ئیدریس مستەفا:
لە هیچ دەورەیەکی دنیادا هێندەی ئیستا زانست و زانیاری بێ کەڵک نەکراون. گەر لە سەدەکانی ناوەراستدا زانست و زانیاری سەرکوتی دەسەڵاتی ئاینی بووبێ ئەوا لە سەدەی ئێستادا بۆ خزمەتی قازانج و بەرژەوەندی سیستەمی سەرماداریە بە هەموو رەهەندەکانیەوە. زانستی گبی بەتایبەت ئەو بەشەی لە زانست تایبەتە بە کێشە فسیۆلۆجیەکانی مرۆڤ یەکێکە لەو ئامانجانەی ئەو سیستەمە دەیەوێ بۆ مەبەستێکی تایبەت بەکاری بهێنێ؛ ئەویش تێکشکانی هەیبەتی مرۆڤە. ئەو لە بوارە ئابوریەکەیدا مرۆڤی تێکشکاندووە و تەنها لایەنە جەستەییەکەی ماوە خراپی بکات.
لێدان لەو بناغە و یەکانەی مرۆڤ و چوارچێوە کۆمەڵایەتیە مرۆییەکەی ئەجێندای ئەوەڵ و سەرەکی سیستەمی لیبراڵ دیموکراسی رۆژئاوایە کە بە درێژایی سەدەیەکە کاری بۆ دەکات. تێکشکانی ئەو کڵێشە کۆمەلایەتیەی مانا بە مرۆڤ و بەهاکانی مرۆڤ دەدات وەک خێزان، کەسێتی، هاوسەریی، خۆشەویستی، رەگەزەکەی “جەندەر”،…. هتد. ئامانجی سەرەکی ئەو سیستەمەیە و دەیانەوێ بە بیانووەکانی وەک ئازادی تاک یاخود گرێی دەروونی یان کێشەی جەستەیی یا هەر حجەیەکی تر دایپۆشن.
مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگە و پەیوەندیە ئینسانیەکان لە مێژە لە ژێر هەژموونی ئەو سیستەمەدا دەناڵێنێ و لە ژێر مەنگەنەدایە ئێستاش دەیەوێ خراپتر دایڕوخێنێ چونکە نایەوێ هیچ بەهایەکی مرۆڤ کە لەسەر بنەمای هەست و نەست و پەیوەندیە ئینسانیەکانی بێت بوونی بمێنێت و بیکات بە نیمچە رۆبۆتێک. گەر لە ئاستی ئابوریدا بووە بە بورغویەک کار بکات یاخود بووە بە کاڵایەک لە بازاڕدا ئەوا وەک بەها مەعنەویەکانیشی دەیەوێ بیکاتە نیمچە رۆبۆتێک.
گۆڕینی رەگەز و مەسەلەی هاورەگەزخوازی (مەسەلەی هاوڕەگەزخوازی دیاردەیەکە هەبووە و هەیە لە ناو هەموو کۆمەڵگەکاندا) بەڵام بەم شێوەیەی ئیستا کە دەیبینین و بایەخی پێدەدرێ و دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی ناوخۆ و تەنانەت سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانیش هیچ نین جگە لە پەیڕەوی ئەجێندایەک کە ئەمریکا وەک رابەرێکی ئەو سیستەمە دژە ئینسانیە ئیمپسریالیستیە دەیباتە پێشەوە بۆ ئەو مەرامانەی ئاماژەمان پیدا لەسەرەوە. ئەو زانستە دەبووە سەروەریەک بۆ مرۆڤایەتی کە چارەسەری مرۆڤە نیوە بە نیوە رەگەزەکانی چاک بکردایە نەک مرۆڤە ساغەکانیش خراپ بکات بە بیانووی هەمەجۆر.
ئەوەی ئیستا لە بواری زانستی پزیشکی فسیۆلۆجی مرۆڤدا دەچێتە پێشەوە هیچ پەیوەندی بە ئازادی تاکە کەسەوە نیە بەڵکو ئەوە دوورونزیک پەیوەست نیە بە ئازادیەوە چونکە ئازادی واتە تێگەیشتن و مامەڵەکردنە لەگەڵ زەروورەتەکان. ئایا زەروورەتی دنیای ئێستا بەتایبەت بۆ کەسی بەئاگا و هۆشیار لە دنیا ئەوەیە کە دوای دەیان ساڵ لە تەمەن خەریکی رەگەز گۆڕینی خۆت بیت. ئەوەی کەسێک بیەوێ دەسکاری تەواوی بەدەنی خۆی بکات و بیگۆڕێ بە بەدەنێکی تر ئەمە جگە لە خۆپەرستیەک یا نەخۆشیەک، جا نەخۆشی دەرکەوتن یا تۆڵە لە خۆی و ئەوانی تر بێت و چەندان نەخۆشی تر، هیچی تر نیە. مەسەلەی رەگەز گۆڕین بۆ ئەوانەیە زەروورن پێی کە لە دایکبوونیانەوە ناڕێکیەکی جەستەییان هەیە یاخود توشی ناڕێکیەکی جەستەیی دەبن بەهۆکارێکەوە.
چوونە پاڵ ئەم بابەتە جگە لە چوونە ناو ئەجێندایەکی ئەمریکی و غەربیەوە شتێکی تر نیە. گەر مەسەلەکە خزمەتی مرۆڤ و وەڵام بە پیداویستیە تەندروستی و فسیۆلۆجی وئینسانیەکانی مرۆڤ بێت ئەوا ملیۆنان مرۆڤ پیویستیان بە کەمترین خزمەت هەیە و نایکەن. ئەوەی هەموو شتێ دەخریتە بەردەست بۆ بابەتی جەندەر و ملیۆنانی مرۆڤی تریش لە هیچ خزمەتێکی زانستی پزیشکی بەهرەمەند نابن ئەوە جگە لە فێڵێکی ئەو سیستەمە لەوانی تر شتێکی نیە و ئەوانەشی خۆیان تاقی دەکەنەوە لەو بوارەدا ئەوا قوربانیەکی ئەو سیستەمەن یاخود سەربازێکن لەو سوپایەی ئەو سیستەمە دەیەوێ دنیای پێ عەیبدار بکات. ئەەگرنا دنیا کێشەی نەمانی مرۆڤی هەیە نەک جەندەرەکەی ئەو جەندەرەی بەم شێوە کارەساتباروایە نماش دەکرێ بۆ مرۆڤ و نەوەکانی دادێ.
رەگەزی مرۆڤ لە نێوان سروشتی خۆی و زانستی ئیستا و ئەجێندای سیاسیدا
82