نووسینی: ئێرنێست مه‌ندێل:
وەرگێرانی: ئاسۆ شابان:
١. دابه‌شبوونی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت
له‌كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كاندا، كاروباری ئیداری له‌لایه‌ن هۆزه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برا. هه‌مووان چه‌كدار بوون و هه‌مووان له‌و كۆبوونه‌وانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندی به‌ژیانی كۆمه‌ڵ و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه بوو، به‌شدارییان ده‌كرد. كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی له‌ناو هۆزه‌كه‌دا بهاتایه‌ته كایه‌وه، ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌كه چاره‌سه‌ریان ده‌كرد.
به‌دڵنیاییه‌وه دۆخه‌كه له‌م كۆمه‌ڵه سه‌ره‌تاییانه‌دا به‌ته‌واوه‌تی دڵخواز نه‌بوو. كۆمه‌ڵگە زۆر هه‌ژار بوو و ژیان ململانێیه‌كی دایمی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سروشت بوو. ئه‌گه‌رچی داب و نه‌ریت و قاعیده‌ی باو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ململانێ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، به‌ڵام ئه‌م داب و نه‌ریت و قاعیدانه زۆرتر به‌هۆی نه‌زانی و ترس و باوه‌ڕ به‌سیحر و ئه‌فسوون بوو. ئه‌وه‌ی كه پێویسته لێره‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه كهكۆمهڵگە له‌ئاستی زانیاری و ئیمكاناتی خۆیدا ئیشتراكی بوو.
به‌م پێیه، ئه‌و بۆچوونه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دروست نییه كه پێی وایه چه‌مكه‌كانی “كۆمه‌ڵ”، “رێكخراوی هاوبه‌شی مرۆیی” و “ده‌وڵه‌ت” هه‌ر بوون و له‌سه‌رانسه‌ری ژیانی مرۆڤدا لهیهكترین جیانه‌كراوه بوون. رێك به‌پێچه‌وانه‌وه، مرۆڤایه‌تی هه‌زاران ساڵ به‌بێ ئه‌وه‌ی بچووكترین زانیارییه‌كی سه‌باره‌ت به‌ده‌وڵه‌ت هه‌بێت، له‌كۆمه‌ڵه هاوبهشەكاندا ژیاوه.
ده‌وڵه‌ت كاتێك هاته كایه‌وه كه ئه‌و كارانه‌ی له‌رابردوودا له‌لایه‌ن هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چوو، له‌لایه‌ن گروپێكی جیاواز له‌ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌وه قۆرخ كرا:
سوپای جیاواز له‌جه‌ماوه‌ری چه‌كدار.
ئه‌و دادوه‌رانه‌ی كه‌ئه‌ركیان ئه‌وه‌بوو به‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی جه‌ماوه‌ر به‌رانبه‌ر به هاوجۆرهكانیان دادوه‌ری بكه‌ن.
ده‌ره‌به‌گه‌كان، پاشا‌كان و ئه‌ریستۆكراسی ویراسی جێگای نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی كۆمه‌ڵیان گرته‌وه. ئه‌مانه جێگای ئه‌و نوێنه‌رانه‌یان گرته‌وه كه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردران و هه‌ر كاتێك جه‌ماوه‌ر بیویستایه ده‌یانتوانی له‌سه‌ر كار لایان ببه‌ن.
“به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئایدیۆلۆژیا” (قه‌شه‌كان، رۆحانییه‌كان، مامۆستاكان، نووسه‌ره‌كان، فه‌یله‌سوفه‌كان و كاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رز) له‌ئه‌ندامانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵ جیابوونه‌وه.
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین كه‌سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت به‌رهه‌می گۆڕانكارییه‌كی دوو لایه‌نه بوو: یه‌كه‌م، په‌یدابوونی به‌رده‌وامی زێدهبهرههمی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌به‌شێك له‌كۆمه‌ڵی له‌كاركردن بۆ دابینكردنی ژیان و به‌ڕێچوونی رزگار كرد. هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه هه‌لومه‌رجی مادی بۆ ئه‌م به‌شه لهكۆمهڵگە ره‌خسا كه ته‌نها ئه‌و كارانه‌ی دهكردو ڕاده‌په‌ڕاند كه‌په‌یوه‌ندی به كه‌ڵه‌كه‌كردن و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌وه بووایه. دووهه‌مین فاكته‌ر گۆڕانكارییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی بوو. ئه‌م گۆڕانكارییه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌شی دیكه‌ی كۆمه‌ڵ لهههڵسووڕان له‌كاروباری سیاسی كه تا ئه‌و كاته مافی هه‌مووان بوو، بێبه‌ش بكرێ.
