فاروق هۆمەر:
بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایێتی، تەنیا یێک روانین بۆ پاڵەوان لە ئارادایە، ئەو مرۆڤەی لە پێناوی ئەوانی دی دا روبەرووی مەرگ دەبێتەوە. ئایندەی پاڵەوان بەرەو مەرگ هەنگاو دەنێ، گەر نەشمرێ، ئەو ئاوڕ لە کارەکەی خۆی ناداتەوە و دەڕوات. دڵنیا لەوەی شتێکی کردووە، مەحاڵ و نەکردە خوڵقێن.
پاڵەوان دواجار دەمرێ و ئەوانی دی لەنێو دڵنیایی جێدێڵێ. ئێمە بەدرێژایی مێژووی دوور و نزیکمان بەر خودی پاڵەوان نەکەوتووین، دونیای ئێمەش تەواوێک خاڵییە لەوێنا و بونی ئەو کارەکتەرە. لەدەمی نەبوونی پاڵەوان، شتێکی دی بوونی هەیە، کارەکتەری خوێڕی. ئەو کەسەی هەمووان دەکاتە قوربانی مەرام و ئارەزووەکانی خۆی و هیچکات خودی خۆشی پێنەپارێزراوە.
لە بچوکترین رووداو و ئاژاوەدا، خوێڕی بەر لە هەمووان شوێنی خۆی بەجێهێشتووە و ئیدی لەوێ نەماوە.
ئەوەی لە هەولێر بینرا پاڵەوانبازییەک نەبوو، نواندنێکی سیحراوی مرۆڤێکی دەردەدار بوو، لەنێو خاڵیبوونەوەی زوڵمێکی لە مێژینە دا و هیچی دی، ئەو نواندنانەی جارجارێک لێرەولەوێ روو دەدەن و کپدەبنەوە. بوتڵێکی غاز تا ئەو شوێنەی کەسێک دێت و دەیبات، چەندێک بۆی بلوێ بەرەو خاڵیبوونەوە، لەبەری دەڕوات.
ناشکرێ ئەم رووداوانە بێ ئەرزش بکرێن، ئێمە هەموو چرکە بە چرکە چاوەروانین روو بدات. رووداوەکان روو دەدەن و کەسانێکیش ماڵوێران دەبن، چرکە بە چرکەش لێیان دەدوێین، دوانێک سیحرەکەی تەنیا لەوێدایە، ئاوڕمان بۆ شوێنێک دەبات کە زوڵمێکی گەورە لەوێدا هەیە و بەتاڵاییەکی گەورەشمان نیشاندەدات کە تەواوێک هەقیقەتی نادادوەری و ستەممان بۆ رووندەکاتەوە.
من لێرەدا بەدووی ئەوەدا ناگەڕێم ئیدریسی نانەوا، پاڵەوانە یاوەخوود نا، ئەوەندەی لە کردەی پاڵەوانبازی دەڕوانم کە مرۆڤێکی سادەش دەزانێ چۆن پڕی گۆڕانکاری و توانای گۆڕینی پێش و پاشی زەمینەی خۆی هەیە.
ئەوەی سەرنجی منە بۆ ئەو رووداوانە، لەو بستە خاکە دەنۆڕم کە مرۆڤێکی ماندووی لێ راوەستاوە و سیحرێکی هەڵگرتووە، بۆی دەکرێ لەپڕێک ئاوڕی هەموو دونیای ئێمە بەرەو خۆی رابکێشێ و ئاگر لە هەموومان بەربدات.
ئەو پاڵەوانێک بێ یان شێتێک، گرنگ نییە، ئەوەندەی هەزاران کەس لە هەزاران پنتی جیاوازەوە لێیدەڕوانن. کردەیێک توڕەیی و کردەیێک روانین. ئەو سیحرە چییە لەودا هەیە و لە ئێمەدا نییە؟ بۆچی لەبەرانبەر هەر نمایشێکا ئێمە بینەرین؟
بۆچی مرۆڤێکی دەردار و برسی دەتوانێ ئەو هەموو روانینە بۆ خۆی کێش بکات. ئایا گرفتەکە بوێرییە یان هێزی نواندن؟
بۆچی مرۆڤێکی نەخوێندەواری تاکوتەنیا بۆی دەکرێ جیهانێکی پڕ لە زانکۆ و شانۆ، سوپایێک سینەماکار و نووسەر و گۆرانیبێژ، دونیایێک پڕ لە کتێب و میدیا بێدەنگ بکات و لە چرکەیێکی ئاساییدا کردەیی لە هەر هەموویان بسەنێتەوە ناکارایان بکات؟
ئەو شەوە دایک و خوشکی من، دڵنیام هەموو دایک و خوشکەکانی دیش دڵیان لای ئیدریس بوو و دوعایان بۆ دەکرد. ئەوان تێکڕا لەپڕێک و لە نەبوونێکەوە کەسێکیان ناسی کە بەلای ئەوانەوە جوامێر و نەترس بوو. لەپڕێک کەسێک دێ و سەرنجی هەموو دونیا بۆ خۆی رادەکێشێ، دەکرێ زۆر سادە بڵێین ئەو هەقیقەتی پێ بوو، له کاتێکا هیچ ئەکتەر و شانۆکارێکی ئێمە بۆی ناکرێ بە هەموو تەمەنی بەو پێگەیەی ئەو بگات. ئایا ناکەوین بەسەر ئەو راستییەدا کە کۆی رۆشنبیران و مرۆڤانی دەستەبژێری ئێمە لە خودی هەقیقەت تێنەگەیشتوون.
لەو شوێنەی کە مرۆڤی ئێمە هەموو تووڕە و ناڕازین و چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکن، لەوە دەنۆڕم بۆچی کارەکتەری پاڵەوان، ناتوانێ هەموو برسی و ماندووەکانی ئەم هەرێمە لە خۆی کۆبکاتەوە و پێشیان بکەوێ و شۆرشێک بەرپا بکات؟
ئایا گرفت و چاوەڕوانییەکە شۆرش و دەرکەوتنی پاڵەوانە؟ ئەو کارەکتەرەی کە تا هەنوکە دەرنەکەوتووە و ئێمە هەموو لێی دەگەڕێین، خودی خۆی لێرەیە؟
ئایا بەراستی ئێمە لەوە دەگەڕێین گۆڕانکاری بکەین؟
ئەی ئەگەر پاڵەوانێک هەیە، بۆچی لەوێدا تەنیایە؟ بۆچی هاوار دەکات و دەقیژێنێ و کەسێک لێی نزیک نابێتەوە؟
لە کاتێکا ئەوێک هیچی نییە و رووتەڵەیە، ئێمە هەموو شتێکیشمان هەیە و پۆشتەین، ئەی چیمان لەو دەوێ؟
کەواتە پرسیاری گرنگ لێرەدایە، بۆچی هەڵچوونێک لە هەولێر هەموو دونیا لە خۆی کۆدەکاتەوە؟ ئێمە لە کوێین و چاوەڕوانی چین؟
ئەم دوو خاڵە رۆشنە، ترسناکترین دوو خاڵی دونیای ئێمەن، کە هەرگیز ناگەنە یێکدی. خاڵێک ئیدریس لەوێدا هاوار دەکات و تەنیایە، لەبەرانبەریا خاڵێکی دی هەیە کە هەموو ئێمەی لێین و هەر هەمووشمان پێکەوە تەنیاین.
زەمینەیێک هەر هەموومان لێی بێزارین و دەشمانەوێ بیگۆڕین، دڵنیاشین کە بۆچی دەبێ بیگۆڕین و چۆنیش دەبێ بیگۆڕێین، بەڵام بوێڕی ئەوەش ناکەین دەستی لێوە بدەین. ئەو زەمینەیە، پڕی دەبێ لە دوو فاقی، لە چوون و نەچوون، لە تاریکایی و رۆشنایی، لەو مرۆڤەی کە بەشێکی دژ بە بەشێکی خۆی وەستاوەتەوە. با بپرسین ئایا زوڵم هەیە یان نییە؟ ئایا نادادوەری تەواو تەنگی پێهەڵچنیووین و ئەستور بووە یاوەخوود تەواوێک نییە و هێشتا باریکە، ئەی ئەو هەموو چاوەڕوانییە لە پاڵەوان لە پای چی؟ تۆ چاوەڕوانی چیت؟ هەر یارییەک و کایەی دەکەیت و پێتخۆشە دووبارەی بکەیتەوە؟
ئایا ئێمە خەڵکانێک نین لەپشتی ئەو هەقیقەتەوە راوەستابین کە هەر مرۆڤێکی برسی هەستا و راپەڕی، ئێمەش پەلاماری بدەین و خاڵی بکەینەوە لە سیحر و ئازایێتی و هەرگیز رێگە نەدەین پاڵەوان بخوڵقێ؟ ئەو مرۆڤانەی لە هەقیقەت دەترسن و بە چوار پەل کەوتوونەتە داپۆشینی هەقیقەت.
کارەکتەری پاڵەوان لە نێوان سیحر و هەقیقەت دا
68