هۆمەر محەمەد:
گەرانەوەی ئەنفالکراوێک بۆ کوێ ؟
کەناڵی روداو، فیلمێکی دۆکیومێنتاری بڵاوکردووەتەوە، بەناوی (گەرانەوەی ئەنفالکراوێک) بەداخەوە چێرۆکەکەی ناڕاستەو کارەکتەرەکەشی ساختەیە !
ئەحمەد زاویتی نوسەرو سیناریست و هەردی قادری دەرهێنەری فیلمەکە، بەرپرسی یەکەمن لەم شێواندنە.
ئەوانەی لە کۆڕو دیدارو سیمناری مندا بەشداربوون، دەزانن هەمیشە جەخت لە ڕاستگۆیی و وریایی دەکەمەوە، وتوومە : یەک درۆ بەدەم ئەنفالەوە دەشێت سەرلەبەری دۆسێکەمان بخاتە ژێرپرسیارەوە! چونکە دورنییە نەیارەکانمان چیرۆکی ساختەمان بۆداتاشن. بۆیە دڵسۆزی بەس نیە، بەڵکو وریایی گرنگترە. بێگومان باشە دڵسۆزبین، بەڵام خراپیەکەی ئەوەیە دلسۆز و ساویلکە بین.
لەماوەی سەرقاڵبوونم بەدۆسێی ئەنفالەوە، چەندین دۆسێی ساختەم ساغ کردووەتەوە، یەکێک لەوانە ئەم کارەکتەرەی فیلمەکەی ڕوداوە. ئەو کەسە (٣) سلایدی سیمنارێکمە. کە تیایدا بەبەڵگەساغ کراوەتەوە.
بەبروای من کارنەکرێت زۆر باشترە لەوەی بیکەیت و مێژوو بشێوێنیت. ئەمە بۆ دادوەرو دادگاکانیش هەر راستە، سەد تۆمەتبار بەئازادی بسوڕێنەوە باشترە لەوەی یەک کەس بەبێ تاوان سزابدرێت .. ئەمە دیدو تێڕوانینی چەسپاوی منە.
ئەنفالکراوەکان، بێ فیلم بمێننەوە زۆر باشترە لەوەی کارەکتەرێک بخەیتە شوێنی ئەنفالکراوانەوەو پەیوەندی بەئەنفالکراوانەوە نەبێت.. لەوەش عەیبدارتر ئەوەیە کە ئەوهەموو کارەکتەرە راستەقینەیە بەبەرچاومانەوەن تۆ بچیت چیرۆکێکی ساختە بهێنیت و سیناریۆی بۆ بنوسیت و لەکەناڵێکی پڕبینەر نمایشی بکەیت. !
بەداخەوە کاک ئەحمەد زاویتی و کاک هەردی قادر خراپ تێکەوتوون . پشتیان کردووەتە هەزاران ئەنفالکراو، کەچی کارەکتەرێکی ساختەیان کردووە بەپاڵەوانی فیلمەکەیان.!
ساڵی ٢٠١٠ لەگەڵ هاوڕێی بەریز خاتوو عەدالەت عومەر چاومان بەو کارەکتەرە (پاڵەوانی فیلم)ەکەی ڕوداو کەوت، هەرئەو رۆژە گومانمان لەراستی چیرۆکەکەی کرد، دوای ماوەیەکی کورت و گەڕان بەدوای ڕاستیدا بەتەواوی ساغمان کردەوە، کە سەرلەبەری چیرۆکەکەی ناراستە. تەنها ئەوەندەی نەبێت، کە کورەکە کوردەو لە خانەی نەوجەوانان بووە لەبەغدا دواتر موئیدو هاوژینەکەی وەریان گرتووەو پەروەردەو گەورەیان کردووە.. دەنا هیچ پەیوەندییەکی بەئەنفالەوە نییەو کەسوکاریشی ئەنفال نەکراون و خۆشبەختانە هەموویان لەسلێمانی دەژین .. سەبەتەکە هێلکەی زیاتری تێدایە، بەڵام شکۆی ئینسان بەلامەوە گرنگە.
ئەوەی لەم کارەدا بەتەواوی شایانی ڕەتکردنەوەو سەرکۆنەکردنە، رەفتارە خراپەکەی کارەکتەرە ساختەکەیە، ئەوەشی جێگەی ڕەخنەو نیگەرانییە دروستکردنی فیلمێکە بەبێ ریسیرچ ..!
بەداخەوە هەڵەتان کرد.. بۆیە پۆزشێک قەرزداری مێژوو یەکێکیش قەرزداری بینەرەکانتانن.
فیلم بەبێ ڕیسرچ ؟!
89