ئیدریس مستەفا:
بەشی یەکەم:
فەلەستین تەنها ستراتیجێک بۆ ئێران…
کاتێک فەرەنسا و غەرب ساڵی ١٩٧٩ خومەینیان ناردووە بۆ ئێران و شۆڕشی دژ بە سەرکوت و نادادی گەلانی ئیرانیان گۆڕی بە شۆڕشێکی ئاینی و ئەنجام کۆماری ئیسلامی لێ دامەزرا، لەو دەمەوە یەکیک لە سێ ستراتیجە ئایدۆلۆجی و سیاسی و روحیەکەی ئە وکۆمارە دژە ئیسرائیلی و لە ناودانی ئیسرائیل بوو. هەر بۆیە ئێران هەموو شتێکی کرد تاکو دەستی بگاتە سنوری ئیسرائیل و بە درێژایی ٤٤ ساڵی حوکمداری خۆی سەدان و هەزاران ملیۆن دۆلاری خەرج کرد هەر لە دروستکردنی حزبوڵڵای لوبنانیەوە تا دەگات بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ سوریا و پشتگیری بێ سنوری لە حەماس. ئەم ستراتیجە تاکو ئەم ساتە نەک هەر نەیتوانی ئەنجامێکی ستراتیجی هەبێ بەڵکو جگە لە دروشمێکی سیاسی کە کۆمەڵێ ئیزعاجیاتی سیاسی و سەربازی بۆ ئیسرائیل و وێرانەیی بۆ فەلەستین و لوبنانیەکان شتێکی ستراتیجی سیاسی ئەوتۆی لێ سەوز نەبوو.
ئەو داهاتەی ئێران چەندان ساڵە لە حەماس و حزبوڵڵای لوبنانیدا خەرجی کردووە دەیتوانی خەڵکی ئێران لەو هەژاری و گرانیەی ئێستا دەربکات. تەنها لەو ساڵەوەی بارودۆخی سوریا تێکچوو، ٢٠١٢ تاکو ٢٠٢٠ زیاتر لە ١٦ بلیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانی هێزە هاوپەیمانەکانی لە سوریا و لوبنان و فەلەستین. بە پێی هەندێ سەرچآوەی عەرەبی ئێران مانگانە ٢٣ ملیۆن دۆلاربۆ حەماس و دوو ئەوەندەی حەماسیش دەداتە حزبوڵڵای لوبنانی. تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠دا حزبوڵڵا ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری لە ئێرانەوە بۆ هاتووە ئەمە جگە لە چەک و تەقەمەنی و ئەوانەشی کە خۆی دروستیان دەکات. هەروەک زانیاریەکیش قەتەر مانگانە مووچەی کارمەندانی هەموو هەرێمی غەززەی دەدا و حەماسیش جگە لەم پارە و خەرجیانە داهاتی گومرکی ناوخۆی سنوری رەفەحیشی کۆدەکردەوە. بۆیە حەماس یەک قڕانی بۆ خەڵکی غەززە سەرف نەکردووە و ئەوەی دەستی کەوتووە بۆ کاری سەربازی خۆی و تونێڵەکانی بەکاری هێناوە. موسی ئەبو مەرزوقی ئەندامی سەرکردایەتی سیاسی حەماس گوتی ئێمە لە ژێر زەویدا خۆمان پاراستووە و یوئێنیش با ئاگای لە خەڵکی غەززە بێ.
تەنها ئامانج لەم کۆمەکانەی ئێران گەڕ پێگرتن بە ئیسرائیل و بەگژداچوونەوەیەکی یەکدەستی بوو گەر رۆژگارێک بێت ئیسرائیل پەلامارێکی هەمەلایەنی لایەکیان بدات وەک ئێستە پەلاماری حەماس دەدات. دیارە ئێران دەیەوێ ئەم پەلامارانە هاوئاهەنگ بکات لەگەڵ ئایدیۆلۆجیایەی جمهوریە ئیسلامیەکەیدا کە بریتیە لە مەحف کردنەوەی ئیسرائیل لەسەر رووی زەوی.
بەرامبەر ئەو هێرشە گەورەیەی ئیستای ئیسرائیلدا ئەگەری بەهێز ئەوە بوو کە ئێران لە پەرچەکردارێکی توندی دەبێ یەکەم لە رێگەی محوەرەکانیەوە وەک حزبوڵڵا و حوسیەکان و کەتیبەی ئیمام عەلی لە سوریا و خودی حەماسەوە، دووەمیش لە رێگەی هەردوو هیزی سەربازی دەوڵەتی ئێران و هێزی قودس… بەڵام ئەوە زیاتر لە مانگێکە ئەوەی ئیسرائیل بە حەماس و غەززەی دەکات هیچ هێزێکی تر لە ناوجەکەدا بە هیزێکی تری نەکردووە کەچی ئێران و میحوەرەکانی سەرکز لێی دانیشتوون جگە لە هەندێ سەرکێشی نەبێ وەک کاتیوشا هاویشتن بۆ ئیسرائیل کە هیچ کاریگەریەکی لە هاوکێشەی سەربازی ئیسرائیل-حەماس ناکات.
هەردوو وتارەکەی دوێنێ و هەفتەی رابردووی حەسەن نەسروڵڵا و کزبوونەوەی لێدوانە توندەکانی ئێران دژ بە ئیسرائیل ئەوەمان پیدەڵێت کە ئێران کۆڵی داوە لەوەی نەک هەر خۆی بەڵکو میحوەرەکانیشی شەڕی کراوە دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدەن. گەر کەسێک سەیری میدیای ئێرانی و لێدوانەکانی هەفتەی رابردوو تاکو ئەمڕۆکەی ئێرانیەکان بکات بۆی دەردەکەوێ کە قسە و هەلوێستی توند دژ بە ئیسرائیل رووی لە کەمی و کزی کردووە. وتارەکانی جارانی نەسروڵلا ئاگری لێ دەباری و هەڕەشەی سوتانی تەل ئەبیبی دەکرد بەڵام لەم دوو جارەی دواییدا هەموو قسەکانی بریتی بوو لە بۆڵە بۆڵێ توند و گلەیی لەو هێزانە دەکرد کە لە پشت هیرشی دڕندانەی ئیسرائیلەوەن بۆ کوشتاری خەڵکی غەززە و داوای دەکرد ئەو هێزانە دەبێ ئەو شەڕە بە ئسیرائیل رابگرن. ئەمە کورتکراوەی پەیامەکانی ئێران بوو لە رێگەی وتارەکەی نەسروڵلاوە. پێشتریش بە ئاشکرا رایگەیاند کە ئێمە و ئێران هەڕەشەی جدیمان بۆ هاتووە کە وجودمان لە مەترسیدایە. سەردانی کردنی چەند رۆژی رابردووی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئێران گەیاندنی نامەیەکی ئەمریکا بوو بۆ ئێران کە یەک دێڕی لێ نوسرابوو وەک دەڵێن. نوسرابوو: گەر پەلارمان بدەن لە هرر شوێنێک ئەوا خراپ پەلامارتان دەدەینەوە.
بەشی دووەم:
ئێران و مەسەلەی فەلەستین…
مەسەلەی فەلەستین بۆ ئێران مەسەلەیەکی ئەمنی و ئابوری و جیۆسیاسی نیە بەڵکو زۆرتر مەسەلەیەکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و خۆدەرخستنێکی ناوچەییە. بەو پێیەی ئێران هیچ سنورێکی گرێدراوی نیە لەگەڵ ئیسرائیلدا ناتوانێ هیچ شەڕێکی راستەوخۆ بکات لەگەڵیدا. ئەوەی هەیەتی ئەو باڵە میلیشیایانەی وەک حەماس و حزبوڵڵان و ئەوانیش هەرگیز ناتوانن بەرەو هێزی سەربازی دەوڵەتێکی ئەتۆمی وەک ئیسرائیل ببنەوە. تەنانەت گەر شەڕێکی کراوەی وەک ئەوەی ئیستا ئیسرائیل لەگەڵ حەماسدا دەیکات رووبدات و ئێران بزانێ گەر تێوەگلێ ئەوا خۆی بەرەو شەڕی دەوڵەتی دەبێتەوە ئەوا دەسبەرداریان دەبێت بێ یەک و دوو هەر وەک چۆن دەستبەرداری حەماس بووە لە ئێستادا.
ئێران و لوتکە عەرەبیەکان…
خاڵێکی کە ئێران هیوای پێی هەبوو کە هێرشە بێ رەحمیانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە هەستی شەقامی عەرەبی و ئیسلامی و هەڵوێستی دەوڵەتەکانیان دەجوڵێنێ بەڵام جگە لە بەستینی هەندێ کۆنگرە و لوتکەی عەرەبی ئیسلامی ئێران هیچی تری نەدیت لێیان. بگرە ئێران خۆیشی بوو بە بەشێک لە لوتکە عەرەبیانەی کە جگە لە گلەیی و بۆڵەبۆڵ و مەحکوم کردن و پاڕانەوە هیچ شتێکی تری لێ هەڵنەکڕێنراوە. کۆبوونەوەی بەپەلەی دوێنێکەی ٥٧ دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی لە ریازی پایتەختی سعوودیە دەربارەی رەوشی غەززە نموونەیەکی بەرچاوی ئەو دیدەی ئێمەیە؛ بەڵام ئەوەی کە لێرەدا ئیزافە بوو ئامادەیی ئێران بوو کە ئەمە خۆی لە خۆیدا بێ دەسەڵاتی و مایەپوچی ئێران دەگەێنی لە بەرامبەر ئیسرائیل و حەماسە تاقانەکەی لە فەلەستین.
ئێران و کێشە تخوبیەکانی خۆی…
ئێران بۆ خۆی دەرگیری هەندێ کێشەی گرنگی جوگرافی خۆیەتی کە راستەوخۆ ئاسایشی نەتەوەیی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. کێشەی ئەرمینیا-ئازەربایجان و وجودی ئەمریکا لەسەر سنورەکەی کە خودی وروژاندنی هەر گرفتێک لەو سنورە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دادەنێ چونکە ئازەرەیەکانی ئێران هەردەم وەک بۆمبێک وایە ئێران ترسی تەقینەوەی لیی هەیە. ئازەریەکانی ئێران رەهەندێکی جوگرافی و سیاسی و مێژوویی ئێجگار گرنگن بۆ ئێران کە هەر لەرزەیەک وجودی ئێران دەخاتە مەترسیەوە.
ئەفغانستان بەتایبەت لەو دەمەوەی تاڵیبان گەرایەوە سەر کورسی دەسەڵات؛ چونکە روباری هەڵمەند کە ئێران جاران بەشێ شێری تێدا هەبوو ئێستاکانی ئەو بەشە نەک هەر لە ژێر پرسیاردایە بەڵکو بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەڕوات کە ئەمە بۆخۆی لهەڵوێستی ئێران بەرەو لاوازی ناوچەیی دەبات لە تەرەفی کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاستەوە، ئەمە جگە لەوەی وجدی ئایدیۆلۆجی سیاسی ئاینی ئێران دەخاتە بەردەم کێبڕکێیەکی ئایدیۆلۆجیای سیاسی ئاینی ترەوە کە لە سەدا سەد دژ بە یەکترن. ئەوەی ئێران لێی دەترسێ ئەوەیە تاڵیبان شتێکی ئەوتۆی نیە لە دەستی بدات لەو نێوەدا لە کاتێکدا بوونی کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێران لەسەر ئەو ئایدیۆلۆجیە سیاسیە ئاینیە وەستاوە.
عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و فەلەستین تەنها قورسایی ئێران نیشان دەدەن لەسەر ئاستی نێوچەیی کە بۆخۆی گرنگە بەڵام ئەم دوو کێشە دوو تخوبیە، ئەرمینیا-ئازەربایجان لە رۆژئاوای ئاسیا و ئەفغانستان لە باشوری ئاسیا یاخود ئاسیای ناوەڕاست، دوو بابەتی گرگن کە ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەنگەنە دەدەن.
ئێران و هاوپەیمانە جیهانیەکانی…
واچاوەروان دەکرا ئێران دەست بکاتەوە لە بەرامبەر لە ناوچونی یەکێک لە دوو باڵە سەرەکیە دژە ئیسرائیلیەکەی کە حەماسە؛ رەوڕەوەی رووداوەکان لە غەززە ئەوە نیشان دەدەن کە حەماس لە غەززەدا بوونی نامێنێ کەچێ ئێران نەک هەر ناتوانێ هەڵوێشتێکی توندی هەبێ بەڵکو لێدوانەکانیشی وا بەرەو کزی دەچن. ئەم کزیە جگە لە رەهەندە جیۆسیاسیەکانی خۆی و ناوچەییەکانی، رەهەندێکی جیهانیشی هەیە. ئیسرائیل لە (کن فیکن) کون فویەکونێکدا هەموو هاوپەیمانە جیهانیەکانی گەیشتنە فریای بە هەموو قورساییەکی سەربازی و دارایی و لۆجستی خۆیانەوە، بەڵام ئەم حاڵەتە بۆ ئێران بوونی نیە و ناشبی گەر بیەوێ شەڕی کراوە دژی ئیسرائیل رابگەێنێ چونکە هەموو شەڕێکی انوچەیی پشتیوانی جەمسەرێکی جیهانی پیویستیە ئەگەرنا یەکسەر دۆڕاوی.
روسیا…
روسیا جگە لەوەی دەرگیری شەڕی یوکراینیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستیش جگە لە سوریا لە ئیستادا ناتوانێ پەلهاویشتنی سەربازی تری هەبێ بەتایبەت لەگەڵ ئیسرائیلدا. لە رووی مەبدەئیەوە روسیاش هەمان مەبدەئی وڵاتانی تری رۆژائاوای هەیە کە ئاسایشی ئیسرائیل بە گرنگ دەزانێ. مێژووی دادکۆکی کردنی روسیا لە ئیسرائیل لە شەڕەکانی ١٩٦٧ و ١٩٧٣ی عەرەب دژ بە ئیسرائیل. روسیا نەچووە پاڵ عەرەب و بە دانپیانانی ئەنوەر سادات خۆی کە روسیا لە پێش هەموو وڵاتانی ترەوە هۆشداری داوەتێ کە پەلاماری ئیسرائیل نەدەن. بۆیە ئێران هیچ کات ناتوانێ پشتیوانی هاوپەیمانە ستراتیجیەکیە کە روسیایە بە دەست بهێنێ دژ بە ئیسرائیل.
چین..
لە مەبدەئی ستراتیجی چیندا نیە دەستێوەردانی سەربازی لە دەرەوەی سنورەکانی خۆیدا بکات بەتایبەت لە بەرامبەر ئیسرائیل چونکە وەستانەوەی راستەوخۆ دەبێ لەگەڵ ئەمریکا و ناتۆ و جەمسەری رۆژئاوا و چینیش هەرگیز بیر لە شتی وەها ناکاتەوە هەرچەندە ئێران ٢٠ دۆلار کەمتر لە هەر بەرمیلێک نەوت دەفرۆشێ بە چین. تایوان ئەوەڵ و ئاخیری کێشەی چینە کە لە مەداری سیاسی و پاوانخوازی خۆیدا بیری لێ بکاتەوە هێزی سەربازی بۆ بەکار بهێنێ کە ئەمە هێشتا دوورە بۆ تایوان چ جای ئێرانێک گەر بیەوێ یارمەتی بدات.
ئەنجماگیری ناوچەیی و جیهانی…
لەگەڵ هاتنە خوارەوەی خومەینی لە فڕۆکەکە ساڵی ١٩٧٩ سێ ستراتیجی دانا بۆ جمهوریە ئیسلامیەکەی ئەوانیش دژە-ئیسرائیلێتی، دژە ئەمریکایی و هەناردەکردنی شۆڕشە ئیسلامیەکەی بۆ وڵاتانی تر بەتایبەی وڵاتانی ناوچەکە. ئەم سێ ستارتیجە ئەو سێ کۆڵەکەیەن کە جمهوری ئیسلامی ئێرانی لەسەر بنیاد نراوە و بە کەوتنی یەکێکیان ئەوا توشی لەرزۆکی دەبێ چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و چ جیهانیش. نەمانی حەماس لە ناو غەززەدا، بێگومان دواتریش حزبوڵلای بە دوادا دێت، شکستی ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل نیشان دەدات و لێرەوەیە کە شەڕی ئیسرائیل- حەماس یەکەم دۆڕاو تێیدا ئێرانە.
ئێران چۆن و بۆچی دۆڕاوە لە شەڕی حەماس-ئیسرائیلدا…
لێکۆڵینەوەیەکی سیاسیە لەسەر شوێنگە و هەڵویستی ئێران لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا
128