Home ئەدەب “دوایین ستران”

“دوایین ستران”

by admin
0 کۆمێنت 665 بینینەکان

ئاردیتا جاترو:  
لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی:  

ئانا،
ئاگات لێمبێ
بە پەنجە باریکەکانت پرچم دابێنە
گۆرانیەکم بۆ ئافراندووی.
وەرە بمشۆرە بۆ دوایینجار
لێمخۆشبە خۆشەویستم
وەک چۆن لە باوبۆران خۆشدەبی
کە بێ مەرام گەڵایان دەخەنە سنگی زەوی
لە ناو چەکمەجەکە پەڕەی نۆتەیەک هەیە،
بیکەرەوە بە هیواشی سترانەکە بێژە.
وەک دانپێدانانێکی پاک لێمی وەرگرە
پاشان پێم بێژە ئەگەر شتێکی
مابوو بۆ تەواو بوون

ئانا،
لەسەر مێزەکە سێوێک هەیە
چاوەڕێی پاککردنە،
خۆت پاکیبکەرەوە!
لەنێو گوڵدانەکە
گوڵێک هەیە تێنووی دڵۆپێک ئاوە
خۆت ئاوی بدە
ئەو شاڵە سپیەی کە بۆ دوو زستانە ناپۆشرێ
تۆ بیپۆشە
ئەزیزم، ئەمێستا پەنجەرەکە بکەرەوە
دەبا لەززەت لە ئاوازی دارستان ببەی
کە چۆن لەم وەرزەدا ڕووت دەبێتەوە.

ئای لە سەرمدا چ بێدەنگیەک زاڵە .
هەست بە لەرزین و تامەزرۆیی هەوادەکەیت؟
ئەوە ڕۆحی پیرۆزە.
لە ڕووخسارتدا وێنەی ئەو دەبینم
ئەمن بەبێ تۆ ونبووم ئانا
کوێرێکی سەرلێشێواو،
کەڕ و سەمەرەم.
ئانا،
سەگەکە لە حەوشە دەگری
هەست بە کۆچی ڕۆح دەکا،
بەڵام چی لەو دیو دارستانەوەیە؟
ئانا…

“ونبوونی منداڵێ”

منداڵێ ونبووە
ساڵی “١٩٧٢” لەدایکبووە
تەمەنی چل و پێنج ساڵە
لەڕۆژی پێنج شەممەدا،
کات: دیارنیە.
بە قژێکی ئاڵ و واڵاوە تا شانەکانی،
باڵای مەترێک و حەفتایە.
دەمی ونبوونی پاڵتۆیەکی سووری
دووگمە دارینی لەبەردابوو
پاپوچێکی سپی،
ڕەنگی جانتاکەی بێجیە.
تکایە،
هەر کەسێک دۆزییەوە
بیبا بۆ مەیدانی یاری
لەلای شەقامی ئێلباسان،
تەنیشت کۆنە کارگەکەی قوماش
دایکی لەوێ چاوەڕێی دەکا.

واژوو: ئەمە تکایەکە
بۆ دۆزینەوەی منداڵێک
کە بۆ هەتا هەتایە ونبووە.

 

“کۆرپەکە”
کاتێ لە گرتیخانە هاتە دەرەوە
خۆی و بوخچەکەی کۆڵی و شتە بچووکەکانی
لە بەردەم قاوەخانەیەک وێستا.
چەند قاوەیەکی خواردەوە
دەگەڵ سەرخۆشێکدا تاوڵەیەکی کرد
کە هیچ ڕکەبەریەکی لەگەڵ وی نەبوو،
پاشان بەرەو وێستگەی پاسەکان ڕۆیشت

لە ماڵەکۆنەکە
لە ناوەراستی سەربانە سوتاوەکەدا
گمەی کۆتران دەهات.
جلەکان بە خێچیەوە
لە گۆشەیەکی باخچەکە
بەتەلێکەوە هەڵخسترابوون
لە خەیاڵیدا تەرمی وشکبووی
مرۆڤ گەلێکی جەنگە کۆنەکانبوون
بوخچەی شتە گچکەکانی
لە سەر زەوەیەکە دانا و خۆیشی
لەکن بیرە وشککردووەکەوە
لەسەر کەڤەرێکی گەورە دانیشت
و چاوەڕوانبوو…

درەنگانی پاشنیوەڕۆ
وێ، دەرکەوت، لە دەرکەکەوە،
کۆرپەیەکیش زاری لە مەمکی توندکربوو
بۆ تاوێک کەوتنە مشتومڕ
بەڵام، هەردوو شکستیانخوارد
و بێدەنگبوون.
جانتاکەی دا بەکۆڵیدا و
بەرەو دەرکەی پێشەوە ڕۆیشت.
ئەویش، لە خانوەکەدا
دەگەڵ بنمیچە سوتاوەکەو
و کۆرپەکەی بەرمەمکی
کە بە ئاستەم “نان”ی گۆدەکرد…

 

 

” پێڵاوی پاژنەبەرز “

ئیدی پێڵاوی پاژنە بەرز لەپێ ناکەم.
بە کچەکەمم گوت، بۆ خۆت بیانبە.
پێم گوت، هەست بە ئازاری جوانی بکە
کاتێک دەڕۆیت کەمێک ژاوەژاو دروستبکە
چونکە ڕۆژێ دێ چیتر تۆش ئەوانەت ناوێ
ئەو ڕۆژەی کە تێدەگەی لە نێو زگی زەویدا
ئێمە بە پێی پەتیەوە هاتن و چوون دەکەین.

 

((باڵکێشە شیعرەکانت بە زمانێکی دیکە جیا لە زمانی زگماکیت ببینیت هەستێکە نابێت بەوشە و نایەتە زوان، بەکوردی کردنیشیان بەهایەکە لەکنم هاوتای نییە.
ئومێد، من بە زمانی ئەلبانیایی دەنووسم لەگەڵ ئەوەش خۆم شیعرەکانم وەردەگێرم بۆ یۆنانی سی و سێ ساڵە لە یۆنان دەژیم و پیربووم لێرە، ئاخر چیرۆکی مرۆڤەکان کتێب گەلێکن کە بەبێدەنگی دەنوسرێنەوە. لە هەموو ئەمانە جوانتر لەبۆم ئەوەیە کە تۆ ئەم کارە لە پێناو خودی شیعر دەکەیت.))
ئاردیتا جاترو_ یەکێکە لە شاعیرە هاوچەڕخ و نایابەکانی ئەلبانیا چوار کۆمەلە شیعر و ڕۆمانێکی هەیە، ساڵی ٢٠١٧ کۆمەڵە شیعریەکەی بەناوی “٦٦ کیلۆ تەنیای” لە وەشانخانەی “ترانسێدەنت زیرۆ” لە ئەمەریکا چاپ و بڵاوکرایەوە شیعرەکانی ئاردیتا بەردەوام لەبڵاوکراوە ئەدەبیە نێودەوڵەتیەکان و ئەنتۆلۆژیایی شیعری جیهانیدا بڵاودەکرێنەوە، لە ساڵی ١٩٩٠ تا بە ئێستا لە (یۆنان_ ساڵۆنیکی) دەژی.

ئاردیتا جاترو
لە یۆنانییەوە: ئومێد قەرەنی

 

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر