Home ڕاپۆرت پەیامنێرانی بێ سنوور: گوهدار زێباری رووبەرووی تۆمەتێکی گاڵتەجاڕانەی تازە دەبێتەوە

پەیامنێرانی بێ سنوور: گوهدار زێباری رووبەرووی تۆمەتێکی گاڵتەجاڕانەی تازە دەبێتەوە

by admin
0 کۆمێنت 223 بینینەکان

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: دیار عەزیز شەریف:   

رێکخراوی نێودەوڵەتیی پەیامنێرانی بێ سنوور لە تازەترین کاردانەوەی لەسەر دۆسیەی زیندانیانی بادینان لە رۆژی ٢٠ ئەم مانگە لە تویتێک و تازەکردنەوەی راپۆرتێکی خۆیدا سەرکۆنەی دووەمین درێژکردنەوەی ماوەی سزای زیندانیی رۆژنامەنووسی ئازاد گوهدار زێباری لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات کە چۆن هەر جارەی تۆمەتێکی بێ بنەما و گاڵتەجاڕانە دەکەنە بەهانەیەک بۆ هێشتنەوەی گوهدار لەنێو زیندان.
لە ٢٤ مانگی ئازاری ئەمساڵیشدا، پەیامنێرانی بێ سنوور لە تویتێکی خۆیدا سەرکۆنەی بڕیاری درێژکردنەوەی یەکەمجاری ماوەی زیندانیی گوهدار زێباری کرد کە ئەوکات دیسان بە دۆزینەوەی بیانویەکی بێ بنەما و دوور لە راستی ماوەی زیندانییەکەی لەلایەن دادگای هەولێر بۆ ماوەی ٧ مانگ درێژکرایەوە، لە بەرامبەریشدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ئەو بڕیاڕە ناقانوونی و ناڕەوایەی دادگای هەولێری بە هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی رۆژنامەنووس گوهدار زێباری لە قەڵەم دا.
پەیامنێرانی بێ سنوور هاوکات لە رۆژی ٢٠ ئەم مانگە راپۆرتێکی خۆی تازە دەکاتەوە کە لە مانگی تەمموز لە دژی درێژکردنەوەی سزای زیندانیی رۆژنامەنووسی ئازاد شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوار ساڵی تر لەلایەن دادگای هەولێر بڵاوکردبووەوە. ئاشکرایە مەبەست لە تازەکردنەوەی راپۆرتەکە دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی رێکخراوەکەیە کە لەسەر بنەمای داکۆکیکردن لە بیروڕای ئازاد و ئازادی رۆژنامەگەریی خۆی لە سەرکۆنەکردنی درێژەدان بە سەپاندنی سزا و هێشتنەوەی شێروان شێروانیش لە زیندان و، هاوکات داواکردنی دەستبەجێی ئازادکردنی ئەو و هاوڕێیەکانی دەبینێتەوە.
لە ناوەڕۆکی تویتەکە و راپۆرتە نوێکراوەکەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور کە بە زمانی فەرەنسی لە دژی سیاسەتی هێشتنەوەی رۆژنامەنووس گوهدار زێباری لە زیندان دا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە:
“سەپاندنی تۆمەتێکی گاڵتەجاڕانەی تازە دژ بە رۆژنامەنووسی زیندانیکراو گوهدار زێباری دووەمین درێژکردنەوەی سزای زیندانییەکەی لێدەکەوێتەوە. ئەو دەبووایە لە مانگی ئازار ئازادبکرابووایە، لە دوای تەواوبوونی یەکەمین سزای زیندانییەکەی. پەیامنێرانی بێ سنوور داوای دەستبەجێ ئازاداکردنی دەکات.”
“سزای زیندانیکردنی رۆژنامەنووس گوهدار زێباری بۆ جاری دووەم لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق درێژکرایەوە بەبیانووی هەبوونی چەکێک لەو ماڵەی کە رۆژنامەنووسەکە تێدا دەستگیرکرابوو. کەچی دەرکەوت کە تفەنگێکی راوکردنە و هی گوهداریش نییە، بەڵکو هی باپیرییەتی. لە کاردانەوەی ئەمەدا، گوهدار بۆ جارێکی تر دەستی کردووەتەوە بە مانگرتن لە خواردن لەنێو زیندانی ئاساییشی گشتی کە لە ١٦ ئابەوە لەوێدا زیندانی کراوە.”

سەرچاوەی لینکی هاوپێچ

 

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: دیار عەزیز شەریف

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر