نەجم محەمەد:
بەشی سێهەم و کۆتایی
وەزیفەی ڕەخنە جوانکردنی ناشیرینیەکان نییە، بەڵکو دەرخستنی ناشیرینیەکانە تا لەئایندەدا جوان دەرکەون…
ڕەخنەیەکی ترم لەم فیلمە لەڕووی زمان و شێوازی قسەکردن و فۆنەتیکی خەڵکی هەڵەبجەیە کە دیسان کاکی دەرهێنەر لەمەشدا کەوتۆتە هەڵەوە کە حیوارو قسەکان لەم فیلمەدا لەڕووی فۆنەتیک و شێوازی دەربڕینەوە زۆر جیاوازە لەزمانی هەڵەبجەییەکان.
ڕەخنەیەکی ترم لەسەر دەرکەوتنی ئەوتاقە فڕۆکەیە لە فیلمەکەدا کەفڕۆکەیەکی هەلیکۆپتەرە کە کاکی دەرهێنەر وەک ئاماژە بۆ کیمیایی ڕشتن نیشانمان دەدات، کە بەهیچ شێوەیەک فڕۆکەی وا لەوجۆرە لەکاتی کیمیاییەکەدا وجوودی نەبووە و کیمیایی نەڕشتووە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی ترو جیاوازتر بوون بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجەیان کرد، ئەمەش هەڵەیەکی ترە کە کاکی دەرهێنەری تێکەوتووە.
ڕەخنەیەکی ترم سەبارەت بەکەسایەتی خاڵەی چایچییە کە مرۆڤێکی سادەو ساکارو خۆشەویستی هەڵەبجەیە و هونەرمەند شەماڵی عەبەڕەش ڕۆڵی کاراکتەری خاڵەی چایچی دەبینێت، خاڵەی چایچی ناوفیلمەکە کەسێکە ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیری و مەعریفی هەیە وخێزاندارە و ئەهلی کتێب ومەشروب خواردنەوەیە، بەڵام خاڵەی چایچی لەواقیعدا نەخێزاندار بوو و نەئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفیشی بەوشێوەیە بوو نەئەهلی کتێب و مەشروب خواردنەوە بوو، خاڵە بابایەکی سادەو ساکاربوو.
هەڵەیەکی تر کە کاکی دەرهینەری تێکەوەتووە پەیوەندی بەژیانی ئاسایی و ڕۆتینی خەڵکەوەیە لەکاتی داگیرکردن و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا کە لەم فیلمەدا ژیان هەروەک ڕۆژان وجارانی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت، بەجۆریک تەنانەت خاڵەی چایچی لە فیلمەکەدا خەریکی کتێب خوێندنەوەو مەشروب خواردنە، وەک ئەوەی هێشتا لەئارادا نەبێت و ڕووی نەدابێت کەلەڕاستیدا وا نییە لە١٣ و١٤ و١٥ مانگی ٣ ئیتر لەهەڵەبجەدا ڕیتم و ڕۆتینی ژیانی ئاسایی خەڵکی هەڵەبجە بەتەواوی شێواو وەک جارانی نەماو تێکچوو، هەموو خەڵکی هەڵەبجە هەموو هەم و غەمێکیان هەوڵ و بیری خۆ ڕزگارکردن بوو.
چەندین چیرۆک و تاوانی تاڵ لەجینۆسایدی هەڵەبجەدا هەیە کە شاردراوەتەوە…
یەکێک لەو چیرۆک و تاوانە تاڵانەی ناو کیمیابارانی هەڵەبجە چیرۆکی گیانبەختکردنی ٦٨ پێشمەرگەی گوردانی شوانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران بوو، لەشەڕێکی ئازایانەو نابەرابەردا لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران نیزیک ڕووباری سیروان. لەم فیلمەدا هیچ ئاماژەی پێنەدراوە کە ئەم چیرۆکە دەکرێ دەیان فیلمی جوانی لێ دروست کرێ.
یان چیرۆکی تاڵ و بەربەریانەی لاقەکردنی ژن بەمردووی کەکیمیایی بەرکەوتوە، دەکرێ بەهێزترین فیلمی لەسەر دروست کرێ.
دیارە ڕەخنەو سەرنج و تێبینیەکانم زۆرن لەسەر ئەم فیلمە، چونکە فیلمەکە ناوی ٨٨ هەڵگرتوە، ئەمە بۆنموونە فیلمی ئالوودە نییە کەفیلمێکی کۆمەڵایەتییە دەرهینەر تیایدا ئازادەو دەتوانی هەموو ئیزافەو گۆڕانکاریەک بکا، بەڵام لەفیلمێک کەمێژووی جینۆساد دەگێڕێتەوە ئەوکارە ناکرێ و هەڵەیە، هەربۆیە لێرەدا کۆتایی پێ دێنم و بەپێویستی دەزانم وەڵامیکی کورتی ئەو ڕایانە بدەمەوە کە دەڵێن پێویستە لەڕێی سینەماوە جینۆسایدی هەڵەبجە بەجیهان بناسێنرێت و ئەم فیلمە ئەوکارە دەکات، من لەوەڵامدا دەڵێم، یەکەم جارێ ئێمە شتێکمان نییە ناوی سینەما بێ ئەوەی هەمانە هەوڵی گەیشتنە بە سینەما. ئیمە جارێ سینەمامان نییە ئیتر لەکوێ وە جینۆسایدی هەڵەبجەی لەڕێگەوە بناسێنین.
دووەم هەرگیز لەڕێی سینەماوە ناتوانین جینۆسایدی هەڵەبجە بەجیهان بناسینین، ئەم کارە لەڕێی سینەماوە ناکرێ، بەڵکو لەڕێی نەتەوەیەکگرتوەکان و دادگایەکی نێو دەوڵەتیەوە دەکرێ.
ئەم فیلمەش هەروەک ناسیونالیزمی کوردی راستییەکانی مێژووی جینۆسایدی هەڵەبجەی ئاوەژوو و شێواندوە و تاوانە دزێوەکانی ناو کیمیابارانی شاردۆتەوە و چەندین چیرۆکی تاڵی ناوکیمیابارانی خنکاندوە و ڕاستییەکانی وەک خۆی نەگەیاندۆتە نەوەی نوێی ئەمڕۆ و مێژوویەکی چەواشە و ئاوەژەوی نووسیوەتەوە و ئەرکی ئێمەشە ئەومێژووە ڕاست کەینەوە…