Home بیروڕا نهێنیەکانی پشت هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل

نهێنیەکانی پشت هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل

by admin
0 کۆمێنتەکان 135 بینینەکان

ئیدریس مستەفا:
لە ساڵی ١٩٨٧ ەوە کە حەماس دروست بووە، یەکەم جارە هێرشێکی لەو شێوەیە بکاتە سەر ئیسرائیل. هەروەها بۆ ئیسرائیلیش، ئەوە یەکەم جارە کە هێرشێکی ئاوها گەورە و لەپڕ بکرێتە سەری لە لایەن رێکخراوێکی چەکداری ئیسلامیەوە. ئەوەی جێگەی پرسیارە بۆ لەم کاتەدا یاخود بۆ ٣٦ ساڵە حەماس هێرشی ئاوها گەورەی نەکردووەتە سەر ئیسرائیل. وەڵامەکانی ئەم پرسیارە هەرگیز لەو تیگەیشتنە سۆزداری و هەستی دینی و قەومیەی عەرەبەکاندا نیە کە گوێمان لێ دەبێ یان دەیبینین لە میدیاکانیانەوە و تەمەڵترین تێگەشتن ئەوەیە لە میدیا و سەرچاوەی روو بەدەری رەسمیەوە گوێت لێ دەبێ یان دەیبینیت. مەسەلەکە دوورونزیک پەیوەندی بە ئازایەتی شەڕکردن و مەسەلەی ئازادی و شەڕی مافەکانی خەڵکی فەلەستینەوە نیە بەڵکو پەیوەندی بە هێزگەلی سیاسی دەوڵەتی ناوچەکەوە هەیە.
یەکەم:
ئێمە هەموان ئاگادارین هاوکێشەی سیاسی نوێ لە ناوچەکەدا وا گەڵاڵە دەبن کە مەزنترینیان رێکەوتننامەی ئاشتی سعودیە-ئیسرائیلە. سعودیە وەک دوایین هێزی گەورەی عەرەبی و ئیسلامی ناوچەکە و جیهان گەر دان بە ئیسرائیلدا بنێ ئەوا ئێران تەنها وڵاتی گەورەی ئیسلامیە کە تەریک دەکەوێتەوە لەو نەخشە ئەبراهامیەی کە وەک داشی دامە وڵاتە عەرەبیەکانی ناوچەکەی خستە نێو رێکەوتننامە ئاشتیەکەی خۆیەوە کە دان پێدانانە بە ئیسرائیل وەک دەوڵەت و وەک دراوسێیەکی باش. دیارە هەموو ریکەوتنێک گەر ئاشتی واتە رەوینەوەی شەڕی دەوڵەتەکان بە دوای خۆیدا بهێنێ ئەوا کارێکی باشە. بەڵام، …..
گەر سعودیە واژۆی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا بکات ئەوا هیچ پاڵپشتیەکی روحی و مادی و جیۆپۆلۆتیکی و ئۆتۆریتەیی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا بۆ فەلەستین نامێنێ بەتایبەت دەنگۆی ئەوە زۆر گەرمە کە خاڵەکانی دانوستانەکانی رێکەوتنی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیلدا باسی لە دروست بوونی دەوڵەتی فەلەستینی تیدا نیە وەک باو بوو کە سعودیە تەنها بە دروست بوونی دەوڵەتێک بۆ فەلەستنیەکان رازی دبێ پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی بکاتەوە. ئێستا لە جێگەی ئەو خاڵە، وەچنگ کەوتنی چەکی ناوەکی خاڵی جەوهەریە بەتایبەت محەمەد بن سەلمان لە مانگی رابردوودا بە ئاشکر اگوتی گەر ئێران چەکی ناوەکی بەدەست بهێنێ ئەوا ئێمەشدەبێ هە ربە دەستی بهێنین. وەک دەگوترێ ئیسرائیل مەبدەئیەن بەم خاڵە رازی بووە بەڵام ناڕەحەتە لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی ئەم ساڵی سعودیە لەگەڵ ئێراندا.
دووەم:
لە رووی ئسوڵی سیاسیەوە ئیسرائیل ناتوانێ بە ئاشکرا ئەم خاڵە بە سعوودیە بڵێ بۆیە “پێدەچێ” بە دوای سیناریۆیەکی ترەوە بووبێ وەک ئەوەی ئیستا روودەدات لە ئیسرائیل. ئەم سیناریۆیە کەمێک لە یانزەی سەپتەمبەرەکەی ئەمریکا دەچێ تاکو شەرعیەتێکی ناوخۆیی و دەرەکی بەهێز کۆبکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی رۆژهەڵاتی نوێ. ئەوەی کە دوینێکە هێزی چەکداری حەماس کردیان بە عەقڵی کەم کەسدا دەجێ کە چەند سەیارەیک پڕ لە چەکدار لەگەڵ هێرشی ئاسمانی دەیان کاتیۆشا بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر پەلاماری بنکەی سەربازی ئیسرائیلی بدەن و سەدان کەس ئەسیر بکەن و دەیانی تریش بکوژن و دواتر وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن لە وڵاتێکدا کە هەواڵگیری و سەربازگیری نەک هەر بەشێکی گەورەی سیاسی ئەو وڵاتەیە بەڵکو بەشێکی گەورەی ژیانی کۆمەڵایەتیشە بەتایبەت لەو نیشتەجێیە نوێیانەی بۆ خەڵکانی مەدەنی ئیسرائیلی دروست کراون. ئەمانە ئەو گومانانە بەجێ دەهێڵن تۆ بڵێی ئەمە بێدەنگیەک نەبێ بۆ سیناریۆیەک نەبێ بۆ لێدان لە ئێران جا ئاستی ئەو لیدانە چەند بێ.
سێیەم:
ئێران تەنها وڵاتە کە نەک هەر سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی حەماسی نەکرد بەڵکو پشتیوانیشی لێکردن. بۆ ئێرانیش دەکرێ ئەو سیناریۆیە بێ کە بیەوێ ئیسرائیل لە شەڕیکی گەورەی فەلەستین بئاڵێنێ و دواتر بیکاتە شەڕی لوبنانیش بەڵکو سعودیە لەو رێکەوتنامە ئاشتییەی لەگەڵ ئیسرائیلدا پەک بخات یاخود دوای بخات الی اشعار آخر. سعودیە یەکەم وڵاتە کە داوا دەکات بە زووترین کات هێرشەکانی هەردوولا بوەستینرێت بەتایبەت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە. لەوانەیە ئیسرائیل ئەمە لەبەرخاتری سعودیە و خاتری دانوستانەکانی نێوانیان قبوڵ بکات و ئەو پەلامارەی حەماس وەک پاڵەوانێتیەک حساب بکرێ بۆ دامرکاندنەوەی روحی تۆڵە و کپ کردنەوەی هەستی توڕەی فەلەستینیەکان لە بەرامبەر ئەو رێکەوتننامەیەی سعودیە و ئیسرائیل. گەر ئیسرائیل دەستبەرداری هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ببێت ئەوا عەرەب تەپڵی سەرکەوتنی گەورەی وای بۆ لێدەدەن کە گوێیان لە دەنگی دانیشتنەکانی نوێنەرانی سعودیە و ئیسرائیلیەکان نەبێ تاکو شتەکان هێوور دەبنەوە و دەبینن هیچ وڵاتێکی گەورەتری عەرەبی و ئیسلامی نەما دان بە ئیسرائیلدا نەنێ بێ ئەوەی دەولەتەکەیان بۆ دروست ببێ ئەو دەوڵەتەی کە بڕیار بوو شان بە شان دەوڵەتی ئیسرائیل ژیان بکات و دوو دراوسێی مێژوویی باش بن. ئەو خەونە لەبار برا.
چوارەم:
هەندێ حساباتی ناوچەیی تر هەن وا خەریکە لە ناوچەکەدا گەڵاڵە دەبن کە هەم ئێران و هەم ئیسرائیل دەیانەوێ فریای هەندێ شت بکەون تییدا وەک ساغ بوونەوەی هەندێ هاوکێشەی سیاسی لە سوریا و عێراق کە ئێران دەورێک گرنگی تیدا هەیە. ئیسرائیل دەیەوێ نفوزی ئێران دەستکۆتا بکات لە ناوچەکەدا پێش ئەوەی هاوکێشەکان خڕ ببنەوە بە دەوری یەکدا، جا بۆیە ئیسرائیل بیەوێ ئەو رووداوەی حەماس وەک لێدانێک یاخود پەلامارێک بۆ سەر ئێران بەکاربهێنێ و لاوازی نفوزەکەی بکات لە سوریا و عێراق. دیارە ئەمریکا هاوشانە لەگەڵ ئیسرائیلدا لەم راستایەدا.
پێنچ و شەش و ….

لێدوانێک بەجێ بهێلە