Home ئەدەب کەلاوەکەی سەر دەریا

کەلاوەکەی سەر دەریا

by admin
0 کۆمێنت 73 بینینەکان

عەبدوڵڵا سلێمان (مەشخەڵ):

شانۆگەرییەکی یەک پەردەییە لە سێ دیمەندا
تێبینی : ئەم دەقە لە ساڵی ٢٠١٠ دەستم پێکرد و لە ٢٠٢٢ تەواوم کرد.
کاره‌کته‌ره‌کان
دانا : کوڕێکی ته‌مه‌ن ده‌ ساڵانه‌، سه‌رپه‌رشتیاری خوشک و براکانییه‌تی. شه‌ڕواڵیک و کراسێکی ناڕێکی له‌به‌ردایه‌.
په‌ری : خوشکی دانا، ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵانه‌،سه‌رپه‌رشتیاری کاروباری ماڵه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆیه‌. مه‌کسییه‌کی دڕاو و بۆری له‌به‌ردایه‌.
شێرکۆ : برای دانایه‌.ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵانه‌. کۆنه‌ شه‌رواڵێک و کراسێکی له‌به‌ردایه‌. له‌گه‌ڵ دانای برای ئه‌رکی بژێوی خوشک و براکانی له‌سه‌رشانه‌.
ئارام : برای دانایه‌. ته‌مه‌نی چوار ساڵانه‌. زۆربه‌ی کات له‌گه‌ڵ په‌ری خوشکی دایه‌. بێجامه‌ و کراسێکی ده‌ست کورتانه‌ی له‌به‌ردایه‌.
باجی لەعلی : تەنها دەنگی دەبیسترێت.
ئومێد : هاوسەری پەری تەمەنی نزیک بە بیست و چوار ساڵێک دەبێت.
شوێنکات
دووانیوه‌ڕۆی ڕۆژێکی مانگی ئه‌یلوولی دوو هه‌زار و چواره‌، که‌لاوه‌یه‌کی ڕووخاو و داڕماوی خانووه‌کانی فه‌یله‌قی که‌رکووکه‌.
دیمه‌نی یه‌که‌م
دیمه‌ن : که‌په‌رده‌ لاده‌درێت که‌چه‌ خانووه‌که‌ی ماڵی ئه‌م منداڵانه‌یه‌. ژوورێکی بچکۆله‌ی چۆڵه‌ خاڵی له‌هه‌ر دیمه‌ن و پێداویستییه‌کی ژیانی ئه‌مڕۆ.هۆده‌که‌ نیمچه‌ تاریکه‌، ئه‌وه‌ی ئه‌بینرێ ئه‌م شتانه‌ن: له‌گۆشه‌یه‌که‌وه‌ دوو ته‌نه‌که‌ی ڕۆنی ژه‌نگ گرتوو که‌ یه‌ک دوو شڕه‌ دۆشه‌ک و به‌تانی و سه‌رینیان له‌سه‌ره‌. ناوه‌ڕاستی شانۆش (هۆده‌که‌) ده‌رگایه‌که‌ ڕوو به‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌کرێته‌وه‌، ده‌رگاکه‌ گونیه‌ی پینه‌کراو و لێکدراوه‌ و به‌بزمار به‌سووچه‌کانی دیواری شانۆوه‌ داکوتراون. له‌ گۆشه‌که‌ی تره‌وه‌ سۆپایه‌کی عه‌لادینی کۆن که‌ قووتووه‌ ئاوێکی له‌سه‌ره‌. له‌ته‌نیشت سۆپاکه‌وه‌ دوو سێ قاپ و که‌وچک دانراون له‌گه‌ڵ کۆنه‌ قۆرییه‌ک. په‌ری ئارامی له‌باوه‌شه‌ و له‌نزیک سۆپاکه‌ له‌سه‌ر زه‌وییه‌که‌ له‌سه‌ر نیمده‌ره‌یه‌ک هه‌ڵکورماوه‌ و له‌ولاشیه‌وه‌ فه‌رده‌یه‌ک قووتوو و بوتڵی به‌تاڵ به‌دیواری شانۆوه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌. په‌ری به‌ده‌م لاواندنه‌وه‌وه‌ ئه‌یه‌وێ برسێتی له‌بیر ئارام بباته‌وه‌.
په‌ری : ( به‌ده‌نگێکی سۆزدار و پڕ له‌ سه‌رپه‌رشتیارییه‌وه‌)
لاچۆ لاچۆ ئه‌ی ملهوڕ
ئارام خه‌وی لێکه‌وتووه‌
ئارام ژیر و هێمنه‌
لای دادەی خۆی خەوتووە
ئارام خوشکی خۆش ئه‌وێ
دانا و شێرکۆی له‌پشتن
ئارام ژیر و هێمنه‌
یەک یەک نازدار و قشتن
ئارام : ( به‌ده‌م گریانه‌وه‌) په‌ری برسیمه‌. نانم ده‌رێ.
په‌ری : ( هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ لاواندنه‌وه‌که‌ی)
ئارام ئه‌گه‌ر برسی بێ
چاوه‌ڕێی برا ئه‌کا
ئارام ئه‌گه‌ر خه‌وی بێ
ده‌ست له‌مل چرا ئه‌کا
ئارام : ( ئه‌نوزێته‌وه‌) برسیمه‌. ده‌ی برسیمه‌.
په‌ری : ( هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ لاواندنه‌وه‌)
ئارام گریان نازانێ
ژیر و هێمنه‌ و بێده‌نگ
ئارام ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ بێ
خه‌ون ئه‌بینێ ڕه‌نگاوڕه‌نگ
ئارام که ‌گه‌وره‌ ئه‌بێ
پشت و پەنایە بۆ ماڵ
ئارام ژیر و زرنگە
تەورە دژ بە ژینی تاڵ
( ئارام بێده‌نگ ئه‌بێ که‌زیاتر نیشانه‌ی خه‌و لێکه‌وتنیه‌تی. په‌ری به‌هێمنی ئارام له‌شوێنی خۆی له‌سه‌ر نیمده‌ره‌که‌ درێژ ئه‌کات. خۆشی ئه‌چێته‌ نزیک جێ و بانه‌کان و پشت به‌ته‌نه‌که‌یه‌که‌وه‌ ئه‌دات و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ست ئه‌کات به‌گریان و پاشان هێدی هێدی هه‌نسک ئه‌دات. په‌ری له‌هه‌نسک دان ئه‌وه‌ستێ و به‌لچکی مه‌کسییه‌که‌ی فرمێسکه‌کانی ئه‌سڕێ.)
په‌ری : خوایه‌ گوناهمان چی بوو وات لێکردووین؟ بۆ وه‌کو خه‌ڵک دایک و باوکمان نییه‌؟ هه‌ر که‌سێکمان هه‌بووایه‌ به‌س بوو. ئاخر من نازانم چی بکه‌م و کاکه‌ داناش له‌گه‌ڵ شیرکۆ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان پێئه‌کرێ. له‌ به‌یانی زووه‌وه‌ به‌ سکی برسی له‌ماڵ ده‌رئه‌چن و په‌نا دیوار و سه‌رزبڵخان نامێنێ به‌دوای قووتووی بیبسی و بوتڵی ئاوی به‌تاڵ و کۆنه‌ فافۆن و مس و لاستیک نه‌گه‌ڕێن. ئێوارانیش پێنج هه‌زار دینار یان حه‌وت هه‌زار دینار که‌ ته‌نها به‌شی چه‌ند سه‌مونێک ئه‌کات ،په‌یدای ئه‌که‌ن. ئه‌ی خوایه‌ ڕه‌حمێ…من نازانم چی بکه‌م؟ نازانم. به‌خوا ده‌رو جیرانه‌کان نانمان نه‌ده‌نێ هیچ نییه‌ بیخۆین.
( له‌ودیوی ده‌رگا گو‌نییه‌که‌وه‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ دێ و په‌ری به‌په‌له‌ ئه‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ و پاش نه‌ختێک دانا و شێرکۆ و په‌ری دێنه‌ ژووره‌وه‌. دانا دۆشه‌کێک له‌سه‌ر ته‌نه‌که‌ ڕۆنه‌که‌ دائه‌گرێ و له‌سه‌ری دائه‌نیشی. شیرکۆش له‌خوار داناوه‌ خۆی به‌ئه‌رزدا ئه‌دات. په‌ریش ئه‌و عه‌لا‌گه‌ ڕه‌شه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ دانا هه‌ندێ سه‌مونی کڕیوه‌ و هێناویه‌ته‌وه‌. په‌ری ده‌ست ئه‌داته‌ شقارته‌یه‌ک تا سۆپاکه‌ داگیرسێنێ. قووتووه‌ ئاوه‌که‌ دائه‌گرێ و سۆپاکه‌ پێئه‌کات. ئاوی ناو قووتووه‌که‌ ئه‌کاته‌ قۆریه‌که‌وه‌.)
دانا : ( به‌جۆرێک له‌شه‌رمه‌وه‌ ڕوو له‌ په‌ری ئه‌کات) جیرانه‌کان هیچیان بۆ نه‌هێناوین؟
په‌ری : نه‌خێر.
دانا : ( ڕوو لە پەری دەکات) ئه‌وه‌ بۆ هیچت به‌ئارامدا دانه‌داوه‌؟
په‌ری : ( ته‌ماشایه‌کی ئارام ئه‌کات) ئێستا له‌برسا خه‌وی لێکه‌وت.( ده‌ست یه‌داته‌ به‌تانییه‌ک و ئارام دائه‌پۆشێ) تا خه‌وی لێکه‌وت هه‌ر داوای نانی ئه‌کرد.
دانا : ده‌ هه‌ڵی سێنه‌ با سه‌موون بخوات. ( دانا په‌لامار ئارام ئه‌دات و ئه‌یکاته‌ باوه‌ش) هه‌سته‌ برا بچکۆله‌که‌م، هه‌سته‌ له‌خه‌و، بزانه‌ کاکه‌ دانا چی هێناوه‌. ئه‌ها سه‌موونم بۆ هێناوی. هه‌سته‌ به‌برسێتی مه‌خه‌وه‌.
ئارام : ( به‌ جۆرێک نازکردن و گریانه‌وه‌) برسیمه‌ سه‌موونم ئه‌وێ.
په‌ری : ( سه‌مونێک له‌ عه‌لاگه‌که‌ ده‌رئه‌هێنێ و که‌رتی ئه‌کات و که‌رتێکی ئه‌داته‌ ئارام و که‌رتێکیشی قه‌پێکی لێ ئه‌دا و ئه‌یخاته‌وه‌ ناو عه‌لاگه‌که‌. شێرکۆ که‌ تا ئه‌و کاته‌ هه‌ر پاڵکه‌وتووه‌، قیت ئه‌بێته‌وه‌ و له‌ دانا ئه‌پرسێ)
شێرکۆ : کاکه‌ دانا، حه‌وت هه‌زارمان په‌یدا کرد؟
دانا : به‌ڵێ.
شێرکۆ : پێنج هه‌زارمان دا به‌سه‌موون، و دوو هه‌زارمان پێ ماوه‌.
دانا : وایه‌.
په‌ری : ( بە شەرمەوە ڕوو لە دانا دەکات) کاکه‌ دانا ئه‌و دوو هه‌زاره‌م ئه‌ده‌یتێ؟
دانا : بۆچیته‌؟
په‌ری : حه‌زم له‌ بنێشته‌، لای مام غه‌فوور بنێشتی پێ ئه‌کڕم.
شێرکۆ : بنێشتی چی، وه‌ڵڵا له‌ده‌می نانێی. تۆ بنێشت بکڕی منیش چوکلێتم ئه‌وێ.
په‌ری : ( ڕوو بە شێرکۆ) ئینجا تۆ حه‌قت چییه‌؟ کاکه‌ دانا خۆی ئه‌مداتێ.
دانا : ( به‌ هێمنییه‌وه‌) په‌ری گیان، ئه‌زانم حه‌زت له‌ بنێشته‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نها ئه‌و دوو سێ هه‌زاره‌مان هه‌یه‌،ئه‌بێ قه‌ناعه‌ت بکه‌ین و هه‌ندێ پاره‌ پاشه‌که‌وت بکه‌ین تا ئه‌گه‌ر ڕۆژی نه‌خۆش بووین و نه‌مانتوانی بچین بۆ قوتوو و فافۆن و مس، ئه‌وا بتوانین سه‌موون بکڕین و برسیمان نه‌بێ. به‌ڵام په‌یمانی ئه‌ده‌مێ ئه‌گه‌ر تۆزێ پاره‌که‌مان زیادی کرد بنێشتت بۆ ئه‌کڕم.
په‌ری : ( به‌ خه‌جاڵه‌تبارییه‌وه‌) ببووره‌ کاکه‌ دانا تۆ ڕاست ئه‌که‌یت. من بنێشتم ناوێ جارێ. که‌ی پاره‌مان هه‌بوو ئه‌وسا بنێشت ئه‌کڕم.
دانا : (ئه‌چێته‌ لای په‌ری و ده‌ست به‌سه‌ریدا ئه‌هێنێ) ئافه‌رین په‌ری. تۆ خوشکێکی زۆر ئاقڵێ.
( ده‌نگێک له‌ده‌ره‌وه‌ بانگی په‌ری و دانا ئه‌کات، ده‌نگی باجی لەعلی جیرانیانە‌.)
ده‌نگی باجی لەعلی : په‌ری کچم په‌ری، دانا له‌ماڵه‌وه‌ن؟ وه‌رن ئه‌م خواردنه‌م لێوه‌رگرن.
(په‌ری و دانا به‌ڕاکردن ئه‌ڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌نگی دانا : ده‌ستت خۆش بێ باجی لەعلی، خوا پاداشتت بداته‌وه‌. ده‌نگی په‌ری : سوپاس باجی لەعلی، ده‌نگی لەعلی : عافیه‌تتان بێ و به‌یانی قاپه‌که‌م بۆ بێنه‌وه‌. ده‌نگی په‌ری : به‌سه‌رچاو باجی لەعلی به‌یانی قاپه‌که‌ت بۆ دێنمه‌وه‌. ده‌نگی لەعلی : ده‌باشه‌ ئاگاتان له‌خۆتان بێ . ده‌نگی دانا و په‌ری پێکه‌وه‌ : خوا حافیزت بێ . دانا و په‌ری دێنه‌ ژووره‌وه‌. دانا قاپێ گه‌وره‌ی پڕ له‌خواردنی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و په‌ریش به‌دووایه‌وه‌. دانا قاپه‌ خواردنه‌که‌ دائه‌نێ و په‌ریش سه‌موونه‌کان ئه‌هێنێ و ئه‌وسا هه‌موو له‌ده‌وری قاپه‌ خواردنه‌که‌ ده‌ست ئه‌که‌ن به‌نانخواردن. ڕووناکی له‌سه‌ریان کز ئه‌بێ.(
دیمه‌نی دووه‌م
شوێنکات
هه‌مان شوێنی دیمه‌نی یه‌که‌مه‌، کات نۆی شه‌وه‌.
دیمه‌ن : شێرکۆ و په‌ری و ئارام نووستوون. شانۆ تاریکه‌ ‌ڕووناکییه‌کی که‌م سه‌ر شانۆی داپۆشیوه‌. دانا بێداره‌ و هه‌ر گینگڵ ئه‌دات. دانا له‌سه‌ر جێگه‌که‌ی ڕاست ئه‌بێته‌وه‌ و به‌تانییه‌که‌ به‌ په‌ری و ئارام و شێرکۆ دائه‌دات. ماوه‌یه‌کی زۆر کورت لێیان ئه‌ڕوانێ و پاڵ ئه‌داته‌وه‌. لێره‌وه‌ ئیتر دانا به‌ئاگایه‌ و نه‌خه‌وتووه‌، به‌ڵام ته‌نها ده‌نگ دانا وه‌کو مۆنۆلۆگ ئه‌بیسترێ.)
ده‌نگی دانا : نازانم بۆچی قەدەری ئێمە بەمجۆرەیە؟ گوناهمان چیبوو وامان بەسەرهات؟ ئەگەر بەدبەختی نەبووایە بۆچی دایک و باوکمان بەر تەقینەوە دەکەوتن. ئێ چی دەبوو ئێمەش وەکو ئەو عالەمە لەپەنای دایک و باوکدا ڕۆژگارەکانمان بەسەر ببردایە و بچووینایە مەکتەب و تووشی ئەم برسێتی و ڕۆژڕەشییە نەهاتینایە.( وچانێکی کورت) تازە هیچ ناکرێت. بەڵام ڕۆژێک دێت گەورە دەبین و بەتوانا دەبین و دەتوانین ئاسانتر بژێوی ژیانمان دابین بکەین. ڕۆژێک دێت؛ وەزعمان زۆر لە ئێستا باشتر دەبێت و ئێ خۆ تا مردن ئاوا ناژین. هەمووجارێک کە سەیری مناڵانی گەڕەکان دەکەم پۆشتە و تێرن، گریانم بۆ خۆمان دێت. هەرکاتێک دەبینم منداڵان دەچنە مەکتەب یان لە مەکتەب دێنەوە کزە لە جەرگمەوە دێت. ئاخر بۆ دەبێت چاومان لە یارمەتی ماڵە جیران بێت؟ ماڵی باجی لەعلی و مام کەریم ئاوا بێت قسوریان نەکردووە و بەردەوام یارمەتییان داوین. ( تۆزێک بێدەنگ دەبێت) من تەمەنم ١٠ ساڵە و دوو سێ ساڵی تر دەتوانم کرێکاری بکەم و پارەی زیاترم دەست دەکەوێت.( هەڵدەستێتەوە و بڕێک لە بینەران نزیک دەبێتەوە) ئاوا گوزارشت لە وەزعی تاڵی ژیانی خۆیان دەکات.
چوار منداڵی کەساسین
بێ باوک و سەرپەرشتین
لەنێو کێڵگەی ژیانا
خەمی ورد و درشتین
بوتڵی بەتاڵ و قووتی
کۆدەکەینەوە ئێمە
بەزستان و بەهاوین
جووتێ نەعل لە پێمە
خوشک و براکانیشم
تا بڵیی ڕووت و برسین
لەنێو ئەم کەلاوەیە
لە مەرگی خۆ دەترسین
کێ دەزانێ ئێمە وا
چوار منداڵی بەدبەختین
بەئاواتی هەبوونی
تەنها ژوورێکی تەختین
ئێمە شکۆمان شکا
بووینەتە جێی ڕای خەڵک
ئاخ چیبکەین لەم زەمانە
چوار هەناسەین بێکەڵک
( لەم کاتەدا ئارام دەجوڵێتەوە و بەئاگا دێت. دانا دەچێت بەلایدا تا بانی بدات، بەڵام ئارام لە دانا دەڕوانێت و دەست دەکات بە گریان. پەریش بەئاگا دێت)
پەری : کاکە دانا ئەوە چییە بۆ نەخەوتووی؟
دانا : خەوم نایە.
پەری : کاکە دانا هەوڵبدە بخەویت.
دانا : ( بەرەو لای جێگەکەی دەڕوات و پاڵ دەداتەوە.) باش دەی ئێوەش بخەون.
پەری ( ئارام لەتەنیشت خۆی دەخەوێنێت و ئەم گۆرانییەی بۆ دەڵێت)
لاچۆ لاچۆ ئه‌ی ملهوڕ
ئارام خه‌وی لێکه‌وتووه‌
ئارام ژیر و هێمنه‌
لای دادەی خۆی خەوتووە
ئارام خوشکی خۆش ئه‌وێ
دانا و شێرکۆی له‌پشتن
ئارام ژیر و هێمنه‌
یەک یەک نازدار و قشتن
(ئیتر وردە وردە دەنگی پەری کز دەبێت و شانۆش تاریک دادێت.)
پەردەی سێیەم
شوێنکات : ئێوارەیەکی کۆتایی هاوینی ساڵی ٢٠١٦یە لە کەرکووک
دیمەن : ماڵی پەری و ئومێدە. ماڵێکی سادە وتاڕادەیک هەژاری پێوە دیارە. زۆر نابێت پەری و ئومێد هاوسەرگیرییان کردووە. یەک دوو دۆشەک و سەرین دانراون و پانکەیەک و سوراحییەک پڕ لەئاو لەگەڵ پەرداخێک دانراون. ڕووناکی دەچێتە سەر پەری و ئومێد.
