توانا محەمەد نوری:
جیهان ئەمساڵی بە کارەساتێکی ترسناک کۆتایی پێهێنا. هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر غەززە چڕتر کردۆتەوە و قاتوقڕی خەڵکی بێتاوان بەردەوامە. ئەمریکا، گەورەترین زلهێزی مێژوو، لە نێوان ئیسرائیل و باقی مرۆڤایەتیدا وەستاوە. ئەمەش پاش ئەوەی ڤیتۆی بڕیارنامەی ئاگربەستی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، “چەکی دروستکراوی ئەمریکا ڕۆڵێکی سەرەکی لە شەڕەکەدا گێڕاوە. لە مانگ و نیوی یەکەمی شەڕەکە، ئیسرائیل زیاتر لە ٢٢ هەزار بۆمبی ڕێنماییکراو و بێ ڕێنماییکراوی فڕێداوە بەسەر غەززە کە لەلایەن واشنتۆنەوە دابینکرابوون، وە لەو ماوەیەدا ئەمریکا لانیکەم ١٥ هەزار بۆمبی گواستۆتەوە، لەنێویانا یەک هەزار کیلۆغرام بۆمبی تەقینەوەی تونێلەکان، و زیاتر لە ٥٠ هەزار گولـلە تۆپی تۆپخانەی ١٥٥ملم.”
سیستمی سەرمایەداری لە جیهاندا لە قەیرانێکی فرەڕەهەندا دەژی، کە بریتییە لە قەیرانی ژینگە، قەیران و ناسەقامگیری ئابووری، قەیرانی یەک جەمسەری و ڕکابەری نێوان زلهێزەکان بە تایبەتیش لە نێوان ئەمریکا و چین و ڕووسیا وە هەروەها پێشڕەوی ڕاستڕەوە توندڕەوەکان.
کێشەی ئیسرائیل نوێنەرایەتی ئەم قەیرانە سیستماتیکە دەکات. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر کردووە لە کاتێکدا هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە لە ژێر تەحەدای جیددی چین و ڕووسیادایە. سعودیە، هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا، ڕەتیکردەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا دژی ڕووسیا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا ڕیزببێت.
سعودیە، شانبەشانی میسر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، پەیوەندی بە بلۆکی بریکسی ئابوورییەوە دەکات کە چین سەرکردایەتی دەکات. ئەو پشتگیرییە تۆکمەیەی کە هەردوو ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا لە ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکانیان دەیکەن، ڕۆژئاوای زیاتر گۆشەگیر کردووە.
ڕەهەندە جیاوازەکانی قەیرانەکە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. پەتای کۆڤید بووە هۆی هەڵکشانی هەڵاوسان و ناسەقامگیری ئابووری زیاتر کرد. ئێستا تێکەڵەیەک لە وشکەساڵی و هێرشەکانی حوسییەکانی یەمەن کە پشتیوانی فەلەستین دەکەن لە دەریای سوور لە نزیک کەناڵی سوێس، کەشتیوانانی خاوکردۆتەوە و قەیرانەکەی قوڵتر کردۆتەوە.
شەڕی غەززە لە ڕووی سیاسیشەوە گۆڕانکاری گەورەی هێناوەتە ئاراوە. خۆپیشاندانی ملیۆنی سەرانسەری جیهان بۆ هاوپشتی خەڵکی فەلەستین هاوکێشەکەی گۆڕیوە. فەلەستین بووەتە هێمای هەموو ئەو شتانەی کە لە جیهاندا ناکۆک و هەڵەن. بەڵام لە ئەنجامدا دەرگایەکی گەورەی بەرووی ئازادیخوازان و ئینساندۆستاندا کردۆتەوە.
بەداخەوە هەندێک نەیانتوانی تێبگەن کە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەنجامدانی شەڕی بە وەکالەت لەلایەن ئۆکرانیا دژی ڕووسیا، شەڕی ئەمریکا و ڕووسیایە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ناوچەی ژێر نفوزیان. ڕاستە شەڕی ئۆکرانیا هەندێ تایبەتی خۆی هەیە بەڵام هۆکاری سەرەکی شەڕەکە کێبڕکێی نێوان بلۆکە زلهێزە کێبڕکێکارەکانە بۆ دووبارە دابەشکردنی جیهان، بەدەستهێنانی سەرچاوە، بازاڕ، دەسەڵات وە هەروەها بۆ دامەزراندنی نەزمێکی جیهانی نوێ کە فرە جەمسەری تیایدا زاڵ ببێت.
شەڕی غەززە دۆخەکەی گۆڕیوە. لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە و بۆهاوپشتی خەڵکی ستەملێکراوی فەڵەستین گەورەترین خۆپیشاندان لە مێژووی ئەم دواییانەی بەریتانیا ڕێکخرا. ناڕەزایەتی گەورە هەموو شەممە و یەکشەممەیەک لە ڕۆژئاوا و سەرانسەری جیهاندا بەڕێوەدەچێت. دەرئەنجامەکە شەپۆلێکی گەورەی ڕادیکاڵبوونە، بەو پێیەی نەوەیەکی نوێی ڕاکێشاوە بۆ ناو سیاسەت دژی زوڵم و زۆرداری ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕۆژئاوا.
یەکێک لە تایبەتمەندییە ناڕەحەتکەرەکانی ئەم سەردەمە نوێیە ئەوەیە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکیان بەهۆی شکستی نیولیبرالیزمەوە قۆستۆتەوە.
پاکتاوکردن وقاتوقڕی خەڵکی غەززە ئەو ناکۆکی و دڕندەییانەی لە نێو سیستمی ئێستادا هەیە، دووبارە ئاشکرا و زیندوو کردۆتەوە. ڕەنگە ئیسرائیل لە هەوڵەکانیدا بۆ لەناوبردنی حەماس و دەرکردنی فەلەستینییەکان شکست بهێنێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەم شەڕە ژمارەیەکی زۆر زیاتری خەڵکی پابەند بە هاودەندگی نێودەوڵەتی و دژە ئەمریکا و ڕۆژئاوا بەجێدەهێڵێت.
١٦/١٢/٢٠٢٣