بەهزاد موحسین:
-گەر تاقەتی درێژدادڕیی منت هەیە، لە خوارەوە وتارێک دەخوێنیەوە، کە ڕێک هی (٢٠) ساڵ پێش ئێستایە. لە بارەی ترسە گەورەگەی پارتی لە خۆپیشاندان، ئەرک و گەمەی یەکێتیی قوتابیان، چالاکیی خۆکردی قوتابیان و زیندوێتیی زانکۆی سەڵاحەددین.
-کە لە ئەرشیف ئەم وتارەم دۆزیەوە، هەستم بە پیربونی خۆم کرد، بەس دڵنییام گەر خاوەنی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە نەبوباین، هێندەش پیر و کەشەنگ و کەنەفت نەدەبوین.
-سەیر نیە، کە زۆربەی هەرە زۆری گلەیی و داواکانی ئێمە لە بیست ساڵ پێش ئێستا نەک هەر نەهاتونەتە دی، بەڵکو داواکان زۆر زیاتر بوونە و ئەوان هەر لە گوێی گا و پێڕۆی کیسەڵ نوستونە.
– لەم وتارە دەردەکەوێ، دەسەڵاتی بیست ساڵ پێش ئێستای هەولێر واتە خودی پارتی، وەک هەمیشە بەرامبەر قوتابیانی ئازادیخواز و داواکاری مافە سەرەتاییەکانی خۆیان (کە لە دەرەوەی یەکێتیی قوتابیان) بوونە، هەر گوێی پێنەداون و سەرکوتی کردون، بەڵام بۆ خودی ئۆرگانەکانی خۆی بە جۆرێک دەسەڵاتەکانی دابەش کردبو و ڕێزێکی لێ دەنان، بە نمونە هەر ڕێکخراوی (یەکێتیی قوتابیان)، کە ئێستا دەسەڵاتەکانی زۆر دابەزیوە و دەسەڵاتەکانیان لەدەست داوە و هەموی چۆتەوە باخەڵی ئاساییش و بن دەستی سەرۆکی حکومەتی حیزبی.
کەواتە پارتیەکەی بیست ساڵ پێش ئێستا بەراورد بە ئێستا، نەک هەر بەرامبەر هاوڵاتیانی نائاسایی و ناحیزبی و ناپارتی، تەنانەت بەرامبەر ئۆرگانەکانی خۆشی بەرەو پاوانخوزیەکی مەترسیدار ڕۆیشتوە و هەر دەڕوا.
-قۆناغی چواری کۆلێژ بوم، کە ئەم وتارەم نوسی، پێش ئەوەش من و هاوبیرە گەنجەکانم دەیان وتارمان بۆ داوای مافەکانمان وەک هاوڵاتی و قوتابی دەنوسی و ئەوکاتیش هەر ڕەزاقورس و ئاژاوەگێڕ بوین. ئەو کات هێشتا دەستەواژەکانی (دەستی دەرەکی و سیخوڕی وڵاتانی دراوسێ و دەسیسەی قەندیل و ئیسلامی جیهادی..هتد) تەواوێک کاڵ بون، هەر ئەوەندە بەس بو، کە بە (جەلالی) تۆمەتبارت بکەن.
-لەو کاتە گروپێکمان بە ناوی (بازنەی گفتوگۆ) هەبو، کە من لەسەر داوای ئەندامەکانیان درەنگتر پێیانەوە پەیوەست بوم و هەشت ئەندام بوین، زۆربەی چالاکیەکانمان لە (ماڵی شەرەفخانی بەدلیسی)ی فەرهاد پیرباڵ ئەنجام دەدا ولە ژێرزەمینەکەی ئەو ماڵ جێئومێدە بڕیارمان لێدەدا، ئەو کات فەرهاد تەواو پشتگیری دەکردین.
-ئەم وتارەی خوارەوە لە بارەی دەرکەوتە و ڕێگریەکان لە سەکوتی خۆپیشاندانێک نوسراوە، کە برادەرانی بازنەی گفتوگۆ بڕیارمان لێدا، بۆیە بە خراپی نازانم کە تا ئەو جێیەی بیرم ماوە و هەڵەم نەکردبێ، ناویان ببەم: (سۆران جاف لە کۆلێژی یاسا، کاروان مەهدی لە بەشی کوردی و سەروەر سەعید لە بەشی دەرونناسیی کۆلێژی پەروەردە، ئومێدی یەکێتی گشتی قوتابیانی شیوعی لە کۆلێژی ئابوری) و لە کۆلێژی ئاداب (سۆران عومەر لە ئینگلیزی و نیاز محەمەد و هەندرێن لە بەشی فارسی و خۆم لە بەشی کوردی). دیارە زۆرێک لە قوتابیانی تریش کە زۆر لە ئێمەش چالاکتر و گەرموگوڕتر بون، بەڵام وەک ئەندام لەم گروپە نەبون و ناتوانم ناویان بێنم، چونکە بەشێکیانم بیر نەماوە.
-هەڵبەت ڕۆژی پێشتر تەواوی زانیاریەکانی کات و شوێنی خۆپیشاندانەکە لە ڕێی (یەکێتیی قوتابیان)ەوە گەیشتە دەست ئاسایش و تێکڕای کۆلێژەکان پێش سەعات هەشتی بەیانی کۆنترۆڵ کران و کۆلێژەکان بون بە سەربازگە و دەرگاکان داخران. هێندەی بیرم بێ، لەو ٨ کەسە ئومێد و سۆران عومەر و هەندرێن لێیاندرا و سۆران جافیش ئەزیەت درابو.
-ئەو گروپە سادەیە، توانیبوی زۆربەی قوتابیە مەسیحی و تورکمانەکانیش بۆ خۆپیشاندانەکە ئامادە بکا و ئەرکیان پێ سپێردرابو، کە ئەمە لە کردە ئەستەمەکان بو.
-وتارەکە لە ژمارە (٦)ی (خوێندنی لیبراڵ) بڵاو بۆتەوە، کە شاسوار عەبدولواحێد خاوەن ئیمتیازی بو و چاپخانەی ڕەنج بە خۆڕایی بۆی چاپ دەکرد.
-وتارەکەم وەک خۆی دادەنێمەوە، هەر گلەییەکتان لە زمان و دەربڕین و زیادە سۆز و پەرچەکرداری هەبێ، دەبێ بە بیست ساڵ پێش ئێسای منی بسپێرن.
***
((لە پەراوێزی خۆپیشاندانەکانی زانکۆی سەڵاحەددین))
“پێشەکیەک بۆ ساڵی نوێ”
لەم ماوەیەی دوایی قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەددین زنجیرە خۆپیشاندانێکیان سازدا. هەندێکیان تەنها قۆناغێک و هەندێکیان تەنها بەشێک یان کۆلێژێکی گرتەوە، بەڵام دواهەمین خۆپیشاندان لە دواهەمین ڕۆژی ساڵی ڕابردوو، جوانترین و گەرمترین پێشوازی ساڵی نوێی قوتابیان بوو. توندترین دەستگوشین و ڕیزبەندبوونی قوتابیان بوو لە واری مەعنەوییەوە، بۆ ئەوەی بە یەک هەناسە بچنە ناو ساڵی نوێوە، چونکە دواهەمین ڕۆژی ساڵی ڕابردوو پێ گوتبوون جگە لە خۆتان کەس بە هاناتانەوە نایێ. لە یەک کاتدا گریان و توڕەیی قوتابییەک لە قەهری شەرمی داواکردنی قەرز لە مامۆستاکەی بۆ ئەوەی بۆ جێژنە بچێتەوە هەورامان.. قەهری خۆدزینەوەی قوتابییەکی گەرمیانی لەوەی قەرزاری خاوەنی یانەی کۆلێژەکەیەتی.. قەهری پۆلێک قوتابی لە دەرنەکردنی مامۆستایەکی عەرەب کە بە ئاشکرا دەڵێ: کیمیابارانی هەڵەبجە پێنج دەقیقە ناهێنێت بۆی بووەستن و دواجار قەهری تێکڕای قوتابیان لەوەی ڕێگەیان نەدان بڕژێنە سەر شەقام و داوای دەرماڵەکەی دوو مانگ تاخیربووی خۆیان بکەن.
ئەمە پەیامێک بوو بە گوێی ساڵی ئایندە بۆ ئەوەی سییەکی تایبەت بۆ هەناسە و قورگێکی پۆڵایین بۆ هاوار و شەقامێکی فراوانتر بۆ خۆپیشاندانی قوتابییان دابین بکا. پەیامێک بۆ ساڵی ئایندە بۆ شکاندنی تابلۆ ئازادەکان جووتێ پێڵاوی ئاسنین بۆ فەرهاد پیرباڵ بکاتە دیاری و جەستەیەکی زبرتر و خۆڕاگرتریش بۆ لێدان لە قوتابییان ببەخشێ، دو دەستیش بۆ نزا و پاڕانەوە لە خودا بۆ ئەوەی حیزبەکان چیتر قوتابیان بە ڕوخێنەر و کودەتاچی مەزەندە نەکەن و خودا تێیانبگەیەنێ قوتابیان جگە لە چاکسازی چیتریان لە بن سەردا نییە.
ئاهەنگی پێشوازی قوتابیان لە ساڵی نوێ لە هۆڵی پرسگەی کۆلێژەکان بە ئامادەبونی تیپی مۆسیقای دەستەیەک لە ئاسایش و پۆلیس و گۆرانییەکانی (بکشێنەوە دواوە و نابێ بچنە دەرەوە و دەنگ هەڵمەبڕن)ی لیژنەی نوێنەرایەتی قوتابیان بەڕێوە چوو، ئای کە دیمەنی مژوڵی ئەندامی قوتابیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و دیمەنی توڕەیی چاوی ئاسایشەکان و لێکهاتنی ڕەنگی زەیتونی پۆلیسەکان لەگەڵ حەرەمی زانکۆ و جەوی مۆدێرنەی کۆلێژەکان و لە لایەکی دیشەوە دیمەنی قوڕگی پڕ گریەی قوتابیانی خۆپیشاندەر و توڕەترین و حەزینترین ئاهەنگی ساڵی نوێی قوتابیانی دەنواند.
لەو شەوەی، لەو چرکەساتەی دوو هەزار و دوو، دۆسیەی تێکڕای مرۆڤایەتی بە ئەمانەتەوە بە ساڵی دوو هەزار و سێ سپارد. ئەو گەورانەی بە ڕۆژەوە ڕێیان لە خۆپیشاندانی قوتابیان دەگرت، لە ئاهەنگی سەری ساڵی هۆتێل و یانەکان لە ناو شایی دەستیان بەم ژن و بەو کیژ گەرم دەکردەوە و قوتابیانیش لە بەشی ناوخۆیی بە نۆبەت دەستیان لەبەر زۆپا گەرم دەکردەوە. ئەمان لەو هۆڵە گەرم و پڕ هەرا و زەنایە سەمایان دەکرد و هەناسەیەکی گەرمیان هەڵدەکێشا، ئەوانیش لە ژورە سارد و بێدەنگەکان لە حەسرەتی نەتوانینی گەڕانەوە بە خەیاڵی ماچی دایک هەناسەیەکی ساردیان هەڵدەکێشا. ئەمان مێزی بەردەمیان بە جۆرەها مەزە و خواردن داپۆشرابوو، ئەوانیش زەوییەکەی بەردەمیان بە یەک دو قاپ و مەنجەڵی ڕەش هەڵگەڕاو و چەند کتێب و ڕۆژنامەیەک داپۆشرا بوو. ئەمانە لەو شەوە سورە بە وێسکی و شامپانیا خۆیان دەشوشت و ئەوانیش لەو کەمی و ساردی ئاو بە خەیاڵ خۆیان دەشوشت.
“دەسەڵات و دەنگی سپی”
خۆپیشاندان لە سەر لایەنی پەیوەندیدار ئەو زەنگەیە، بە ئاگای دێنێتەوە لەوەی کە ئێمە هەین. دەمانەوێ هەبین وەک ئەوەی خۆمان هەین، نەک وەک ئەوەی تۆ دەتەوێ هەبین. خۆپیشاندان ئەو پەیامەیە پێمان دەڵێ؛ وەک چۆن ئێوە ئەرکتان لێمان دەوێ، ئێمەش ئاوا مافمان دەوێ، مافێک وەک ئەوەی مرۆڤین، مافێک وەک ئەوەی نیشتمانین، مافێک وەک ئەوەی قوتابین.
زنجیرە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی زانکۆی سەڵاحەددین خەریکە بڕوامان پێبێنێ، ئیتر قوتابیان لەمەڕ چارەنوس و مافەکانی خۆیان دەنگ هەڵدەبڕن، بەو مانایەی هەر ڕێنماییەکی سەرۆکایەتی زانکۆ لە بەرژەوەندی گشتی قوتابیان نەبێ، بە مانگرتن و خۆپیشاندان ڕەتی دەکەنەوە. ئەمە ئەو سەرەتا پڕشنگدارەیە، کە دەشێ لە سەر دەستی قوتابیان بە چاکسازی لە نەهێشتنی فەسادی ئیداری دەست پێ بکا و بە دەستەبەرکردنی دادی کۆمەڵایەتی و کرتاندنی ڕەگی سەلەفیەتخوازی و حیزبسالاری و دواجار بە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ژیاری و شارستانی کۆتایی پێ بێ.
ناکرێ ئەو خۆپیشاندان و بوێرییەی ئەم ماوەیەی قوتابیان بە یەکێک لە بەرهەمەکانی پرۆسەی ئاشتی دانەنێین، چونکە بەرجەستەبوونی ئاشتی ئەگەر بەفشاری هەر لایەک بێ و لەنگی و سارد و سڕیشی تێدا بێ، ئەو شعوریەتە لە حیزبەکان دەستێنێتەوە، کە هەمیشە گۆڕانخواز و ڕیفەرموخوازی و هەر توێژێکی کۆمەڵ بە بیانوی پیلان و دەستی بەرەی دوژمن سەرکوت بکاتەوە، خۆ ئەگەر لە شوێنەکانی بەرجەستەبوونی ئاشتی هەر ئیشکردنێکی حیزب بۆ کپکردنەوە و سەرکوتکردنی دەنگی نوێ و مافخوازەکان هەبێ، جگە لە گێچەڵێکی ڕووتوقووت بەو دەنگانە هیچی تر نییە، ئەمەش لە دەرەوەی بە کۆیلەکردن و چەقبەستێنی ئیرادە و بەستێنەکردنی خودی حیزب وەکو نەگۆڕێکی ڕەهای موقەددەس لە هزری تاکەکان واتایەکی دیکەی نییە.
دەکرێ لێرەوە ئاماژە بە حیزبی بوونی زانکۆ بکەین، حیزبەکانی ئێمە تا ئەو ڕادەیە زانکۆیان کۆنترۆڵ کردووە، هەناسەیەکی بۆ دەنگ و ڕەنگی سپی نەهێشتۆتەوە، بە پێوەری حیزبەکان دەنگی سپی بڕوای بێ هیچ بنەمایەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و هیوای پێشکەوتنی کۆمەڵ نییە، نە دەتوانێ و نە دەیەوێ لە هیچ هاوکێشەیەکی فەرهەنگی و مەعریفی گەلەکەی بەشدار بێ و وڵات و خاکی خستۆتە ژێر پێی خۆیەوە و جگە لە خودی خۆی وەکو تاکێک بەرژەوەندیی هیچ هاوڵاتیەکی دی گەرەک نییە. ڕێک بە پێچەوانەوە دەنگە سپییەکان پڕن لە هەست و خۆشەویستی نیشتمان، پڕن لە هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر دادی کۆمەڵایەتی، پڕن لە دەنگی ڕەنگاوڕەنگ. ئەم دەنگە سپیانە لە ئەنجامی فرەڕەنگی و قبوڵکردنی هەموو ڕەنگەکانەوە سپی هەڵگەڕاون. خۆ لە زانستی فیزیکیش تێکەڵکردنی حەفت ڕەنگەکەی شەبەنگی خۆر ڕەنگی سپی لێ دەکەوێتەوە، هۆکاری دەرنەکەوتنی ئەو ڕەنگانەش وەکو نیشتمانپەروەر تەنها بۆ ئەو دیوارە دەگەڕێتەوە، کە حیزب لە بەردەمیان هەڵیناوە.
گەورەترین توڕەیی دەنگە سپیەکان لەوەدایە، کە حیزب فڕێیداونەتە دەرەوەی نیشتیمانپەروەری و وزەی پێشکەوتنی کۆمەڵ. ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆگرام و ئایدیۆلۆژیاکانی ئەو کار ناکەن. توڕەیی دەنگە سپیەکان لە حیزب و دەسەڵات لەو شعورەیانە کە پێیان وایە شۆڕشی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری لە دەرەوەی خۆیان بە هیچ لایەکی دی هەڵناسوڕێ، توڕەییان لەوەدایە حیزب و دەسەڵات دەستیان خستۆتە هەموو کایەکانی کۆمەڵگا، توڕەی دەنگە سپیەکان لەو مڕاندنە هێواشەی ئەوانە لە لایەن حیزب و دەسەڵات بە ڕێوە دەچێ، هەست بە نیشتیمانی بوون و هاوڵاتیبوونی خۆیان بکەن، بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە، کاتێ دەنگە سپییەکان کۆ دەبنەوە و وەکو هاوڵاتییەک و نیشتیمانیەک دێنە سەر شەقام و گوزارشت لە خۆیان دەکەن، لەلایەن حیزبەکانەوە هەرس ناکرێن و وەکو دەستەیەکی نامۆ بە خاک و نیشتمان سەیر دەکرێن و ناتوانن قەناعەت بێنن لە دەرەوەی حزب و ئایدیۆلۆژیا و سیاسەت دەستەیەک هەبن، هاوڵاتیبوونی خۆیان ڕابگەیەنن و لە کەموکورتی گوزەرانی خۆیان و دواڕۆژی میللەتەکە و نەوەی داهاتو بپێچنەوە، چونکە حیزبەکانی ئێمە تەنها خۆیان و حیزبی دژ و حیزبە هاوپەیمانەکانی خۆیان دەناسن و بۆشاییەکیان بۆ دەستەیەک لە دەنگی سپی نەهێشتووەتەوە، کە سەر بە هیچ یەکێ لەو حیزبانەی سەرەوە نین و ئەو مافەشی هەبێ لە دواڕۆژی میللەت و نیشتمانەکەی بپرسێتەوە.
لەوێ دایە عەقڵییەتی دەسەڵات ناچار دەبێ گومان لە دەنگە سپییەکان بکا و مەراقێکی سیاسی و مەترسیی کودەتایان بخاتە پاڵ، دواجار بەو عەقڵییەتەی کە لە دەرەوەی توانای ئەوانە دیاردەی دەنگە سپیەکانیان بۆ هەرس ناکرێ و بە بیانوی دەستی بەرەی دژ بە خۆی سەرکوتیان دەکا، حیزبەکان هەمان عەقڵ هەمان عەقڵییەتیان بۆ ناو زانکۆکان شۆڕکردوەتەوە، ئەو کاربەدەستانەی حیزب دایناون لە کاتی مومارەسەی کارە ئیدارییەکانیان ناتوانن وەزیفەی حیزبیانەی خۆیان تێکەڵ بە کاری پەروەردە و فێرکردن نەکەن، چونکە ڕۆژێ لە ڕۆژان حیزب بە هیچ یەکێک لە کادیر و ئەندامەکانی خۆی نەگوتوە، زانکۆ دەزگایەکی تایبەتە بە پەروەردە و فێرکردن.
“یەکێتی قوتابیان لە نێوان چەپاندن و ئازادی”
لە سێ چوار مانگی ڕابردوو یەکێتی قوتابیان لە هەولێر دوو پرۆژەی ئازاد و لیبراڵیان بەرهەم هێنا، ناکرێ ئێمەی قوتابیان بە هەندی هەڵنەگرین و ستایشیان نەکەین. ئەوانەش ڕۆژنامەی پازدە ڕۆژ ڕوانین و کردنەوەی سەنتەری ئاڵایە. ڕۆژنامەی ڕوانین هەر لە یەکەمین ژمارەیدا بە ڕەخنەگرتن لە سەرۆکایەتی زانکۆ و عەقڵی ناهاوچەرخانەی مامۆستایان دەستی پێ کرد و دەنگی حەقخوازانەی قوتابیانی خستە بەردەمی بەرپرسان و ئاماژەی بە زۆرێک لە ناڕێکی و لینگەوقوچی سیستەمی خوێندندا. هەروەها سەنتەری ئاڵا لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆری کۆڕی قوتابیان و مامۆستایانی بە خۆوە بینی و ئێمە وەک قوتابیان بۆمان هەبووە ئازادانە قسەی خۆمان بکەین، ئەگەرچی ڕەخنە و پێشنیارەکانمان لەو سەنتەرە نەدەچووە دەرەوە، لە کاتێکدا نەبوونی دەزگایەکی بەو ڕادەیە ئازاد لە ناو یەکێتی قوتابیانی لەمەوبەر و لە پڕێکدا هاتنە کایەوەی ئەم دوو پرۆژە، ئەو گومانەمان لا دروست دەکا، کە سیاسەتێکی لە پشتەوە بێ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە وەکو قوتابی کارمان بە سیاسەتەوە نییە و بە هەر شێوەیەک بێ تا سەر هێسک پێی گەشاینەوە و سەرەتا بە موڵکی خۆمان زانیوە، ئینجا بە هی یەکێتی قوتابیان.
ئەو گومانەی سەرەوە لەوێدا گەورە دەبێ و لە یەقین نزیک دەبێتەوە، کاتێ قوتابیان دەیانەوێ بە ڕێپێوانێکی هێمنانە داواکارییەکانیان لە ڕێی یاداشتێک بخەنە بەرچاوی سەرۆکایەتی زانکۆ، کە داواکانیش چەند خاڵێکن و هیچیان نە بۆنی سیاسەت و نە بۆنی گۆڕانی دەسەڵات و ئەو بابەتانەیان لێ دێ.
لەو سیاسەتە دوو فاقیەی یەکێتی قوتابییان دوو خاڵمان بۆ دەردەکەوێ؛ یەکەمیان ئەوەیە، دەسەڵات و ویستەکانی لە سنوری ئەو پانتاییەیە کە حیزب پێیداوە، بۆیە کاتێ حیزب لێکدانەوەیەکی ترسناک بۆ خۆپیشاندانی قوتابییان دەکا، بۆ سەرکوتکردنیان ئەم ئەرکە بە یەکێتی قوتابیان دەسپێرێ و بە یارمەتی ئاسایش و پۆلیس دەنا خۆ یەکێتی قوتابیان لە هەموو لایەک باشتر ئاگاداری داوەکانی ئەو قوتابیانە بوو.
دووەمیان یەکێتی قوتابیان بەو کردارەی ئاگاداری قوتابیان دەکاتەوە و پێیان دەڵێ ئەگەر داوای ماف و ئازادی خۆشتان بکەن، دەبێ لە ڕێی منەوە بێ و من ئەو سێنتەرەم و ناکرێ خۆپیشاندان و داواکانی ئێوە بە ژێر میکرۆسکۆبی مندا تێنەپەڕێ و مەقەستی من تەعارفێکیان لەگەڵ نەکا.
لێرەوە دەڵێم یەکێتی قوتابیان ڕێگەی بە خۆیدا گومانی کودەتا و عەقڵێکی وشکی سیاسییان لەو خۆپیشاندانەی قوتابیان بکا، ئەوا دەبێ ڕێگە بە قوتابیانیش بدا گومانی کۆمەڵێ چەکداری سەردەمی شاخیان بۆ بکەن. ئەگەر یەکێتی قوتابیان ڕێگە بە خۆیان بدەن، تۆپەقوڕ لە زاری %٢٦ی قوتابییانی دەنگی سپی بدەن، ئەوا دەبێ ڕێگە بە قوتابیانیش بدا، کۆڕی خوێندنەوەی چامەی “عەشق”ی بەختیار عەلی لە سەنتەری ئاڵا بە چاواشەیەکی گەورەی ئەو یەکێتییە بزانن. ئەگەر یەکێتی قوتابیان ڕێگە بە خۆی بدا ببێتە چاوساغ و ڕێوانی ئاسایش، دەبێت ڕێگە بە قوتابیانیش بدا ئەو یەکێتیە بە مەرجەعی خۆیان نەزانن و ڕاستەوخۆ لە سەروی ئەوەوە موخاتەبەی زانکۆ و یەکە ئیدارییەکانی بکەن.