Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی سەبارەت به‌ هێرشی موشه‌كی و درۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر

سەبارەت به‌ هێرشی موشه‌كی و درۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر

by admin
0 کۆمێنت 84 بینینەکان

بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت به‌ هێرشی موشه‌كی و درۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر

دوێنێ سوپای پاسدارانی کۆماری ئینسانکوژی ئیسلامی ئێران، بە پاساوی هەبوونی”بنکەی جاسوسی” دەستیبرد بۆ هێرشێکی موشه‌كی بۆ سەر شاری هەولێر و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنی کردە قوربانی و دانیشتوانی شارەکەشی لەگەڵ ترس و نائارامی بەرەو ڕووکردەوە. ئەم هێرشە تیرۆریستیەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگه‌ی جیهانی ڕۆژانە لە شاشەی تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، هەواڵی ئەو هێرشە موشه‌كی و درۆنیانە دەبینن و دەبیست، کە لە غەززە و یەمەن و لوبنان و عێراق و سوریا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، شار و گوند و ژیانی خەڵکی سیڤیل، دەکاتە ئامانج و بەهۆیەوە هاوڵاتیانی بێتاوان لەگەڵ داڕمان و وێرانکاری و کوشتاری کوێرانە بەرەوڕوودەکاتەوە. ئەم هێرش و پەلاماردانانە کە لە ڕیزی پێشەوە لەلایەن دەوڵەتانێکی وەک ئیسرائیل و ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپایی و دەوڵەتانی ناوچەکە، لەوانە تورکیا و ئێرانەوە، دەستیان بۆ دەبرێ و بەدوای خۆشیدا دەستەوتاقمی ئینسانکوژی ئیسلامی و هێزە میلیشیاییەکانیان، ڕاکێشاوە تا کوێرانە ژیان و ئەمنیەتی هاوڵاتیانی مەدەنی بە بارمتەبگرن، گۆشەیەکی تر لەو سیاسەتە میلیتاریستی و جەنگخوازی و کاولکاریە نمایش دەکات کە لەلایەن ئەمریکا و ڕۆژئاوا و هێز و دەوڵەتانی ناوچەکەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندیەکانیان بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دایانسەپاندووە. سیاسەتێکی میلیتاریستی و کاولکاری وا کە ته‌نانه‌ت هیچ سنورێکی بۆ ئەو یاسا و پەیماننامە و ڕێکەوتنانە نەهێشتۆتەوە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە و هەر خۆشیان واژۆیان کردووە.

کۆماری دڕندە و ئینسانکوژی ئیسلامی ئێران کە ڕۆژانە هاوڵاتیانی ژێردەستی خۆی ڕووبەڕووی گرتن و سێدارە دەکاتەوە و هەر ناڕەزایەتیەکی بەرهه‌قیان بە خوێناویترین شێوە وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌ و هاوکات لە ئاستی ناوچەکەشدا بۆتە سەرچاوەی ئاشوب و هەڵخراندنی دەستەوتاقمی میلیشیایی لەدژی ژیان و ئارامی خەڵک، بەدڵنیایەوە لەهەر دۆخێکدا ئامادەیە دەست به‌رێت بۆ کردەوەی تیرۆریستی و کاولکاری و ئینسانکوژی، لە نمونەی هێرشە موشه‌كیه‌كه‌ی بۆ سەر شاری هەولێر. ئەم ڕژێمە کە لە چەند ساڵی رابردوودا بەدەستبردن بۆ کردەوەی تیرۆریستی و تۆپباران کردنی ناوچە سنوریەکان و ڕاکێشانی هێزی سوپا و بۆردومانی شارەکانی کوردستان، بەردەوام هەڕەشەیەک بووە بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان. هەر جارەش بۆ کردەوەکانی پاساوێکی هەبووە، تا لەم ڕێگایەوە، هەژمونی و دەخاڵەتی سیاسی و سەربازی خۆی چ لە عێراق و چ لە کوردستاندا بەرامبەر بە هێزە ناوچەیی و جیهانیە نەیارەکانیدا زامن بکات. بەڵام پەلامارەکەی ئەمجارەی سوپای پاسداران بۆسەر شاری هەولێر جارێکی تر ئەو راستیە لە مەحەک دەداتەوە، کە سیاسه‌تی خۆگرێدانەوەی ئەحزابی ناسیونالیستی کورد و دەسەڵاتەکەی بە دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕاکێشانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی و ڕاوەستان لەژێر سایە و سێبەری سیاسەتەکانی ئەم دەوڵەتانە و هاوکات بە دەست خستنە ناو دەستی ئەحزابی شیعە و سوننە و دەستەوتاقمی میلیشیایی کە ڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانن، ئەو دۆخەی لێکەوتۆتەوە کە کوردستان ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی سیاسەت و بەرژەوەندیە دژە خەڵکیەکانی ئەم هێز و دەوڵەتانە و لە ئاکامیشدا خەڵکی کوردستان لە نێو گێژاوی شەڕ و ململانێی ئەواندا ڕابگرن.

بێگومان خەڵکی کوردستان هەقیانە ژیانێکی ئارام و سەلامەت و دوور لە جەنگ و ماڵوێرانی بەسەربەرن. لەم پێناوەشدا نابێ فریوی پڕوپاگەندەی درۆزنانەی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپایی و حزبە ناسیونالیستەکان سەبارەت بە”دۆستایەتییان لەگەڵ کورد” بخۆن. هاوکات نابێ هێج چاوەڕوانییەکیان لە هەڵوێستی دووڕوویی و ڕیاکارانەی حکومەتی عێراق و لایەنە شیعەکان، هەبێ، بەڵکو دەبێ لەپێناو دەستکۆتاکردنی ڕۆڵی هەموو ئەم هێز و لایەنانە و لەدەستگرتنی چارەنوسی کۆمەڵگا، یەکگرتوانە لەمەیداندا ڕاوەستن.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پەلاماری سوپای پاسداران بۆ سەر خەڵکی شاری هەولێر بەتوندی سەرکۆنە دەکا و هاودەردیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەم تاوانە دەردەبڕێ و بانگەوازی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکات کە لەبەرامبەریدا بێدەنگ نەبن و کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قاو بدەن.

١٦/١/٢٠٢٤

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر