Home بیروڕا دەبێت ئەم گەمژاندنە ڕاگیرێت

دەبێت ئەم گەمژاندنە ڕاگیرێت

by admin
0 کۆمێنتەکان 100 بینینەکان

ڕزگار حەمە ڕەشید :    
دوێنێ ناوەندی ئەندێشە لە ڤانکۆڤەر سیمینارێکیان بۆ پەرلەمانتارێکی خانەنشینی کوردستان ڕێکخستبوو بەناوی د. سەروەر عبدالرحمن.
بێگومان منیش ئەوکاتانەی لە ڤانکۆڤەرم، ئەوەندەی بۆم بڕەخسێت، لە هەموو چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییەکانی ڕەوەندی کوردیدا بەشداری دەکەم.
بەڵام بە توانای خۆشم دژی گەندەڵکاران و خیانەتکاران دەوەستمەوە و لە ڕیسواکردنیاندا بەشدار دەبم.
دوێنێ تا گەیشتمە شوێنی سیمینارەکە، دڵنیا نەبووم ئەو کەسە پەرلەمانتار بووە و ئێستا پەرلەمانتاری خانەنشینە، مامۆستای زانکۆیە و سەرۆکی ڕێکخراوێکە و لە چەند گۆڤارێکیشدا بەشی هەیە و چەند ساڵێکە خەریکی کیسە دوورینە بۆ خڕکردنەوەی زۆرترین سەرمایە لەسەر حسابی دانیشتوانی ناوچەکە.
بە شانازییەوە مووچەی خانەنشینیی پەرلەمان وەردەگرێت،
بە شانازییەوە بە بڕوانامەیەکی تەسکیە بۆکراوەوە مووچەی موفتی مامۆستایەتیی زانکۆ وەردەگرێت و میتۆدێکی نییە بۆ خوێندن و وانەوتنەوە.
بە شانازییەوە سەرۆکی ڕێکخراوێکە و پارەی سەرۆکایەتی وەردەگرێت.
بە شانازییەوە سەرنووسەر و سکرتێر و خاوەنی چەندین پۆستی تری گۆڤارەکانە و پارەیان بەرامبەر وەردەگرێت.
بە شانازییەوە ئەندامی چەندین ڕێکخراوی نوسەران و ڕۆشنبیرانە و پارەشیان لەبەرامبەر وەردەگرێت.
بە شانازییەوە دەیان کتێب چاپ دەکات و پڕی دەکات لە چیرۆک و قسەی دووبارەی بێزارکەر و حیکایەتی بەر ئاگردان و وێنەیان لەپاڵدا دەگرێت.
پرسیارێکی هەمەلایەن و چەند بەش و گشتیش لە ئەوها کاتێکدا بێتە بەردەممان، دەشێت بەم جۆرە فۆرمۆلەی بکەین:
کێ چی دەبات بۆ کوێ؟
دروشمی کەم بژی و کەڵ بژی، کورتکراوەی تێگەیشتنێکی فەلسەفییە بەرامبەر بە بوون. دەشێ دەیان ساڵ لە کەسێکیتر زیاتر بژیت، بەڵام نەتتوانیبێت ئامانجی ژیانکردن بدۆزیتەوە، بە پێچەوانەی کەسێکەوە کە ڕەنگە دەیان ساڵ لە تۆ کەمتر بژی، بەڵام ئامانجە ڕاستەقینەکەی خۆیی دەستنیشان کردووە و لە پێناویدا گیانی دەبەخشێت. ئیتر ئاسوودەیی و بەختیاریی ڕاستەقینە لەوێدایە.
ڕۆژانە، سەرخستنی بەردێک لە بناری چیایەکەوە بەرەو لووتکە، کەدڵنیاش نەبیت لەوەی دەگات، زۆر پڕژیانترە لەوەی ڕۆژانە بە ترسەوە تەماشای بەردەکە بکەیت و هیچ هەوڵێکی لەگەڵدا نەدەیت.
لەکاتێکدا ئەم لێبووکانەی بەردەستی دەسەڵاتە لەرزۆکەکەی باشوور، بێشەرمانە دێن و دەڵێن سیمینار دەگرین، بۆ دەبێت ئێمە شەرم بکەین لەوەی حەقیقەتی ژیانە پڕ لە شەرمەزاریەکانیان باس بکەین؟
بە پێچەوانەوە، پێویستە باسیان بکەین، تا هاوشێوەکانیان بەو چاوقاییمییە نەیەنە بەردەممان و ڕێگەی قسەکردن بە خۆیان بدەن.
دەبێت پێیان بڵێین، نەخێر ئاسایی نییە!
دەبێت ئەوەیان پێ بڵێین، تا ئەو ڕێچکە پڕ لە شەرمەزارییەی ئەوان، نەبێتە ڕێچکەیەکی ئاسایی ناو کۆمەڵگە و ناو ڕێگەڕۆشتنی نەوەکانی داهاتوو.
نەخێر ئاسایی نییە ئەندامی پەرلەمانێکی کارتۆنیی بیت کە تەنیا ئەرکی درێژەدانە بە گەمەیەکی قێزەوەنی دەسەڵاتێکی تیرۆریست و سەرکوتگەر.
نەخێر ئاسایی نییە پەرلەمانتاری خانەنشین بیت و بشگەڕێیتەوە سەر فەرمانبەرێتییەکەی خۆت و دوو موو چە وەر بگریت و سەرۆکی ڕێکخراوێکیش بیت و لە چەندین گۆڤار و سایت و ڕۆژنامە و سەنتەر و سەندیکا مووجە وەربگریت.
نەخێر ئاسایی نییە بە پلەی سەربازی خانەنشین بکرێیت.
نەخێر ئاسایی نییە لە ناڵیش بدەیت و لە بزماریش. خۆت بەشێک بیت، یان هۆکارێکی کاریگەر بیت بۆ مانەوە و درێژبوونەوەی تەمەنی ئەم شتەی ناوی کیانی کوردییە و لە هەر دوژمنێکی کورد زیاتر خەریکی لەناوبردنی نەک کییان، بەڵکو تەواوی تایبەتمەندێتییەکانی ئەو کەسایەتییە کوردییەیە. ئەو کیانەی لە هەشتاکان و ساڵانی پێشتریشدا حسابی بۆ دەکرا. کەچی بۆ بێبەهاکردنی ڕەخنە، ئەرکی ڕەخنەگرتنێکی بێ مۆراڵی ئەو سیستمە بگریتە ئەستۆ.
نەخێر نەک ئاسایی نییە، تۆ بۆت نییە ڕەخنە لەو دەسەڵاتە بگریت کە تۆی کردۆتە بووکەڵەیەکی هەرزانی ناو گەمەکانی خۆی، تا بەناوی ڕەخنە گرتنەوە بەهایەک بۆ ڕەخنە نەهێڵیت.
ئەو تاکتیکە سادە و ساویلکانەیەی هەموومان لێی تێدەگەین، بەڵام لە بێدەنگیی ئێمەدا، سەدان دانیشتوانی پێ لەخشتە دەبەن.
ئیتر ئەوەندەی بتوانین، لە شاری ڤانکۆڤەر فلتەر دادەنێین بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لێرە چالاکیی بکەن، دیارە فلتەری تاکە کەسی یان چەند کەسیی.
کە دەچیتە ناو هەڵەبجەوە نوسراوە، بەعسییەکان بۆیان نییە بێنە ژوورەوە.
بەڵام لە ناوەڕاستی دوو هەزارەکاندا، بەر لە دروستبوونی سەرەخۆرەی ناڕەزایەتییەکان (گۆڕان)، گەورەترین ناڕەزایەتیی لە شاری هەڵەبجە بەڕێخرا و تێیدا مۆنۆمێنتەکەش سوتێنرا. گوتاری ئەو ناڕەزایەتییانە ئەوەبوو بە حیزبە خۆسەپێنەکانی کوردستان بڵێن، نەک تەنیا بەعسییەکان، بەڵکو گەندەڵکاران و خیانەتکاران و خۆفرۆشان و کۆیلە و چڵکاوخۆرەکانی سەر بەو پەرلەمان و حکوومەتەی ئێوەش بۆیان نییە بێنە ژوورەوە.
بەڵام ئیتر وەک خوویەکی هەمیشەییان، دەسەڵات و چەکداران، بە توندوتیژ ترین شێوە کەوتنە سەرکوت کردنی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە و جڵەوی دۆخەکەیان گرتەوە دەست. ئەو جۆرە لە سزا و چاودێری و لێپێچینەوە، لەناو سیستمە زۆر تۆکمە و تۆتالیتارەکانیشدا بەکەمی دەبینرێت.
ئەم کاک سەروەرەش یەکێکە لە پایەکانی مانەوە و درێژبوونەوەی ئەم جۆرە لە دەسەڵات. هۆکارەکەشی ئەوە نییە کە ئەمە سیستمێکە و ئەوان بڕوایان پێی هەیە، نەخێر، بەتەواوی بە پێچەوانەوە، لەبەر ئەوەیە کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمان، کە لەسەر حسابی ماڵ و حاڵ و مووچە و ژیانی تاکەکانی تری ناو ئەو کۆمەڵگەیەیە، بە مانەوەی ئەو سیستمە گەندەڵ و بەربادەوە بەند و پەیوەستە.
تەنیا ڕێگەیەک بۆ ئاسایی بوونەوەی ئەو دۆخە ئەوەیە، دەست بەجێ دەستلەکار کێشانەوە و دەست لە خانەنشینی هەڵگرتنی خۆتان ڕا بگەیەنن.
ئەمڕۆ زووترە لە سبەینێ.

لێدوانێک بەجێ بهێلە