Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانیبۆ یادی دە ساڵەی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی

بۆ یادی دە ساڵەی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی

کاوە گەرمیانی ڕۆحێک بۆ هەمیشە لە ناوماندا دەژی...

by admin
0 کۆمێنتەکان 90 بینینەکان

کاوە گەنجێکی بزێو، ڕۆحێکی یاخی پڕ لە وزەی پۆزەتیڤ و ئومێدی گەورە بۆ نیشتیمان و گەرمیان، ئەو دڵێکی پڕ لە هیوا و قەڵەمێکی زیندووی ناو جوگرافیای ئەنفال و گەڕیدەیەکی بوێر بە دوای دادپەروەری و داکۆکی لە ئازادی و ڕێزگرتن لە بوون و کەرامەتی مرۆڤ بوو.
کاوە، ڕۆژنامەنووسێک بوو، خەونی بە گەورەکردنی سەرزەمینی ئازادییەوە دەبینی، بۆ دیموکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدەکۆشا. ئەو لە ڕێی کاری ڕۆژنامەنووسییەوە، پەنجەی بۆ ڕووبەرەکانی ستەم و بێدادی دەبرد و دەیویست لە ڕێی میدیای بیستراو و بینراوەوە بیانگوازێتەوە بۆ نێو دونیای ڕووناکی و پانتایی کۆمەڵایەتی. کاوە گەرەکی بوو هەمووان وەک خۆی ستەم و بێدادی دەسەڵات ببینن، لە مەترسییەکانی بێدادی، دەستدرێژی بۆ سەر ژیان و سامانی گشتی، هەڵتەکاندنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستانی بەگشتی و گەرمیان بەتایبەتی تێبگەن. هەر ئەو جوانی بینین و دوور ڕوانینەش بوو، ئارامی لە دەسەڵات و عەقڵە دژە ئازادی و دژە دیموکراسییەکان بڕی. سەرەنجام وەک هەر دەسەڵاتێکی دیکەی ستەمکار و پەلاماردەر بۆ سەر ئازادی، ئازادی پیشە و کاری ڕۆژنامەنووسی، پەلاماری ژیان و بوونی کاوە درا، قەڵەم و میدیای ئازاد و جەستەی گەنجێک بەیەکەوە خەڵتانی خوێن کرا.
تیرۆری کاوە، تەنیا بریتی نییە لە تیرۆری ڕۆژنامەنووسێک، بەڵکو پەلاماردانە بۆ سەر ئازادی مرۆڤ و ئازادی وشە و نووسینیش. لەوەش زیاتر خەونێکە هەموو دەسەڵاتێکی دژە ئازادی و دژە مرۆڤ، بە دروستکردنی سەرزەمینی کۆمەڵایەتی ملکەچییەوە دەیبینێت، دەسەڵاتێک دەخوازێت، کۆی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی دەرەوەی خۆی، ڕۆژنامەنووس، نووسەر، ڕۆشنبیران و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ڕێی زمانی تفەنگ و بە عەقڵی خوێن مامەڵە بکات و بەرەو دونیای بێدەنگی و ملکەچیان ببات. بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو عەقڵ و دیدە ترسناکە، دەبێتە ئەرکی تەواوی مرۆڤە ئازاد و ئازادیخوازەکان، دەبێتە بەشێک لە کاری پیشەیی و ئەخلاقی هەموو ئەوانەی بڕوایان وایە، کاوە و هاوشێوە ڕۆژنامەنووسەکانی، بوون بە قوربانی دەستی ستەم و بێدادی.
گرفتی فێرنەبوون لە مێژوو، کێشەیەکی ترسناکی هەر دەسەڵاتێکی ستەمکارە، ئەو دەسەڵاتانەی نایانەوێت لە مێژوو فێر بن، هەمیشە لە بری لێکتێگەیشتن و دیالۆگی هاوچەرخ و مەدەنی، زمانی زبر و سەرکوت و تیرۆر وەک بژاردەیەک دەبینن. هەموو دەسەڵاتە شمولییەکانی مێژوو بەم جۆرە مامەڵەیان کردووە، هەرهەمووشیان، ئەگەر لە قۆناغێکیشدا سەرکەوتوو بووبن، بەڵام دواجار لە شەڕی سەرکوتکردنی ئازادی لە ڕێی تیرۆرەوە شکستیان خواردووە، سەرەنجامیش بە هەموو ناشیرینییەکانیانەوە بوون بە بەشێکی ناشیرین لە مێژوودا. بۆیە ئەم عەقڵ و دەستە خوێناوییانەی پەلاماری کاوە و لەڕێی کاوەشەوە پەلاماری ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی و ئازادی ئاخافتن و نووسین دەدەن، بە تەنیشت دەموچاوە سیاسییە ناشیرینەکانی دیکەی مێژووەوە، دەبن بە بەشێکی دی لە مێژوویەکی تەڵخ و ناشیرین. ڕۆحە پڕ لە ئازادی و هەمیشە زیندووەکەی کاوە و هاوڕێ و هاوپیشەکانیشی، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووناکی زیاتر بە گۆشە تاریکەکانی نیشتیمان دەبەخشێت و مژدەی ئازادی بە گەرمیانەکەی کاوە و تەواوی ئازادیخوازان دەدات.

سڵاو بۆ ڕۆحی ئازاد و قەڵەمەکەی کاوە،
سڵاو بۆ ئازادی، ئازادی ئاخاوتن و نووسین، نەفرەت لە تیرۆر و هەموو ئەوانەی لە پشتی تیرۆرەوە دەوەستن.

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ

(ڕۆنووس)
٥/١٢/٢٠٢٣

لێدوانێک بەجێ بهێلە