ئومێد : ( ڕوو لە پەری دەکات) دەزانیت زۆرم هەوڵ دا بۆ نیوەڕۆ بێت تا پێکەوە نان بخۆین.
پەری : مەبەست کێیە؟
ئومێد : مەبەستم دانایە. وتی ئێوارە دوای نانخواردن دێم.
پەری : لەوەتەی خەریکی ئیشی تەکسییە، زۆر مورتاحە و وەزعیشی گەلێ لەجاران باشترە.
(لەپڕ لە دەرگا دەدرێت، ئومێد دەڕوات دەرگا بکاتەوە. دوای چەند چرکەیەک لەگەڵ دانا پێکەوە دێنەوە سەر شانۆ.)
ئومێد : فەرموو کاکە دانا گیان.. بەخێر بێی.
پەری : ( هەڵدەستێتە سەر پێ و بەخێرهاتنی دانای برای دەکات) کاکە دانا بەخێر بێی.
دانا : سوپاستان دەکەم سوپاس ئومێد گیان.. پەری گیان تۆ چۆنیت؟
پەری : زۆر باشم، سوپاس.
ئومێد : دانا گیان نانت خواردووە؟ با نانت بۆ بێنین.
دانا : سوپاس نانم خواردووە. هەر حەزم کرد چاوم پێتان بکەوێت.
ئومێد و پەری : ( بەیەکەوە) یاخوا بەخێر بێی.
ئومێد : ئەم بەیانییە چەندم پیوتی نان مەخۆ و وەرە لای خۆمان پێکەوە نان دەخۆین
دانا : چاوەکەمی ئومێد گیان.. نا نەمدەتوانی بۆ نانخواردن بێم. دەبوایە شێرکۆ بگەێنمە دەوام لە لەیلان و ئینجا بگەڕێمەوە و ئارامیش لە حەسیرەکە هەڵگرم بیبەمەوە ماڵ.
پەری : ( ڕوو لە دانا) ئەزانی کاکە بەر لەوە بێی باسی تۆمان دەکرد.
دانا : ( بەسەرسوڕمانەوە ) بەڕاست؟ چۆن باسمتان کرد؟
ئومێد : وتمان لەوەتەی خەریکی ئیشی تەکسییە، ئاسوودەترە.
دانا : وایە، زۆر ڕاستە. لەوەتەی ئەو ئیشە دەکەم، وەزعمان زۆر باشتر بووە و هەروەها شێرکۆش لەوتەی لە چیمەنتۆکەی لەیلان دەوام ئەکات و مەعاشەکەشی خراپ نییە. ئارامیش خەریکی خوێندنەکەیەتی. بەگشتی زۆر باشین و بەراورد ناکرێین بە جاران.
ئومێد : هیوادارم هەوا باش بن. مرۆڤ کار بکات و هەوڵ بدات، هەم وەزعی باش دەبێ و هەمێش دەگاتە ئاواتەکانی
دانا : وایە.
ئومێد : دانا گیان ئێمە لەسەردەمێکدا و لە سیستەمێکدا دەژێین، هەموو شتێکیان کردۆتە پارە. پارە و پەیوەندییەکانی پارە، جێگەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکانی گرتۆتەوە. مرۆڤ و بەهای مرۆڤ بەپارە بەراورد دەکڕێت. تۆ تەماشا پەیوەندییە ئینسانییەکان چییان بەسەردا هاتووە. ئێستا بڕۆ دەرەوە و لەسەر ئەو جادەیە ژان بتگرێت، دەیان کەس موبایلەکەیان دەردەکەن و وێنەت دەگرن،بەڵام ناتگەێننە نەخۆشخانە. گەشەی تەکنەلۆژیا و بە فەیسبووکبوونی تەواوی گۆی زەوی، ئینسانی لە کائینێکی کۆمەڵایەتییەوە گۆڕیوە بە ئەسیری چەند سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
پەری : (سێ چای دێنێ و چایەکان لەبەردەم خۆیان دادەنێت و سینییەکە لەتەنیشت خۆیەوە دادەنێت.) کاکە دانا بەزەیی و خۆشەویستی لای ئینسانەکان تا دێت کاڵتر دەبێتەوە. ئێستا نەک سەردان بەڵکو خەڵک تاقەتی ئەوەشیان نییە تەلەفۆن بۆ یەکتر بکەن.
