ئەحمەد رەسوڵ:
هەموو دەسەڵاتدارێتییەک تا سنوورێک ئامادەی ڕیسک و ڕووبەڕووبوونەوەیە کە خودی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران تێیدا پارێزراون، کە لە دوای ئەو سنورەوە بونیادی دەسەڵاتدارێتیی و خودی دەسەڵاتداران دەکەونە بەر مەترسیی، چیدی نەوەکو ئامادەی ڕیسک و بەرامبەرکێ نیین، بەڵکو ئینجا سازش و پاشەکشە، گفتوگۆ و دانوستان، ملکەچبوون لە ئاست داواکاری و مەرجەکان دەبێتە ئەو یاریە پڕ پێچاوپێچ و درێژەی کە مانەوەی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتیەکەیان مسۆگەر دەکات.
دەسەڵاتدارێتییەکان و دەسەڵاتداران لە ساتەوەختی ڕووخانیاندا ئامادەن بۆ هەموو ملکەچیی و سازشێک کە پێشتر بە کفری هەرە گەورە و بە خەیاڵێکی نەشیاویان داناوە. ئەو ساتەوەختە گوزەرکردوو بووە بە ساتەوەختێکدا کە گفتوگۆ و دانوستان، ملکەچبوون بۆ داواکاری و مەرجەکان دەکرا ڕزگارکەری دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتییەکانیان بووایە. واتا لە کاتی گونجاوی خۆیدا هێشتا ئامادەنەبوون بە ملکەچبوون لە ئاست داواکاری و مەرجەکاندا بەو ئومێدەی هێشتا دەرچەیەک و ئومێدێک بۆ سەرکەوتن یان لانیکەم ڕاستکردنەوەی باری لاسەنگیان ماوە، بەڵام کاتێک ئامادەبوون کە ئیتر یاریەکە ئەنجامەکەی دەرکەوتووە و گەڕانەوەش مەحاڵ.
دەسەڵاتداران لە پێناوی ئەو پێگە و جاهوجەلالەی لە دەسەڵاتدارێتیەکەیاندا بۆ خۆیانیان دروستکردووە، نە لەپێناوی خەڵکی سیڤیلی سنوری دەسەڵاتدارێتیەکەیان و نە لەپێناو نەک سەربازێک، دووان و دەیان یان ژەنەڕاڵێک و دووان و دەیان بەڵکو لە بەر لایەکی سوپا و لەشکرە چەکدارەکانیشیان وە نە لە پێناوی خاک و نێشتمان “وەک خۆیان دەڵێن” نەک پارچەیەک یان شارێک و دووان، بەڵکو نیوەی خاک و نیشتمانەکەشیان ئامادە نیین دەسەڵاتدارێتیەکەیان بخەنە نێو یاریەکەوە.
واتا بە کورتی، گرنگ نیە، با لایەک لە خەڵکی سیڤیل بمرێت جا لە برسان بێت یان لە جەنگ و ئاوارەییدا، با نەک لیڤیتانت، کۆلۆنێڵ، سەرهەنگ و ژەنەڕاڵێک و دووان و دەیان لەنێو بچن و بکوژرێن، با ژێرخانیی ئابووری ووڵات، مەملەکەت و هەرێم لەسەر هەموو ئاستەکان داڕووخێ و هەرەسبهێنێ هەروەها با بەشێک ، پارچەیەک، ناوچەیەک، شارێک و یان زیاتر لەنێو بچن یان داگیربکرێن یان بە هەر شێوازێک و بەهەر هۆکارێک لەدەستبدرێت و لەژێر کۆنترۆڵیدا نەمێنێت، بەڵکو ئەوەی گرنگە تەنها و تەنها مانەوەی دەسەڵاتدارێتیەکە و سیستمە سیاسیەکە لەگەڵ دەسەڵاتدارانییش لە سەرەوەی هەڕەمەکەدا. ئەوە گرنگە نە هیچیدی. بۆ ئەمەش لە دوا ساتدا تا دواهەمین سەودا و سازش دەڕۆن. ئەمە بە گوێرەی هەر دەسەڵاتدارێتییەک لە هەر هەرێمێک، مەملەکەتێک یان دەوڵەتێکی بچووک یان گەورەش ڕاستە.
لەپێشترین “پڕایۆریتی” بۆ دەسەڵاتداران، تەنها دەسەڵاتدارێتیەکەیانە و هیچیتر. ئاوایە چییەتی و ئاکاری دەسەڵاتداران.
هەمووان و هەموو شتێک لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتدارێتیەکەیان
77