دڵشاد ئەنوەر:
چاوەروان دەکرا حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵا شەڕ رابگەیەنێت، بەڵام وتارەکەی حەماس و سونەکانی نائومێدکردو بگرە دۆخەکە لە چاوەڕوانییەوە گۆڕا بۆ هێرشکردنە سەری.
حەماس ئێستا لە ناو گۆڕەپانی جەنگدایە، بەڵام لە حەماس زیاتر ئەو وڵاتانە رۆڵ دەگێڕن کە لە پشتی پەردەوە تاوتوێی قۆناغەکانی داهاتوو دەکەن.
بێگومان لە ماوەی چوار هەفتەی ڕابردووی دەستپێکردنی شەڕی غەزە، وڵاتان لە پشت پەردەوە تاوتوێی جۆرەها سیناریۆیان کردووە، واتە لە گۆڕەپانی جەنگدا چەند خوێن بڕژێ، لە ژوورەکانی پشتەوەش هێندە دانوستان گەرمە.
وتارەکەی حەسەن نەسروڵا
وتارەکەی حەسەن نەسروڵا کە چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی جەنگی لێدەکرا، نەک پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بوو، بەڵکو جگە لەوەی پاکانە کردن بوو بۆ ئێران کە دەستی لە هێرشەکەی حەماسدا نەبووە، حەماسیشی بە تەنها لە گۆڕەپانەکەدا جێهێشت.
شارەزایان پێیانوایە ئەسڵەن وتارەکەی نەسروڵا بە رێنمایی ئێران نوسراوەو ئەو تەنها خوێندوویەتییەوە. نەسروڵا حزبوڵای لە شەڕ لادا، بەڵام ستایشی حوسییەکان و گروپە عێراقییەکانی کرد کە بەرۆڵی خۆیان هەستاون، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو هێرشانەی دەیکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا.
عێراق!
گروپە چەکدارەکان بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا. ئەمەریکا هەرچەندە هێشتا کاردانەوەی توندی نەنواندووە، بەڵام توڕەو بێزارە لە هێرشەکان.
ئەمەریکا لە ڕێگەی عێراقەوە پەیامی توڕەیی لە هێرشەکان گەیاندووەتە ئێران، هەڕەشەی نواندنی کاردانەوەی گەورەشی کردووە.
سودانی باڵانس ڕادەگرێ، هەوڵیدا گروپە چەکدارەکان قایل بکات و عێراق لە ئاگری جەنگ و کاریگەرییەکانی دوور بخاتەوە، بەڵام وا دیارە ئەو گروپە چەکدارانە هیچ حسابێکی بۆ ناکەن.
گەر هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەردەوام بن، کوژراویان لە ڕیزی سەربازە ئەمەریکاییەکان لێبکەوێتەوە، بێگومان عێراق دووچاری زیانی گەورەی ئابووری و سەربازی دەبێت.
گەر بەهۆی هێرشەکانەوە عێراق دووچاری سزای ئابووری بێت، ئەوا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار هەڵدەکشێت بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو. گەر دۆخەکە بگاتە کاردانەوەی سەربازیش، ئەوا بەشێک لە گروپە چەکدارەکان دەستیان لێدەوەشێنرێت.
هەندێک لەسەرکردەی گروپە چەکدارەکان ترسیان لە کاردانەوەی ئەمەریکا هەیە، بەتایبەت ئەوانەی خاوەن پێگەن لە نێو دەسەڵاتداو نایانەوێ لێیان تێکبچێت،بۆیە گوتارەکانیان توندو وروژێنەر نییە، بەڵام هەندێکی تریان لە ژێر ناوی تردا بەردەوامن لە هێرشەکان.
غەزە
ئیسرائیل کۆڵ نادات و لە پلانە سەربازییەکانی ناکشێتەوە، تەنانەت گەر هەزاران سەربازیشی بکوژرێت، چونکە پلانی ستراتیژی هەیەو دەیەوێ سنوری غەزە دوور بخاتەوەو بۆشایی ئەمنی دروست بکات، مەگەر فشاری نێودەوڵەتی ڕایبگرێت.
غەزە خۆی شارێکی چڕە، پڕە لە دانیشتوان، هەر ئەم چڕییەش وایکردووە بۆردومانەکان قوربانییان زۆر لێبکەوێتەوە. بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاشکرا داوا لە بەشی باکور شارەکە دەکەن بەرەو بەشی باشور بڕۆن.
ئەم داواکارییەی ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ ئەوەی پلانی هەیە لای باکوری شارەکە خاپور بکات، بیکاتە بۆشایی ئەمنی و دەستی غەزەییەکان لە سنورەکانی دورتر بخاتەوە.
بێگومان گەر هەموو دانیشتوانی دیوی باکور ڕوو لە باشوربکەن، جیگەیان نابێتەوە، سەرووی ملیونێک هاووڵاتی غەزەیی بێ ماڵ و حاڵ دەبن، بۆیە لێرەوەیە سیناریۆی گواستنەوەیان بۆ ناوچەی تر باسدەکرێ.
هێشتا روون نییە ئایندەی شەڕەکە کام سیناریۆ دەکاتە نسیبی غەزەییەکان، ئایا ڕووداوێک دێتە پێشەوەو مانەوەیان دەکاتە ئەمری واقع، یاخود سیناریۆکانی گواستنەوەیان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سیناریۆکان
کاتێک دەوترێ سیناریۆ واتە پلانێکەو قابیلی جێبەجێکردن و شکست هێنانیشە، بۆیە ڕەنگە سیناریۆیەک سەر بگرێ و هەمووشی شکست بهێنێت.
تورکیا سەرەتا پێشنیاری گواستنەوەی بەشێک لە غەزەییەکانی بۆ ڕۆژاوای کوردستان بە نهێنی خستە سەر مێزی گفتووگۆ، بەڵام ئەمەریکا زوو هاتە سەر هێڵ و پلانەکەی شکست پێهێنا. تورکیا توڕەیە لە خستنە خوارەوەی درۆنەکانی لە ڕۆژاوا، توڕەیە لە پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هەسەدە، ئەم توڕەییەی لە ئەمەریکا ناشارێتەوە، بەڵام ئەمەریکا هەر بەردەوامە.
بێگومان لە ڕۆژاوای کوردستان، سوریا، تورکیاو ئێرانیش دژی هەسەدە یەکیانگرتووە، تورکیا هەمیشە هەسەدە بە پە. کەکە دەزانێت. ئێران و سوریاش پێیانوایە هەسەدە بووەتە جێبەجێکاری ئەجێندای ئەمەریکا، بۆیە لە دژی یەکیانگرتووەو بەرەیەکی عەشایەرییان بەناوی موقاوەمەوە پێکهێناوەو دەیانەوێ شەڕی دژ هەڵبگیرسێنن.
ئەمەریکا نەیاری حکومەتی سوریایە، دژی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاشە، بۆیە تەنها دەعمی هەسەدە دەکات و بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت، پاشان هەسەدە هێزێکی تۆکمەشە لەناوچەکەداو ئەمەریکا پێویستی پێیەتی.
سیناریۆی دووەم؛ گواستنەوەی بەشێک لە غەزەییەکانە بۆ پارێزگای ئەنبار، ئەنبار دەشتاییەکی فراوانەو جێگەی خەڵکی زۆر تێدا دەبێتەوە، پاشان لەگەڵ غەزەییەکانیش هاونەتەوەو هاو مەزهەبیشن، بەڵام دەترێ مەرجی عەرەبی سونە بۆ ئەمە، بەهەرێمکردنی پارێزگای ئەنبارە، بێگومان شیعە ئەمە قەبوڵ ناکات.
سیناریۆی سێیەم ؛ گواستنەوەیانە بۆ سیناو دەوترێت وڵاتانی عەرەبی بودجەشیان بۆ ئەم مەبەستە ئامادە کردووە.
سیناریۆی چوارەمیش باسدەکرێ، گوایە بە پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستین بونیات بنرێو لەبەرامبەردا دەشتاییەکانی نەینەوا بکرێتە هەرێمیک بۆ مەسیحییەکان.
جێبەجێکردنی ئەمەی نەینەوا ئاسان نییە، بەڵام دەستکەوتی گەورەی بۆ زۆر وڵات تێدایەو ڕەنگە پاڵپشتی بکەن. تورکیا بەم هەرێمە مەسیحییە دڵخۆشە لە تەنیشتی بێت، چونکە حەشدو هێزەکانی تری لێ دوور دەکەونەوەو پێکهاتەیەکی بێ کێشە نزیک دەبێتەوە لێی.
ڕۆژاوا دروستکردنی هەرێمیان بۆ مەسیحی پێخۆشە. ڕەنگە دیوێکی تری خۆشحاڵیان ئەوە بێت، ئەم ناوچەیە بووەتە سەربازگەی هێزە شیعەکان، لەوێشەوە موشەک دەگاتە ئیسرائیل، لەم ڕێگەیە ئەم کێشە چارەسەر بکەن.
بەڵام بیرمان نەچێت دەشتی نەینەوا بۆ ئێران و هێزە شیعەکان ناوچەیەکی تەواو ستراتیژی و گرنگە، بۆیە بە ئاسانی دەستبەرداری نابن.
شەڕی غەزەو دیوی پشتەوە!
114