Home بیروڕالە نێوان دەنگەدەنگی سیاسی و بێ دەنگی سیاسیدا, لە قەتەرەوە بۆ کوردستان

لە نێوان دەنگەدەنگی سیاسی و بێ دەنگی سیاسیدا, لە قەتەرەوە بۆ کوردستان

by admin
0 کۆمێنتەکان 130 بینینەکان

ئیدریس مستەفا: 
یەکێک لەو خاڵانەی ئیسرائیل دەیەوێ لە غەززە جێ بەجێی بکات دەرکردنی خەڵکی غەززەیە لە هەریمەکە و راوەدوونیان بۆ بیابانی سینای میسری. بێگومان ئەم پلانە گەلێ ترسناکە بۆ ئەو خەڵکە و خودی وڵاتانی دەوروبەریش لەوانە میسر و ئوردن. بگرە پلانیکی ئاوها بە ئەستەم دادەنرێت لە رووی ئینسانی و سیاسی و دیموگرافی و جوگرافیشەوە. ئەمریکا و غەرب لەگەڵ ئەم
پلانەدان بەڵام بێ یەک و دوو لە لایەن وڵاتانی عەرەبیەوە رەتکرایەوە کەچی قەتەر قبوڵی کرد ئەویش بە رەزامەندی نیشاندانی لەوەی ئامادەیە سەدان شوینی نیستەجێ بوون بۆ فەلەستینیەکان دروست بکات لە سەحرای سینا.
ئەم هەڵوێستەی قەتەر لە بەردەم هەندێ شتدا رامان دەگرێت. قەتەر وەک لایەنێکی عەرەبی دژ بە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە ناو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا ناسراوە بە توندڕەوی و قیژەقیژەکەی لەمەڕ مەسەلەی فەلەستین. ئەم هەڵوێستەی قەتەر چ وەک دپلۆماسیەتی وڵاتەکەی و چ وەک کەناڵی ئەلجەزیرە کە مینبەری راستەوخۆی عەقڵ و مۆراڵ و سیاسەتی قەتەرە بە حکومەت و دەسەڵاتی میرنیشینیەکەیەوە دەبینرێ و هەر کەس بۆ خولەکێک سەیری کەناڵ ئەلجەزیرە بکات وادەزانێ گەورەترین دوژمنی ئیسرائیل و دڵسوزترین خەڵکی فەلەستینە، کەچی لە ژێرەوە خزمەتکارێکی حازر بەدەستی ئیسرائیل و سیاسەتەکانیەتی بەڵام ئوردن و میسر هیچ دژایەتیەکی ئاشکرای ئیسرائیل ناکەن کەچی تا ئەم ساتە مەبدەئیەن دژی ئەو پلانەی ئیسرائیلن.
بۆ نمونە، پلانی دەرکردنی دوو ملیۆن فەلەستینی لە گەززە و نیشەجێکردنیان لە سینا خەونێکی گەورەی ئیسرائیل و هەموو غەربە بەڵام هێندە ئەستەمە تەنانەت هیچ وڵاتێک خۆی لێ نەداوە بە ئاشکرا لەوانە ئەمریکا ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی عەرەبی بە کۆی دەنگ دژی لە سەدا سەدی ئەم
پلانەن کەچی قەتەر دەڵێ من ئامادەم شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست بکەن لە سینا.
رۆژنامە جیهامیەکانی وەک واڵ سترت جورناڵ و پەلەستینیان کرۆنیکڵ و .. هتد بڵاویان کردۆتەوە.
بۆ کوردستان…
ئەم هەڵوێستەی قەتەر ئەوەمان بیر دەخاتەوە ئەوانەی لەو دژە پارتی بوون و هاوار و قیڕەی دژە پارتی بوون هەموو شوێنێکی ئەو هەریمەی گرتبووەوە کەچی دەرکەوت لە ژێرەوە پارتی دەرچوون یاخود پشی پشیان بۆ پارتی کردووە وەک دیتمان لە چەندان لایەن و کەسایەتی و گۆڤار و رۆژنامە و ئەندام پەرلەمان بە نادینی و دینیەوە. دیارە ئەم حاڵەتە بۆ یەکێتیش هەر وایە بەڵام لە کوردستان دژە پارتی بوونەکە زیاتر باوە و برەوی هەیە بەو پێیەی پارتی دەسەڵاتی یەکەمی هەرێمەکەیە.
ئەم قیڕە قیڕەی قەتەر و دژە پارتی و یەکێتیەکان یەک پەیاممان پێ دەڵێن ئەویش: دەنگ هەڵبڕینی گەورەی بێ حونەر و هەڵاهەڵا نانەوە نەک هەر جیاوازی نیە لەگەڵ بێ دەنگی بەڵکو هاوتای بێ دەنگی و سەرکپیە لە ئاست سیاسەتەکانی ئەو دەسەڵاتانە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە