Home بیروڕا جەنگی ئسرائیل لەدژی خەڵکی فەڵەستین، دەرکەوتنەوەی خوێناوی دیموکراسی!

جەنگی ئسرائیل لەدژی خەڵکی فەڵەستین، دەرکەوتنەوەی خوێناوی دیموکراسی!

by admin
0 کۆمێنتەکان 117 بینینەکان

ئیبراهیم حسێن:   
هێرش و دزەکردنی حماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل هەر زوو نیشانەی پێکا!!، و لە پریۆدێکی زەمانی کورتماوەدا تەواوی ڕۆژئاوای لیبڕاڵ و دیموکرات، بە هەموو توانای خۆیەوە لە دەوری خۆی، لەدەوری ئاڵا و ئیدیۆلۆژیای خۆی کە بانگەشەی بانتربوون و بەرحەق بوونی موتڵەقی خۆی دەکا بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوسی مرۆڤ، لەسەر ئەوەی چی ڕاستە و چی نادروستە و لەسەر مێژوو و ژیان، گردبوویەوە. لە پڕ میدیای ئەو دنیا دیموکراتە هەواڵی ڕودانی کارەساتەکەیان بە گوێی دنیادا دا. وەک بڵێی یەکەمجار بێ جوڵانەوەی هەمەجی ئیسلامی سیاسی و باڵە جۆراوجۆرەکانی لە حەماس و تاڵیبانەوە تا قاعیدە و داعش تا کۆماری ئیسلامی دەستیان بردبێ بۆ هاوڵاتی مەدەنی کوشتن و سەربڕین و تیرۆر، وەک بڵێی یەکەمجاربێ ڕۆژئاوای دیموکرات ئەم جیهادە تیرۆریستیەی ئیسلامی سیاسی بەر گوێ کەوتبێ. لەهەر سوچێکەوە لەهەر تەلەفیزیۆن و ڕادیۆیەکەوە جاڕیاندا کە حەماس و فیدەمینتاڵەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی هاتونەتە ناو ئەوپارچە خاکە موعودەی کە ڕۆژئاوا بۆ ئاوادانکردنەوەی دیموکراسی لە دڵی ڕۆژهەڵاتی وێران و گۆشەگیر کراو و دابڕێنراو لە شاڕێگەی پێشکەوتنی سەنعەتی و تەکنۆلۆژی و داماوکراو بە دەستی ئیسلام و بزوتنەوەی ڕەشی ئیسلامی، بنیاتی نابوو. وتیان ئاینندەی دیموکراسی ڕۆژئاوا کەوتۆتە مەترسی. منداڵ و هاوڵاتی پیر و گەنجی غەزەییان هاوتاکرد بە حەماس و کەلەشەقەکانی جوڵانەوەی ئیسلامی. لەوبەرەوە هەسارپچڕاوی دەوڵەتی نەژادپەرەستی ئیسرایلیان لە وێرانکاری و کوشتاری بێبەزەییانەی بێ جیاوازی پیرو گەنج و ڕوخاندنی خەستەخانە و قوتابخانە و هەرچی ژێربینای مەدەنی هەیە یەکسان کرد بە “مافی بەرگری لە خۆکردن.” جوغرافیایەک کە ساڵەهایە لە میدیای خودی ئەو دنیایەدا بە گەورەترین زیندانی دنیا ناسێنراوە گۆڕی بە شوێنێک بۆ تاقیکردنەوەیەکی ئاشکرای کوشتارێکی مشروعی دیموکراتیک.

نەک هەر ئەوە، بەڵکو کەوتنە گەورەکردنی تائەوپەڕی دیمەنی کارەساتەکە، وێنەی منداڵانی سەربڕاو و هەتککردنی ژنان و دیلکوژی و دەستبردن بۆ حورمەتی هاڵاتیانی ئیسراییلیان نیشانی دنیادا تا پاساوی ئەم دەستدرێژی و تاوان و کوشتارەی دیموکراتیکەی دەوڵەتی نەژادپەرەستی ئیسرائیل بکەن. نەک هەر ئەوە بەڵکو کەوتنە بەڕێکردنی پاپۆڕ و کەشتیە جەنگییە تەیارکراوەکان بە مۆدێرنترین تەکنۆلۆژیای کوشتار و وێرانکاری بۆ کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چاوسورکردنەوە لە مرۆڤایەتی و دانی ئەو پەیامەی کە هیچ کەس نابێ ڕێگە لەو ئیرهابە عەلەنی و ئاشکرایە بگرێ کە دەوڵەتی نەژادپەرەستی ئیسرائیل بە نوێنەرایەتی ئەو دنیا لیبڕاڵ و دیموکراتە پیادەی دەکا. لەشکری سەرۆک و کاربەدەستانی باڵای ئەو دنیا دیموکراتە، لە بایدن بلینکنەو تا ڕیشی سوناک و شۆڵس سەرەیان گرت بۆ سەردانی ئیسرائل، بۆ دڵنەوایی دان کە ئەوان دەست لەم خێروبەرەکەتەی ئیسرائیل، ئەم نوێنەرە ئاسنین و خوێناویەی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵناگرن و نەک هەر ئامادەنین کە لە گوڵێک کاڵتر بەو ئاگرو ئاسن باراندنە بەسەر منداڵ و هاوڵاتی بێتاوانی فەلەستینی دانیشتوی غەزە بڵێن، بەڵکو هاتبوون بڵێن کە دیموکراسی ئەوان ئەوەندەش ناسک و نازەنین نییە کاتێک کە دەکەوێتە بەرگریکردن له خۆی لە پای هیچ تاوان و مڵهوڕی و شەقاوەگەریەک بکرێ سەرکۆنە بکرێ. چونکە ئیسرائیل بۆ ڕۆژئاوا تەنیا کەمپێکی نیشتەجێ بوون بۆ هاوڵاتی یەهودی نییە کە لە مێژوودا ڕەتێنراون و ئاوارەی گۆشەو کەنارەکانی دنیا کراون و هەڵۆکۆست کراون، لەسەرزەوی موعودی داود دا و هەروەها زیاترە لە سەکەنەیەکی سەربازی کۆمەڵە ڕاستڕەوێکی یەهودی ڕەگەزپەرەست کە هاتبن تۆڵەی مەحرومیەتەکان و ئەو چەوسانەوەی ڕابردوی خۆیان بکەنەوە بە قیمەتی بە ئاوارەیی کێشانی خەڵکانی تر، بە قیمەتی کوشتاری ژن و منداڵی هاوڵاتیانی تری غەیرە یەهودی، بەڵکو پڕۆژەیەکی ستراتیژی ڕۆژئاوایە و کەوتن و لاوازبوونی، کەوتن و لاوازبوونێکی چارەنوسازی ڕۆژئاوایە لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا. بایدن لەو بارەوە ساڵانێک لەمەوبەر وتبوی کە دەڵێن خەڵقکردنی ئیسرائیل هەڵە بوو یان ئەوەی لە بابەتی خەڵقکردنیەوە گوایە ئێمە دەبێ داوای لێبوردن بکەین، نەخێر ئەگەر نەشبوایە و دروستیشمان نەکردبایە دەبوا خەڵقی بکەین و هەمان ئەو قسەیەی جارێکی لەم ماوەیەدا دوبارە کردەوە.

بەڵام بێگومان ئەم خۆبەگەورە زانینە ڕۆژئاواییە، ئەم خۆلەسەر حەق زانینە ملهوڕانەیەی جیهانی دیموکرات لە بەرگریکردن لە دەوڵەتی نەژادپەرەستی ئیسرائیل بۆ دەستبردن بۆ هەر تاوانێک و هەر دەسترێژیەکی بێپەردە و پێشێلکردنی هەر پێوەرێکی سادەی مرۆڤایەتی، ناکرێ تەنیا بەم مەنتیقە ڕووتەی هێز و چاوسورکردنەوە و کەڵەگایی دیموکراتیکی ڕۆژئاوایی پاساو بدرێ. هەر بۆیە ئەم کەڵەگایی و لامبولاتی و ملهوڕییە پێویستی بە پاساوی تر هەیە. پێویستیان بە شتێکی ترە کە بکرێ ئەم هەموو ملهوڕی و کەڵەگاییە دیموکراتیکە لە دەستدرێژیکردن بۆسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکی بێتاوانی فەڵەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ پاساو بکەن. ئیددیعای دەوڵەتی نەژادپەرەستی ئیسرئیل و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بە لێدان و هەڵپێچانی حماس و ئیسلامی سیاسی تەنیا بڕیارە کەمێک ئەم شەقاوەگەریە ڕەزاقورس و ڕیسوایە ڕەزا سوکتر و قابیلی قبوڵتر بکات.

ئیسرائیل، بە هەموو ئەو هەمەجیەتەی کە لە وێرانی و کوشتاری ئاشکرا و عەلەنیدا نیشانی دەدا، پوختەی مەنتیقی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆیە. پوختەی مەنتیقی خۆ بەگەورەتر و لە بانتر زانینە ملهوڕانەیەی ڕۆژئاوایە. پوختەی ڕۆحی ئەو ڕاستڕەوییە بێپەردەیەیە کەبورژوازی ڕۆژئاوا پێویستی پێیەتی، نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵکو لە هەموو دنیادا.

لێدوانێک بەجێ بهێلە