ئەگەر کوردستان بەشێكه لە عێراق، وەک حکومەتی بەغدا بانگەشەی بۆ دەکات، ئەوا دەبێت لە سەرتاسەری عێراقدا بە شێوهیەکی تەواو یهكسان مامەڵە لەگەڵ کرێکاران و فەرمانبەراندا بکرێت.
خۆپیشاندانی هەزاران مامۆستا و فەرمانبەر بۆ خواستی بژێوی و گێڕانەوەی مووچەکانیان کە ماوەی سێ مانگە وەریان نەگرتووە ئەم ماوانە زۆربەی شارەکانی کوردستانی گرتۆتەوە بەتایبەتی شاری سلێمانی. ئەوان لە هەوڵدان تا لەڕێگەی ناڕەزایەتیەکانیانەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچاربکەن بە دانی موچە نەدراوەکانیان. ئەو پەلامارەی کە کرێکاران و کارمەندانی کوردستان ڕووبهڕوویان بۆتهوه بەهۆی ململانێی نێوان هەردو حکومەتی بەغداو هەرێمەوه، پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی ژیان و بژێوییانە کە لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا بێ وێنەیە. ماوەی زیاتر لە دەیەیەکه زۆرینەی خەڵکی کوردستان زیاد له موچهی ٦٠ مانگیان وهرنهگرتووه كه یەکسانە بە هی پێنج ساڵ، لەکاتیکدا موچە تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیان و بە زیندوویی مانەوەیانە. سەرەڕای بانگەشەی هەردوو حکومەتی بەغدا و هەرێم کە گوایه گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و کێشەکانی نێوانیان چارەسەرکردووە، بەڵام هێشتا پرسی ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران و کرێکاران و خانەنشینانی کوردستان لەلایەن حکومەتی بەغداوە وەک کارتی فشاری سیاسی بەکاردەهێنن بۆ لێسەندنەوەی ئیمتیازات و تەنازولپێکردنی حزبە ناسیۆنالیستە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم.
مامەڵەی بەغدا لەگەڵ بهشی ههره زۆری جەماوەری کوردستان، بەشێکە لە سیاسەتی نایەکسانی و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیبوونی ئەوانەی کە لە جوگرافیای عێراقدا دەژین. ئەم سیاسەته تەنها دەتوانرێت بە سیاسەتێکی ڕەگەزپەڕستی وەسف بکرێ کە هەوڵ دەدات قڵشتێک له نێوان کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێراق لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستاندا دروستبکات. ئەم سیاسەتە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ یادەوەری کردەوەکانی ڕژێمی فاشیستی بەعسی بەرامبەر بە جەماوەری کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای هەزارەی سێهەمدا.
کرێکاران و جەماوەری ئازادیخوازی عێراق
حکومەتی بەغدا لەڕیگای سزادانی کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان و بڕینی مووچەی خانەنشینی و مووچەی فەرمانبەرانەوە، هەوڵی سەپاندنی سیاسەت و هەژموونی خۆی بەسەر لایەنە ناسیۆنالیستەکانی کوردستاندا دەدات، بەمەش ڕادەی هەژاری و بێبەشی و نەبوونیی ڕۆژانە لەناو خەڵکی کوردستاندا فراوانتر دەبێت و ئازار و موعاناتە ئابووریی و بژێویەکانیان بەشێکە لە ئازار و موعاناتەکانی ئێمەی کرێکارانی عێراق. کەواتە پێویستە ئێمەی کرێکاران و هەموو ئازادیخوازان پشتیوانی خۆمان بۆ جەماوەری کوردستان ڕابگەیەنین و کاربکەین بۆ ئەوەی هەموو جۆرە فشارێک بخەینە سەر حکومەتی بەغدا بۆ ڕاگرتنی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیەی کە بڕینی مووچە و قوتی خەڵکە تا بە ئامانجە سیاسییەکانی بگات. دواکەوتنی دانی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان هیچ پاساوێک لە حکومەتەکەی سودانی قبوڵ ناکات و بەرپرسیارە لە دەستەبەرکردن و هاوتاکردنی مووچەکانیان، هاوشێوەی مووچەی کرێکاران و فەرمانبەرانی عێراق.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق لە سەنگەری پێشەوە وەستاوین بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی کرێکاران و فەرمانبەرانی کوردستان، هەروەها حزبمان لە پێشەنگی خەبات بۆ بەدیهێنانی مافی یەکسان لەنێوان خەڵکی عێراق و کوردستاندا ڕاوەستاوە، تا ئەو کاتەی ئەوان بەشێک بن لە عێراق، حکومەتی بەغدا لەسەریەتی مامەڵەی مافی یەکسان بەرامبەر هەموو خەڵکی عێراق و دانیشتوانەکەی بکات.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
٤ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