Home بیروڕا کوردایەتیی، بەدیوەخانکردنی کۆمەڵگا

کوردایەتیی، بەدیوەخانکردنی کۆمەڵگا

by admin
0 کۆمێنتەکان 72 بینینەکان

ئەحمەد ڕەسوڵ:  
(لە پەیوەند بە دێرین و دیوەخان، قەڵا و سەرقەڵا، داگیرکاریی و سەرانەسەندن، کوێخایەتیی و ئاغایەتیی، خێڵ و عەشیرەتگەرییەوە)
کوێخایەتیی و دەرەبەگایەتیی، سروشتیی بزووتنەوە چەکدارییەکەی کوردایەتیی، لە شاخ و بەڕێوەبردنە خێڵەکییە تاڵانچییەکەی لە شار، لە کوردستان پێکدەهێنێت.
مێنتاڵیتیی ئاغاواتییانەی سەرانی بزووتنەوەی کوردایەتیی لەنێو پڕاکتیکی سیاسیی و ئیدارییەوە بەنێو نەسیجی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای سیاسیی کۆمەڵگای ئێمەدا بڵاوبووەتەوە و ڕەگاژۆ بووە. لە کادێرێکی پلە نزمەوە تا ئەندامانی سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی، تا بەرپرسە سەربازییەکان، هەریەکێکیان لە ناوچەیەک خۆیان کردووە بە کوێخا و ئاغا یان لانیکەم وەها هەڵسوکەوت دەکەن.
لەسەر هەموو ئاستەکانی دەسەڵاتدارێتیی بزووتنەوەی کوردایەتیی، حزب، حکومەت و ئیمپراتۆرێتییە مێدیاییەکانیاندا بە عەقڵییەت و هیرارکییەتی کوێخایەتیی و ئاغاواتیی جگە لە بەرهەمهێنان و پەروەردەکردنی بەگزادە، شازادە، بەچکەئاغا، بەچکەدەرەبەگ و بەچکەکوێخا چیدیکەی لێناکەوێتەوە.
بەبنەماڵەییکردنی سیاسەت، حزب و دەسەڵات جگە لە پەروەردەکردن و بارهێنانی دەسەڵاتدارە سیاسییی، سەربازیی و ئیدارییەکان بە کوێخا، ئاغا و دەرەبەگ چیدیکە نییە.
بەتاڵکردنەوەی دامەزراوە سیاسیی، ئیداریی و قەزاییەکان لە ڕۆحی دەزگایی و بە دیوەخانکردنیان، هەڵبەت کە بەرئەنجام کۆمەڵگای سیاسیی و سەربازیی کۆمەڵگا دەبنە دیوەخان و پڕ دەبن لە خاوەن دیوەخان.
تاڵانچێتیی و داگیرکارییە گەورەکە لەلایەن دوو حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکەوە لە هەموو ئاستەکاندا (زەوی، نەوت، بازرگانیی، بانک، عقارات، دەرمان و بواری پزیشکیی، جگەرە، خاڵە سنوریی و گومرگییەکان، … هتد) لە لوتکەدایە و بەدیوەخانکردن لە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و دوای ئەوانیش حزبخێڵکانی دیکەوە بۆ نێو دەستوپێوەندەکانیان و کۆمەڵگا شۆڕ بووەتەوە.

کوردایەتیی، پڕۆژەی ئەرستۆکراتیەتیی سیاسیی و ستەمکارییەکی ڕووت
کوردایەتیی چییە و چیی بوو؟!
کوردایەتیی و بزووتنەوەی سیاسیی کوردیی لێک جیاناکرێنەوە و هەمان شتن. کاتێک دەڵێین کوردایەتیی، بزووتنەوەی کوردایەتیی یان بزوتنەوەی سیاسیی کوردیی ڕێک و ڕاستەوخۆ حزبە سیاسییەکانی مێژووی سیاسیی کورد دەگرێتەوە.
نابێت وێنەی خەیاڵیی لە کوردایەتیی دابتاشین، نابێت تێزە و تیۆرەی وەهمیی لە کوردایەتیی بخەینە ڕوو. کوردایەتیی واتا ئەوەی هەبووە و هەیە. واتا یەکێتی، پارتی و هێزەکانی کە لەفەلەکی ئەم دوانەدا دەسوڕێنەوە. کوردایەتیی لەوە زیاتر ناتوانێت ببێت کە هەبووە و هەیە. هەم سادە و هەم قووڵ تێگەیشتن، ئەوەیە کوردایەتیی وەک لاکە تۆپیوێک جگە لە زەرەر و بۆگەن هیچیتری نیە و نابێت بۆمان. بزووتنەوەی کوردایەتیی لە ڕابردوودا خەڵکی ئیدمان کرد، هەروەک مەوادی موخەدیر، بە ئەوهام و خەیاڵات. هەڵبەت بۆ خەڵکێک لانیکەمی قووڵایی لە بینین و تێگەیشتنیدا هەبووبێت لەمێژە دەرکی ئەو حەقیقەتەی کردووە و جەوهەری هەم بزوتنەوەی کوردایەتیی ناسیوە هەم تاک بە تاکی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیی وەک خۆیان تێگەیشتووە.
وێناکردنی پێکەوە ژیانی تەیفە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگای کوردیی وەک کوردایەتیی جگە لەوەی تێنەگەیشتنە لەهیچ یان بە نائاگاوە بەشێکبوونە لە کوردایەتیی و داکۆکیکردنە لێی بەمەبەستی تایبەتی هەروەها هەوڵێکی ئاست نزمی مەعریفییشە بۆ تێکەڵکردنی چەمکەکان و دروستکردنی تەپوتۆزە بە دەوری چەمکەکەدا بە مەبەستی ئاڵۆزکردن و شێواندنی. ئەو پڕۆژە فاشیستییەی کە ناوی کوردایەتییە نەک هەر توانای بەرهەمهێنانی ئازادیی، مرۆڤدۆستیی، تۆلێرانسی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نەبووە بەڵکو بە توندی هەم لە دژایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆ و بەردەوامدا بووە لە ئاستیاندا و هەم بەرهەمهێنی تەفرەقەی قەومیی، دینیی، ئیتنیکی و ناوچەیی بووە ئەمە سەرەڕای بونیادنانی ڕۆحێکی دەستەمۆی سەرکز، ملکەچ و سایکۆلۆژیایەکی خەسیو و شکستخواردوو لە نێو گروپ و ئەندامانی حزب و نێو کایەی سیاسیی و ئیداریدا بە تایبەتی و لە نێو تاک بە تاکی کۆمەڵگادا بەگشتی.
هێشتا دەیانەوێت بە ئەوهام و سەفسەتەی کوردایەتیی وەڵامی یەئس و بێزاریی کوشندەی ملیۆنەها ئینسان بدەنەوە.
کادێرە نەخوێنەوارە حزبییەکان و زوڕناژەنە “نوسەر و میدیاکارە” توتییئاساکانیان، کە موچەی مفت و زۆری لە ئینسان کەوتنیان دەخۆن، ئێستاش بە گوتاری پفدراو و قاندراوی کوردایەتیی و دەوڵەت، خەبات و شۆڕشگێڕیی، جەنگ و داعش، دوژمنان و ئەزمونەکەمان، سەربەخۆیی ئابوریی و ئەمنییەت…هتد و دەیان زاراوە و قسەی پووچی تر و دەیان مەقولەی بۆش و بەتاڵی تر بۆ چەندەمین جار بێسەوادیی و بەئامێربوونی خۆیان دەسەلمێنن.
کوردایەتیی هەر ئەوەبوو کە بینرا و ئەزموون کرا، تێنەگەیشتن و کاڵفامییە هێشتا چاوەڕوانیەک لە کوردایەتی لەگۆڕێ بێ.
کوردایەتیی، پڕۆژەی تەماشاکردنی تەواوی کۆمەڵگایە وەک بوویەکی هەمیشە قوربانی لە پێناو نوخبەیەکی زۆر بچووکی هەمیشە سەردەست و ئاوساو هەم بە غروری خۆبەشتزانین و هەم بە گرێی هەستکردن بە کەمیی.
ئەوەی ئێستا پێیگەیشتوین، جگە لەوەی ئەنجامێکی سروشتیی کوردایەتیی و بەرهەم و تێگەیشتن لە حەقیقەتی بەربەریەتی ئەم هێزانەیە هیچیدی نییە. هیچ ڕیگەیەکیدی نەماوەتەوە جگە لە ڕیشەکێشکردنی کوردایەتیی، ئەگەر نا سەرەتانێکە و هیچیتر.

لینکی وتاری (کوردایەتیی، پڕۆژەی ئەرستۆکراتیەتیی سیاسیی و ستەمکارییەکی ڕووت) لە ماڵپەڕی وتاریکورد کە هەشت ساڵ پێشتر بڵاوکراوەتەوە:

ئەحمەد ڕەسوڵ: کوردایەتی، پڕۆژەی ئەرستۆکراتیەتی سیاسی و ستەمکاریەکی ڕووت.

لێدوانێک بەجێ بهێلە