Home بیروڕا ترانسفۆبیا لە بەرگی نیگەرانیی مۆڕاڵییدا

ترانسفۆبیا لە بەرگی نیگەرانیی مۆڕاڵییدا

by admin
0 کۆمێنتەکان 90 بینینەکان

سیروان عەبدوڵ:  
لانە کرمانج ساڵانێکی زۆرە یەکێک لەو کەسە ڕۆشنبیرانەی ناو هاوڕێیانی فەیسبوکمە کە ڕێزێکی زۆرم بۆی هەبووە و چەند دەرفەرتم بووبێت پۆستەکانیم بە وردیی خوێندۆتەوە چونکە لە شارەزاییەکی پسپۆڕییەوە قسە دەکات. ئەمڕۆژانە کە بینیم ئەو جورئەتە گەورەیەی کردووە، بێباک لەوەی کە کۆمەڵگا چی چاوەڕوانییەکی هەیە و کۆمەڵگا دەیەوێت ئەو چۆن بێت، ناسنامەی جێندەریی ڕاستەقینەی خۆی بەیان کردووە، ئەوەندەی تر ڕێزم بۆی زیادی کرد. بۆیە لە یەکەم دەرفەتدا کە وێنەیەکیم بە ڕەگەزی سروشتیی خۆیەوە دەست کەوت، بڕیارم دا واڵی فەیسبوکەکەمی پێ بڕازێنمەوە چونکە ئەم وێنەیە مێژووە، مێژووی گەشەکردنی تۆڵێڕانس بۆ هەمەچەشنەیی لە کۆمەڵگای کوردییدا. ژنێکی ڕەگەزڕاستکراوە بە جلی کوردیی ژنانەوە، یەکێک لەو جوانییە گەورانەی ترە کە ئەو جلە دەتوانێت هەیبێت. کۆمەڵگای کوردیی بە تەحەمولکردنی فرەیی و جیاوازییەوە جوانتر دەنوێنێت.
لانە خان فێری تۆڵێڕانسمان دەکات. ئەو ئەگەرچی بە پلەی سەرەکیی لەبەر سەختیی عەزابی مانەوە وەک کوڕ بڕیاری داوە ڕەگەزی ڕاستەقینەی ناو سەری خۆی بەیان بکات، بەڵام خودی ئەو جورئەتی بەیانکردنە خزمەتی گەورە بە ئێمە دەکات تا نەجاتمان بێت لەو پێشداوەریی و نۆرم و دۆگمانەی کە دەیان هەزاران ساڵ لە مومارەسەی کولتوری هێترۆنۆرماتیڤیتیی لەلایەن ئینسانەوە، لە زیهنماندا دروستی کردووە.
ئەم بڕیارەی لانە گرنگە چونکە تا ئێستاش چەندین ملیۆن خەڵکی ناو کۆمەڵگای ئێمە هەن کە قەناعەتیان بەوە نییە کە سروشت بەپێی ئەو دوو کاتاگۆرییەی (پیاو و ژن) کار ناکات کە ئێمەی مرۆڤ وەک هەڵبەستەیەکی کۆمەڵایەتیی دروستمان کردووە و، نازانن کە سروشتی مرۆڤ لە زۆر حاڵەتدا ئەو نۆرمانە دەشکێنێت کە ئێمەی مرۆڤ بۆ سێکسواڵیتی و بۆ ناسنامەی جێندەریی و بۆ دەربڕینی جێندەریی دامانناون. لانە نموونەی زیندووی پیشان داین کە چۆن مومکینە ئینسانێک بە جەستە و بایلۆجیا نێر بێت، بەڵام لەناو سەری خۆیدا وێنای ژنی بۆ خۆی هەبێت و، چۆن جەستەی پیاوانە و مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک پیاوێک سەغڵەتی دەکات.
لە ناوماڵ و سەر شەقامەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا هەزاران هاوڵاتیی هەن کە بە جەستە مێن، بەڵام لە زیهندا پیاون، یان بە جەستە نێرن بەڵام لە زیهندا ژنن، یان سێکسکردن لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەردا وەک لاقەکردن وایە بۆیان و مەیلیان بەلای سێکسکردن لەگەڵ ڕەگەزی هاوچەشنی خۆیاندایە. ئەم کەسانە زۆرێکیان خۆیانیان بەلاوە ئینسانی نانۆرماڵە و بەو هۆیەوە ڕقێکی زۆریان بەرامبەر بە سروشتی خۆیان هەیە و پێیانوایە ئەو خەیاڵانەیان گوناحێکی گەورەیە کە لەبەر خراپیی خۆیان لە زیهنیاندایە. هەن لە ترسی کۆمەڵگادا مومارەسەی ژیانێک دەکەن و لە دۆخێکی دەروونییدان کە وەک زیندانێکی پڕ ئەشکەنجە وایە بۆیان. زۆرێکیان تێناگەن لەوەی ئەوە چییە لەناو سەریاندا دەگوزەرێت و خۆیان بە نەخۆش دەزانن و ترسی ئەو سزایە ژیانی لێ تاڵ کردوون کە ڕەوایانە پێیانوایە ئەو خودایەی باوەڕیان پێی هەیە لەدوای مردن پێیان دەدات.
بیهێنە پێش چاوی خۆت ئێستا چی ئاسوودەییەکی دەرونییە بۆ ئەو کەسانە کاتێک کەسێکی شارەزا و بەسەنگ و ڕۆشنبیری وەک لانە دێت و بەوان و بە کۆمەڵگا دەڵێت ئەوە سروشتی ئینسانە و، دەڵێت خەمتان نەبێت، ئێمە هیچ هەڵەیەک لە جەستە و لە ڕەوشتماندا نییە، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگایە کە بە هەڵە لە ئینسان تێگەیشتووە و کولتورێکی دروست کردووە کە بە بەری سروشت تەسکە.
لانە ئەو جورئەتەی داوە بە خۆی لەو سندوقە تاریکەی خۆنەبوونە دەرچێت، وە ئەو قوربانییدانە گەورەیەی خستۆتە ئەستۆی خۆی کە زمان بداتە خەڵکانێک کە پشتگوێخراوترین و پێشێلکراوترین کەمینەی ناو کۆمەڵگای ئێمەن. کەمینەیەک کە لە ترسی کۆمەڵگادا ناوێرن سەرهەڵبڕن و لەژێرەوە بە بێدەنگ جەزرەبە دەکێشن.
٭٭٭
ساڵی پار ئەم کاتانە دەزگای ئاینیی لە هەرێمی کوردستان بە هەموو مەیل و حیزبی ئیسلامیی و نائیسلامیی و ڕێخکراو و دەزگای حکومییەوە، خەڵکی هەرێمی لە کەمپینێکی پۆپۆلیستیی ئاینییدا تەعبیئە کرد بۆ پاشەکشەکردن بە دیراساتی جێندەر و بە هەموو باسێك سەبارەت بە ناسنامەی جێندەریی و جیاوازیی نێوان ڕەگەزی بایلۆجیی و ڕەگەزی کۆمەڵایەتیی. ئەوان لەو هێرشەیاندا سەرکەوتوو بوون. لەو ڕۆژانەدا دەرکەوت کە زۆرینەی کۆمەڵگاکە تا ئەو ئاستە عەبەسییە دیسکۆرسی ئیسلامیزمی کۆنەپارێز کارکردی لەسەر داناون و لە هەڵسەنگاندنی ڕاشیوناڵ دووری خستوونەتەوە کە تەنانەت ڕێگەگرتن لەوەی زانکۆیەک زانست بگەیەنێت، وەک فەزیڵەتێکی گەورە چاو لێ دەکەن. حیزبە ئیسلامییەکان و ئەندامانی سەرکردایەتییان، وەک موژدە و وەک بەڵگەی زیاتر گەشەکردنی کۆمەڵگای کوردیی، بە وێنە و ڤیدیۆوە هەواڵی ئەوەیان بڵاو دەکردەوە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا خوێندکاران ڕژاونەتە ناو کامپۆسی زانکۆ و ڕێگریی لە هەر زانستێک و وانەوتنەوەیەک دەکەن کە ناکۆک بێت لەگەڵ باوەڕی ئاینیی ئەواندا.
لەو سەردەمەدا خەڵکانی هۆمۆفیل و ترانسجێندەر و نێرەمووک بەتەنیا لەبەردەم ئەو هێرشە گەورەیەی ستیگما و ناشیرینکردنەدا بەجێهێڵڕان و، نە کەسێک لەناو خۆیانەوە هەبوو داکۆکییەک بکات، وە نە دەنگێکی داکۆکیکاری ڕاشکاو لە ناوەندی ئەکادیمیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی و نوخبەی ڕۆشنبیرییەوە لە سەنگەری دژ بە هۆمۆفۆبیا و ترانسفۆبیادا بوو. من ئەوکات پێم وابوو ئەو نائامادەییەی دەنگی ڕۆشنبیرانی کورد لەو دیبەیتەدا تەنها بە هۆی ترسەوەیە لە ناپۆپیولاربوون لەناو خەڵکدا. بەڵام لەم دۆزەی لانەدا و لەو پەرچەکرادانەدا کە بەدوای خۆیدا هێناونی، کەسێک دەتوانێت ببینێت کە نەبوونی زانیاریی و نەشارەزاییش لە بوارەکەدا هۆکارێکە. نەشارەزاییەک کە لە هەندێک حاڵەتدا بۆتە هۆی دروستبوونی ترانسفۆبیا لای کەسەکان.
نەشارەزایی لە بوارێکدا وا دەکات ئینسان، وەک میکانیزمێکی خۆپارێزیی دەروونیی، لەڕێگەی پیشاندانی ڕەخنەیەکی بیرلێنەکراوەوە، موقاوەمەتێک بکات و خۆی لەوە بپارێزێت ناچار بێت بیرێکی قوڵتر لەو پێشداوەریی و بیروڕا بیرلێنەکراوانەی خۆی بکاتەوە کە ساڵانێکی زۆر ئەو و کۆمەڵگا لەسەر ئەو باباتە دەقیان پێوە گرتووە و ئینتەرنالیزەیان کردووە، چونکە هەر پرسیارێک لەسەر دروستیی ڕای خۆی لە زهنیدا دروست بێت، نادڵنیایی و نائارامییەکی ناوەکیی زۆری بۆ دروست دەکات.
٭٭٭
لە دۆزی لانە کرمانجدا، ئەم موقاوەمەتە لە فۆرمی هەندێک ڕەخنە لەڕووی ئێتیکیی دۆزەکە و لە مۆڕاڵی خودی لانەدا دەرکەوتووە. بۆ نموونە، زۆرێک ئەو ڕایە بەرچاو دەخەن کە لانە نەدەبوایە ئەو گواستنەوە جێندەرییە بکات چونکە منداڵەکانی بەوە زەربەتیان خواردووە.
من هەوڵم دا تێبگەم ئایا ئەو کەسانە لەم ڕەخنەیەدا بەدیارییکراویی باسی چی زەربەتخواردنێک دەکەن کە بەر منداڵ دەکەوێت کاتێک باوکی بایلۆجییان ڕایدەگەیەنێت کە ئەو ژنە و ئیتر وەک ژنێک دەردەکەوێت لەناو ماڵ و لەناو کۆمەڵگادا، چونکە ئەو سەختییانەی کە بڕیارێکی وا لەناو خێزاندا دروستی دەکات، دەکرێت لە چەند پێرسپێکتیڤێکی جیاوازەوە قسەی لەسەر بکرێت.
هەندێک بە ئاشکرا و ڕۆشن باسی ئەو «عەیبە»یە دەکەن کە منداڵ لە حاڵەتی وادا هەستی پێدەکات لەناو هاوڕێکانیدا. بەڵێ تەنانەت لە ڕۆژئاواش هێشتا ترانسفۆبیا هەیە و ئەوە ئەرکێکی زیاتر لە منداڵانی ئەو کەسانە بار دەکات، بەڵام کەسێک کە وا پیشان دەدات کە نیگەرانی ئەوەیە کە کە ترانسفۆبیا هەیە لەناو خەڵکدا و منداڵان زەربەی ئەو ترسە بێبنەما و ڕقە ناڕەوایە دەخۆن کە بەرامبەر بە ترانسجێندەر هەیە، دەبێت لایەنگری ئەوە بێت کە هەر لە منداڵییەوە منداڵان لە قوتابخانەکان ئاشنا بکرێن بە هەمەچەشنەیی جێندەریی ئینسان و، تۆڵێڕانسیان بۆ ئەو هەمەچەشنەییە زیاد بکرێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ڕێک ئەم زیادکردنی تۆڵێڕانسەیە لای منداڵان کە لە قوتابخانەکانی زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژئاوادا ئەنجام دەدرێت و، ئەو دڵسۆزانەی پاراستنی منداڵان لە «عەیبە» و لە پێشداوەریی منداڵانی تر، دژین و وەک پیلانی مێشکشتنەوەی منداڵان لەلایەن ڕۆژئاواوە و کردنیان بە هۆمۆفیل و ترانس باسی دەکەن.
بە کەمێک وردبوونەوەی زیاتر، بۆت دەردەکەوێت کە چارەسەری ئەم کەسانە بۆ ئیشکالییەتەکە ئاشناکردنی زیاتری منداڵان نییە بە کۆمەڵگای مۆدێرن و زیادکردنی تۆڵێڕانسیان بۆ هەمەچەشنەیی و لەوێوە پاراستنی منداڵان لە چاوی سەرزەنشت و عەیبە، بەڵکو ئەمان باس لەو چارەسەرە دەکەن کە ئەسڵەن باوکەکە گواستنەوەی جێندەریی ڕانەگەیەنێت و قبوڵی بێت هەر وەک پیاو بمێنێتەوە.
ئەوەی کە لەنێوان زیادکردنی تۆڵێڕانسی منداڵدا لەلایەک و مانەوەی هەمیشەیی کەسێکی ترانس جێندەر لەناو ئەو دۆخە دەرونییە سەختەدا کە هەیەتی، تۆ ئەمەی دووەمیان هەڵدەبژێریت، مانای ئەوەیە کە تۆ لە ئەسڵدا گرفتی پرەنسیپییت لەگەڵ ترانسجێندەرییدا هەیە، وە ئەگەر بەو قیمەتە گەورەیەش بێت کە کەسەکە ژیانێکی وەک دۆزەخ بەرێتە سەر، تۆ هەر ئەوەت پێ باشترە لەوەی کار بۆ تێگەیاندنی منداڵ و گەورەکردنی تۆڵێڕانسیان بکرێت.
ئەو جۆرە لە هەڵوێستیگریی لە زمانی پسپۆڕییدا ناوێکی تری هەیە: ترانسفۆبیا. ترانسفۆبیا هەر ئەوە نییە دژایەتیی ڕاستەوخۆی کەسەکان بکەیت و تەفرەقەیان بکەیت یان توندوتیژییان بەرامبەر بەکار بهێنیت، بەڵکو ئەو کەمە سەغڵەتییەش کە هەستی پێدەکەیت کاتێک لادان لەو سیستەمی جووت-ڕەگەزییە دەبینیت کە پێی ڕاهاتوویت، ئەوە نیگەرانییەکی ناپێویستە کە لەژێر ترانسفۆبیادا پۆلێن دەکرێت.
٭٭٭
هەندێک ڕایان وایە کە لانە لەوێدا کارێکی نامۆڕاڵیی کردووە کە چۆتە پەیوەندیی هاوسەرییەوە و منداڵی دروست کردووە.
لەئاست ڕەخنەیەکی وادا هەر ئەوەندە دەکرێت کە بە بیری ئەو کەسانە بهێنرێتەوە کە لە نەشارەزاییەکی تەواوەوە لە «ناڕەحەتیی جێندەریی» قسە دەکەن. تەجرەبەی هەستی ئینتیما بە ڕەگەزێکی تر و چۆنێتیی گەشەکردنی ئەو هەستە، لای هەر کەسە و بە شێوەیەکە. ئەوانەی ئەو ڕەخنەیەیان هەیە، هیچ ئاگاداری ئەوە نین کەسی ترانس چۆن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بۆ ماوەی زۆر درێژ ناڕەحەتیی ڕەگەزیی لای غائیب دەبێت، وە زۆرجار لەڕێگەی ئینکارییلێکردنی زاتیی و هیواخوازیی بەوەی حاڵەتێکی کاتیی بێت و تێپەڕێت، کەسەکە دەتوانێت ژیانێکی نۆرماڵ مومارەسە بکات. ئەوەی کە پێتوابێت مادام کەسێک ترانس بوو کەواتە ڕاستی نەکردووە و هەستی خۆشەویستیی و سێکسیی بۆ ئەو کەسە نەبووە کە هاوسەری بووە، ئەوە جەهلێکە بە بابەتەکە کە ڕۆشن دیارە خوێندنەوەی سادەترین دەقی زانستیی سەبارەت بە ناڕەحەتیی جێندەریی لەپشتەوە نییە.
شتێکی تر کە پێویست دەکات هەر لەم سیاقەدا دەستی بخرێتە سەر ئەو نیفاقەیە کە لەم کەیسەدا ژمارەیەکی گەورەی خەڵک هاتوونەتە قسە و خەمباریی بۆ جیابوونەوەیەک پیشان دەدەن کە لە ئاکامی ئەوە ڕووی داوە کە دوو کەسەکە هەستیان بۆ یەکتر نەماوە و زۆر هێمن و مەدەنییانە ماڵیان جیا کرۆدتەوە، بەڵام ڕۆژانە لە کۆمەڵگای کوردییدا جیابوونەوە نەک هەر تەنها لە ئاکامی نەمانی هەست بۆ یەکتر، بەڵکو لە ئاکامی لێدان و تەعەدا و خراپ مامەڵەکردن ڕوو دەدات و لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەبنەوە، بەڵام هیچێک لەو کەسانە خوڵقی دەربڕینی هیچ ڕەخنە و خەمخۆرییەکیان لەو کەیسانەدا نییە. نهێنییەکە ئەوەیە ئەم کەیسە سەبارەت بە جێندەر و ڕاستکردنەوەی ڕەگەزە، سەبارەت بە کەسێکە جورئەتی کردووە بڵێت ئەو نۆرمانەی ڕۆحی ئێوە پێی ئاشنایە و ئەو ئاشناییە ئاسوودەییەکی زۆری پێداون، بۆ من جووتێک پێڵاوی تەسکن کە ببوورن ئیتر تەحەمولیان ناکەم و دەبێت دەیانکەنم. لێرەوەیە خەڵکانێک لەلایەکەوە خوڵقیان نییە هیج قسەیەک لەوە بکەن کە ئەمڕۆژانە سەدان هەزار منداڵی کوردستان وا فەسڵێکی تەواوی قوتابخانەیان لەدەست چوو و ئەو کارە زەربەی کوشندە لە گەشەی ئەو منداڵانە و داهاتووی کۆمەڵگای کوردیی دەدات، بەڵام لە خەمی ئەوەدان کە باوکێک لە ناچارییەکی تەواوەوە بڕیاری داوە ئیتر دایکێکی بەسۆز و شارەزا و میهرەبانی منداڵەکانی بێت.
من ئەو نیگەرانییە تێناگەم کە لەئاست ئەوەدا دەردەبڕدرێت کە گوایە گۆڕانی ڕەگەزی باوک زەربەتی گەورە لە ژیان و لە پەروەردەی منداڵ دەدات. منداڵ بۆ گەشەکردنی دروست پێویستی بە خۆشەویستیی و پاڵپشتیی و هەستی سەقامگیرییە. ناسنامەی ڕەگەزیی ئینسان هیچ لە توانای کەسەکە ناگۆڕێت لە دابینکردنی ئەو دۆخی گەشەکردنەدا بۆ منداڵ.
بەکورتیی، هەموو ئەم مۆڕاڵیزمە بەدەوری کەیسی لانە کرمانجدا یەک داینامۆی هەیە: سەغڵەتبوون بە یاخییبوونێک کە تازە و ناباوە و ڕۆحی ئەو خەڵکە ڕانەهاتووە پێی. دەربڕینی نیگەرانیی مۆڕاڵیی لەبەرامبەر لانە کرمانجدا کە هیچ خەتایەکی نەکردووە، مۆڕالیزمە. مۆڕاڵیزم بە کوردییەکی ڕۆشن پێی دەوترێت مۆڕاڵفرۆشیی لەبەرامبەر کەسێکدا کە هیچ لە مۆڕاڵی کەم نییە، بەڵام لە نۆرمی باو لایداوە.
٭٭٭
شتێک کە ڕۆشنە ئەوەیە کە کاتێک جیابوونەوە لەناو خانەوادەدا ڕوو دەدات، بێگومان بۆ هەردوولا ئازاری زۆرە، وە بۆ منداڵ خەمێکی گەورەیە. ئەمە ڕۆژانە لەناو کۆمەڵگای کوردییدا ڕوودەدات و تەنها لە خانەوادەی لانەدا نییە.
هەمانشت ئەوە ڕۆشنە کە ئەوەی ئەندامێکی خانەوادەکەت لە پڕێکدا ببێتە ڕەگەزێکی تر، لای منداڵ بۆ ماوەیەکی زۆر ئیحساسی سەردەرنەکردن و دڵەڕاوکێ و سترێس دروست دەکات. بەڵام ئەمە کارەساتێکی وا گەورە نییە کە مامەڵەلەگەڵکردن و چاککردنی نامومکین بێت. ڕۆژانە منداڵ تەنانەت باوک یان دایکی دەمرێت و بۆ هەتا هەتایە نایبینێتەوە بەڵام بە یارمەتیی دەوروبەر و تەراپیی زاڵ دەبێت بەسەریدا و تێیدەپەڕێنێت. توێژینەوە پیشانی داوە کە منداڵان بەشێوەیەکی گشتیی زۆر زووتر لە گەورەساڵان لەگەڵ گۆڕانکارییدا ڕادێن.
شتێکی تر کە هەر لەم سیاقەدا دەبێت بوترێت ئەوەیە کە مەرج نییە منداڵ زەربەت بخوات بەوەی کە باوکی ڕایدەگەیەنێت کە ئەو ژنە. ئەسڵەن کارێکی وا زۆر مومکینە کارکردی زۆر پۆزەتیڤ لەسەر منداڵ دابنێت. ئەوەی کە منداڵێک ببینێت باوکی بە جورئەت و جاونەترسییەکی زۆرەوە لەناو کۆمەڵگادا پێداگیریی لەسەر ژیانکردنێکی سەربەخۆ بۆ خۆی دەکات، بۆی هەیە منداڵ فێری وانەیەکی بەقیمەت بکات سەبارەت بە ئینتیگریتیی و جورئەت و خۆقبوڵکردن بە هەر شێوەیەک بێت.
منداڵ هەمیشە بەوە گەشەی دروست دەکات کە بەخێوکەرەکانی ڕاستگۆ بن لەگەڵی. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەوانەی لە بەرگی داکۆکییکردن لە بەرژەوەندیی منداڵەکانی لانەدا ڕەخنەی لانە دەکەن، پێشنیاریان ئەوەیە کە لانە درۆی لەگەڵیاندا بکردایە و ڕاستیی ناو دەروونی خۆی لێیان بشاردایەتەوە. بە مانایەکی تر، باوکێک درۆ لەگەڵ منداڵەکانیدا بکات، وە خۆی هەموو ژیانی تا ئاستی خۆکوژیی لەناو خانەوادەکەدا خەمبار بێت، ئەمە وەک چارەسەرێکی دروستتر پیشان دەدەن لەوەی کە باوکەکە ڕاستگۆ بێت و منداڵ فێری تۆڵێڕانس و قبوڵکردنی جیاوازیی بکرێت. وورد بەرەوە و ببینە عەبەسییەتی مۆڕالیزم لە حاڵەتی ترانسفۆبیادا تا کوێ دەڕوات و، ببینە خاوەنی چی ڕوانگەیەک بۆ پەروەردەی منداڵ خۆی دەکات بە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی منداڵانی خەڵک.

سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر

لێدوانێک بەجێ بهێلە