Home بیروڕا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و چەند تێبینییەک

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و چەند تێبینییەک

by admin
0 کۆمێنتەکان 85 بینینەکان

بەختیار موستەفا:   
چەند ساڵێک لەمەوبەر،سەرۆک کۆماری ئەو ڕۆژگارەی ئەرجەنتین، (ئالبێرتۆ فێرناندێز)، گووتی : ووڵاتەکەمان ناتوانێت ئەو ملیارەها قەرزەی لەسندوقی دراوی نێودەوڵەتی ، ساڵانی زوو وەری گرتووە، بیداتەوە. گوتیشی : ئەو بڕە پارەیە هێجگار زۆرە ، پێش ساڵی ٢٠١٨، وەرگیراوە ، بە ٤٧٧ ملیار کڕۆنی سویدی، نزیک( بە ٥٦ ملیار دۆلاری ئەمریکی ) ، مەزندە دەکرێت . سەرۆک کۆمارو وەزیری پلاندانانی ئابوری ئەو ساڵانەی ئەرجەنتین، (مارتین گوزمان) ، لەگەڵ نوێنەرانی ئەو کوتلە مالییە زەبەلاحە لە گفتوگۆو دانوستاندا بوون، بۆدۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ چۆنییەتی دانەوەی ئەو بڕە پارەیە .دەبێت ڕۆڵ و پێکهاتەی ئەو سندوقە قەرزە نێودەوڵەتییە چەند گەورەبێت و تاچەندی تر دەتوانێت قەرز بە دەوڵەتانی تری جیهان بدات!.
هەشت ساڵ لەمەوبەر ، بڕی ئەو پارەیەی ئەمریکا لەو سندوقەی قەرزکرد، دوو ئەوەندەی ئەو بڕە قەرزە بوو کە هەموو دەوڵەتانی ئەوروپای هاوبەش لەو سندوقەی وەرگرتبوو، نزیک ١٦ تریلیۆن دۆلار بوو . جگە لەچین ، زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەتانی جیهان ، قەرزیان لەو سندوقە نێودەوڵەتییە وەرگرتووە. کاتێک قەیرانە ئابورییە جیهانییە گەورەکان دێنەپێشەوە، چۆن و بە چ میکانیزمێک دەوڵەتانی قەرزکردوو دەتوانن ڕوبەڕووی ئەو بارودۆخە ئابوریە تەنگەژاوییە ببنەوە، وەبە چ شێوازێک ئەو دەوڵەتانە دەتوانن لە ژێر باری ئەو قەرزە کەڵەکەبووانەدا دەربچن و پشتیان ڕاستببێتەوە؟. ئەوەی تائێستا ڕویداوەو بینراوە، ئاکامی ئەو تەنگەژە گەورە ئابوریانە لەسەری خەڵکی نەدارو دەستکورتدا شکاوەتەوە، ئەوانیش بوون باجی ئەو دۆخە ئابورییەیان داوە.
بلۆکە مالییە زەبەلاحەکانی جیهان، دەستیان بەسەر تەواوی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و سیستمی بەڕێوەبردنی ئیداری و سیاسی جیهاندا گرتووە، کۆمەڵێک خێزان و کەسایەتی ناوداری دنیا پشکی سەرەکییان،لەو سندوقە نێودەوڵەتییانەدا هەیە، هەر ئەوانن ڕۆڵی گرنگ و یەکاڵا کەرەوەیان لەسەر باودۆخە ئابورییەکەو ئاڕاستەی سیاسی ڕوداوەکانی جیهان هەیە. خاوەندارییەتەکانی گوگل، مایکرۆسۆفت، ئەمازون، یوتوب، و تادوایی، پشکی گەورەیان لەپروسەی چڕبونەوەی سەرمایەی جیهاندا هەیە.
پرسیارێکی گەورە کەڕووبەڕووی تەواوی مرۆڤایەتی ونەوەکانی داهاتومان دەبێتەوە، ئەوەیە ئایا ئەم سیستمە ئابوروی و کۆمەڵایەتییە ،خۆی ڕادەگرێت و خۆی دەگونجێنێت، لەگەڵ پێداویستییەکانی بزوتنەوەی سەرمایەو لەگەڵ پێشهاتەو ئاڵوگۆڕە تەکنۆلۆجییەکاندا دێتەوە؟ بەهۆی چاکسازی ئابوری و ئاڵوگوڕی کۆمەڵایەتییەوە دەتوانێت باشبژێتی وخۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤایەتی دەستەبەر بکات؟ دەتوانێت بۆ هێجگارەکی مرۆڤایەتی لەدەست جەنگ و ماڵوێرانی ڕزگار بکات؟ دەتوانێت،پارێزگاری لە ژینگەی جیهان بکات، پلانێتە سەوزو شینەکەمان ومرۆڤایەتی لە کارەساتی لەناوچوون قوتاربکات؟، یان مرۆڤایەتی ڕێگا چارەیەکی تری لەبەردەمدایە؟ مێژووی مرۆڤایەتی هەوڵدانێکی بەردەوام و نەپساو بووە، بۆ هێنانەدی ژیانێکی باشترو بەختەوەرتر، هەرلەو ڕێگەیەشەوە ململانێکانی ناو خۆیی و ململانێکانی لەگەڵ سرووشتدا برەو پێداوە و بردۆتییە پێشەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە