Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی پشتیوانی لە خواستی رەوای مامۆستایان و وانەبێژان و نارەزایەتیەکانیان دەکەین!

پشتیوانی لە خواستی رەوای مامۆستایان و وانەبێژان و نارەزایەتیەکانیان دەکەین!

by admin
0 کۆمێنت 73 بینینەکان

وا بریارە بەیانی یەک شەممە ٢٨/١/٢٠٢٤ خۆپیشاندان و نارەزایەتی ڕەوای مامۆستایان بۆ موچە و دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوە بەشێوەی سەراسەری لە سلێمانی و شارەزور و هەڵەبجەو گەرمیان و ئیدارەی راپەرین..، بەردەوام بێت. لەبەرامبەردا دەسەڵاتداران لەباتی ئەوەی وەڵام بەخواستی مامۆستایان و وانەبێژان بداتەوە و درکی هەلومەرجی ژیان و گوزەرانیان بکات، پەنا بۆ سزدان و گوشار هێنان و هەڵخرانی حاکم و مەلا و پیاوانی ئاینی دەبات، بۆ رووبەڕووبونەوەی نارەزایەتییەکانیان. ئەم مامەڵەی دەسەڵات دەبێ ریسوا بکرێت. هاوکات دەبێ هەوڵی حاکم و مەلا و پیاوانی ئاینی کە بەرگری لە دەسەڵات دەکەن و لەدژی خواستی مامۆستایان و وانەبێژان و نارەزایەتی حەقخوازانەیان، پروپاگەندە بۆ شکاندنی بایکۆت دەکەن، لەقاو بدرێ و وەک نیشانەیەک لەناکۆکی حاشاهەڵنەگری ئەم کاسەلێسانەی دەسەڵات، پەنجەییان بۆرابکێشرێت.
نارەزایەتی و خۆپیشاندانی زیاتر لە ٤ مانگەی ئۆردوێکی بەرینی مامۆستایان بۆ موچەو دابەشکردنی لەکاتی خۆیدا و وە بۆدامەزراندنی وانەبێژان، خواستێکی هێندە رەوایە، کە پیویستە سەرجەم جەماوەری بیبەشی کوردستان و لە پیشیانەوە سەرجەم کارمەندەدانی خوێندن و پەروەردەو کەس و کاری خوێندکاران، بچنە پشتیان و بە نارەزایەتیەکانیانەوە پەیوەست بن. هاوکات مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازی پێویستە بە ورەیەکی بەرزو بەپشت بەستن بەخواست و داوا رەواکانیان، دریژە بە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانیان بدەن و بە ریزی یەکگرتوویان و بە نیشاندانی هیزی سەراسەری و یەکگرتوانەی خۆیان، وەڵامی هەرەشە و چاوسورکرانەوەی دەسەڵات و پلانی درز خستنە نێو ریزەکانیان و و هەوڵی کۆنەپەرستان وکاسەلێسانی دەسەڵاتداران بدەنەوە.
ئیمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا لە کەنار مامۆستایان و وانەبێژاندا بۆ خواستە رەواکانیان رادەوستین، هاوکات بەتوندی ئیدانەی پلان و چاوسورکردنەوە و گوشار هێنان و بەدەستەوە گرتنی حەربەی سزادانی مامۆستایان و وانەبێژان لەلایەن دەسەڵاتەوە، دەکەین. هاوکات هەر هەوڵێکی حاکم و مەلا وسەرۆک عەشیرەت وئەوانەی کە بۆ دژایەتی خواستی مامۆستایان و نارەزایەتی حەقخوازانەیان، لەپاڵ دەسەڵاتدا ڕاوەستاوان، ریسواو شەرمەزار دەکەین.
بەردەوامی و سەرکەوتن بۆ بزوتنەوەی نارەزایەتی مامۆستایان و وانەبێژان…
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٧/١/٢٠٢٤

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر