Home بیروڕا ڕۆژێک لە نەخۆشخانەی منداڵان

ڕۆژێک لە نەخۆشخانەی منداڵان

(جیهانی پڕ ئازاری منداڵان)

by admin
0 کۆمێنت 106 بینینەکان

وەرزێر عوسمان: 
بەیانی زووە و چەند دەقەیەکە دوای شەش جار زەنگلێدانی مۆبایلەکەم خەبەرم بۆتەوە، بە چاوی خەواڵووەوە نان دەخۆم و خۆم ئامادەکەم بۆ دەوام. ئەمڕۆ بەیانیەکەی دەوامی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی مناڵانم هەیە، ئێوارەکەشی لەگەڵ ئەو پزیشکە پسپۆرەی ئەم مانگە لەگەڵیدام، دەبێت سەرجەم ئەو منداڵانە ببینین کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە نەخۆشخانە داخڵ دەبن. جەوی ڕۆژەکە وا دیارە هەتاو و خۆشە، لە خەیاڵی خۆمدا دەڵێم دوای تەواوبوونی دەوامەکەم و تووری ئێوارە لەگەڵ پزیشکە پسپۆرەکەدا دەتوانم بڕۆمە دەرەوە و لە خواردنگەیەکی خۆش لەگەڵ ماڵەوەماندا یان برادەراندا نان بخۆین.

بەڕێدەکەوم بۆ نەخۆشخانە. پاش گەیشتن بە فریاکەوتنی مناڵان، پزیشکی خەفەری شەو دەستاودەستی دەوامەکەم لەگەڵدا دەکات و دەوامەکەم دەستپێدەکات. تا چۆڵە و نەخۆشی نوێمان نییە، دەڵێم با سەیرێکی قاوشی دەوروبەرم بکەم تا بزانم بە گشتی نەخۆشەکانمان چین. لە قاوشی پشتەوەم یەکەم مناڵ کە دەیبینم کوڕێکی تەمەن ٨ ساڵە، کە جۆرێکی شەلەل دەماخی هەیە بەناوی Spastic cerebral palsy، لەسەر جێگەکە پاڵکەوتووە و توانای هەڵسانی نییە، دایکی بەزۆر و بەقورسی دەتوانێت خواردن بە دەمیەوە بکات، دیارە بەهۆی گرتنی پەتا و ئیلیتهاباتی سنگ داخڵ کراوە، لە دایکی دەپرسم حاڵی مناڵەکەت چۆنە؟ ئەو بە دەموچاوە پڕ خەفەتەکەیەوە دەڵێت «دەبێت چۆنبێت دکتۆر، من چەند ساڵە هەموو ژەمێکی بەو شێوەیە پێدەدەم، لەگەڵ هەموو پاروویەکیدا دەترسم خواردنەکە لە قورگی بگیرێت یان بپەرێتە بۆری هەناسەیەوە، هەموو دەقەیەک وەکو مردن وایە بۆم کە منداڵەکانی تر دەبینم یاریدەکەن و ڕاکەڕاک دەکەن، ئەمیش ناتوانێت لە جێگەکەی هەڵبستێت و ناچارە تەنها سەیریان بکات و بڵێت چی دەبوو منیش وەکو ئەوان بوومایە؟». هەرچی بکەم ناتوانم لە خەمی ئەو دایکە تێبگەم کاتێک هەموو دەقەیەک منداڵەکەی دەبینێت کە حاڵی ئاوهایە و وەکو منداڵەکانی تر نییە.

ئەو نەخۆشە بەجێدەهێڵم و نەخۆشی دواتر کچێکی ٤ ساڵانە، کە لە دوورەوە دیارە هەناسەی بە قورسی پێدەدرێت و ئۆکسجینی پێوەیە و وا دیارە ڕەبۆ Asthmaـی هەیە، ئەو تەرکیزی تەنها لەسەر هەناسە قورس و کورتەکانیەتی و ناتوانێت بەو حاڵەیەوە تەرکیزی لەسەر هیچی تر بێت، دەترسێت یەکێک لەو هەناسانەی ئیدی دواین هەناسەی بێت. لە سیما و جلوبەرگ و شێوازی هەڵسوکەوتی دایکیدا دیارە کە خەڵکی ناوچەیەکی هەژارنشینی دەرەوەی شارە. لە دایکی دەپرسم کچەکەت چیەتی و چۆنە، ئەویش پێم دەڵێت «شکور باشترە لە دوێنێشەو، بەڵام زووزوو ئاوا هەناسەی قورس دەبێت و دەبێت بە پەلە بیگەیەنمە ئێرە، بەخوا ماڵیشمان دوورە و دەزانیت چەند قورسە کە بەردەوام دەبێت فریای ئێرەی بخەم، جا بەخوا سەیارەشمان نییە و زۆر قورس دەگەمە ئێرە. ئاخر دکتۆر گیان ئەم کچەی من بە بچوکترین بۆن یان ڕاکردن و یاریکردن وای لێدێت. باوەڕبکە ئەوە دوو ساڵە بەهاران ناچینە سەیران، لەبەر ئەوەی هەناسەی ئاوا قورس نەبێت بەهۆی هەڵاڵەی ناو گوڵەکانەوە. ئاخر هەمووکەس حەزی بە گوڵە، بەس من نەبێت ڕقم لێیە چونکە هەمووجار خەریکە کچە تاقانەکەم بخنکێنێت، دکتۆر گیان خۆزگە من ئاوا هەناسەم تەنگ بووایە نەک ئەو ئاوا ببینم هەموو دەقەکەیەک، خەریکە دەمرم کە دەیبینم لەبەر هەناسەتەنگی ناتوانێت تەنانەت بخەوێت. وا هەستدەکەم هەموو تەمەنم لە نەخۆشخانەدا دەڕوات، بەڵام بریا هەر ڕۆیشتنی تەمەنم بووایە و کچەکەمی پێ چاکبووایە». بیر لەوە دەکەمەوە چەند ناخۆشە بەهاران دەوروبەرت هەمووی دەچنە دەرەوە بۆ سەیران، بەڵام تۆ بەهۆی نەخۆشی کچەکەتەوە، وەکو زیندان لەماڵەوە بیت، بیرلەوە دەکەمەوە دەبێت هەستت چۆن بێت.

هێشتا نەچووبوومە نەخۆشی دواتر، دەنگەدەنگ لە ژووری فریاکەوتنەوە دەستیپێکرد، گەڕامەوە شوێنی خۆم و دەبینم دایکێک منداڵێکی ٢ ساڵانی بەدەستەوەیە کە گەشکەیەتی، دایکەکە کچێکی گەنجە و بەتەواوی پەشۆکاوە، هەر ئەوەندە ماوە ڕووحی دەربچێت و دیارە شتی وای نەدیووە. بەخێرایی چارەسەری سەرەتایی بۆ مناڵەکە دەکرێت و دەرزی هێورکەرەوەی بۆ دەکرێت و گەشکەکەی دەوەستێت، بەڵام هێشتا دایک و باوکی دەگرین و لە شتەکە تێناگەن، وا دیاره ڕووحیان گەیشتۆتە سەری لووتیان تا گەیشتوونەتە نەخۆشخانە و وایانزانیووە منداڵەکەیان دەمرێت. ڕاستی حاڵەتی مناڵەکەش دەکرێت شتێکی قورس نەبێت، بەڵکو گەشکەی کاتی تا Febrile Seziure شتێکی دەگمەن نییە لەو تەمەنەدا و ئێمە هەموو ڕۆژێک ١٠ منداڵی ئاوا داخڵ دەکەین، بەڵام کێ دەڵێت ئەوە هۆکارە؟ تۆ بڵێی ئەم منداڵەش وەکو چەندینی تر تووشی نەخۆشی درێژخایەنی پەرکەملێهاتن Epilepsy نەبووبێت و هەموو ژیانی بە خواردنی دەرمان بباتەسەر و هێشتاش هەموو ساتێک بترسێت لەوەی بکەوێت و ئاگای لە دنیا نەمێنێت و لە هەر ئانوساتێکدا لەناو خەڵکدا یان لەسەر شەقامێک ناکەوێت بەزەویدا. ئایا ئەویش کە گەورە بوو وەک ئەو ژنەی لێ نایات کە بەسەر تەباغی ماڵەکەیەوە گەشکە لێی دابوو و هەموو گیانی سووتابوو و دەموچاوی بەتەواوی شێوا؟ پشکنینی تەواو بۆ منداڵەکە دەکەین و هەندێک پشکنینیش بۆ تاقیگەکە دەنێرین. پاش جێگیربوونی حاڵەتەکەی، دووبارە دەچمەوە قاوشەکەی دەوروبەرم.

مناڵێکی دیکەی تەمەن نزیکی ٦ ساڵانم لێدیارە کە زوو شێوەی دەموچاوی سەرنجم بۆلای خۆی ڕادەکێشێت. لێی نزیکدەبمەوە، دەبینم خاڵێکی ڕەنگتۆخی گەورە نیوەی دەموچاوی شێواندووە و کە وا دیارە لەو خاڵانەیە کە لە زگماکیەوە دروستدەبن Giant congenital melanocytic nevus و بە خەمباری چاوی بڕیووەتە چاوم، لێی دەپرسم کچی جوان چۆنیت؟ وا دیارە وشەی “جوان”ـی زۆر پێخۆشبووبێت و بە زەردەخەنەیەکەوە پێم دەڵێت «یانی تۆ وەکو منداڵەکان لێم ناترسیت دکتۆر؟». پرسیارەکەی بەتەواوی ڕامدەچڵەکێنێت، تەنانەت لە نەخۆشخانەش جێگاکانی تەنیشتی چۆڵن و دیارە دایکانی تر نەیانویستووە منداڵەکانیان بیبینن و بترسن. تۆ بڵێی ئەم منداڵە هەستی چۆن بێت کاتێک دەبینێت مناڵانی تر یاری لەگەڵ ناکەن و لێی دەترسن؟ بە پیسی سەر جلەکانی و ئاڵۆزکاوی قژی بێت، وا دیارە منداڵێکی بێخزمەتە، لەخۆم دەپرسم تۆ بڵێی دایکیشی بەهۆی شێوەیەوە خۆشی نەوێت و وازی لێهێنابێت؟ پێم وانییە هیچ دایکێک وابێت بۆیە لێی دەپرسم کوا دایکت، لەو ساتەدا ژنێک لە پشتەوە دێت و دەڵێت «دکتۆر گیان دایکی نەماوە، من پووریم و منی لەگەڵدام». دڵم توند دەبێت و بیر لەوە دەکەمەوە کە منداڵێک دەبێت چۆن بێت بەبێ ئەو هەموو نازهەڵگرتن و خزمەتەی دایک. زوو دوای ئەوەی دەزانم بۆ سکچوون و ڕشانەوە داخڵ بووە و ئێستا حاڵی باشە جێگەکەی جێدەهێڵم.

کاتێک دەگەمەوە جێی خۆم، منداڵێک بە باوەشی باوکیەوە ڕووەو مێزی فریاکەوتن دێت. تەمەنی کچەکەی ١٢ ساڵانێکە، بەڵام وەکو ئەوە وایە هەموو جومگە و ئێسکەکانیت گرتبێت و بە دەستت خوارتکردبن و شێواندبێتن، بەتەواوی پەکەوتەیە و دیارە بەهۆی خواروخێچی بڕبڕەی پشت و قەفەزەی سنگیەوە هەناسەشی باش نییە. زوو دیارە حاڵەتەکەی Arthrogryposis multiplex congenita ـیە و شتێکی نوێ نییە، بەڵام بەهۆی گرتنی پەتای وەرزی و قورسبوون لێیەوە هاتۆتە نەخۆشخانە. دوای ئەوەی داخڵی دەکەین و چارەسەری سەرەتایی بۆ دەنووسین، پرسیاری حاڵی دەکەم لە ماڵەوە، باوکی پێم دەڵێت «دکتۆر گیان نازانم تۆ منداڵت هەیە یان نا، بەڵام بیری لێبکەرەوە هەستت چۆنە هەموو ساتێک منداڵەکەت ئاوا ببینیت لەسەر جێگەیە و ئەوە حاڵی بێت، کاکە من کە لە دەوام دێمەوە، سەرم دادەخەم نامەوێت مناڵانی گەڕەک ببینم کە لە دەرەوە یاری دەکەن و کچەکەی من ناتوانێت هەڵبستێت. دکتۆر ئەوە بەڕاست خەڵک هەیە لەسەر هاوروهاجی لە منداڵەکەی بدات؟ خۆزگە کچەکەی منیش بیتوانیایە هەڵسێت و هەموو ماڵەکەمان وێران بکات». لەو ساتەدا پیاوێکی دی کە برازاکەی هێناوەتە نەخۆشخانە و لەوێ وەستاوە پێی دەڵێت «کاکە گیان شکووربە کە تۆ بەس نییە منداڵێکت هەیە، من خوا ئەوەشی نەداومەتێ و هەموو ڕۆژێک خەفەت دەخۆم، بەڵام هەر شکووریشم».

لە گفتۆگۆ لەگەڵ باوکیدابووم کاتێک دایک و باوکێکی دیکە بە کوڕە ٦ ساڵەکەیانەوە بەرەو مێزی تەواڕی هاتن. کوڕەکەیان ناوەستێت و بەردەوام دێت و دەچێت و وەکو وایە لە جیهانێکی دیدا بێت، ناتوانێت تەرکیز لەسەر هیچ بکات و گوێ لە هیچ بگرێت، دەمەوێت سەیرێکم بکا بەڵام ئەو لە دنیای خۆی نایەتە دەرەوە، ئەو دنیایەی ئێمە ناومان ناوە ئۆتیزم Autism spectrum disorder. باوکی بە دەموچاوە ماندووەکەیەوە پێم دەڵێت «توخوا دکتۆر گیان ئەو کوڕەمان ٣ ڕۆژە نەخۆی دەخەوێت، نە ئێمەش توانیوومانە دەقەیەک بخەوین، پیاوی چاکبە دەرزیەکی خەوی بۆ بکە. بەخوا دکتۆر دایکی مۆڵەتی دەوامی بۆکراوە چەند ساڵێکە، منیش ناچار خۆم خانەنشین کردووە، نە ماڵمان ماوە نە دەوام، نە خێزان، بەخوا چەند ساڵە نەمانتوانیووە وەکو خێزانێک سفرەیەک ڕابخەین و نانێک بە ئیسراحەت بخۆین، نەمانتوانیووە وەکو مرۆڤ خولەکێک بە ئیسراحەت دابنیشین لە ماڵماندا». سەیری ڕەفتاری منداڵەکە دەکەم و بیر لەوە دەکەمەوە گەر تەنها ١ کاتژمێر بڵێن تۆ بەرپرسیاری ئەم مناڵەیەت چەند قورسە، جا چی بەوەی هەموو ژیانت بەرپرسیاربیت لێی. منداڵەکان داخڵی قاوش دەکەین و چارەسەری سەرەتاییان بۆ دەنووسین.

سەیری کاتژمێرەکەم دەکەم و هێشتا تەنها چەند کاتژمێرێکی دەوامەکەم ڕۆیشتووە، تۆ بڵێی دواتر لە تووری ئێوارەدا چی تر ببینیم؟ خەمی ئەوەی ئایا نیوەڕۆ لەگەڵ پزیشکە هاوکارەکەمدا چی داوابکەین بۆ خواردن ئەوانەم لەبیر دەباتەوە.

٭نووسینەکە ڕووداوێکی تەواو ڕاستیی یەک ڕۆژ نییە، بەڵکو لێکدانی ئەو حاڵەتە جیاوازانەیە کە لە ماوەی دەوامکردنی چەند مانگێکی نەخۆشخانەی منداڵان و لە دەوامی نەخۆشخانە ناحکومیەکاندا بینیوومن، کە هێشتا چەند بەشێکی تریشی ماوە.

سەرچاوە: فەیسبووکی د.وەرزێر عوسمان

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر