نوسەری پەیامەکە: یۆن فۆسە، نەرویج
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید
هونەر ئاشتییە
هەموو مرۆڤێک ناوازەیە و لەهەمان کات دا لە هەموو کەسێکیتر دەچێت. ڕواڵەت و ڕووی دەرەوەی هەریەکێکمان جیاوازە لە هەر کەسێکی تر، بێگومان ئەوە هەمووی زۆر باش و گونجاوە، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا، شتێک لە ناوەوەی هەموومان و لە هەر یەکێکماندا هەیە کە تەنیا هی ئەو کەسە خۆیەتی، تەنیا خودی ئەو کەسەیە. ڕەنگە ئەوە ناو بنێین دەروون یان ڕەوانی کەسەکە. یان بەجۆرێکیتر دەتوانین بڕیار بدەین بە وشە هیچ ناوێکی لێ نەنێین، وازی لێ بێنین بۆ خۆی.
بەڵام هەرچەندە ئێمە کەسمان لەیەکتر ناچین، کەچی لەیەکیش دەچین. هەموو دانیشتوانی سەر زەمین بەشێوەیەکی بنەڕەتیی لەیەک دەچن. گرنگ نییە بە چ زمانێک دەدوێین، پێستمان چ ڕەنگە، قژمان چ ڕەنگێکە.
دەشێت ئەمە وەک شتێک لە پارادۆکس وابێت: ئەوەی ئێمە لە هەمان کاتدا بەتەواوی لەیەک دەچین و جیاوازیشین. ڕەنگە مرۆڤ لە بنەڕەتدا لە پێکگەیاندنی جەستە و ڕۆح دا، لەنێوان ئەو بوونە بەرجەستە زەمین نشینەدا و ئەوەدا کە سنوورەکانی زەمین و جیهانی ماددی تێدەپەڕێنێت، لە ناکۆکیدا بێت.
هونەر، هونەری باش، بە شێوازە قەشەنگەکەی خۆی، دەتوانێت ئەوەی تەواو ناوازەیە لەگەڵ جیهانیبوون دا بەیەکەوە کۆبکاتەوە. بەڵێ، دەتوانێت تێگەیشتنی جیهانیی سەبارەت بە ناوازە، یان بڵێین سەبارەت بە بێگانە دروست بکات. لەم ڕێگەیەوە، هونەر سنوورەکانی نێوان زمانەکان و پارچەکانی جیهان و وڵاتان تێکدەشکێنێت. لەم ڕێگەیەوە، نەک تەنیا خەسڵەتە تایبەتەکانی هەر تاکێک، بەڵکو بە مانایەکیتر، ئەو خەسڵەتانەی گرووپەکانی خەڵک دەستنیشان دەکات، بۆ نموونە هەموو نەتەوەکان، بەیەکەوە کۆ دەکاتەوە.
هەروەها، هونەر بە نەهێشتنی جیاوازییەکان ئەو کارە ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بە پیشاندانی جیاوازیەکان و تەنانەت پیشاندانی بێگانەکان ئەو کارە دەکات. هەموو هونەرێکی باش شتێکی نامۆ لەخۆ دەگرێت، بە دیاریکراویی شتێک لەخۆ دەگرێت کە ئێمە ناتوانین بەتەواوی لێی تێ بگەین، بەڵام لەهەمان کاتدا، بە جۆرێکیش لێی تێدەگەین. دەتوانین بڵێین، نهێنییەک لەخۆ دەگرێت. شتێک کە سەرساممان دەکات و پاڵمان پێوە دەنێت سنووری توانای خۆمان تێپەڕێنین، ئەو هەستە باڵایە دەخوڵقێنێت کە پێویستە هەموو هونەرێک لەناو خۆیدا هەیبێت و بشبێتە ڕێبەر بۆی.
ناتوانم بیر لە ڕێگەیەکی باشتر بکەمەوە بۆ پێکگەیاندنی پێچەوانەییەکان. ئەمە میتۆدێکی تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو ململانێ توندوتیژانەدا کە هەموومان بەردەوام لە جیهاندا دەیانبینین، ئەوەی ڕێگە بە خواستی وێرانکاریی دەدات هەموو شتێکی بێگانە، هەموو شتێکی ناوازە و جیاواز لەناوببات، ئەوەش زۆرجار بە بەکارهێنانی نامرۆڤانەترینی ئەو داهێنانە تەکنەلۆژیانەی خراونەتە بەر دەستمان. تیرۆریزم بوونی دەبێت. جەنگ بوونی دەبێت. چونکە مرۆڤیش دیوێکی ئاژەڵانەی هەیە، بەو غەریزەیە دەجووڵێت کە ئەویدی، ئەوی بێگانە، وەک نهێنییەکی سەرنجڕاکێش هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک دەبینرێت بۆ سەر بوونی کەسەکە.
ئیتر ناوازەییەکان، ئەو جیاوازیانەی تێگەیەشتنێکی جیهانیی هەبێت بۆیان، بزر دەبن. لەدوای خۆیان لێکچوونێکی جیهانیی جێدێڵن تیایدا هەر شتێکی جیاواز دەبێتە هەڕەشە و پێویستە بنەبڕ بکرێت. هەر شتێک لەدەرەوە جیاواز دەر بکەوێت، بۆ نموونە لەنێوان ئایین یان ئایدیۆلۆژیا سیاسییە جیاوازەکاندا، دەبێتە شتێک کە پێویستە شەڕی لەبەرامبەردا بکرێت و ڕێکبخرێتەوە.
جەنگ شەڕێکە لەگەڵ ئەوەدا کە بە قووڵی لەناوەوەی هەمووماندا هەیە، ناوازەیی. هەروەها شەڕێکیشە دژی هونەر، دژی ئەوەی بە قووڵی لەناو هەموو هونەرێکدا هەیە.
لێرەدا ئەوەم هەڵبژارد بەشێوەیەکی گشتیی دەربارەی هونەر قسە بکەم، نەک بەشەوەیەکی تایبەتیی دەربارەی شانۆ، ئەوەش لەبەر ئەوەی هەموو هونەرێکی باش، جارێکیتر لەناو خۆیدا، لەدەوری هەمان شت دەسووڕێتەوە، هێنانی ئەو شتانەی تەواو ناوازەن، تەواو تایبەتمەندن تا بیانکاتە جیهانیی. شتە ناوازە و جیهانییەکان لەڕێگەی گوزارشتێکی هونەرییەوە یەکانگیر دەکات. بە نەهێشتنی تاکانەییەکەی نا، بەڵکو بە پیشاندانی، بەوەی وا لە بێگانە بکات ببێتە ئاشنا و بەڕوونی بدرەوشێتەوە.
هەر بەو سادەییە، وەک چۆن جەنگ و ئاشتیی پێچەوانەی یەکترن، ، جەنگ و هونەریش پێچەوانەی یەکترن. هونەر ئاشتییە.
لینکی وەرگێڕانە کوردییەکە و بایۆگرافیی یۆن فۆسە لە سایتی فەرمی ئەنیستیتۆی شانۆی نێونەتەوەیی:
هونەر ئاشتییە
پەیامی ڕۆژی جیهانیی شانۆ ٢٠٢٤
111