٢. ده‌وڵه‌ت له‌خزمه‌ت چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كاندا
ئه‌و فۆنكسیۆنانهی له‌كۆمه‌ڵی سه‌ره‌تاییدا گشتی بوو، له‌قۆناغێكی دیاریكراو به‌ولاوه بوو به مافی تایبه‌تی گروپێكی جیا له‌خه‌ڵك. ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه وه‌لانانی به‌شێك له‌كۆمه‌ڵ له‌كاروباری سیاسی به‌قازانجی به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی كۆمه‌ڵ بوو. ده‌سه‌ڵاتداران رێوشوێنێك ده‌گرنه به‌ر كهچینه به‌رهه‌مهێنه‌ر و چه‌وساوه‌كان له‌به‌شداری كردن له‌و كاروبارانه بێبه‌ش بكه‌ن كه بوار بۆ له‌ناوبردنی چه‌وسانه‌وه خۆش ده‌كات.
باشترین نمونه له‌و بواره‌دا سوپا‌و چه‌ك و چۆڵه. چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له رێگای قۆرخكردنی زێدهبهرههمی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن به‌شێك لهكۆمهڵهوه سه‌ریان هه‌لدا. له سه‌ده‌ی نوزدهههمدا له ژماره‌یه‌كی زۆر له هۆزه‌كان و گوندكانی ئه‌فریقا هه‌ر ئه‌و گۆرانكاریمانه بینی كه له‌سه‌ره‌تای په‌یدابوونی ده‌وڵه‌ت لهكۆنترین ئیمپراتورییهكانی رۆژهه‌ڵاتدا (میسر، میزۆپۆتامیا، ئێران، چین، هیندوستان و…) به‌رێوه‌چوو. ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش ئه‌وه‌بوو كه دیاری، خه‌ڵات و خزمه‌تگۆزاریه‌ك كه له سه‌ره‌تادا به شێوه‌ی یارمه‌تی مرۆڤدۆستانه‌و له‌رووی خێرخوازییه‌وه له‌نێو بنه‌ماڵه‌كاندا ئاڵوگۆڕ پێ ده‌كرا، ورده ورده زۆره‌ملی بوو و وه‌ك باج و زه‌ریبه‌و بێگاری به‌چینه داراكان ده‌درا.
به‌ڵام ده‌بوایه ئه‌م ده‌ست به‌سه‌رداگرتنه زه‌مانه‌تیش بكرایه. ئه‌م زه‌مانه‌ته زۆرتر به زۆری چه‌ك به‌سه‌ر خه‌ڵكدا داده‌سه‌پا. گروپه چه‌كداره‌كان (گرینگ نییه ناوی سه‌رباز، پۆلیس، چه‌ته یان دزیان له‌سه‌ر بنین) جوتیاران و چێوارهكان و دواتر پێشه‌گه‌ران و بازرگانه‌كانیان ناچار ده‌كرد به‌شێك له به‌رهه‌می خۆیان به چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بده‌ن. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه‌یه كه چه‌كدار ده‌بن و به‌ر به چه‌كداربوونی به‌رهه‌مهێنه‌ران ده‌گرن.
له یونان و رۆمی كه‌ونارا، كۆیله‌كان مافی چه‌ك هه‌ڵگرتنیان نه‌بوو. هه‌لومه‌رجی رهعیهتهكانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و جۆتیارانی ژاپونی فیۆدالیش هه‌ر به‌م جۆره بوو. یه‌كه‌م كۆیله‌كان زۆربه‌یان دیلی جه‌نگه‌كان بوون كه به‌زیندوویی راده‌گیران بۆ ئه‌وه‌ی بۆ چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان كار بكه‌ن. هه‌روه‌ها یه‌كه‌م جوتیارانی چه‌وساوه دانیشتوانی ئه‌و مه‌ڵبه‌ندانه بوون كه له‌شه‌ڕه‌كاندا شكستیان هێنابوو. به واتایه‌كی دیكه ئه‌مانه قوربانییه‌كانی پرۆسه‌یه‌ك بوون كه‌چه‌ك كردنی به‌رهه‌مهێنه‌ران و چه‌سپاندنی قۆرخكردنی هه‌ڵگرتنی چه‌ك له لایه‌ن سه‌ركه‌وتوان، ده‌سه‌ڵاتداران و پارێزهرهكانیانی به‌دواوه هێنا.
به‌م مانایه فریدریش ئه‌نگڵس به دروستی ده‌وڵه‌تی له رسته‌یه‌كدا كورت كردووه‌ته‌وه: “ده‌سته‌ی چه‌كداره‌كان”. بێگۆمان ده‌وڵه‌ت بێجگه لهچهكداركردنی چینی ده‌سه‌ڵاتدار و چه‌ككردنی چینی به‌رهه‌مهێنه‌ر كاركردی دیكه‌شی هه‌بوو. به‌ڵام كاركردی ده‌وڵه‌ت له دوا لێكدانه‌وه‌دا داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌شێك له كۆمه‌ڵگە له‌دژی به‌شێكی دیكه‌یه. ئه‌م تێزه بۆرژوا-لیبراڵییه كه ده‌وڵه‌ت له”گرێ به‌ست” یان “په‌یمان”ێكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه‌هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵ ئازادانه قه‌بووڵیان كردووه، به‌ته‌واوه‌تی نادروسته. هه‌موو نیشانه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌وڵه‌ت به‌رهه‌می زۆر و داپڵوسینی ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌دژی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگەیه.
هه‌روه‌ك وتمان په‌یدابوونی ده‌وڵه‌ت رێگای به‌چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دا ده‌ست به‌سه‌ر زێدهبهرههمی كۆمه‌ڵایه‌تی دابگرن. ئه‌م زێدهبهرههمه كۆمه‌ڵایه‌تییه تێچووی دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی دابین كرد. هه‌رچی زێدهبهرههمی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆرتر بێت، هه‌ر به‌و راده‌یه دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌تر ده‌بێت و ده‌توانێت ژماره‌یه‌كی زۆرتر سه‌رباز، فه‌رمانبه‌ر و ئایدیۆلۆژیست بێنێته خزمه‌تی خۆیه‌وه.
گه‌شه‌كردنی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و له‌سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی بنه‌ماكانی ئاشكرا كرد. كاتێك كهدهرهبهگایهتی له‌لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا بوو، هه‌ر كام لهدهرهبهگهكان “له‌چوارچێوه‌ی مڵكه‌كانی خۆی”دا سه‌رۆكی سوپا، به‌رپرسی وه‌رگرتنی باج و زه‌ریبه، ژمێریار، به‌ڕێوه‌به‌ر و هیتری هه‌بوو. به‌ڵام ورده ورده مڵكه‌كانی ده‌ره‌به‌گه‌كان په‌ره‌یان سه‌ندو زنجیره په‌یوه‌ندییه‌كی له‌سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه له‌نێو ئهریستۆكراتهكاندا پێكهات و ده‌سه‌ڵاتی دوكهكان و كۆنتهكان بۆ پانتاییه‌كی به‌رچاو له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا په‌ره‌ی سه‌ند. به‌دڵنیاییه‌وه ئیتر یه‌ك كه‌س نه‌یده‌توانی گشت ئه‌و ئه‌ركانه به‌ڕێوه‌ببات. به‌تایبه‌تی پاشا‌كان و ئیمپراتوورهكان له‌گه‌ڵ ئه‌و كێشه‌یه به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه.
به‌مشێوه‌یه ده‌بینین كه‌سانێك په‌یدا ده‌بن كه‌ره‌نگدانه‌وه‌ی جیابوونه‌وه‌ی ئه‌م فۆنكسیۆنانه لهیهكترن: خاوه‌ن پله‌و پایه‌كان، فه‌رمانده‌كان، وه‌زیره‌كان، دیوانه‌كانی ده‌وڵه‌ت و هیتر. به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ریشه‌ی وشه‌كانیش نیشانی ده‌دات كه وه‌زیره‌كان له‌سه‌ره‌تادا كۆیله یان ره‌عیه‌ت بوون، واته به‌ته‌واوه‌تی به‌چینی ده‌سه‌ڵاتدار وابه‌سته بوون.
٣. زۆر و داپڵۆسین و ئامرازی ئایدیۆلۆژیا
هه‌رچه‌ند ده‌وڵه‌ت له‌دوا لێكدانه‌وه‌دا “ده‌سته‌ی چه‌كداره‌كان”ه و هه‌رچه‌ند ده‌سه‌ڵاتی چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌دوا قۆناغدا پشتی به‌زۆر و داپڵۆسین به‌ستووه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه ده‌وڵه‌ت ناتوانێت ته‌نها پشت به‌زۆر ببه‌ستێت. چونكه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌رته‌سكه. وه‌ك “ناپلیۆن بوناپارت” ده‌ڵێت: “بهسهرهنێزه ده‌توانی هه‌موو كارێك بكه‌ی، به‌ڵام ناتوانی له‌سه‌ری دابنیشی”. كۆمه‌ڵگەیه‌كی چینایه‌تی كه ته‌نها له‌رێگای زۆری چه‌كدارانه‌وه به‌رده‌وامه، لهبارودۆخێكدایه كه‌شه‌ڕی ناوخۆیی و قه‌یران به‌لوتكه‌ی خۆی گه‌یشتووه.
به‌م پێیه بۆ سه‌قامگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی چینێك به‌سه‌ر چینێكی دیكه‌دا (بۆ هه‌رماوه‌یه‌ك كه بێت) پێویسته به‌رهه‌مهێنه‌ران، واته ئه‌ندامانی چینی چه‌وساوه مل به قۆرخكردنی زێدهبهرههمی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن كه‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه بده‌ن و پێیان وابێت ئه‌مه مافی چاره‌هه‌ڵنه‌گر و بێ ئه‌ملاو ئه‌ولاو هه‌تاهه‌تایی ئه‌وانه. هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه ده‌وڵه‌ت ته‌نها ئیختناق داناسهپێنێت، به‌ڵكوو ئایدیۆلۆژیاش داده‌سه‌پێنێت. “داڕێژه‌رانی ئایدیۆلۆژیا” ئه‌م ئه‌ركه وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرن.
تایبه‌تمه‌ندیی مرۆڤ له‌وه‌دایه كه بێجگه له‌كاری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه‌وه ناتوانێت پێویستییه‌كانی “به‌قا”ی خۆی دابین بكات. ئه‌مه‌ش پێویستی به‌دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كانی دیكه هه‌یه. ئه‌م په‌یوه‌ندیه چارهههڵنهگرانه پێویستی ئاڵوگۆڕكردنی بیروباوه‌ڕو په‌یوه‌ندیگرتنی مروڤه‌كانی هێنایه گۆڕێ. ئه‌مه به‌ش به‌حاڵی خۆی گه‌شه‌ی وشیاری، ئه‌ندێشه‌و ” به‌رهه‌مهێنانی بیروڕا”ی مسۆگه‌ر كرد. به‌م شیوه‌یه هه‌موو كاروبارێكی گرێنگی ژیانی مرۆڤ به‌ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م كارانه لهویژدانیدا دێته كایه‌وه. به‌ڵام ئه‌م ڕه‌نگدانه‌وانه یه‌كسه‌ر به‌شێوه‌ی خۆڕسك روو ناده‌ن. مروڤه‌كان خۆیان له‌خۆیانه‌وه بیروڕای تازه داناهێنن. زۆربه‌ی كه‌سه‌كان یان به یارمه‌تی ئه‌و بیروڕایانه‌ی له مه‌كته‌ب یان كه‌نیسه فێری بوون یان له‌رێگه‌ی ئه‌و بیروڕایانه‌ی له‌ته‌له‌فیزیۆن، رادیۆ، رۆژنامه یان گوڤارهوه فێری بوون، بیر ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ر به‌م بۆنه‌شه‌وه به‌رهه‌مهێنانی بیروڕاو سیسته‌می فیكری كه ئایدیۆلۆژیای پێ ده‌ڵێین، زۆر به‌رته‌سك بووه‌و تا راده‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كی بچووكی كۆمه‌ڵگەوه قۆرخ كراوه. (له‌راستیدا به‌رهه‌مهێنه‌ران مه‌جالی ئه‌وه‌یان په‌یدا نه‌كردووه كهبخوێننهوهو بیر بكه‌نه‌وه. ئه‌وه‌نده به‌شوێن كار و زه‌حمه‌ته‌وه بوون كهمهجالی ئه‌و كارانه‌یان په‌یدا نه‌كردووه.و)
له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كی چینایه‌تیدا ئایدیۆلۆژیای زاڵ به‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگەیه، ئایدیۆلۆژیای چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه. هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئایدیۆلۆژیا له‌بواری مادییه‌وه به‌خاوه‌نانی زێدهبهرههمی كۆمه‌ڵایه‌تی وابه‌سته‌ن. له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ئه‌شراف و كه‌نیسه (كه بێجگه لهئهریستۆكراتهكان گه‌وره‌ترین مالك بوون) به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ تێچووی ژیانی شاعیران، ره‌سم كێشه‌كان و فه‌یله‌سوفه‌كانیان دابین ده‌كرد. كاتێك كه بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، بازرگانه‌كان و خاوه‌نانی بانكه‌كان “ئه‌ده‌بیات، فه‌لسه‌فه‌و هونه‌ریان هێنایه ژێر باڵ و په‌ڕی خۆیان”. لێره‌شدا وابه‌سته‌یی مادی نووسه‌ران و فه‌یله‌سوفه‌كان و هونه‌رمه‌ندان به‌چینه داراكان ئاشكرا بوو. په‌یدابوونی به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئایدیۆلۆژیا، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ئیتر به‌ته‌واوی به‌چینی ده‌سه‌ڵاتدار وابه‌سته نه‌بن، هه‌تا سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رمایه‌داری نه‌هاته‌دی. به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی ئایدیۆلۆژیاش بۆ “بازاڕی ئازاد” كار ده‌كه‌ن و ته‌نها سه‌رمایه‌داران و ده‌وڵه‌تی بۆرژوایی به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌كڕن.
ئایدیۆلۆژیای چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هه‌رچی بێت، ته‌نها كاری ئه‌وه‌یه شێوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زاڵ، واته ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی سه‌قامیگر بكات و مانه‌وه‌ی بپارێزێت. یاسا له‌شێوه‌ی زاڵی خاوه‌ندارێتی پشتیوانی و پاساوی ده‌كات. بنه‌ماڵه‌ش ئه‌م رۆڵه ده‌گێڕێت، ئایینیش چه‌وسێنه‌ران فێر ده‌كات كه مل به‌چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن. ئارمانه سیاسی و ئه‌خلاقییه‌كانی چینی ده‌سه‌ڵاتدار له‌رێگه‌ی سهفسهتهچنین یان ده‌ربڕینی نیوه‌ی راستییه‌كان و شاردنه‌وه‌ی ئه‌و نیوه‌كه‌ی دیكه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌روه‌ری چینی ده‌سه‌ڵاتدار پاساو بكه‌ن (بۆ نمونه چاو له‌تێزی گۆته بكه‌ن كه له‌سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی و له‌دژی ئه‌و شۆڕشه داڕێژرا. گۆته وتی راپه‌ڕینێك كه له‌ئاكامی خه‌بات له‌دژی نادادپه‌روه‌ریدا پێكهات ته‌نانه‌ت لهنادادپهروهری خراپتره. ده‌رئه‌نجامی ئه‌خلاقی ئه‌و تێزه ئه‌وه‌یه كه “نه‌زمی زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا تێك مه‌ده‌ن).
٤. ئایدیۆلۆژیای زاڵ و ئایدیۆلۆژیای شۆڕشگێڕانه
هه‌رچه‌ند له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا ئایدیۆلۆژیای زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگە ئایدیۆلۆژیای چینی دهسهڵاتهداره، به‌ڵام ئه‌مه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و مانایه نییه كه لهكۆمهڵگەدا ته‌نها بیروباوه‌ڕی چینی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یه. به‌گشتی و به‌كورتی كۆمه‌ڵی چینایه‌تی لانیكه‌م سێ ئاستی سه‌ره‌كی له‌بیروباوه‌ڕ له‌خۆ ده‌گرێ:
بیروباوه‌ڕێك كه‌ره‌نگدانه‌وه‌ی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی چینی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌و بیروباوه‌ڕی زاڵه.
بیروباوه‌ڕی چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی رابردوو كه‌ئێستا ئیتر شكستیان هێناوه‌و له ده‌سه‌ڵات وه‌لانراون، به‌ڵام هێشتا له‌سه‌ر خه‌ڵك نفوزیان هه‌یه. هۆكاری ئه‌م بابه‌ته بۆ هێزی نێگه‌تیڤی وشیاری ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌میشه له‌دواوه‌ی حه‌قیقه‌تی مادی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. بڵاوبوونه‌وه‌و نفوزی بیروباوه‌ڕه‌كان ره‌نگه تاراده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆ له‌و رووداوانه بێت كه له‌بواری به‌رهه‌مهێنانی مادیدا له‌ئارادایه. له‌ئاكامدا له‌وانه‌یه خه‌ڵك له‌ژێر نفوز و كاریگه‌ری بیروباوه‌ڕی ئه‌و هێزه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا بمێننه‌وه كه‌ئیتر ده‌سه‌ڵاتی ئابوورییان به‌ده‌سته‌وه نییه.
بیروباوه‌ڕی چینی شۆڕشگێڕی نوێ كه خه‌ریكه گه‌شه ده‌كات و ئه‌گه‌رچی هێشتا ژێرده‌سته‌یه، به‌ڵام خه‌بات بۆ رزگاری ده‌ستپێكردووه‌و به‌ر له‌وه‌ی بتوانێت ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ران بڕوخێنێت، ده‌بێ لانیكه‌م تا راده‌یه‌ك له‌بیروباوه‌ڕی چه‌وسێنه‌ران خۆی رزگار بكات.
فه‌ڕه‌نسای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له‌م بابه‌ته‌وه نمونه‌یه‌كی به‌رچاوه. له‌و كاته‌دا بۆرژوازی چینی ده‌سه‌ڵاتدار بوو. له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه تا كۆتایی ئه‌و سه‌ده‌یه بۆرژوازی بیرمه‌ندان، دادوه‌ران، ئایدیۆلۆژیسته‌كان، فه‌یله‌سوفه‌كان و نووسه‌رانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو. شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا ئه‌شرافی نیوهدهرهبهگی له‌ده‌سه‌ڵات هێنایه خواره‌وه‌و به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی بۆربۆنهكان بۆ ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی له‌ساڵی ١٨١٥، نه‌یانتوانی سه‌رله‌نوێ بۆ ده‌سه‌ڵات بگرنەوە. ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه نه‌یانتوانی سه‌رله‌نوێ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرن، به‌ڵام له‌بواری ئایدیۆلۆژییه‌وه نه ته‌نها له‌سه‌ر پاشماوه‌كانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، به‌ڵكوو له‌سه‌ر چه‌ند به‌شێكی بۆرژوازی و ورده‌بۆرژوازی (جوتیاران) و ته‌نانه‌ت چه‌ند به‌شێكی چینی كرێكاریش كاریگه‌رییه‌كی قووڵیان دانا.
هه‌ر له‌م كاتهداو له‌پاڵ ئایدیۆلۆژیای بۆرژوایی و ئایدیۆلۆژیای نیوهفیۆدالیدا، وشیاری پڕۆلیتاریا گه‌شه كرد. سه‌ره‌تا بیروباوه‌ڕی شوێنكه‌وتووانی بابۆف و بلانكیسته‌كان، دواتر بیروباوه‌ڕی لایه‌نگرانی پڕۆدۆن و كومۆنیستهكان. ئه‌مانه بهماركسیزم و كومۆنی پاریسه‌وه په‌یوه‌ندمان ده‌داته‌وه.
٥. شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و شۆڕشی سیاسی
به‌هه‌ر راده‌یه‌ك كۆمه‌ڵگەی چینایه‌تی سه‌قامگیرتر بێت، هه‌ر به‌و راده‌یه ده‌سه‌ڵاتی چینی ده‌سه‌ڵاتداریش كه‌متر ده‌چێته ژێر پرسیاره‌وه‌و خه‌باتی چینایه‌تی زۆرتر به‌كۆمه‌ڵێك پێكدادانی به‌رته‌سك و ورد قه‌تیس ده‌بێته‌وه كه‌بناغه‌ی كۆمه‌ڵگە (به‌زمانی ماركسیسته‌كان په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان یان شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان) ناباته ژێر پرسیاره‌وه. سیسته‌مێكی به‌رهه‌مهێنان به‌هه‌ر راده‌یه‌ك له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه سست تر بێت، هه‌ر به‌و راده‌یه ده‌سه‌ڵاتی چینی ده‌سه‌ڵاتدار زیاتر ده‌چێته ژێر پرسیاره‌وه، خه‌باتی چینایه‌تی تا ئه‌و ئاسته گه‌شه ده‌كات كه‌مه‌سه‌له‌ی رووخاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، واته مه‌سه‌له‌ی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی دێته گۆڕێ.
كاتێك كهچینه چه‌وساوه‌و سته‌م دیتووهكان ئیتر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌شتێكی هه‌تاهه‌تایی، چاره‌هه‌ڵنه‌گر و ره‌وا نه‌زانن و رێگا نه‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاتداران به‌ئاگر و ئاسن چاوترسێن و سه‌ركوتیان بكه‌ن، كاتێك كه ئیتر مل بهئایدیۆلۆژیایهك نه‌ده‌ن كه‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و چینه پاساو ده‌كات و هێزی مادی و مه‌عنه‌وی پێویست بۆ رووخاندنی چینی ده‌سه‌ڵاتدار كۆبكه‌نه‌وه، ئه‌و كاته شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌شه ده‌كات.
پێكهاتنی گۆڕانكاری قووڵی ئابووری ئه‌م بارودۆخه دێنێته كایه‌وه. ئه‌و پێكهاته‌و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی له‌سه‌رده‌مێكی دیاریكراودا بواری بۆ گه‌شه‌ی هێزه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و سه‌روه‌تی مادی كۆمه‌ڵ خۆشده‌كرد، ده‌بێته كۆسپێك له‌سه‌ر رێگای گه‌شه‌ی زۆرتریدا. گه‌شه‌كردنی به‌رهه‌مهێنان له‌گه‌ڵ رێكخراوی كۆمه‌ڵایه‌تی، واته په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا ده‌كه‌وێته ناكۆكییه‌وه. ئه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی چینێك به‌جێگای چینێكی دیكه داده‌نێت و وه‌لانانی چینی ده‌سه‌ڵاتداری پێشوو له‌حكومه‌ت زه‌مانه‌ت ده‌كات. هه‌ر شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی شۆڕشێكی سیاسی به‌دواوه ده‌بێت. به‌گشتی تایبه‌تمه‌ندی دیاریكراوی شۆڕشه بۆرژواییه‌كان رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی رههاو جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی په‌رله‌مانی له‌لایه‌ن بۆرژازییهوهیه. په‌رله‌مانی شوڕا له‌شۆڕشی هۆڵه‌ندا ده‌سه‌ڵاتی “فیلیپی دووهه‌م”ی ئیسپانیای له‌نێو برد. له‌شۆڕشی ساڵی ١٦٤٩دا په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ئیستبدادی چارڵزی یه‌كه‌می وه‌لانا. كۆنگرێسی ئه‌مریكا ده‌سه‌ڵاتی جۆرجی سێهه‌می به‌سه‌ر سێزده ویلایه‌تی موستهعمهرهدا لابرد. له‌شۆڕشی فه‌ڕه‌نسادا په‌رله‌مانه جۆراوجۆره‌كان ده‌سه‌ڵاتی خانه‌دانی پاشایه‌تی بۆربۆنهكانیان رووخاند.
ئه‌گه‌رچی هه‌ر شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌هه‌مان كاتدا شۆڕشێكی سیاسیشه، به‌ڵام هه‌ر شۆڕشێكی سیاسی پێویست ناكات حه‌تمه‌نه “شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی” بێت. شۆڕشێك كه ته‌نها سیاسی بێت ته‌نها له‌رێگه‌ی شۆڕشه‌وه شێوه‌یه‌ك له‌ده‌سه‌ڵات، واته شێوه‌یه‌ك له‌ده‌وڵه‌تی چینێك ده‌گۆڕێت و به‌جێگای شێوه‌یه‌كی دیكه له‌ده‌وڵه‌تی هه‌ر ئه‌و چینه داده‌نێت.
به‌م پێیه شۆڕشه‌كانی ١٨٧٠، ١٨٤٨، ١٨٣٠ له‌فه‌ڕه‌نسا، كۆمه‌ڵێك شۆڕشی سیاسی بوون كه به‌ریز ده‌سه‌ڵاتی ژوئیه، كۆماری دووهه‌م، ئیمپراتووری دووهه‌م و كۆماری سێهه‌میان هێنایه سه‌ركار. ئه‌مانه هه‌موویان سێ شێوه‌ی سیاسی جۆراوجۆری ده‌سه‌ڵاتی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، واته بۆرژوازی بوون. به‌گشتی ده‌توانین بڵێین شۆڕشه سیاسییه‌كان شێوه‌ی سیاسی ده‌وڵه‌تی چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گۆڕێن. ئه‌وه‌ش له‌هه‌ر ده‌وره‌یه‌كدا به‌وه‌وه گرێی خواردووه كه به‌رژه‌وه‌ندی كام تووێژ و كام باڵی چینی ده‌سه‌ڵاتدار زاڵه.
٦. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌تی بۆرژوایی
بۆرژوازی تازه‌پێگه‌یشتوو دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی خۆی له‌هیچه‌وه پێك نه‌هێنا. سه‌ره‌تا به‌وه قه‌ناعه‌تی كرد كهدام و ده‌زگای ده‌وڵه‌تی پاشایه‌تی ره‌ها به‌ده‌سته‌وه بگرێت و دواتر بۆ ئه‌وه‌ی بیكات بهدهزگایهك كه له‌خزمه‌ت بهرژهوهندیییه چینایهتییهكانیدا بێت نوێژه‌نی كرد.
تایبه‌تمه‌ندی ده‌وڵه‌تی بۆرژوایی له‌وه‌دایه كه ئه‌م ده‌وڵه‌ته بێجگه له‌وه‌ی ئامرازی سه‌ركه‌وت و ئایدیۆلۆژی به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆ وه‌گه‌ڕكه‌وتنی بێ ده‌ردیسه‌ری ئابووری سه‌رمایه‌داریش زۆر پێویسته: واته بارودۆخی گشتی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ده‌پارێزێت. له‌راستیدا به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری به‌رهه‌مهێنانی كالایی گه‌شه‌كردووه كه له‌سه‌ر بنه‌مای خاوه‌ندارێتی تاكه‌كه‌سی و كێبڕكێ دامه‌زراوه. ئه‌مه به‌و مانایه‌یه كه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی بۆرژوازی وه‌كو چینێك له‌گه‌ڵ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌داران ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌مه‌ندترینیان ناته‌بایی هه‌یه. ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت نوێنه‌ری ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌ی بۆرژوازی بێت، تا راده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست دێنێت. به‌وته‌ی ئه‌نگڵس ده‌وڵه‌ت “كومیته‌ی ناوه‌ندی چینی سه‌رمایه‌دار”ه.
بۆ ئه‌وه‌ی كه ئابووری سه‌رمایه‌داری به‌شێوه‌ی ئاسایی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌ك به‌ته‌واوی گونجاویش كار بكات، ده‌بێ بارودۆخێكی یاسایی و ئه‌منیه‌تی سه‌قامگیر و یه‌كسان بۆ گشت سه‌رمایه‌داران هه‌بێت. لانیكه‌م بازاڕێكی نه‌ته‌وه‌یی، سیسته‌مێكی پاره كه به‌پێی ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌دراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بونیات نرابێت و سیسته‌مێكی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌یی یاسا فه‌رمییه‌كان (واته یاسا نووسراوه‌كان) پێویسته. ته‌واوی ئه‌م بارودۆخه به‌شێوه‌ی خۆڕسك له‌به‌رهه‌مهێنانی شه‌خسی یان له‌كێبڕكێی سه‌رمایه‌دارییه‌وه به‌ده‌ست نایه‌ت. ده‌وڵه‌تی بۆرژوایی ئه‌م بارودۆخه ده‌ڕه‌خسێنێت.
كاتێك كه‌بۆرژوازی له‌بواری ئابووریییه‌وه له‌سه‌رده‌می گهشهدایهو له‌بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه له‌ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دڵنیایه، هه‌وڵ ده‌دات تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆی ده‌كرێ كاری ده‌وڵه‌ت كه‌متر بكاته‌وه. به‌ڵام له‌بارودۆخێكدا كه ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوایی لاواز و به‌ره‌و فه‌وتان ده‌چێت، بۆرژوازی هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م فۆنكسیۆنانه په‌ره‌پێ بدات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت قازانجی تایبه‌تی زه‌مانه‌ت بكات.
روونكردنه‌وه: ئه‌م بابه‌ته له‌كتێبی “ئهلف و ب”ێی ماركسیزم له‌نووسینی ئێرنێست مه‌ندێل وه‌رگیراوە.