ئیدریس مستەفا: 
بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم…
یەکەم:
یەکێکە لە رەگەزە سەرەکیەکانی سیاسەت تێگەیشتنە لە هاوسەنگی هێزەکان. سیاسەت پێش ئەوەی ئیرادە و مەبدەئو و بیروباوەڕ بێت دیتینی هاوسەنگی هێزەکانە چونکە ئەو هاوسەنگیانە سیاسەت و فکری سیاسی تۆ دیاری دەکەن لە قۆناغێکی دیاریکراو یا هەستیاردا. ئەو بارودۆخە سیاسیەی رۆژاڤای تێدا دەژی تژە بە هاوسەنگی هێزە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان کە لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایەدا ناوچەیەک نیە ئاوها گەمارۆدرابێ بە چەندان هێزی گەورە و قورس و ترسناک. رۆژاڤا ئەوەندەی دەبێ بە دوای مافی هاوڵاتی بوونی مرۆی کوردەوە بێت ئەوەندە بە دوای مافێکی نەتەوەییەوە نەبێت وەک ئەوەی کێبەرکێ بکات لەگەڵ ئەو بیرە نەتەوەییە عەرەبیەی کە جگە لە ناسازی و نەگونجان و نایەکسانی و نادادی کۆمەڵایەتی و ئینسانی و سیاسی بگرە کارەساتێش شتێکی تری ئەوتۆی بەرهەم نەهێناوە لەو کاتەوەی سوریا بووەتە کۆمارێکی عەرەبی.
دووەم:
رۆژاڤا لە یەک دەیەی رابردووەوە تاکو ئیستا عاقڵانە سیاسەتی کردووە و ئەم دەستورەش گەواهی ئەو عاقڵێتیە دەدات. بگرە، لەم دەستورەدا گەورەترین پێشنیار کراوە کە سوریا لە کۆمارێکی عەرەبیەوە بکرێ بە کۆمارێکی دیموکراتیک. ئەوەی گوایە ناوی رۆژاڤا گۆڕداروە بە شتێکی دی لە دوورونزیک پەیوەندی بەو داستانانەوە نیە کە کچان و کوڕانی رۆژاڤا تۆماریان کردووە گوایە ئەوەی کردیان بەهەدەر چوو. بە پێچەوانەوە ئەوەی رۆژاڤا لەم دەستورەیدا پیشانی هەموانی دایەوە بەگەڕ خستنی ئەو هزرە سیاسیەیە کە لە کوردستانی باشور زۆر لاوازە یان غائیبە.
سێیەم:
پێکهاتەی کۆمەڵایەتی رۆژاڤا، وەک لە دیماهی دەستورەکەدا هاتووە، کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوەیی، فرە رەگەز، فرە ئاینی و فرە زمانە. ئەوە دروستە کورد زۆرینەیە بەڵام بە ئینسافی زۆرینەیی لەوەدایە هەموو ئەوانی تر وەک خۆی تەماشا بکات واتە لە تەکیانەوە بێت نەک لە سەرویانەوە. ئەمە وەک دیدێکی تارادەیەکی فەلسەفەی سیاسی.
چوارەم:
وەک لایەنی نەتەوەیی، گوایە ناوی قەوارەی رۆژاڤا گۆردراوە بە باکوری رۆژهەڵاتی هەرێمی سوریا ئەوە بابەتێکی ئەوەندە گرنگ نیە چونکە بەهیزی نەتەوە یاخود پاریزگاری لە ناسنامە و قەوارەی نەتەوەیی لە دانانی ناوەکەدا نیە بەڵکو لەو تەوەر و خاڵ و بەند و جومگە سیاسیانەدایە کە ماکی بوونی نەتەوە دەپاریزن وەک زمان و فەرهەنگ و کەلتور و هونەر و ئاین و مێژوو کە هەموویان لە دەستورەکەدا پارێزراون و هەموانیش. چەندان قەوارەی سیاسی هەن و تایتڵی قەوارە سیاسی یا دەوڵەتیەکەشی فڕی بەسەر ناو و نازناوە نەتەوەییەکەیەوە نیە بەڵام لە ناوەوەی قەوارەکە هەموو ئەو جومگانەی بوونی نەتەوەکە دەپاریزی هەن و بە دەستور و قانون ماددەکانی پاریزراون. خۆ کوردستانی باشور ناوی هەرێمی کوردستانە بەڵام ئایا هیچ ماکێکی کوردبوونی تێدا ماوە بەو مانایەی خەڵک هەستی کوەدبوون گرنگ بێ بۆی. دەیان ساڵ و هەزاران قوربانی درا و وڵات وێرانکرا تەنها لەبەر ئەوەی دەمانەوێ کورد بین و بە کوردی قسەبکەین و بخوێنین کەچی ئیستا نە کوردبوون ناسنامەیەکی گرنگە لەو باشورە ق نە زمانی کوردیش گرنگ ماوە و نە خوێندن بە کوردی ئەو ئەرزشەی ماوە.
پێنجەم:
وەک لایەنی سیاسیش، بەکارنەهێنانی ئەو ناوە نەتەوەییە رۆژاڤا دوور دەخاتەوە لە هەندێ گرژی و حاڵەت و بیانووی سیاسی وڵاتانی دەورەبەر لە نێویدا خودی سوریا کە وادەکات رۆژاڤا لە کۆڵ هەندێ کۆسپ و تەگەرەی سیاسی بکاتەوە گەر بە روکەشیش بێ. ئەوەی کرۆکی جەستەی نەتەوەیی بەهێز دەکات ئەو رەگەز و جومگە روحیانەن کە نەتەوە هەردەم پیویستی پێیانە وەک مافەکانی زمان و فەرهەنگ و کەلتور و نەریت و …هتد.
شەشەم:
وەک لایەنی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش، ئەم دەستورە دەسپێکێکی گرنگە بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق و بەو مانایەی رژێمی سوریا ناچار بکات مافە سەرەکیەکانی کەمینەکان و ئەو جوگرافیای تێیدا دەژین بە رەسمی بناسینی یاخود وەک واقعێک بەلایەنی کەمەوە مامەلەیان لەگەڵدا بکایت. ئەمە دوای ئەوەی سوریا دەبێتەوە بە وڵاتێکی نۆرماڵی جاران؛ چونکە ئەو بارودۆخەی سوریا هەروا نامێنێتەوە بەتایبەت ئەمریکا درەنگ یا زوو ئەوێ بەجێدەهێڵێ. و من لە نوسینەکانی پێشووترمدا ئەو پێشنیارەم بۆ رۆژاڤا کردووە کە باشترین رێگەچارە گەڕانەوەیە بۆدیمەش هەرچەندە دەزانم دیمەشق چەندە کەللە رەق بێ رۆژاڤا کۆڵ نادات و یەکێک لە بەرنامە عەمەلەکانیان دانێشتان و دانوستانە لەگەڵ دیمەشقدا.
رۆژاڤا وەک سیاسەتەکەی، لە دەستورەکەشدا عاقڵە!
88
