Home بیروڕا دەسەڵاتێک سەری لەمەرگ ئەخورێ!

دەسەڵاتێک سەری لەمەرگ ئەخورێ!

by admin
0 کۆمێنتەکان 130 بینینەکان

عەلی مەولود:
ئەو خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، ئاماژەی ئەوەیە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە حیساباتی خەڵکدا زۆر جێلەق بووەو لەویژدانی زیندووی کۆمەڵگەدا تا ئاستی مردن کاڵبۆتەوە، وە ئەوەی دەسەڵاتیش دەیکات، وەکئەوەیە بڵێیت تینووی مەرگی خۆیەتی و ماخۆلانی مەرگی گرتووە، ئەو بێباکییەی بەرامبەر بە ژیان و داواکاری و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک هەیەتی، گۆڕهەڵکەنانی خۆی درووست دەکات، بەشێوەیەکی گشتی، ئەوەی دەیکات بۆ خەڵکی کوردستان بەزیان و بۆ دژبەرەکانی بەقازانج دەشکێتەوە، لەسەر ئاستی هەرێم و کوردستان و هەروەها لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، لەهەموو لایەکەوە هۆشی لێدەکرێ و هۆشداری پێدەدرێ، بەڵام ئەو بێدەربەستە و لەسەر لاساری و ملهوڕی خۆی بەردەوام و پێداگرە، نەگوێ دەگرێت و نە قسە دەچێت بەمێشکیدا، وەک رۆبۆتێک لە‌چوارچێوەی بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی خۆی و ئەجێندا سیاسی و ئابووری و سەربازیەکانی ئێران و تورکیادا، پرۆگرامکراوە.
ئەم دەسەڵاتە بە “بەرەی کوردستانی” دەستی پێکردو بەهۆی خۆشباوەڕی خەڵکەوە سەرەتا راپەڕینی جەماوەری کوردستانی کۆنترۆڵ کردو ئامانجەکانی راپەڕینی وەستاندو ئەوەندەی لەگەڵ پاشماوەکانی بەعس رێککەوت، ئەوەندە لەگەڵ ئاواتەکانی خەڵک نەسازا، لەسەر هەمان بنەماکانی پێشوو، حوکمڕانی خۆی دامەزراند، کە پارتی و یەکێتی بوونە رابەری و حیزبەکانی تریش هاوکارو بەردەست.
لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا، رۆژ لەدوای رۆژ زنجیری ستەمکاری لەدەستوپێی خەڵکی هەرێم تونتر بۆتەوە، بەشی خەڵک لە داهات و سامانی گشتی و بەشداری ئەوان لە بڕیاری سیاسی تا هاتووە کەمیکردووە، خزمەتگوزاریە گشتیەکان و وەبەرهێنانی کەرتی ( تایبەت بەدەسەڵات) زۆر بەدوو ئاراستەی پێچەوانە رۆیشتوون، یەکەمیان بەرەو داکشان و دووەمیان بەرەو هەڵکشان، ستراتیژی سەرەکی ئێستای ئەم دەسەڵاتە لە “برسیکردن و سکهەڵگوشینی خەڵک و کەڵەکەکردنی سامان و سەرمایە لەدەستی کەمینەیەک” چڕبۆتەوە.
بەهەمانشێوەی ئابووری سەربەخۆ، گەڕانەوە بۆ بەغداش خێرێکی نەدایەوە بۆ خەڵک، جێبەجێکردنی یاسای بودجە بەئاشکرا رێگری و لەمپەری بۆ درووست دەکرێت و بەوهۆیەوە تەنها لەمساڵدا موچەی ٣ مانگ نەدراوەو بەهۆی بەدەستەوەدانی خاڵی لاوازەوە، یەک لەدوای یەک دەسەڵاتی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە پاشەکشەو تەنازولی پێدەکرێت، بەڵام هێشتا خۆی بەسەرکەوتوو دەزانێت، لەبەرئەوەی هێشتا دەستی درێژە بەسەر سیاسەت و ئابووری هەرێمداو بەشێک لە ئۆباڵی برسیکردنی خەڵکی هەرێم دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و لەم بێنەوبەردەی نێوان هەرێم و ناوەند هەلی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت زیاتر هێرش بکاتە سەر ژیان و قووت و ئازادیەکانی خەڵک.
ئەم دەسەڵاتە لەهەموو روویەکەوە خەڵکی بێئومێد کردووە لەخۆی و نەبان و بێگانە بووە لێیان، کۆمەڵگای کوردستانی بەرەو ئاقارێک بردووە لەگەڵی هەڵنەکات، لەسەر ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتی خەڵک ناڕەزایەتی لێی هەیەو خواستی جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتێکی تر، جەماوەری بۆتەوە، رەوەندێکی فراوان هەیە بۆ سیاسی بوونەوەی خەڵک، کە لەتۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئاشکرا دەبینرێت، وە جموجوڵێکی زۆریش لەئارادایە بۆ خۆڕێکخستنی سیاسی لە کۆڕو کۆمەڵی جۆراوجۆردا و بایکۆت و خۆپیشاندانەکانیش رۆژبەڕۆژ زیاتر سیاسی دەبنەوە. کە ئەوانە هەموویان پێماندەڵێن کۆمەڵگەی ئێمە رووی لە بەرهەمهێنان و ئامادەکردنی بەدیلێکی نوێیە.
بابەتی سەرەکی لەمبارەیەوە بریتیە لەگۆڕانکاری لە سیلەی بەرژەوەندی گشتی خەڵکەوە، گۆڕانکاری نەک تەنها لە دەسەڵاتی سیاسی و گۆڕینی دەموچاوەکاندا، بەڵکو لەشێوەی ژیانیشدا، ریشەی ئەوەی کە خەڵکی کوردستان بێزارن لەم دەسەڵاتە، بێزاری و ناڕەزایەتیە لەو شێوە ژیانەی سەپاندوویەتی بەسەرماندا، بەوهۆیەوە خاڵی بنەڕەتی گۆڕینی ژیان و بەڕێوەچوونمانە، بەجۆرێک کە بەقازانجی هەمووان یان لانیکەم زۆرینەی تێدابێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە پێکەوە بیر بکەینەوەو جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی – سیاسی نوێ، بخەینەڕێ کە ئامانجی دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ بێت بۆ چەوساوەو ستەملێکراوان و پەراوێزخراوانی کۆمەڵگە، کە هەرخۆشیان بکەری ئەو گۆڕانکاریە بن.

٢٩/١٠/٢٠٢٣

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە