Home بیروڕا لەیادی هۆڵۆکۆستدا

لەیادی هۆڵۆکۆستدا

by admin
0 کۆمێنتەکان 71 بینینەکان

هۆمەر محەمەد:     
ڕۆژی شەممە٢٧/١/٢٠٢٤ دەربازبوانی کەمپەکانی کۆمەڵکوژی جووەکان، تاجەگوڵینەیان لەشوێنی یادەوەرییە تاڵەکەیان لەسەر (دیواری مەرگ) لە(بێرکەناو) یەکێک لەکەمپەکانی ئاوشڤیتزدانا، بێگومان مۆنۆمێنتی بیرکەناو تاکە شوێنی یادەوەری هۆڵۆکۆست نیە، بەڵکو یەکێکە لەو شوێنانەی جووەکانی تێدا قڕدەکران.
ئەڵمانیا لە سەردەمی دەسەڵاتی هیتلەرو لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمدا، تاوانی گەورەی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، بەتایبەتیش کۆمەڵکوژی جووەکان بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بەتەوێڵییەوە. ئەو تاوانەی زیاتر لە (٦٠٠٠٠٠٠) شەش ملیۆن مرۆڤ تیایدا بوونە قوربانی سیاسەتی هیتلەرو نازییەکان.
دوای کۆتایی جەنگ و دەسەڵاتی شکانی نازییەکان و ڕەوینەوەی تەپوتۆزی جەنگ ئینجا دەرکەوت هۆڵۆکۆست چ تاوانێکی گەورەیە؟! لەوێوە ئیدی وەکو جینۆسایدیش ناسرا، ئەڵمانیای دوای هیتلەریش ناچار بوو خەجاڵەتی بکێشێ و قەرەبووی ئەو تاوان و ئابروچونە گەورەیە بکاتەوە.
ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەڵمانیا هەموو ساڵێک یادی هۆڵۆکۆست دەکاتەوەو ساڵانەش لەگەڵ نوێکردنەوەی داوای لێبوردنەکەی قەربووی ماددی ومەعنەویشیان دەکاتەوە.
ئەگەرچی نە ئەڵمانیای دوای هیتلەرو نەجوی دوای هۆڵۆکۆست، ئەم تاوان و فاشیزمەیان نەکردە پەندو عیبرەت بۆ ئەوەی هەموو مرۆڤایەتی سودی لێوەربگرێ و چیدی مرۆڤایەتی بەم تاوانانە شەرمەزارو ئابڕوشکاو نەبێت.
چونکە کاتێک کوردستان لەلایەن رژێمی بەعس و دەوڵەتی عێراقەوە بەدردی جووەکانی سەروەختی هۆڵۆکۆست دەبرا کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا شەرمیان لەهاوکاری کردنی سەدام نەکرد، بەم کارەی سەلماندی کە ئەو تۆپەکردنەی تەنها بۆجووەکان بووە نەک بۆ سەلامەتی هەموو مرۆڤایەتی ؟! جووەکانیش دوای رزگاربونیان لەهۆڵۆکۆست و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل نەبوونە پشتوپەنای میللەت و گروپەهەڕەشە لێکراوەکان، بەڵکو بەپێچەوانەوە چەندین تاوانی گەورە بەبەرچاویانەوە ڕویانداو هەڵوێستێکی وایان نەبوو شایانی پێزانین بێت، راستە پشتیوانی دەوڵەتە فاشییەکان نەبوون بەڵام ڕێگریش نەبوون لەدوبارەبوونەوەی تاوانی هۆڵۆکۆست لەشوێنی تری ئەم دونیایە.
ئەوەتا ئەمرۆ بەناوی دژایەتی کردنی حەماسەوە بەوپەری بێ بەزەییانە ژن ومنداڵی غەزە دەکوژێ و چەکی قەدەغەکراویان لەدژبەکاردەهێنێ ؟ بەبیانوی بوونی حەماسەوە لەغەزە تاوانی دژەمرۆڤانە ئەنجام دەدات، بەبروای من لەگەڵ هەر رۆکێتێکی ئیسرائیل، کەبەر خەڵکی مەدەنی دەکەوێ نەفرەتێکیش بۆ قوربانیەکانی هۆڵۆکۆست دەنێرێت.
دەنا هەردوک دەوڵەتی ئیسرائیل وئەڵمان وەک دوو زلهێزی دونیا دەیانتوانی ڕۆڵی زۆرگرنگ بگێڕن لەئاشتی نێوان گەلان ومرۆڤایەتیدا، ئەگەر هەرهیجیان لەدەست نەهاتایە دەیانتوانی بەتوندی دژی هەر کردەوەیەکی تاوانکاری بن کەدەچێتە خانەی جێنۆسایدەوە.
نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە کوردەکان لەلایەن دەوڵەتێکی عەرەبییەوە جێنۆساید دەکران، کە بنەمای یاساکانی لەسەر شەرع و ئاینی ئیسلام بوو، لەکاتێکدا زۆرینەی کوردەکان و ئەوانەشی کە ئەنفالکران و بەچەکی کیمیایی برینداربوون یان گیانیان لەدەستدا بەئایین موسڵمان بوون، ئەمە جگەلەوەی کە دەوڵەتی عێراق جگەلە ئەنفال و هەڵەبجە چەندین تاوانی کۆمەڵکوژی تری بەرامبەر بەگەلی کورد ئەنجامداوە. کەچی دەوڵەتە عەرەبیە موسڵمانەکانیش وەک ئەڵمانیاو ئیسرائیل ئەگەر هاوکاری سەدامیش نەبووبن ئەوا بێدەنگ بوون. ئێستاش کەکورد لەدەوڵەتی عێراقدا بەشدارو بەحساب شەریکە نەدوڵەتی عێراق داوای لێبوردنی لێکردووە وەک ئەوەی ئەڵمان لەگەڵ جووەکان کردی و نە جامعەی عەرەبی و تانەنەت یەکێتی زانایانی موسڵمانیش سادەترین خەجاڵەتیان نەکێشاوەو هەتا ئێستا بێدەنگن.
دەنا هەموو ئەوانەی لەم سەرزەمینە بەرپەلاماری جێنۆساید کەوتوون وەک جووەکان، شایان بەپارێزبەندی و داوای لێبوردن و قەرەبووکردنەوەن.

لێدوانێک بەجێ بهێلە