چ چێژێکی تێدایە ؟ هەتاکەی قوربانی بین ؟
ئێ خۆ لەدەست بەعس ڕزگارمان بوو، بەڵام بۆ نەمانتوانی هەستینەوە سەرپێ و چیدی وەک قوربانی نەمێنینەوە؟ ئەی ئەوانەی جڵەوی مەرگ و ژیانی ئێمەیان بەدەستەوەیە بۆ لە بیرو ڕەفتاری بەعسیزم خۆیان رزگار ناکەن ؟! نازانم کەی وازم لەم پرسیارانە هێنا کە خۆم لەخۆمم دەکردو هەرخۆشم وەڵامێکم بۆ دەدۆزینەوە.
نازانم بۆ بەبیرمدا هات کە لە ساڵی ١٩٩١ ئەو لەشکرەی بەعسیەکان چەککران خۆکەس نەی پرسی ئەو چەکانەی لە سەربازانی رژێممان سەندن و کردماننەوە بەشانی خۆماندا، هەر ئەوچەکانە بوون کە بەدەست جەلادەکانەوە بوون ! تۆبڵێی چەندیان هەمان ئەوچەکانە بوون کە هاوزمان و کەسوکارمانی لەم بیابانەدا پێکوژراوە ؟
نا چۆن دەپرسین ؟! بەڕاستی مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاڵۆزە رەنگە زۆربن کەسوکاری ئەو قوربانیانەی لەم بیابانەدا کوژران و خۆشیان بەچەکی جەلادەکانەوە بادابێ و کوڕێنیان پێوەکردبێ ! بۆنا ؟! خۆهەرئەوەندە سەرۆکی حزب لە سەفەرێک بگەڕایەتەوە یان زەردەخەنەیەکی کردبا، ئیدی هەموو شتێک لە بیردەچووەوەو ئاسمان دەبووە چراخانی گوللەی گڕداری تفەنگەکان، تەقەی خۆشی ؟ ئاخر خۆشی چی نەگبەت. ؟
دەی واگریمان ئەوان بەشداری ئەو خۆشییە نەبوون، ئێ خۆ هەرئەوان بوون بکوژو کوژراوی مەیدانی شەڕی ناوخۆ! هەر بەوچەکانەی کەسوکاریان لەم بیابانە پێکوژران، لە کوردستان بەربوونەوە گیانی یەکترو لەشەڕی ناوخۆدا یەکتریان دروێنە دەکرد.. ئای کوژرانی حەمە عەلی عەلیان لە شەڕی ناوخۆدا چەند ئازاری دام ؟! حەمەعەلی، یەکێک بوو لەو دەربازبووە دانسقانەی ئەنفال، لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا بەموعجزە رزگاری بوو، کەچی ئەو نەگبەتەش لەشەڕی ناوخۆدا کوژرا! تیاح، چ مێژوویەکی ناشرینمان هەیە ؟
بیابانێکی وشک و بێ ئاو، وبێ سەوزایی، دەبێت چیرۆکی چەند کەسی وەک حەمەعەلی و چەند عاشقی لەم چۆلەوانیەی خۆیدا ونکردبێت؟ دەبێت چەند بوک وزاوای وەک سەفەرو دەلالی گوندی جەلەمۆردیان بێڕەحمانە لە ژێرلمدا شاردبێتەوە!؟
دەبێت روفاتی ئامۆزاکانی گوندی تیلەکۆ (کەریم و ئەنوەر) لەکام بیابان بن؟ کە هێشتا بوخچەی بوکێنیەکانیان ماون (مرییەم وفریال) لەچاوەڕوانیدا پیربوون و بوخچەکانیان نەکردەوە، ئەوان لەیەک کاتدا بوون بەشوناسی داماوی و دڵڕەقی مرۆڤ، دەمگوت تۆبڵێی ئێسک و پروسکی ئەو دەستگیراندارانە لێرەبن یان لە بیابانەکانی رومادی ؟ یاخود لە مەهاری دیوانییە ؟ کێ دەزانێ خۆعێراق هەمووی گۆری بەکۆمەڵە.!
ئای لە کەشوهەوای ئەو بیابانە گەرمە، بەڕۆژ دۆزەخی هەموو بونەوەرێکەو شەوانیشی هێندە ساردە، وەک گوێزان جەستە و هەناوت دەبڕێ و دەگاتە سەرئێسقان. بەڵام درەوشانەوەی چاوەکان سەرماو گەرما نازانن، چاوەڕوان بووم دونیا تاریک تردابێ و مانگ سەردەربێنێ، چونکە چاوی کوردە لەگۆڕنراوەکانی ئەنفال لەشەودا بەرانبەر ئەستێرەکان دەدرەوشێنەوە، وەک بڵێی گللەیی لەئاسامان و مانگ و ئەستێرەکان بکەن. ئەوان زۆرجار سەرلە مانگە دەستکردەکانیش دەشێوێنن، نازانن کامیان زەوییەو کامە ئاسمان، چونکە لە بیابان چاوەکان دەدرەوشێنەوەو لەئاسمان ئەستێرەکان ! چاوەکان نزاو گللەیی ئەو هەموو مرۆڤە بێتاوانەیە لەیەزدان و لەمانگە دەستکردەکان کە چۆن لەوتاوانە گەورەیە بێدەنگ بوون کە ئەم بیابانەیان پڕکرد لەمشتە چاوی هەڵڕژاوو دەست و پەنجەی هەڵوەریووە.. ئاسمانیش سەرسامە لەوەی لەساڵی ١٩٨٨ ەوە ئەو بیابانە لەشەودا دەدروشێتەوە، هەرئەوەندەی شەوقی مانگەشە و خۆی نیشانی بیابان دا ئیدی هەزاران چاوی کوردە بەکۆمەڵکوژراوەکان لەناو لمی بیاباندا وەک ئەستێرە دەبریسکێنەوەو شەڕلەگەڵ زەوی وئاسمان دەکەن .
بیابانی تەلشیخە- قەزای سەلمان -پاریزگای سەماوە
شەوی ١٥/١٦/٥/٢٠٢٣