دانا : راستە پەری گیان، بەڵام خۆ ئێمە نابێت تەسلیم بە وەزعەکە بین.
ئومێد : ( دەست دەداتە سەر ڕانی دانا) ئافەرین کاکە دانا گیان دروست وایە. ئەم دۆخەی تێیکەوتووین هۆکارەکەی نیزامی سەرمایەدارییە. ئەوە سەرمایەدارییە هەژاری و نەداری و جەنگ و کوشتار و ماڵوێرانیمان بۆ دێنێ. ئێمە دەبێت دژ بەو سیستەمی سەرمایەدارییە بجنگین.
دانا : ( فڕێک لە چاکەی دەدات) ئومێد گیان خۆت دەزانیت من زۆر سەرم لەو شتانە دەرناچێت، بەڵام ڕقی ئەو دنیایەم لە هەژاری و نەگبەتی و جەنگ و کاولکارییە. هەر شتێک ، هەر شۆڕشێک ئەم وەزعە نگۆڕێت ، من لەگەڵیدام.
ئومێد : ئەم وەزعە بە شۆڕش دەگۆڕدرێت. هەرکات ئێمەی هەژار و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش وشیار بووینەوە و یەکمان گرت و شۆڕشمان بەرپا کرد، ئەوکات ئازاد دەبین و چەوسانەوەی مرۆڤەکانیش نامێنێت. بەواتایەکی تر دەبێت لەڕێگەی شۆڕشەوە نیزامی سەرمایەداری بڕوخێنین و سۆشیالیزم دامەزرێنین. چینی کرێکار کە زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگەیە دەبێت دەسەڵاتی شورایی خۆی دامەزرێنێت.
دانا : من لەگەڵ نەمانی چەوسانەوەم و لەهەرکوێیەک خەبات بکرێت دژ بە چەوسانەوە، من بە خەباتی خۆمی دەزانم.
ئومێد : ( بەدەم چا خواردنەوەوە) هەر بژیت کاکە دانا. ئەم هەست و هەڵوێستە زۆر جوان و شۆڕشگێرانەیە، تۆ بەڕاستی وەفادار و خەمخۆری چینی کرێکار و هەژارانی. بەڵام یەک ڕەخنەی بچووکم لێت هەیە. خوێندەوارییەکەت بەقوەت بکە. تۆ پیویستە بخوێنیتەوە و یاستی وشیاری خۆت بەریتە سەر.
دانا : ڕاست ئەکەی ئومێد گیان بەس کاتم نییە و مەشغولی ڕێم نادات.
ئومید : ( بە گاڵتەوە) ئەوە چی دەڵێی دانا گیان، ئێواران وەرە ئێرە و لەگەڵ پەری وانەتان پێدەڵێم و خوێندەوارییەکەتان بەهێز دەبێت.
پەری : کاکە دانا من ماوەیەکە خەریکم و تەواو فەرقم کردووە و ئێستا هەندێک شت دەتوانم بخوێنمەوە و بنووسم.
دانا : وا دەکەم. ( بە پێکەنینەوە) پۆلێکمان بۆ بکەرەوە شێرکۆش دێنم.
ئومێد : جێی بەختەوەریمە. هەر هەمووتان وەرن ( بەگاڵتەوە) حەز دەکەم هەموو گەڕەکەکە بێنە.
( ئەوان بەردەوام دەبن لە قسەکردن و ڕووناکی لەسەریان کز دەبێت و شانۆ تاریک دادێت.)

تەواو

تێبینی:   ( کەلاوەکەی سەر دەریا) کە شانۆگەرییەکی یەک پەردەییە لە سێ دیمەندا لەم ژمارە تازەیەی گۆڤاری ڕامان ژمارە ٣١٥ ی ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوبۆتەوە. سوپاس بۆ گۆڤاری ڕامان و دەستەی بەڕێوەبردنی .

www.raman-media.net

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر