Home بیروڕا توندوتیژی و ئازاردانی دامەزراوەیی تەندروستی بەرامبەر بە ژنان، لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا!

توندوتیژی و ئازاردانی دامەزراوەیی تەندروستی بەرامبەر بە ژنان، لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا!

by admin
0 کۆمێنت 86 بینینەکان

شێرین عەبدوڵڵا:      
هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنان هەمەلایەنەیە و هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، لە ماڵەوە، لە شوێنی کار و تەنانەت ئەو دامەزراوە تەندروستیـیانەی کە خزمەتگوزاری پزیشکیـیان پێشکەش دەکات. زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی خێزانی و ئازاردانی ژنان لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا و لە دوای منداڵبوون لە زۆرێک لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە پزیشکیـیەکاندا سەلمێنراوە -وە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەنێوان هەر پێنج ژنێکی دوو گیاندا، یەک ژن تووشی توندوتیژی خێزانی دەبێت- و ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی منداڵ لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختە و مردنی دایک لە کاتی منداڵبوون و خۆکوشتن، بەڵام ئەوەی کە وێنا ناکرێت ئەوەیە کە ئەم توندوتیژیـیە بەرامبەری، لە شوێن و دامەزراوە پزیشکی و چارەسەریـیەکاندا بەردەوامیی هەبێت.
چاودێری پزیشکی -هەروەک سروشتی خۆی؛ کە پەیوەندی بە تەندروستی خەڵک و زیندوو ڕاگرتنی نەخۆشەوە هەیە- خزمەتگوزاریـیەکی مرۆیـیە کە نابێت جیاوازی لە نێوان نەخۆشەکاندا بکات و دەبێت دوور بێت لە جیاکاری لەسەر هەر بنەمایەک بێت، بەڵام ئەمە بۆ ژنان، و بە تایبەتی لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا، وا نیـیە. وە ئەم جیاکاری و توندوتیژیـیە بەرامبەر ژنان لە چینە هەژارەکان و گروپە پەراوێزخراوەکانی تری کۆمەڵگا، وەک پەنابەران و خاوەن پێداویستیـیە تایبەتەکان، هەروەها کچانی هەرزەکار و گەنج و ژنانی بەساڵاچوو زیادترە. توندوتیژی دژی ژنانی دووگیانی ئەم توێژانە چەند قات زیاترە. کاتێک دێینە سەر باسی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی (اغتصاب)، ئەم توندوتیژیـیە دەچێتە قۆناغێکی ترەوە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگاکانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کۆمەڵگا هەر نایەوێت دەنگی ژنە دەستدرێژی لەسەر کراوەکە ببیسترێت، و هەوڵ دەدرێت دووگیانیـیەکەی بە بێدەنگی و بە بێ “هەراسانکردنی کۆمەڵگا” کۆتایی پێبێت! بەم پێیە و (بەپێی خەمڵاندنی کۆمەڵگا)، ژنەکە تاوانبارە بەوەی کە بێ گومان خۆی هانی دەستدرێژیکارەکەی داوە، وە یان خۆی خستۆتە دۆخێکەوە کە هانی ئەوی دابێت دەستدرێژی بکاتە سەری، ئیتر چۆن بۆی هەبێت بوێرێت گلەیی لە ئازارەکانی دووگیانی و منداڵبوون بکات.
توێژینەوەیەک کە لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیـیەوە لە چوار وڵاتی گانا، گینیا، میانمار و نەیجیریا لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە، دەری دەخات کە سێیەکی ژنان لە کاتی منداڵبووندا تووشی ئازاردان دەبن، وە بە تایبەتی بەینی ٣٠ خولەک پێش منداڵبوون و ١٥ خولەک دوای منداڵبوون توشی ئازاردانی جەستەیی یان دەروونی دەبن.
دووگیانی و منداڵبوون لە سەختترین و ناسکترین قۆناغەکانی ژیانی ژنە. لە هەموو کاتێک زیاتر ئەم کاتانە پڕ لە مەترسی و ئاڵۆزیـیە تەندروستیی جەستەیی و دەروونیـیەکانن، کە ڕەنگە کاریگەریـیەکانی بە درێژایی تەمەن بمێنێتەوە. ئەوەی جێی داخە و مایەی بێ ئومێدیـیە، ئەوەیە کە زۆربەی ئەم ئاڵۆزیانە دەتوانرێت ڕوو نەدات. کاتێک ژن بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆی مافی دووگیان بوون و منداڵبوون بەکاردەهێنێت، بە پاڵپشتی هاوژین و خێزان و کۆمەڵگا، بە دامەزراوە پزیشکیـیەکانیشەوە، ئەمە دەبێت ڕووداو و ئەزموونێکی دڵخۆشکەر بێت لە ژیانیدا، بەڵام هەبوونی توندوتیژی و هەڵاواردن لەسەر بنەمای ڕەگەز، جا لە ماڵەوە بێت یان لە دەرەوە یان لەو شوێنانەی کە خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکان پێشکەش دەکرێت هەندێک جار دەیکاتە ئەزموونێکی تاڵ و ئازاربەخش، ژن بە هەستێکی شکاوەوە لێی دێتە دەر.
بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: “ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لەکاتی منداڵبوون لە دامەزراوە پزیشکیـیەکاندا بەدەست بێ ڕێزی، ئازاردان یان پشتگوێخستنەوە دەناڵێنن و ئەم کارانەش پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە، و ڕەنگە ببێتە هۆی سڵەمینەوەیان لە بەکارهێنانی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی دایکان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر باری تەندروستی و خۆشگوزەرانیان دەبێت”.
لە فۆرمەکانی توندوتیژی: سووکایەتی پێکردن، لۆمەکردن، هاوارکردن بەسەر ژندا، جنێودان، توندوتیژی جەستەیی، شەق و شەقازلە لێدان، پشتگوێخستنی داواکاریـیەکانی ژنان بۆ دەرمانی ئازارشکێن و دەرمانی تری پێویست، تۆمەتبارکردنیان بەوەی کە “لاوازن” و “بەرگەی ئازار ناگرن” و هتد. فۆرمەکانی توندوتیژی لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا زۆرن و پلەکانیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بەو پێیەی شوێنانێک هەن کە هەنگاوی گەورەیان بەدەستهێناوە لەم بوارەدا، بەڵام هێشتا دیاردەیەکی باو و “ئاسایـیە”، کە هەندێک وەک پەتایەک سەیری دەکەن کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی چاوپۆشی لێدەکرێت. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە باسکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنی دووگیان هێشتا بابەتێکی تابۆیە، تەنانەت ژنان خۆیان درکیان بەوە نیـیە کە مامەڵە کردنیان لە کاتی منداڵبووندا دەتوانرێت بە دەستدرێژی هەژمار بکرێت.
کەمیی هۆشیاری لە سەر ئازارە ئاسایی و چاوەڕوانکراوەکان و ئەوانەی کە لە کاتی دووگیانیدا ئاسایی نین، لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێ بۆ ژنان. دووگیانی بەرپرسیارێتیـیەکی یەکجار گەورەیە لەسەر شانی ژن و سروشتیـیە کە ئەو خەمی تەندروستی کۆرپەلەکەی بێت. لە لایەکەوە دەبێت دڵی هاوسەر و کەسوکاری هاوسەریشی ڕابگرێت، چونکە هەر ئاڵۆزیەک ڕووبدات ئەو لۆمەی دێتە سەر، و لە لایەکی کەوە، سەرنجی نەرێنی دێتەسەر و تۆمەتبارکردن بەوەی “خۆڕانەگر” و “ترسنۆکە”.
پشتگوێخستنی سکاڵای ژنی دووگیان و گوێنەگرتن لێی، لەوانەیە لە لایەکەوە ببێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی بە دامەزراوە پزیشکیـیەکان و لە لایەکی کەشەوە لەوانەیە ببێتە هۆی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی ئاڵۆزیـیەکان و هەندێک جاریش ئەنجامی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە.
هەروەها توندوتیژیی لە کاتی منداڵبووندا کاریگەری لەسەر ژن بۆ دوای منداڵبوونیش دەبێت، چونکە ڕەنگە بەهۆی ئەو ئازار و توندوتیژییەی کە لەو کاتەدا تووشی بووە، بینینی منداڵەکەی ڕەتبکاتەوە. جگە لەوەش هەست شکاندنی وا دەکات ئاسوودەیی خۆی لەدەست بدات و تووشی خەمۆکی دوای منداڵبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی خودی ژنەکە و هەروەها منداڵەکانیشی.
تەندروستی ژنان و تەندروستی زاوزێ بەشێکی دانەبڕاوە لە تەندروستی گشتی لە هەر وڵاتێکدا، جا لە سیستەمی تەندروستی گشتی بێت یان تایبەتیدا بێت. وە بەو پێیەی تەندروستی ژنان و منداڵان بەشێکی گەورەی تێچووی خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکان پێکدەهێنێت، دەبینین کە ئەو وڵاتانەی سیستەمی تەندروستی گشتی تیایە ئەمە بە قورساییەک دادەنێن (کە خۆیان لە بنەڕەتدا و لە باشترین حاڵەتدا ئەم سیستەمانە بودجەی پێویستیان نیـیە بۆ دابینکردنی پێداویستیـیەکانی تەندروستی گشتی دانیشتووان)، و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەوڵەت نایەوێت خەرجی پێویستی بۆ دابین بکات.
لە لایەکی کەوە لە سیستمە تەندروستیـیە تایبەتەکان تەندروستی ژن وەک نێچیرێکی چەور دەبینن بۆ تێر کردنی چاوچنۆکی وخولیای شێتانەیان بۆ قازانج. لێرەدا تەندروستی ژن دەبێتە فشار لە سەر بودجەی خێزانەکەی، ژنەکەش خۆی لە خەمی داهاتی خێزانەکەیدا دوودڵ دەبێت لە خەرجکردن بۆ تەندروستی خۆی. ڕاپۆرت هەیە باس لەوە دەکات کە ژنان یان منداڵەکانیان لە دامەزراوەکاندا ڕاگیر دەکرێن هەتاکو پارەی نەخۆشخانەکە ئەدەن.
توندوتیژی تەندروستی دامەزراوەیی ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە باوەکانە
هۆکارەکانی توندوتیژی تەندروستی دامەزراوەیی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتی پیاوسالارانەی کۆمەڵگا و پەیوەندیـیە کۆمەڵایەتیـیە پیاوسالاریـیە باوەکان، بەتایبەتی لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ژنان بەدەست پەراوێزخستن و توندوتیژی و سووکایەتی پێکردن و زەلیلبوونەوە دەناڵێنن، ئەگەر سکاڵا بکەن، دەوترێت “هیستریای هەیە”، “زۆر ئەڵێت”، “ناسکە”، “هەمیشە بۆڵەبۆڵ دەکات”، یان “ناز ئەکات”…هتد. ئەم بۆ چوون و تێڕوانینانە بەرامبەر بە ژن لە ڕووی مێژوویـیەوە، سەرچاوەی بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی باوەڕی باو ئەوە بوو کە ژن بەهۆی منداڵدانەوە ناهاوسەنگە. و ئەمانە هێشتا بوونیان هەیە و ڕەگ و ڕیشەیان لە بیرکردنەوە و مێشکی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکانی ئێمەدا چەسپیوە، و ئامانج لێی بەکەم زانین و بچوک سەیرکردنی ئازار و ئەشکەنجەکانی ژنانە. هەندێ جار گوێبیستی دەستەواژە و کۆمێنتێکی لەم شێوەیە دەبین، وەک ئەوەی ئاسایی و قبوڵکراو بێت و زۆرجاریش تەنانەت لە چوارچێوەی نوکتە و گاڵتەجاڕی دێن. سەیریش نیـیە ئەو کەسەی ئەو کۆمێنتانە دەڵێت، ستایش و ڕەزامەندی گوێگران وەربگرێت، وەک ئەوەی ڕێک قسەی دڵی ئەوانی کردبێت بەرامبەر بەو ژنەی کە باسی لێوە دەکرێت.
کارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکان ئەندامی کۆمەڵگاکەن و هەڵگری بیرۆکە و بۆچوونە باوەکانی ناو کۆمەڵگان. سروشتیشە کە ئەوان هەمان بیرۆکە و تێڕوانینەکان بگوێزنەوە بۆ شوێنی کارەکانیان. ئەوەی لە چوارچێوەی دیواری ئەو دامەزراوانەدا (کە بۆ چاودێریکردنیان لە کاتی پێویستیدا دروستکراون)، بەرامبەر ژنان ڕوودەدات، درێژکراوە و ڕەنگدانەوەی توندوتیژی و هەڵاواردنی دژی ژنانە لە کۆمەڵگادا بە گشتی دەگوزەرێت. بە کەم سەیرکردنی ئازارەکانی ژنان و پشتگوێخستنی کێشە تەندروستیـیەکانیان و ئازارەکانیان لە کاتی دووگیانی و منداڵبوون و بە جددی وەرنەگرتنیان لە دامەزراوە تەندروستیـیەکانی سەرتاسەری جیهاندا باوە. ئەمە هەمان بۆ چوونە کە سکاڵای قوربانیانی توندوتیژی خێزانی لە بنکەکانی پۆلیسدا وەک بابەتی خێزانی “بێ بایەخ” دادەنرێت و پشتگوێ دەخرێت بەوەی کە شایەنی کات و ووزە تیا سەرف کردنی دەزگاکانی نیـیە.
ئامار و زانیاری تۆمارکراو زۆر کەم هەیە لەسەر توندوتیژی تەندروستی دژ بە ژنان بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هۆشیاری لەم بارەیەوە لاوازە چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگا یان دامەزراوەکان، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ڕۆشنایی بخرێتە سەر ئەم لایەنە گرنگ و شاراوەیەی توندوتیژی دژی ژنان

١٠-٨-٢٠٢٣

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر