Home بیروڕا ئاخریەکەی بایدن دانی پێدانا…

ئاخریەکەی بایدن دانی پێدانا…

سعودیە ئامانجە لەم هێرشەی حەماسدا.

by admin
0 کۆمێنتەکان 137 بینینەکان

ئیدریس مستەفا:
لەگەڵ ئەوەی شەڕی ئیستای ئیسرائیل و حەماس هەندێ رەهەندی دوور مەودای خۆی هەیە و لێرەدا جێگەی ئەو باسە نیە بەڵام رەهەندە نزیک مەوداکانی یاخود حازر بەدەستەکانی بریتیە لە تێکدان یاخود بە سەمەر نەگەیشتنی پەیوەندیەکانی سعوودیەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا. هەواڵی ئاوها هەرگیز لە میدیای رەسمیەوە باس ناکرێ چونکە کرۆکی کێشەکەیە.
ئەمڕۆکە جۆو بایدنی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوتی کە هێرشەکەی رۆژی ٧ی ئەم مانگەی حەماس بۆ ئەوە بوو دانیشتنەکانی سعودیە و ئیسرائیل تێک بدات.
رۆژێک دوای ئەو هێرشە من گوتارێکم نوسی بە ناوی “نهێنیەکانی پشت هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل” نهێنی گەورەکەش پەکخستنی گفتوگۆکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل بوو. ئێران بکەری ئەوەڵ و ئاخیر بوو لە پشت ئەو هیرشەوە چونکە دەیزانی ئیسرائیل زۆر بە توندی وەڵامی حەماس دەداتەوە بەتایبەت ئەو هێرشە تیرۆرستیەی حەماس کردی لەو رۆژەدا. ئێران ئومێدی ئەوەی هەبوو کە سعودیە لەگەڵ جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا هەلوێستی توند وەردەگرن و هەموویان دێنە پشت نەخشەکەی ئێران بەتایبەت کە ئێران بە رەسمی دوو سێ جار داوای لە ولاتانی عەرەبی کرد کە چەکی نەوت بەکاربهێنن دژ بە ئیسرائیل واتە کەس نەوت و غازی پێ نەفرۆشی بەڵام هیچ یەکێک لە ولاتە عەرەبیەکان وەڵامی ئەو داوایەی ئێرانیان نەک هەر نەدایەوە بەڵکو وا حسابیان کرد کە هەر گوێیان لێ نەبووە چونکە نە لە میدیای رەسمی عەرەبی و نە لە سۆشیال میدیای عەرەبی باس نەکرا جگە لە کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەر.
مەسەلەی فەلەستین تەنها مەسەلەیەکە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەتایبەت ئێران و رێکخراوە ئیسلامیەکانی تر وەک شەرەفێکی سیاسی خۆیان تەماشای دەکەن و بە رێکەوتنی سعوودیە و ئیسرائیل ئەو شەرەفە سیاسیە نامێنێ کە بە درێژایی حەوت دەیەیە، ئێرانیش چوار دەیە ونیوە، هەرچی عەقڵ و ئەخلاقی عەرەبی و ئیسلامی پێوە خەریک بووە. سعودیە دوایین و یەکیک لە گەورەترین و هەستیارترین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامیە کە مابێتەوە و رێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆر نەکردبێ.
