هەموو بکوژانی: کاوە، سەردەشت، سۆران، ویداد، فەرهاد، شاپورو قابیل و سەدان کەسی کە پەڵەیەکی شەرماوەرە بە نێوچاوانی ئەحزابی دەسەڵاتدار لە کوردستان!
دە ساڵ بەسەر تیرۆری کاوە گەرمیانیدا تیدەپەڕیت، نەک هەر بکوژانی ڕاستەقینەی کاوە گەرمیانی دەستگیرنەکراون بەڵکو هەموو ئەو رۆژنامەنوس و هەڵسوڕاوە سیاسی و ئازادیخوازو ژنان و نەیارانی دەسەڵات کە لە ژێر سایەی پارتی و یەکێتیدا تیرۆرکران دەستگیر نەکراون و سزا نەدراون و کەیسەکان بەلاڕێدا براوەو تاوانباران بە ئازادانە دەسوڕێنەوەو لە گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەگەڵ دەسەڵاتداراندا شەریکن.
مێژووی ٣٢ ساڵ لە دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆتە لاپەڕەیەکی ڕەش لە برسیکردن، نانبڕین، بێموچەیی، بێ ئاووکارەبایی و نەبوونی خزمەتگوزاری، شەڕی ناوخۆ، گەندەڵی، نۆکەری بۆ وڵاتانی دراوسێ و جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمەریکا و کوشتن و تیرۆری ژنان و پیاوان لە کوردستان.
رۆژ نیە لە میدیاکانەوە هەواڵی کوژرانی ژنان و لاوان نەبیسترێت، رۆژ نیە میدیاکان خەڵکی بە زەلیلی لەبەر نەبوونی و نەداری و بێکاری و نەدانی کرێخانوو نیشان نەدەن، رۆژ نیە مەرگی کرێکار نەبیسترێت، رۆژ نیە منداڵ بە کەساسی نیشان نەدرێت، هەواڵی رۆژانەی قوتابیان زۆرە لەبەرنەبوونی قوتابخانە جێدەهێڵن و بۆ یارمەتی خێزانەکانیان ناچاری کارکردنن، رۆژ نیە هەواڵی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و کرێکاران و کارمەندان نەبیسترێت، هەموو ئەمانە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی، ڕوودەدەن، کە پارتی و یەکێتی هێزی یەکەمن و باقی هێزەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن بە قەومی و ئیسلامیەوە شەریکن.
وەڵامنەدانەوەی پارتی و یەکێتی بە ناڕەزایەتیەکانی چەند مانگی مامۆستایان بەشێکە لەو کارنامە ڕەشەی دەسەڵاتێک کە باکی بە برسێتی و نەبوونی مامۆستایان و ئایندەی قوتابیان نیە، هەروەک چۆن بێباکن لە هەزاران لاو کە رێگای نادیاری دەریای ئیجە دەگرنەبەر بۆ ژیانێکی باشتر، هەموو ئەوانە ئەڵقەی زنجیرێکی لێکگرێدراون کە دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی تری دەسەڵات و سەرانیان بەرپرسن و دەبێت ریسواو دادگایی بکرێن.
تا ئەوکاتەی دەستی رەشی بکوژانی راستەقینەی کاوە گەرمیانی نادیار دەبن کاوە گەرمیانی لە ریزی پێشەوەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیە رەواکانی خەڵکی نەداری کوردستان دایە، لەهەناوی سەدان هەزار گەنج و مامۆستاو خەڵکی کەمدەرامەت لەجۆشدایە. کاوە هاوارو ئازاری نەوەی نوێیە دژ بە نایەکسانی و سەرکوت بۆ ئاڵۆگوڕ لە کۆمەڵگای کوردستان. پەیامی کاوە دامەزراندنی داهاتوویەکی درەخشان و دەستبەرکردنی ئازادیەکان و ماف و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستانە. هەربۆیە کۆتاییهێنان بە تیرۆر و ئارامی ئاسایشی خەڵکی کوردستان بەندە بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی میلیشیا و سەرکوت و گەندەڵی.
هەربۆیە کاوە گەرمیانی وەک سمبولێکی ئازادی و رەخنەی قوڵی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش لە دەسەڵات دەبێتە هەوڵەکانمان بۆ گەیاندنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یەکێتیە کرێکاریەکان و حزب و لایەنە سیاسی و چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو ژیانە مەرگەساتەی بەسەر خەڵکیدا داسەپینراوە بۆ ئازادی و ژیانێکی شایستە لەپیناو داهاتوویەکی ئینسانی بۆ نەوەکانی داهاتوومان.
رێکخستنی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