Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی حکومەت بەرپرسیارە لە مەرگی هاوڵاتیان!

حکومەت بەرپرسیارە لە مەرگی هاوڵاتیان!

by admin
0 کۆمێنتەکان 108 بینینەکان

بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەبارەت به‌ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە قەزای سۆران

شەوی ڕابردووی ٨/٩ی مانگی ١٢، لە قەزای سۆران، ١٤ کەس لە خوێندنکاران و کەسوکاریان بەهۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەوە بەداخەوە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیشیان برینداربوون. ئەم هەواڵە کە دڵی ئێمە و خەڵکی کوردستانی هه‌ژاند، لەڕیزی هەموو ئەو ڕووداوانەدان کە ڕۆژانە گیانی هاوڵاتیانی کوردستان دەکاتە قوربانی و ئەنجامی كه‌مته‌رخه‌می کاربەدەستانی حکومەت و نەبونی سیستەمی چاودێری و ڕەچاوکردنی مەرجەکانی سەلامەتی لە پڕۆژەکانی بیناسازی و ڕێگاوبانەکاندان.
لەسایەی حکومەتی هەرێمدا خەڵکی کوردستان شاهیدی چەندین ڕووداوی تراژیدی هاوشێوەی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای سۆڕانن، کە بە هۆیانەوە سەدان کەسی کردۆتە قوربانی. حکومەتێک کە نەک هەر خۆی بە بەرپرسیار نازانێت لەئاست ژیان و گوزەران و سەلامەتی هاوڵاتیاندا، بەڵکو ژیان و مەرگی هاوڵاتیانی سپاردووە بە بازاڕی کۆمپانیاکان و تا ئەو ڕادەیە دەستی ئاوەڵاکردوون کە لەپێناو کۆکردنەوەی قازانجدا، هیچ حسابێک بۆ سەلامەتی گیانی و ماڵی هاوڵاتیان نەکەن. ڕووداوەکانی تەقینەوەی غازی ماڵان و ئاگرکەوتنەوە لە بینا و چێشتخانەکان و ئوتێل و بەشە ناوخۆییەکان، تا ڕووداوەکانی هاتوچۆ و لافاو، شۆرتی کارەبا و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و هەموو ئەو تاوانانەی کە ڕۆژانە ڕوودەدەن، بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی کە ئەم حکومەتە نە لە غەمی گیان و سەلامەتی هاوڵاتیاندایە و نە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگه‌ی بەو جۆرە هەیە کە لانی کەمی سەلامەتی ئینسانەکانی تیا پاڕێزراو بێت. حکومەتێک کە مووچەی فەرمانبەرانی خۆی نەدات و نەتوانێ خزمەتگوزاریەکانی وەک ئاو و کارەبا و سوتەمەنی و خزمەتگوزاری تەندروستی و.. دابین بکات، لەولاشەوە ڕۆژانە به‌ناوی “باج و کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ”وە دەستدرێژی بکاتە سەر سفرە و گیرفانی خاڵی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، بەدڵنیایەوە خۆی لەئاست سەلامەتی گیانی و ژیان و بژێوی هاوڵاتیاندا بە بەرپرسیار نازانێ.
ڕووداوی سوتانی باڵەخانەی بەشی ناوخۆیی خوێندکاران، کە ١٤ ئینسانی دڵ پڕ لەهیوای کردە قوربانی، نابێ بە خامۆشی تێپەڕێت و بە شانۆگەری “پێکهێنانی لیژنەی لێکۆلێنەوە” لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بە فەرامۆشی بسپێردرێت، بەلکو دەبێ لەلایەن خەڵکی ناڕازی کوردستانەوە ببێتە بابەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و گرتنی یەخەی دەسەڵاتداران و بەرزکردنەوەی پەنجەی بەرپرسیارێتی بە ڕوویاندا و حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا و دامودەزگاکانی ڕاستەوخۆ بەرپرسیار بکرێن بەرامبەر بەم ڕوداوانە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی خەڵک دەبێتەوە.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا کە خۆی بە هاوبەش لە غەم و پەژارەی کەسوکاری قوربانیان دەزانێ و لە کەناریاندا ڕادەوەستێ و ئومێدی باشبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێ، هاوکات داوا لەخەڵکی ناوچەی سۆران و سەرجەم کوردستان دەکات کە بە خەباتی یەکگرتوانەیان و گرتنی یەخەی دەسەڵاتداران سنورێک بۆ ئەم ڕوداوانە دابنێن و قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتوانی ئەم ڕووداوە بخەنە ئەستۆی دەسەڵاتداران و حکومەتەکەیانەوە.

٩/١٢/٢٠٢٣

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە