ئیدریس مستەفا:
کوردستان وەک نموونەی یەکەم…
لێرەدا زۆر بە سادەیی هەندێ شت لەسەر هەڵوێستی دژەشەڕی دەڵێم. دیارە لەوە ئاسانتر نیە دژەشەر بیت بەڵام چۆن!
وەختی خۆی، ساڵانی نەوەدەکان یەکێتی و پارتی، بەتایبەت یەکێتی، جار نا جاری شەڕێکیان دروست دەکرد و داوایان لە خەڵک و لایەن و توێژە سیاسی و رۆشنبیریەکە دەکرد هەڵوێست دەرببڕن. شەڕ شەڕی خۆیان بوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان کە خەڵک و بەرژەوەندی خەڵک تێیدا دەبووە قوربانی کەچی داوایان لە خەڵک دەکرد هەڵوێست دەرببڕن.
فەلەستین وەک نموونەی یەکەم…
حەماس پەلاماری ئیسرائیلی داوە و لە چەند سەعاتێکدا زیاتر لە ١٤٠٠ کەسی، زۆرتر مەدەنی، قەتڵ و عام کردووە و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی مەدەنی تری رفاندووە؛ دەشزانن کە ئیسرائیل چۆن وەڵام دەداتەوە بەتایبەت ئیسرائیل لە حاڵەتی نەشەڕدا دەستی نەپاراستووە لە کوشتنی خەڵک، ئاخۆ لە بەرامبەر رووداوێکی خوێناوی ئاوهای حەماسدا دەبێ چی بکات. دیارە ئەوە دەکات کە ئیستا دەیکات. حەماس ئەم یاریە خوێناویەی دەوست کەچی ئیستا داوا لە خەڵک و جیهان دەکەن هەلوێستیان هەبێ و بە جیهان دەڵێن ئەها ئیسترائیل چیمان لێدەکات.
لەوە ئاسانتر نیە هەڵوێستی دژەشەرت هەبێ چونکە کەس حەز بە شەڕ ناکات و کەسیش نایەوێت مرۆڤەکان لەبەر چآوی بکوژرێن بەڵام چوونە بەرەی دژەشەڕەوە چوونە بەرەی ئەم یاریە خوێناویەی حەماسە و هەر هەڵوێستێکی دژەشەڕ دەچێتە گیرفانی ئەوانەی سیناریۆی سیاسەتێکی ئاوها دادەڕێژن. لێرەدا قسە لەسەر ئەوە نیە من لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیلدا بم بەڵام تۆیەک کە بزانی حەماس بە تاکتیک ئەمە دەکات تاکو تۆی دژەشەڕ بخزێنێتە نێو سیناریۆکانی خۆی و ئێرانەوە، هزری ژیرە ئەوەیە نەکەوێتە بەرەی حەماسەوە بە ناوی قوربانیدانی خەڵکی فەلەستینەوە.
من دژەشەڕ بم یان نا هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ چونکە دوور لە ئیرادەی من و بە بێ ئیرادەی ئێمە ئەو شەڕە دروست بووە و دوورونزیک ناتوانم کاریگەری لەسەر دابنێم. کەس نیە پێی خۆش بێ تەرمی منداڵ و دایک و باوکان ببینێت بەڵام هەلویستی دژەشەڕ بەو شێوەیەی ئیسلامی و چەپ و قەومی و عەلمانی و لیبراڵی کۆکردۆتەوە ئەوە جگە لە خۆنیشاندانێک و نائاگاییەک هیچی تر نیە.
هۆشیاری دژەشەڕ….
ئەو هۆشیاریە دژە شەڕەی بۆ خەڵکی فەلەستین هاتووەتە سەر جادە ئەوە پەیوەستە بەو ماشینە گەورە میدیاییە عەرەبی و ئیسلامی و جیهانیانەی هەوالەکانی ئەو شەڕە دەگوازنەوە و پیشانی خەڵکی دەدەن، ئەگەرناچەندان قەتڵ و عامی تر هەن لە لایەن دەولەتانی ترەوە دەچێتە پێشەوە کەچی هەر ئەو خەڵکانەی سەر جادەکانی ئەوروپا و وڵاتانی تر هیچ دەنگیان لیوە نایات.
کوردستان وەک نموونەی دووەم…
لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا لە خاڵە شاخاوی و سنوریەکانی کوردستان رەبیەی سەربازی حکومی لێ بوو کە دوو سێ سەربازی سەرگەردانی لێ بوو هە ربۆیە ئاسانترین هەدەف بوو بۆ پێشمەرگە پەلاماریان بدات بەڵام دواتر حکومەت بە هێزی گەورترەوە دەهات و دەکەوتە شوێن ئەو چەکدارانەی شاخ و تەنانەت خەڵکی ئەو دێهاتانەش نزیکی ئەو رەبیە بوون. لەوێدا کێ زەرەر مەند دەبوو خەڵکی گوندیەکان و تەنانەت ئەو سەربازانش کە دەکوژران یان بەدیل دەگیران یاخود بریندار دەبوون.
نموونەکە: دەڵێن لە یەکێک لە دێهاتیەکانی کوردستان مەفرەزەیەک چەکداری پێشمەرگە دوای ئەوە دێن نان دەخۆن لە گوندەکە نەخشە دادەنێن پەلاماری رەبیەکەی سەر گردەکەی دێیەکە بدەن. خەڵکی رجا و تکایان لێدەکات کە لە رەبیەکە نەدەن و دوو سێ سەربازی قوڕبەسەری تیایە ئینجا دواتر ئەمان و دییەکەیان سەرگەردان دەبن بە دەست حکومەتەوە. فەرماندەی چەکدارە پێشمەرگەکان هەر بە قسەیان ناکات و دەڵێ ئەمشەو هەر پەلاماری ئەو رەبیەیە دەدەین. یەکێک لە پیاوانی ریش سپیی گوند دێتە لای فەرماندەکە و پیاوەکانی بە قورئانێکەوە و پێیان دەڵێت توو خاتری ئەم قورئانە لێی مەدەن، ئەوانیش دەڵێ بەو قورئانە هەر لێی دەدەین. کابراش پێیان دەڵێ توو ئەو قورئانە گەر لێتان دا ئەوا رامەکەن و ئێمە بە تەنیا جێ مەهێڵن چونکە بەیانی ئەوان جاش و جەیش دێن بۆ گیانی ئێمە و دێیەکە و ماڵ و حاڵمان وێران دەکەن. دەڵێن هەر واش بوو، ئەو شەوە پێشمەرگە لە رەبیەکەیان دا و بەیانیەکە و رۆژەکە جەیش و جاش خەڵکی دێیان دایە بەر شەق و ماڵ و حاڵیان لێ تێکدان و کاکی فەرماندە و پیاوەکانیشی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون. دواتر لە رادیۆ و رێکخستنەکانیانەوە خەڵکیان فوو دەدا بەوەی حکومەت فاشیە و جاش و جەیش دێهاتیەکان وا و وا لێدەکەن. سی و دوو ساڵی رابردووش لەهەر کات زیاتر سەلماندی کێن وێرانەکەر و تاڵانچیە حەقیقیەکانی کوردستان.
فەلەستین وەک نموونەی دووەم…
کابرای حەماس دەزانێ ئیسرائیل لە پای بچوکترین هێرشدا جەندان خەڵک دەگرێ و بوردوومانی گەرەکێک دەکات و ئەوە جەندان ساڵە ئاوها دەچێتە پێش، کەچی ئیستا دەچێتە ناو ئیسرائیلەوە شەلم کوێرم سەدان خەڵک دەکوژێ و دەیانڕفێنێ و کاتێکێش ئیسرائیل پەلاماریان دەداتەوە دەڵێن ئەها ئیسرائیل چیمان پیدەکات. دیارە ئەوەی ئیسرائیل دەیکات هەرگیز قابیلی قبوڵ نیە بەڵام ئەوە دەرئەنجامی ئەو کردارانەیە کە تۆ لەگەڵ هێزێکی دەوڵەتیدا دەیکەی کە دەزانی ئەو چۆن رەدت دەداتەوە.
حەماسیش بە هەمان دەردی پێشەرمەگە زۆر نامەسئولانە ئەوەیان کرد و خۆیان چوونە ژێر عەرزەوە خەڵکەکەی خۆیشیان بە کوشت دەدەن لەسەرەوە. حەماس خەڵکی غەززەی کردە قوربانی کردارێکی تیرۆرستانە هەر وەک چۆن کردارەکەی پێشمەرگە نەک هەر چالاکی نەبوو بگرە جگە لە کارێکی نابەرپرسیارانە و تێکدەرانە هیچی تر نەبوو بە درێژایی ئەو دە ساڵەی شاخیان.
کورتە: چ ئەوەی یەکیتی و پارتی دەیانکرد و چ ئەوەی حەماس دەیکات هیچ جیاوازیەکی نیە. ئەگەرنا ئەو هەزاران خۆپیشاندەر و ئەو بەرپرسانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەت ئەمینداری گشتیەکەی بۆ لە بەرامبەر ئەو قەتڵ و عامانەی تری نەتەوە و دەوڵەتانی تر نایانە دەنگ بەم شێوەیە بەڵام بۆ فەلەستین و ئسرائیل گڕیان تێبەر بووە.
دوا تێبینی: ئەو حەقیقەتە هەموان دەیزانین کە سەرکەوتنی حەماس واتە سەرکەوتنی داعشیزم و دیاریشە ئەمە چ بەڵایەک دەهێنی بۆ ناوچەکە و هەموو جیهانێش. سەرکەوتنی ئیسرائیل وەک سەرکەوتنی هەر دەوڵەتێکی ترە وەک چۆن دەوڵەتی ئسیپانیا سەرکەوت بەسەر کەتەلۆنیەکاندا کاتێک داوای سەربەخۆییان کرد یاخود سەرکەوتنی حموکەتی سریلانکایە بەسەر چەکدارە تامیلیەکاندا.
تێبینیەک لەسەر وێنەکە: ئەو هەڵوێستی دژەشەڕانەی ئێستا دەیبینم فڕیدانی هەڵوێستە هەر وەک چۆن ئەم کارتۆنە دژەی شەڕ فڕیێ دراوە دوای ئەوەی هیچی پێنەکراوە و بێ کەڵ بووە!
هەژاری هەڵوێستی دژەشەڕ لە دوو نموونەی جیاواز و لە یەک چوودا
98