ئازاد ئارمان:
“هەمیشە چینە ستەمكارەكان ڕاوەدووی شۆڕشگێڕە گەورەكانیان لەساتی ژیانیاندا ناوە و بەشێوەیەكی تەواو دڕندانە، ڕقێكی شێتانە و دونیایەك درۆ و تۆمەتی تەواو گەمژانە پێشوازیی لە عەقیدە و ڕێچكەی ئەم بیرمەندانە كراوە. كەچی دوای مردنیان، هەوڵێكی زۆر دراوە بۆ ئەوەی بتێكی بێ زیان بۆ ئەو بیرمەندانە دروست بكەن و بەمانایەك، ڕەهەندی قودسیی پێبدەن، ناوبانگێكی دیاریكراویان بۆ بهێننە ئاراوە لەپێناوی “ئارام”كردنەوەی چینە ستەملێكراوەكان و گەمژەكردنیان و لەهەمانكاتدا عەقیدە و ڕێچكەی ئەم بیرمەندە شۆڕشگێڕانە لەهەموو ناوەرۆكێك بەتاڵ بكەنەوە، تیۆرە شۆڕشگێڕییەكانیان بدزن و نەزۆكی بكەن و (ئەو بیرمەندانەش) نزمتر بكەنەوە.”- لینین، – کتێبی دەوڵەت و شۆڕش.
لە رۆژێکی وەکو ئەمرۆدا، لە ٣١ ی جەنیوەری ساڵی ١٩٧٨ دا، شاسوار جەلال ناسراو بە (هاوڕێ ئارام) لە ڕووداوێکی تەمومژاوییدا لە ناوچەی قەرەداغ لە گوندی تەنگیسەر، بە دەستی کۆمەڵێک بەکرێگیراوی رژێمی بەعسی دیکتاتۆری ئەو کاتە شەهید دەکرێت.
شەهید ئارام لەو کاتەدا بەرپرسیاریەتی یەکەمی ڕێکخراوی “کۆمەڵەی مارکسی – لینینی کوردستان”ی لە ئەستۆ دەبێت. ئەو لە گەل کۆمەڵێک لە هاورێکانی بە ناوی “کۆمیتەی هەرێمەکان” خەریکی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و ڕێکخستنەوەی ریزەکانی کۆمەڵە دەبن. کە لەو سەردەمەدا ڕێکخستنەکانیان تووشی گرتن و زیندان و راونان و پەژوبلاوی دەبن.
شەهید ئارام (شاسوار جەلال) لەو سەردەمەی بزووتنەوەی چەپ لە عێراق و کوردستانی پێدا تێپەریوە. دەتوانین بڵێین ئارام سەر بە ڕەوتی چەپی شۆڕشگێڕ و ڕادیکال بووە بە بەراورد بە ڕەوتەکانی تری ناو بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و عێراقدا. بەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم: ئەو نە باوەری بە هاوکاری و نە باوەری بە ریفۆرم بووە لە گەل رژێمی بەعسی (حیزبی شیوعی عیراق) ئەو کاتە لە بەرەی هاوپەیمانی بەعس بوون، بەڵام ئارام باوەری تەواوی بە رووخانی رژێمی بەعس بووە لە ریگای راپەرینی شۆڕشگێرانەی شارەکان.
دووەم: ڕەوتی زالی ناو چەپی کوردستان بە “کۆمەڵە”شەوە لە ژێر کاریگەریی ماویزمدا بوون. شەهید ئارام ئەمەی رەتکردۆتەوەو خەباتی فکریی و ئایدیۆلۆژی لە بەرامبەر رەوتی ماویزم گرتۆتە بەر تا سنورێک کۆمەڵەی لە ماویزم دوورخستۆتەوە.
سێیەم: هاوڕێ ئارام باوەری تەواوی بەوە هەبووە دەبێت کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، ڕێکخراوی سەربەخۆی خۆیان هەبێت و نابێت تێکەڵاوی رەوتە بۆرژوازییەکانی تری ناو بزووتنەوەکە ببن. لەم خاڵەشدا جیاوازی هەبووە لە گەل پارت و ڕێکخراوەکانی ئەو کاتەی کوردستان، هەتا جیاوازی لە گەل سەرکردەکانی تری کۆمەڵەش هەبووە.
چوارەم: ئارام باوەری تەواوی بە خەباتی ئەنتەرناسیونالی هەبووە کاری بۆ کردووە و لە بەرهەم و نووسینەکانیدا رەنگیداوەتەوە، لە بەرامبەریشدا نە یەکێتی سۆڤیەتی ئەو کاتەی بە “قەڵای سۆسیالیزم” زانیوە. باوەری وابووە دەبێت لە سەر سۆسیالیست بوون و ئیمپریالیست بوونی یەکێتی سۆڤیەت دیراسە و لێکۆلینەوەی قول بکەین. وە لەهەمان کاتیشدا ماویزمی وەک ڕەوتێکی جیهانی بە ئەلتەرناتیڤی مارکسیستی نەزانیوە. لە خەباتی نێوخۆییشدا باوەری بە یەکێتی چینایەتی کرێکارانی عێراق بووە کاری جدی بۆ کردووە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا مەسەلەی خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی لە کوردستان فەرامۆش نەکردووە.
ئەم چوار خاڵەی سەرەوە خەسلەتی جیاکەرەوەی شەهید ئارام بوون لە باقی باڵەکانی تری ناو بزووتنەوەی چەپ. ئەگەر چی لە هەمان کاتیشدا خاڵی لاوازیشی هەبووە نەیتوانیووە بە تەواوی و هەمەلایەنە سەربەخۆیی ئایدیۆلۆژیی و ڕێکخراوەیی بپارێزێت لە بەرامبەر بە ڕەوتەکانی تر. بەڵام بەم هۆکارانەی سەرەوە کە باسمان کرد دەتوانین بڵێن شەهیدا ئارام سەر بە ڕەوتی چەپی شۆرشگێری ئەو کاتە بووە. بەڵام دیارە تەمەنی سیاسی و هەلومەرجی داخراوی ئەو کاتەی عێراق ئەم فرسەتەی پێ نەداوە کە بتوانێ ئایدیاکانی خۆی ڕۆشن تر نیشان بدات.
لە مێژووی رابردووی چەپی کوردستاندا، کەسایەتی سیاسی یە کاریگەرییەکانی وەکو شاسوار جەلال، فوئادی مستەفا سولتانی و جەمال حەیدەری و …هتد. ئەم ناوانە لەم کەسایەتییە چەپانەن کە دەورو نەخشێکی کاریگەری گرنگیان لە مێژووی ڕابردوودا گێراوە. ئێستاش لە کوردستان خۆشەویست و پایەدارن.
سۆسیالیستەکان لە داهاتوودا لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەتوانن سود لە ئەزموونی خەباتی سیاسیی ئەوان وەربگرن و لە خاڵە ئیجابی و سلبییەکانیان سودمەند بن.
مالبۆرن – ئوسترالیا