Home بیروڕا ئیسرائیل بێ ئاگا نەبووە لە ٧ی ئۆکتۆبەر

ئیسرائیل بێ ئاگا نەبووە لە ٧ی ئۆکتۆبەر

by admin
0 کۆمێنتەکان 110 بینینەکان

ئیدریس مستەفا:   
ئەم بەئاگاییەی ئیسرائیل پێمان دەڵێ:
حەماس جینۆسایدی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیلی کرد بەڵام ئیسرائیل کەمتەرخەمی لێکرد. بۆچی؟
پێرێکە رۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە پەلامارەکەی رۆژی ٧ی مانگی رابردوو. ئە وراپۆرتە لێکۆڵینەوەیەکی پۆلیسە و لەوێدا بە روونی دەردەکەوێت کە ئیسرائیل ئاگای لە هێرشەکە هەبوە و بۆ ماوەیەکی دوای ئەمەش مۆسادی ئیسرائیلی گوتیان ئێمە حکومەتەکەی ناتانیاهۆمان ئاگاردار کردۆتەوە لە شتێکی ئاوها بەڵام (ئیهمالیان) وێڵیان کردووە. ناتانیاهۆ لە لێدوانێکد ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە. ئەمڕۆکەش پۆلیسی ئیسرائیلی رۆژنامەی هارێتزی تاوانبار کرد بەوەی شتی درۆ و هەڵبەستراو بڵاو دەکاتەوە
لەو راپۆرتەدا باس لە فڕۆکەیەکی سەربازی ئیسرائیلی دەکات کە چۆن لە رۆژەدا لە میهرەجانی نوفا کاتێک حەماس پەلاماری خەڵکی مەدەنی دەدات، ئەو فڕۆکەیە شەلم کوێرم تەقە هەم لە چەکدارەکانی حەماس وهەم لە بارمتە ئیسرائیلیش دەکات کە لەو بەینەدا چەند بارمتەیەک بریندار دەبن و دواتر دەمرن. ئەم راپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ چێرۆکی ژنێکی ئیسرائیلی کە بارمتە بووە و دواتر ئازاد بووە. ئەو ژنە دەڵێ کاتێک حەماس ئێمەیان لە ماڵ هێنایە دەرەوە یەمام (کەتیبیەیەکی تایبەتی سەربازی ئیسرائیلیە) گوێیان بەوە نەدەدا کە ئیمە لەگەڵ حەماسیەکانیداین و هاوارمان دەکرد تەقە مەکەن کەچی گوێیان پێ نەدەداین ئەوە بوو لەو بەینەدا بارمتە بوونە قوربانی.
ئەم شتانە ئەوەمان پێدەڵێن:
١) کە زۆربەی کات دەوڵەتەکان و حکومەتەکان دەزانن هێرش دەکرێتە سەریان بەڵام چاوپۆشی لێدەکەن و بگرە هەندێ جار بەشداری لە گەورەکردنی رووداوەکە دەکەن تاکو مەرامی سیاسی خۆیانی پێ ببەنە پێشەوە وەک چۆن ناتانیاهۆ دەیەوێت ئەزمەی دەسەڵاتەکەی و گەندەڵیە قوڵەکانی خۆی پێ داپۆشێ. لە میژوودا ئەوە زۆر روویداوە کە دەسەڵاتەکان خەڵکی خۆیان دەکەنە قوربانی پلانێکی خۆیان.
ئەو دیدە دەخاتە ژێر پرسیارەوە گوایە حەماس هەیبەتی دەوڵەت و دەزگاکانی ئیسرائیلی شکاند و هەموو ئەو تۆڕی چاودێری و سیخوڕێتیەی ئیسرائیل درۆ دەرچوون. من پێشتریش گوتومە کە حکومەتی ئیسرائیلی زانیویانە پەلامارێک هەیە بەڵام باوەڕیان نەدەکرد بەو ئاستە بێت چونکە ئیمکانی نیە بەو هەموو کامێرا و شکاندنی سنور و خاڵی پشکنینانە کە بە تەکنۆلۆجیا رووپۆش کراوە حکومەت ئاگایان لێ نەبێ کە چەند سەد چەکدارێک بێنە ناو شارودێهاتەکانی ئیسرائیلەوە و بە ئارەزووی خۆیان شەلم کوێرم خەڵک بکوژن و ببڕن ئینجا دەیان بە بارمەتە بگرن و بڕۆن هێشتا حکومەت خەبەری نەبێتەوە بەس دوایی بکەونە شەڕی چەکدارەکان حەماس کە ئەو دەمە کار لە کار ترازا بوو.
رەهەندەکانی ئەو پەلامارەی حەماس و
بێ دەنگیەکان لە شەڕی غەززە:
ئێران لە بزواندنی حەماس دۆرا چونکە یەکەم، سەرکەوتوو نەبوو لە گردکردنەوەی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان؛ دووەمیش نەبووە هۆی تێکدانی دانوستانەکانی سعودیە و ئیسرائیل کە ئەمە مەرامێکی سەرەکی ئێران بوو. تاکو ئیستا هیچ یەکێک لەو ٥٧ دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیانە وەڵامێکی توندیان نەبووە وەک ئەوەی ئیسرائیل بە توندی بوردومانی غەززە دەکات.
بۆ ئیسرائیل ئەمە دەرفەتێکی باش بوو بۆ زووتر کارکردن لەسەر هەندێ پلانی ستراتیجی کە ئیسرائیل لەوانەبوو نەیتوانیبایە دەستیان بۆ ببات لە ئایندەیەکی نزیکدا. ستراتیجیەتی سعودیەش لە ئیستادا خۆ دوورگرتنە لە شەڕ بەهەر شێوەیەک بێت چوکە ستراتیجی ئیستای سعودیە جگە لە کردنەوەی وڵاتە بەرەو کۆمەڵگایەکی مەدەنی، هەروەها ستراتیجی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە بە پرۆژە گەورەکانی وەک شاری نیون کە لە مێژوودا بێ وێنە دەبێ.
هاتنە پشتی هەموو وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بە ئامادەبونێکی ئەو پەڕی سەربازی و مالیەوە ئاماژەیەکی تەواوە کە رەهەندی چاوپۆشی کردنی ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر چەندە مەودایەکی جیهانی هەیە بۆ ئیش کردن لەسەر هەندێ رەهەندی ستراتیجی کە بۆ ئیسرائیل نەک هەر ئاساییشی نەتەوەیی و ئاینی دەپاریزێ و فراوانتر دەکات بەڵکو بەرەو خەونی ئیسرائیلێکی گەورەتری بەرێ.

لێدوانێک بەجێ بهێلە