گەورەترین وڵاتی ئیسلامی، لەوانە تورکیا و ئێرانی شاە، هەر بە ماوەیەکی کەم دوای دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل دانیان پێدانا و پەیوەندیان لەگەڵدا کرد وەک هەر دەوڵەتێکی تر. سعودیە بەو پێیەی رەمزی ئیسلامەتی جیهانیە بۆی زۆر قورس بوو کە بە ئاسانی نەتوانێ پەیوەندیەکانی ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەڵام ئاڵوگۆڕە نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیەکان ئەوە دەخوازێ لە سعودیە کە سیاسەتێکی تر پەیرەو بکات لەبەرامبەر ئیسرائیلدا ئەویش ناسین و مامەڵە کردنی ئیسرائیلە وەک هەر دەولەتێکی تری ناوچەکە. گەر ئەمە ببێ ئەوا مەسەلەی فەلەستین کە حەوت دەیەیەی تەواوە نان و پیازی پێوە دەخورێ هەر لە یاسر عەرەفات و ناسریەکانی میسر و سوریاوە تا دەگات بە قەوارە ئیسلامیەکان چ دەوڵەتی (ئێران) و غەیرە دەوڵەتی (حەماس و حزب اللەی لوبنانی.)
گەر سعودیە و ئیسرائیل رێکەوتن بکەن ئەوا رۆژهەلاتێکی نوێ دێتە کایەوە و چەند رەهەندێک لە خۆ دەگرێ. یەکەم، ململانێیەک و دوژمنکاریەکی نێوان دوو دەوڵەتی گەورەی ناوچەکە کەمتر دەبێتەوە کە ئەمە بۆخۆی رەوانەوەی شەڕی بە دواوە دەبێت. دووەم، دەمارگیری قەومی عروبەیی و فاشیزمی ئاینی لەوانە ئیخوانیزم بەرەو خاوبوونەوەتر دەبات. سێیەم، ئێران دەسکۆتا دەکات لە پاوانخوازی ناوچەکە چونکە هەر کات مەسەلەی فەلەستین کز ببێ دەوری ئێران کز دەبێ لە ناوچەکەدا؛ ئەمە جگەلەوەی ئێستا خودی سعودیە رێکەوتنامەی ستراتیجی واژۆ کردووە لەگەڵ ئێراندا و پرۆتۆکۆلی سیاسی رێگەی پێ نادات وەک جاران مەدی شیعەییزم دژ بە سعودیە بجوڵینێ. ئەک حاڵەتی تر هەیە گەر بێتوو شەڕی دەوڵەتی نێوان سعودیە و ئێران رووبدات کە زۆر دوورە ئەوا سعودیە دەبێتە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی کە ئەمە رەهەندێکی ترسناکە لەو نێوەدا. چوارەم، کەمتر بوونەوەی ململانێکانی ناوچەکە لە قازانجی هەر کێشەیەکی بەرهەقی تر دەبێ لەوانە کورد و ئەمازیغی و بەدوو لە کوێت. چوارەم، هەرچەندە بۆ خودی ئیسرائیل گەورەترین دەسکەوتە بەڵام دەرگایەک دەکاتەوە بۆ پێکەوە ژیانێکی زیاتری عەرەب و جوو لەو وڵاتەدا کە ئەمەش ناحەزە بە باڵی راسرترەو و ئاینی توندرەوی جوو. پێنجەم، بە پێی ئەو هەوالانەی هەن گوایە دروست بوونی دەولەتی فەلەستینی وجودی نیە لە میانەی دانیشتنەکانی هەردوولادا بەڵام کۆمەڵی دەستکەوتی تر بەرهەم دێن کە پێشتر هیچ رێکەوتننامەیەک ئاماژەی پێ نەکردوون لەوانە ئۆتۆنۆمی زیاتری لە دەسەڵاتەکانی شارەوانیەکاندا لەوانە قودس. هەمان ماف کە هاوڵاتیانی عەرەبی ئیسرائیلی هەیانە بدرێ بە هاوڵاتیانی عەرەبی غەززە و رۆژئاوا. زیاتر لە ٨٠٠ هەزار عەرەبی موسڵمان لە ئیسرائیل دەژین و هەمان ماف و ئەرکیان هەیە وەک هەر هاوڵاتیەکی تری جووی ئیسرائیلی بە بێ کەم و زیاد. ئەمەش وای لەوە کردووە کە بەختتیاترین و خۆشگوزارانترین عەرەب ئەوانەن کە لە ئیسرائیل دەژین و پاسپۆرتی ئیستائیلیان هەیە. ئەم خالە یەکێک دەبێ لەو خاڵانەی دانوستنەکانی سعودیە لەگەڵ ئیسرائیلدا. گەر بێتوو ئەمە پەیرەو و دابین بکرێ ئەوا زۆر کێشەی قەومی و ئاینی نامێنێ بۆ هەردوولا بە تایبەت بۆ عەرەبی فەلەستینی چونکە خۆشگوزەرانی ئابوری زۆر شتی سیاسی و قەومی کاڵدەکاتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە