توانا حەمە نوری:
گەشەسەندنی هێزە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە سەرانسەری ئەوروپا پێویستی بە شیکاری زیاترە وە هەروەها ئیدانەکردینشە.
پارتی ئازادی گێرت وایڵدەرز لە هەڵبژاردنەکانی هەفتەی ڕابردووی هۆڵەندا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا. ئەمەش دوای سەرکەوتنی جۆرجیا میلۆنی لە ئیتاڵیا و بەهێزبوونی پارتی بەدیل لە ئەڵمانیا AfD و ئەگەری ئەوەی کە ماری لۆ پێن ببێتە سەرۆکی داهاتووی فەڕەنسا.
ئەم حیزب و لایەنانە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتیەکان بوون، بەتایبەتیش دوای کەڵەکەبوونی کێشەکان لە دوای قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ – ئەگەر پێشتریش نەبێت -، وە ئەوەی کە دەسەڵاتداران، جگە لە سیاسەتی سک هەڵگوشین و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ناتوانن وەڵامی کێشەکان بدەنەوە وەکو زیادبوونی کرێی خانووبەرە، لەدەستدانی کار، کەمی خانوبەرە، کەمی کرێی هەقدەست، گرانی، بەرزبونەوەی نرخی وزە و کاڵا و شمەکەکان و کێشەی تریش.
پێدەچێت قەیرانی وزە کە لە شەڕی ئۆکرانیا و سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیا سەرچاوەی گرتووە، هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی بووبێت.
گێرت وایڵدەرز هەڵبژاردنی هۆڵەندای بردەوە بەهۆی شکستی نیولیبرالیزم, بەڵام ئەم و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی هاوڕێشی هەرگیز بەرەنگاری نیۆلیبرالیزم نابنەوە، ئەگەرچی سوود لە وشەی رادیکال دەبینن، بەڵام لەبری ئەوە، دوای ئەرکی نوێکردنەوەی سیستەمەکە کەوتون بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی-کەلتووری و لە کۆتاییا هەوڵدەدەن بۆ دابەشکردنی چینی کرێکار و بێبایەخکردنی کۆمۆنیستەکان و چارەسەرە سۆشیالیستییەکان.
تیشکێکی زۆر دەخەنە سەر کۆچبەران لە هەمان کاتیشا ئاگاداریشن کە ئامانجی هاندانی کۆچکردن لە لایەن چینی دەسەڵاتدارەوە بۆ کەمکردنەوەی بەهای هێزی کارە لە ئابووری ئەوروپادا، نەک لەبەر ئەوەی حەزیان لە فرەکلتوری بێت.
ئەم ئامانجە بە شێوەیەکی تر لە ڕێگەی ئامرازی تریشەوە بەدەست دەهێنن کە لەگەڵ ئەجێندای نەتەوەیی و پۆپۆلیستیدا بگونجێت، وەکو لاوازکردنی سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕێگریکردن لە مانگرتن و خۆپیشاندان و لاوازکردنی یاساکانی کار و سەلامەتی شوێنی کار و هەنگاوی تر بۆ تێکدانی یەکڕیزی و پەراوێزخستنی چینی کرێکار.