Home بیروڕا مامۆستایانی ناڕازیی، بەرەو کوێ؟

مامۆستایانی ناڕازیی، بەرەو کوێ؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 84 بینینەکان

ڕزگار حەمەڕەشید:   
ئایا مامۆستایان بەرپرسیارن لە دۆخی پڕ لە ڕاڕایی و دڵەڕاوکێی فێرخواز و خانەوادەکانیان، یان ئەوە ئەو باندە نامرۆڤانەیەیە کە باڵی کێشاوە بەسەر ئەو هەرێمەدا و بەرپرسیارە لە دەرەنجامەکان؟
زۆربەمان، ئەوانەی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا کامڵ بووین، شایەتی بۆ ئەو قوربانییە گەورانە دەدەین کە مامۆستایان لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە دایان.
سەرەتای گرانی و قاتوقڕییەکان، لە سەرەتای نەوەدەکاندا بە فرۆشتنی کەلوپەلەکانی ناو ماڵ دەستی پێکرد. هاوڵاتیان و زۆر بە تایبەتیی مامۆستایان، هەموو کەلوپەلەکانی ماڵەکانی خۆیان هەراج دەکرد. سەرەتا لە عەلاگەی جلەکانیانەوە دەستی پێکرد، پاشان بەرەو موبەریدە و پانکە و فەرش و زۆپای زەیتی و عەلادین و… وردە وردە فرۆشتنی سەراپای پێداوویستییە ڕۆژانەییەکانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان.
ئەمە بۆ؟
لە سەرەتاکانی ڕاپەڕیندا، خەونێکی زۆر لەسەر ئازادیی هەڵچنرابوون.
خەڵکێکی زۆریش، بەداخەوە، خەونی گەورەیان لەدەوری حیزبە خێڵەکییە سەرمایەدارە چەقاوەسووەکان هەڵچنیبوو.
خەڵکێکی زۆر کە ئاگاداری دیوە وەحشیگەرە دڕندەکانی حیزبەکانی شاخ نەبوون، ئومێدی زۆریان پێوە هەڵچنیبوون.
ئەو کاتە بوو کە مامۆستایانیش بەو بڕوایەوە کە ئێّمە شۆڕش دەکەین، ئامادەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکانین… وێڕای بێ مووچەیی و گرانی و قاتوقڕیی، لە وانە وتنەوە بەردەوام بوون و دەرگای قوتابخانەکانیان کڵۆم نەدا. تەنانەت ئەو مامۆستایانەش کە بە پارەی قەرز خۆیان دەگەیاندە لادێکان و بە هەموو توانایەکیانەوە قوتابیانیان فێرە زانست دەکرد.
لێرەدا نامەوێت باسی هەموو دیوە تاریکەکانی ژیانی هاوڵاتیان و فەرمانبەران و زۆر بەتایبەتیش مامۆستایان بکەم، کە چۆن لەو کولەمەرگییەدا بە بڕوایەکی شۆڕشگێڕانەوە درێژەیان بە خزمەتەکانی خۆیان دەدا.
بەڵام دوای سی و سێ ساڵ لەو حوکمدارێتییە فاشیلەی هەرێم…
لەو حوکمدارێتییەی نەک هیچی لەسەر ئەو ئیرادە پتەوەی هاوڵاتیان بە گشتی و مامۆستایان بەتایبەتی هەڵنەچنی،
بەڵکو بە ئاودیوکردنی فافۆن و عەموودی کارەبا و شۆڤڵ و تێکڕای کەرەستە خزمەتگوزارییەکان دەستی پێکرد و بە هێنانی پاسداران بۆسەر دیموکراتی ئێران و هێنانی سوپای بەعس بۆسەر پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بە خەونی ژیانێکی ئازاد و سەربەرز هێنا…
بە نۆکەریکردن بۆ جەندرمە دڕندەکانی تورکیا و پاسدارە پیلانگێڕە تاوانبارەکانی ئێران، خەونی ژیانێکی باشتریان لەگۆڕ نا…
ئەو خەونەی هەزاران کورد ژیانی خۆیانیان لەپێناودا دانا.
ئیتر لە کوێدا و بە چ ڕوویەکەوە داوای گەڕانەوەی مامۆستایان دەکەن بۆ پۆلەکانی خوێندن؟
ئەو قسە باوە زۆر ڕاستە: ئەگەر پاروویەک هەیە با بەیەکەوە بیخۆین، ئەگەر نیشە، با بەیەکەوە برسی بین.
پرسی مامۆستایان پرسی هەموو دانیشتوانە، بەڵام هەموان وەک یەک بە ئازایەتییەوە داوای مافەکانی خۆیان ناکەن.
هەر ئەمەشە ملهوڕەکانی ئەو حیزبانە و نەوەکانیانی تا ئێستا هێشتۆتەوە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە