عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ):
ئینسان هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە؛ لە ململانێیەکی سەخت دایە لەگەڵ سروشت و پێبەپێی کاتیش ئینسان قاڵتر بۆتەوە و بەئەزموونیتر بووە. مرۆڤایەتی لەم ململانێیەدا توانیویەتی تا ئاستێکی باش هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، بەڵام تا ئێستاش نەیتوانیوە لەم ململانێیە ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕێت و بەسەر سروشتدا زاڵ بێت. گەشەی کۆمەڵگە و زانست و تەکنەلۆجیا کە سەرمایەداری وەک ئامڕازگەلێک بەدەستییەوە گرتووە تا بڵێی چاوچنۆکانە لەپێناو قازانج و سەرمایەی زیاتردا و لەڕێگەی شێواندنی سروشت و ژینگە و تەنانەت نزیکبوونەوە لە دەستکاریکردنی یاساکانی سروشت، خەریکە کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی گەورەی لێدەکەوێتەوە. ئاسۆکانی بیرکردنەوەی زانستی مرۆڤایەتی خەریکە سنوورەکان و گۆشە جیاجیاکانی هەسارەی زەوی تێدەپەڕێنێت و گەشتی سەر هەسارەکان و دروستکردنی کەمپی ژیان لەدەرەوەی هەسارەی زەوی و خۆئامادەکردن بۆ جەنگی بۆشایی، دەکات بە ئەمری واقیع. لێرەوە ئیتر سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان پێویستییان بە ئامڕازی نوێتر هەیە بۆ جێبەجێکردنی نەخشەکانیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ژیری دەستکرد یەکێکە لەو وەڵامەی کە بۆ ئەم نەخشەیە ئامادەکراوە و دەکرێت. دیارە لە هەنگاوی یەکەمدا بەکارهێنانی ئەم ژیری دەستکردە لە دژی مرۆڤە ئەویش بە جێگرتنەوەی خودی مرۆڤ. هەروەها بۆ تاقیکردنەوە و ڕیکلامی زانستی و پاشان بۆ جەنگ لەپێناو داهاتوو.
ئەمڕۆ ژیری دەستکرد (AI) بەشێکی گرنگی بواری زانست و تەکنەلۆجیای داگیر کردووە و گەشەپێدانی ئەم ژیری دەستکردە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار. چونکە هەندێکیان توانای بیرکردنەوە و خەیاڵکردنیان هەیە و ئەمەش وا دەکات کە لەڕێگەی پرۆگرامی تایبەتەوە بتوانێت لەجیاتی مرۆڤ کاروبارە گرنگ و هەستیارە مەعریفییەکان ڕاپەڕینێت. بتوانێت خەیاڵ بکات و بەدوای داهێنانەوە بێت. بتوانێت لەڕێگەی زمانەوە کردەی نووسین ئەنجام بدات و دەق بخوڵقێنێت. ئەدەب و هونەر گەرچی تا ئێستا وەک دەرهاویشتی خەیاڵ و لەڕێگەی زمان و هۆکارەکانی ترەوە ( ڕەنگ و دەنگ و ..تاد)لەژێر سەروەری ئینساندا خۆیان بینیوەتەوە، هیچ دوور نییە مرۆڤ لەڕێگەی ژیری دەستکردەوە، ئەو چارەنووسەی لەدەست وەربگیرێتەوە. بۆیە هیچ بە خەیاڵی نازانم لە داهاتوویەکی نزیک یان دوور دیوانە شیعرێکی ژیری دەستکرد بخوێنینەوە و ڕەخنەی ئەدەبیش هەڵسەنگاندنی بۆ بکات. یانیش گەشەی بیرکردنەوە و خەیاڵکردن لەلای ژیری دەستکرد بگاتە ئاستێک کە بێ سڵەمینەوە، پێمان بڵێن ئێوەی مرۆڤ لە داهێنانی خەیاڵدا چەند دەست و پێ سپین!.
تێبینی : لە ڕۆژنامەی ڕەوت ژمارە ٢٤ ی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاو بۆتەوە.