Home ئەدەب ماڵێك نزیکی دەریا

ماڵێك نزیکی دەریا

by admin
0 کۆمێنتەکان 121 بینینەکان

شیعری : محەمەد ماغوت:
وەرگێڕانی : ڕزگار عومەر:
لە دوای وێران بوونێکی تاڵ،
هەروا لە تەنیشتمانە.
ئەو خەونەی تامەزرۆی بووین
مەستانەو بێ ڕەحمانە و بەپەلە هات
لە نێوان قاچە بیابانەکانیدا:
سوتانی ئەو کتێبانەی خوێندبوومانەوە
لەگەڵ دووکەڵی ئەو دەریایە بەرز دەبوو
کە ئێمە لێ ی پەڕیبووینەوە !
بە یەکەوە دەچووینە کەناری دەریا
لە پرچی تەڕبووی
لە دەم و لێوی ڕادەماین
کە وەکو دەنوکی باڵندە نمە بارانی دەگرتەوە،
وەکو فەرماندە
بە دڵ خۆشیەوە لە پێشمانەوە دەڕۆیشت و
قڕێژ لە دەوری گوێچکەکانی وەکو برۆ قەتماغی گرتبوو
ئێمە کۆمەڵێك:-
داناو ڕۆژنامەنوسی سەرخۆش بووین
بە گفتوگۆی پچڕ پچڕ
لەسەر دڵتەنگی و جەنگ و هەورە بێ ئابرووەکان قسەمان دەکرد،
ئێمە تینوانە بۆ کابرایەکی دێهاتی دەچەماینەوە
کە کەزی وەکو کەزی ئەسپ بوو
لە نێو مێزو قەنەفەکان هاواری دەکردو
دەستی بە ڕووماندا بەرزدەکردەوە،
ئێمە گیانمان دەداو
لەوێش شیعریش جەنازەیەك بوو
باڵداری سوور بەرەو مەنفا بە ڕێیان دەکرد!

لێدوانێک بەجێ بهێلە