Home بیروڕادەزانیت یەکەم هۆکاری مردن لە جیهاندا چیە؟

دەزانیت یەکەم هۆکاری مردن لە جیهاندا چیە؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 80 بینینەکان

د. وەرزێر عوسمان:   
ڕووداوی هاتوچۆ؟ نەخێر
شێرپەنجە؟ نەخێر
جەنگ و کوشتار؟ نەخێر
سەرەکیترین و یەکەمین هۆکاری مردن لە سەرانسەری جیهاندا، نە ڕووداوی هاتوچۆیە نە شێرپەنجە و کوشتنە، بەڵکو بریتییە لە نەخۆشیەکانی دڵ و بەتایبەتیش جەڵدەی دڵ یاخود سەکتەی دڵ. بەپێی داتاکانی دێپمیتەر و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە زۆرترین خەڵک بەهۆی گیرانی بۆریەکانی دڵ و جەڵدەی دڵەوە دەمرن
باشە جەلدەی دڵ چییە و بۆ ڕوودەدات؟ جەڵدەی دڵ واتە خوێن ناتوانێت بگاتە ماسولکەکانی دڵ و لەئەنجامدا ماسولکەکان دەمرن، کە ئەمەش وا دەکات دڵ یان لاواز ببێت، یاخود بەتەواوی بوەستێت لە لێدان و کەسەکە بمرێت.
دڵمان خوێن دەنێرێت بۆ هەموو جەستەو لەڕێی خوێنەوە خۆراک بە هەموو شانەکانی جەستەمان دەدات، بەڵام ماسولکەکانی دڵ خۆشیان وەکو هەموو شوێنێکی تری لەش پێویستیان بە خۆراک و ئۆکسجینە تا کاربکەن. کاتێک بەهەر هۆکارێک گیران لەو بۆریانەدا ڕوودەدات کە خوێن بۆ ماسولکەکانی دڵ دەبەن، خوێن ناگاتە ماسولکەکان و لە ئەنجامدا شانە و ماسولکەکانی دڵ دەمرن، کە لەوانەیە بە مردنی کەسەکە، یان لانیکەم بە کێشەی تەندروستی گەورە بۆ کەسەکە کۆتایی بێت گەر بێتو زوو حاڵەتەکەی دەستنیشان نەکرێت و چارەنەکرێت. ئەم حاڵەتی مردنی ماسولکانە بەهۆی نەچوونی خوێنی پێویست بۆیان پێی دەوترێت جەڵدەی دڵ، کە بە عەرەبی الجلگه‌ القلبیه‌ و بە ئینگلیزی بە هارت ئەتاک ناودەبرێت و ناوە زانستیەکەی مایۆکاردیاڵ ئینفارکشنە
گەرچی هەندێک کەس بەهۆی کێشە تەندروستیەکان و کێش و تەمەنیان زیاتر ئەگەریان هەیە تووشی جەڵدەی دڵ ببن، بەڵام کەس بەدوور نییە لەوەی تووشی جەڵدەی دڵ ببێت، تەنانەت گەر گەنجیش بێت و هیچ کێشەیەکی تەندروستی دیاریشی نەبێت، بەڵام لێرەدا دوو شت زۆر گرنگن، یەکەمیان بزانین کێ زیاتر مەترسی ئەوەی لەسەرە تووشی جەڵدەی دڵ ببێت، و دووەمیان ناسینەوەی جەلدەی دڵ بەزوویی کاتێک تووشمان دەبێت، تاوەکو بەزووترین کات چارەبکرێت و کەمترین دەرئەنجامی نەخوازراوی هەبێت
پێش هەر شتێک، پێویستە بزانین ئایا ئەو کەسە ئەگەری ئەوەی زۆرە کە جەڵدەی دڵ لێی بدات یاخود نا، ئەویش لە ڕێگەی زانینی ئەو مەترسیانەن کە لەو کەسەدا بوونی هەیە. ئەو مەترسیانەی ئەگەری جەلدەی دڵ زیاددەکەن دەکرێت بە دوو کۆمەڵەی سەرەکیەوە، ئەوانیش ئەو مەترسیانەن کە دەکرێت چارەبکرێن و بگۆڕدرێن کە پێیان دەوترێت مۆدیفایەبڵ ڕیسک فاکتەرس، کە ئەوانیش بریتین لە بەرزی چەوریەکانی خوێن و شەکرە و زەخت و جگەرەکێشان و هەروەها کەمی جوڵە و قەڵەوی. هەروەها کۆمەڵەی دووەمی ئەو هۆکارانە کە ئەستەمە بگۆڕدرێن و پێیان دەوترێت نەنمۆدیفایەبڵ ڕیسک فاکتەرس بریتین لە تەمەن، ڕەگەز (کە نێرینە مەترسی جەڵدەی دڵ تیایدا لە مێییە زیاترە)، هەروەها گەر پێشتر کەسێک لە خێزانەکەت یان خۆت جەڵدەی دڵ لێی دابیت
کەواتە سەرەتا خۆپاراستن و چارەسەرکردنی کۆمەڵەی یەکەمی مەترسیەکان زۆر گرنگن بۆ بەدووربوون لە جەڵدەی دڵ.
ئێستا گریمان جەلدەی دڵ تیاماندا ڕوودەدا، چۆن بزانین ئەمە دەکرێت جەڵدەی دڵ بێت و دەبێت چی بکەین؟
یەکەم نیشانە و سەرەکیترین نیشانەی جەڵدەی دڵ بریتییە لە ئازار، بەتایبەتیش ئازاری سەرسنگ.
شوێنی ئازاری دڵ زۆرینەی کاتەکان لە ناوەڕاستی سنگدایە، چونکە بەپێچەوانەی ئەو هەڵەتێگەیشتنەی هەیە کە گوایە ئازارەکە دەکەوێتە لای چەپی سنگ، ئەمەش لەبەرئەوەی دڵ دەکەوێتە ناوەڕاستی سنگ نەوەک لای چەپی سنگ، بەڵام بەو پێیەی دڵ بەشێوەیەکی لار لەناو سنگدا وەستاوە، بەشی خوارەوەی ڕوویکردۆتە لای چەپی سنگ، و ئەو دەمارانەی ئازاری دڵ دەنێرن بۆ مێشک ئازارەکە بەشێوەی ئازاری ناوەڕاستی سنگ دەگات، هەر بۆیە زۆرینەی کات ئازاری دڵ دەکەوێتە ناوەڕاستی سنگ، نەوەک لای چەپ، بەڵام جیا لە شوێنی سەرەکی ئازارەکە کە ناوەڕاستی سنگە، ئازارەکە دەکرێت بچیت بۆ لای مل و چەناگە، شانی چەپ و قۆڵ و تەنانەت پەنجەکانی دەست. هەروەها دەکرێت ئازاری جەڵدەی دڵ لە بەشی سەرەوەی سکدا هەست پێ بکرێت و وابزانرێت ئازاری مەعیدەیە!
شێوازی ئازاری دڵ زیاتر وەک گوشینی سنگ،، یان قورساییەک لەسەر سنگ وایە، بۆیە ئەو ئازارەی کە وەکو سووتانەوە و کزانەوە یاخود وەکو ئەوە وایە شتێکی تیژی وەک چەقۆ بە سنگدا بکرێت کەمتر ئەگەری هەیە هۆکارەکەی جەڵدەی دڵ بێت، بەڵکو زیاتر هۆکارەکانی تری وەکو تەشەنووجی ماسولکەکان و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ ناو سورێنچک ئەو جۆرە ئازارانە دروستدەکەن.
ئازاری جەڵدەی دڵ زۆر کەمتر پەیوەندی بە شێوازی ڕاکشان و دانیشتن و هەناسەدان و جووڵەوە هەیە لەچاو هۆکارەکانی تری ئازاری دڵ، بۆیە گەر بێتو ئازارێک بەوانە زۆر کاری تێبکرێت، زیاتر بیر لە هۆکارەکانی تر دەکەینەوە
ئەگەر شوێنێک لە سنگدا بەدەست لێدان ئێش و ئازارێکی زۆری هەبێت، ئەو ئازارە کەمتر ئەگەری هەیە بەهۆی دڵەوە بێت و زیاتر بەهۆی تەشەنوجی ماسولکەکانی نێوان پەراسووەکان ڕوودەدات.
ئازارێک کە ماوەیەکی زۆر کەمی وەک چەند دەقەیەک بخایەنێت و نەمێنێت، بەهۆی هۆکارەکانی تری جگە لە جەڵدەی دڵەوە دروستدەبن

لێدوانێک بەجێ بهێلە