Home دیمانە دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران، لەسایەی مامەڵەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا

دۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران، لەسایەی مامەڵەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتدا

گفتوگۆ لەگەڵ وەستا مەهدی، سەرنوسەی بڵاوکراوەی دەنگی کرێکار

by admin
0 کۆمێنت 135 بینینەکان

سازدانی: شاباز محــمود:   

سەرەتا دەمەوێت وێنایەکی گشتی لەسەر چینی کرێکاری کوردستان بخەیتە بەردەست لەسەر بارودۆخی کارو سیستەمی کارکردن؟

وەستا مهدی: کرێکارانی کەرتی تایبەت لەسەرجەم کارگەکاندا بەسیستەمی وەجبات و شەفتات کاردەکەن. بەشی هەرەزۆری کارگەکان، کار تیایاندا ٢٤سەعاتیە. لەهەندێک کارگەدا هەم کارەکانیان سەختەو هەم لە٨ کاتژمێر زیاتر کاردەکەن. بەشێك لەکارگەکان جۆرێک لەسەیفتی تێدایەو هەندێکیش زۆربایەخ بەسەلامەتی شوێنی کار نادەن. کارگەو کۆمپانیاش هەیە بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی کاری تەلارسازی دەکەن، هیچ گوێ نادەن بەسەلامەتی شوێنی کار.

بەڵام کەرتی گشتی یان ڕونتر بڵێم کەرتی حکومی بەبەراورد بەکەرتی تایبەت، هێشتا دۆخی کارکردن کەمێك باشترە. لانیکەم سەعاتەکانی کارکردن کەمترە، پشووە فەرمیەکان دەیانگرێتەوە. تەنها هەندێک ناوەند نەبێت کە لانیکەم ئەبێت لەڕۆژانی پشوی فەرمیشدا خەفارەتیان هەبێت، بۆ نمونە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کارەباو نەخۆشخانەکان. لایەنی سەیفتیش تیایاندا کەم تازۆر ڕەچاو دەکرێت. تەنانەت هێشتا هەندێ مافی یاسایش جێبەبەجێ دەکرێت.

دەنگی کرێکار: بەپێی قسەکانی تۆ. دەکرێت بڵێین بەگشتی مەسەلەی سەلامەتی شوێنی کارو سەیفتی، تاکوتەرا لێرەو لەوێ گرنگی پێ ئەدرێت نەک لەزۆرینەی کارگەو بواری بیناسازیدا؟ ئەمە بۆچی ئەگەڕێنیتەوە؟

وەستا مهدی: دەتوانم بڵێم ژینگەیەکی سەلامەت بۆکارکردن لە کوردستان دابین نەکراوە. بەڵگەش ئەوەیە کە ئاماری ساڵانەی قوربانیانی کارکردن ڕوو لە زیاد بوونە. لەهەر گەشەکردن و زیادبوونی پڕۆژەکاندا ڕێژەی قوربانیەکانیش دەچێتە سەرەوەو هەر ئێستاکە ئامارەکانی شوێنی کار تۆقێنەرن. خاوەنکار لەکوردستان پشت دەبەستێت بەگرێبەستی تاك. گرێبەستی بەکۆمەڵ نییە. سەرەتای دامەزراندنی بەلێشاوی کارخانەکانی پیشەسازی چیمەتۆو شیش و پاڵاوگەکانی نەوت و دروستکردنی خواردەمەنی وخواردنەوەی غازیەکان، بەهۆکاری نەبوونی نوسینگەکانی بەکارخستن، کرێکاران لەڕێگای حزبەوە یان لەڕێگای کەسایەتیەکەوە وەیان لەبەرئەوەی کە لەنزیكی دێیەك یان لەبەرئەوەی موڵکی کەسانێك کەوتووەتە ناو زەوی کارگەیەکەوە کارێکیان دەستکەووتووە. کەمترین کرێکار لەسەر کاری پیشەیی شەهادەو دەوراتی تایبەت لەبواری کاردا کاری دەست کەوتووە. کارگەکان بەشێك لەکرێکارەکانیان ئەو کومپانیایانە هێناویانن کە یان پشکیان هەیە یان بەسەرپەرشتی کاری کارگەکان بەرێوەدەبرێن وشارەزاییان هەیە.

دەنگی کرێکار: بەبڕوای تۆ کرێکاران چی بکەن بۆئەوەی ڕێگا لەدەرکردن لەسەر کار بگرن، لە کاتێکدا خۆت ئەزانیت دەرکردن لەسەرکار چ چەکێکی کاریگەرە لەبەرامبەر کرێکارانداو چ ترسێکی گەورەی هێناوەتە پێشەوە بۆ ملدانی کرێکار بەسەعاتی کاری زۆرو کەمترین مووچە؟ لەکاتێکدا بەپێی یاسای کاری هەرێم دەرکردن لەسەر کار قەدەغە کراوە؟

وەستا مەهدی: بەبڕوای من کرێکاران تەنهاو تەنها یەک ڕێگایان لەبەردەمدایە، ئەویش لەدەوری یەکتری کۆبوونەوەو خۆڕێکخراوکردنی خۆیانە لەناو ڕێکخراوێکی واقیعی خۆیاندا. ئەمە دەتوانێت کلیلی زامنکردنی سەرکەوتنیان بێت بەرامبەر بەو شاڵاوە بەربڵاوەی کەدەکرێتە سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران لەلایەن کۆمپانیاو ناوەندەکانی کارکردنەوە.. چونکە ئەگەر کرێکاران ناڕێکخراو نا یەکگرتووبن، ئەو کاتەش زۆر ئاسانتر خاوەن کارو کۆمپانیا بەئارەزوو وویستی خۆیان چۆنیان بوێت کرێکار ناچار دەکەن بەسەعات کاری زیاترو موچەی کەمتریشەوە. هەر ئەم ناڕێکخراوی و پەرتەوازەییەی کرێکارانیش هۆکاری ڕیشەییە بۆ لەسەر کار دەرکردنیان. خاوەنکارو کۆمپانیاکان دەتوانن بەسەدان پاساو و بڕوبیانووی پوچەوە کرێکاران لەسەر کار دەربکەن و سوود وەربگرن لەدەیان هەزار کرێکاری بێکارو بەتاڵەو بەنرخێکی کەمتریش، نەک هەر ئەوەش، بەڵکو ئەوان کرێکارانی لەسەرکار دەترسێنن بەوەی کە ئەگەر کارەکەیان بەدڵ نیەو نایکەن، ئەگەر ماندەگرن و کار ڕائەوەستێنن، ئەگەر بیانەوێت ناڕەحەتیەکانیان ببەنە سەرشەقامەوە، ئەگەر پارەکەیان مووچە یان ڕۆژانەکەیان بەشی هیچ ناکات، ئەوا دەتوانن نەیکەن وبڕۆنە دەرەوە، هەزاران بەتاڵ و بێکار هەیەو مەمنوونیشن کەبخرێنە جێگای ئەوانەوە. بەم شێوەیە کرێکاران ناچار دەکەن کە مل بدەن بەسەعاتکاری زۆرو مووچەی کەم و تەنانەت بەلێ بڕینیشەوە بەبێ ئەوەی بتوانن دیفاعێک لەخۆیان بکەن. یاسای قەدەغەی دەرکردنی کرێکار لەسەر کار لەهەرێمدا تەنها لەسەر کاغەزەو بەبەرچاوی ئەو یاسایەوەو بەبەرچاوی حکومەتەوە سەدان کرێکار دەرکراوەو ڕۆژانەش دەرئەکرێت بەپاساوی بێ بنەماوە، حکومەت وەک سەیرکەرێک تماشا ئەکات و نەک هەر لێپریسنەوەو بەدوادا چوونیش ناکات، بەڵکو هێندەی تر دەستی خاوەنکارو کۆمپانیاکانی کردۆتەوە بۆ هجومی زیاتر بۆسەر ئەوان. ئەم هێزەی خاوەنکارو کۆمپانیاکان کەهەیەتی لەبەرامبەر کرێکاراندا، تەنهاو تەنها نا یەکگرتوویی و پەرتەوازەیی و نا ڕێکخراوبوونی کرێکاران خۆیانە. هەر بۆیە بەبێ خۆڕێکخراو کردن و لەدەوری یەکتری کۆبوونەوە، بەبێ یەکگرتووی خۆیان لەچوارچێوەی ڕێکخراوێکی واقیعی خۆیاندا، هەرگیز ناتوانن کرێکاران ژیان و چارەرنوسیان لەمە باشتر بێت.

دەنگی کرێکار:زۆر باشە، کەواتە دەبێت کرێکاران چی بکەن بۆئەوەی بەم شێوەیە نەچەوسێنرێنەوەو بتوانن ژیانێکی باشتریان لەئێستایان هەبێت؟

وەستا مهدی: هیج ڕێگەیەک لەبەردەم کرێکاران و بەتایبەتی کرێکارانی کومپانیاکاندا نەماوەتەوە بۆ ئەوەی بەم شێوەیە نەبن، تەنها ئەوە نەبێت کەلەدەوری یەکتری کۆببنەوەو بتوانن لەڕێگای کۆبونەوەی گشتی خۆیانەوە نوێنەری واقیعی خۆیان هەڵبژێرن، دەستەی کرێکارانی کارخانەو کارگەکان، دەستەی کرێکارانی ژینگەو سەرتاپای ناوەندەکانی کار دروست بکەن، خۆیان ڕێکخراو بکەن لەڕێکخراوی خۆیاندا.هەرکاتێکیش ناڕەزایەتی یان مانگرتن و خۆپیشاندانیان هەبوو بانگەوازی هاوچینەکانیان بکەن وپشتیوانی ئەوان بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بەفشاری گەورەی خۆیانەوە خاوەنکارو کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ناچار بکەن و پاشەکشەیان پێ بکەن کە دەست هەڵگرن لەم هەمووە زوڵمەی کە بەکرێکارانی دەکەن. تەنها ئەم ڕێگایەیە کەبتوانێت کرێکاران بگەیەنێتە کەناری ئارامترو بتوانێت کرێکاران هەتا ڕادەیەکی باش لەدەردو میحنەتەکانی ڕزگار بکات و دەست و قاچیشی بکاتەوە بۆ هەنگاوی گەورەتر لەپێناوی ژیان و چارەنوسێکی باشتردا.

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر