شیعری ئەحمەدی شاملو:
وەرگێڕانی: بەڕۆژ ئاکرەیی:
بووم بە مێو بە لقێکەوە و
بووم بە خڕکەبەردێ لە نێو لەپی منداڵێکدا.
باربەژنی پەرجوویەك
مەگەر پەنام بدا لە وەزەنگی خۆم
بەم چەشنەی کە
دەستی ستەمم هەڵیناوە
لە ئاستی خۆم!
باڵابەرز:
بە بەر دەرگای ڕوانگەمدا
وەك خولانەوەی ئەتڵەسینی هەور
هەڵێنە هەنگاو.
لە شاڵاوی باڵندەیەکی بێ پەناوە
کە دێمە ماڵ
بەر لەوەی دەرگا واڵاکەم
لە بارەگەی هەیواندا
خۆت بنوێنە
وا بکە کە شیاوی دەرفەتێکی کورت بێت،
چونکە تەور بەدەستی ڕووداو
ئیدی
دەستی ماندووی
بە فەرمان
نییە.
کێ گوتوویەتی؛
من دوا پاشەڕۆکی فەرزانەکانی زەمینم؟
– من ئەو دێوە جوانەم کە لە ئیستیوای شەودا وەستاوە
نوقمی زوڵاڵی گشت ئاوەکانی جیهان،
بچمە ناشیرنەکەشی
ئاخێزگەی ئەستێرەکەیە.
لە کۆتایی زەمیندا کەوێڵێکم هەیە
– لەوێ کە
بنەجێبوونی خاك
پاڵ بە فریوی تینوویەتیەوە دەدا
وەك سەمای سەراب
لە برگەی مرۆڤ و خوادا،
بەڵێ
لە بڕگەی خاك و پووتدا کەوێڵێکی ناسەقامم هەیە،
شنەیەکیش کە بە جەرگەی تاریکیدا تێدەپەڕێ و
گەسکێك
بە هەیوانی بێڕمێنی سڕمدا دادێنێ،
من کۆیلەی بە شان وشەوکتم بینیون
لە کۆشکە بەرزەکاندا
کە تەوقی زێڕینیان لەمل بوو،
من خەڵکی ئازادم بینیوە
لە پۆشەنی پڕ لە پینەدا
کە بەدەم سروود ووتنەوە
بەرەو مەرگی کوشتارگە دەچوون.
ماڵەکەی من لە بنی دونیایە،
لە بڕگەی خاك و
پووتدا
بە ئێمەیان ووت:
” ئەو پەیڤە پیرۆزەتان
فێر دەکەین.
بەڵام دەبێ لە پێناویدا
بەرگەی سزایەکی
گیان تەزێن بگرن”
بەرگەی سزای گیان تەزێنمان هێندە گرت
کە پەیڤی پیرۆز
هەر بەجارێ
زەینی چۆڵ کردین!
سزادان
119